سێشەممە , حوزه‌یران 24 2025

(کۆتا)ی ئافرەتان لە هەڵبژاردنى ٢٠٢٥دا

بەیان نوری تۆفیق
وەک ئاشکرایە لاى هەموان لە دواى ساڵى ٢٠٠٣ و ڕوخانى ڕژێم، کۆتاى ئافرەتان لە هەردوو پەرلەمانى عێراق و کوردستان جێگیر کرا.
لەو کاتەوە تا ئێستا بەشێک لە نیزامى چۆنیەتى دابەشکردنى کورسى کە کۆمسیون لە پرۆسەى هەڵبژاردندا هەموو جارێک دیاریدەکات بریتییە لە چۆنیەتى ئەژمارکردنى کۆتاى ئافرەتان، کە دەگمەنە لە هەڵبژاردنێک بۆ یەکێکى تر گۆڕانکارى بەسەردا نەهێنن، جا زۆر بێت یان کەم.
ئەو نیزامە بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەران بۆ ئەمساڵ (٢٠٢٥) لەگەڵ نیزامەکەى پێشوى (٢٠٢١) زۆر جیاوازە، کە بەشێکى دەگەڕێتەوە بۆ فرە بازنەیی هه ڵبژاردنى (٢٠٢١)، بەڵام دەتوانین بڵێین تا ڕادەیەک نزیکە لە نیزامى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە (٢٠٢٤).
زوربەى جار ئەو نیزامە زۆر درەنگ دەردەچێت و دەکەوێتە دواى ناردنى لیستى پاڵێوراوانى لایەنە بەشداربوەکان بۆ کۆمسێون، ئەمجارە یەکەمین جارە کە ئەو نیزامە بووە بە ژمارە٢ى نیزامەکان و کەوتۆتە پێش پێشکەشکردنى لیستى پاڵێوراوان.
پێمان باشبوو ڕونکردنەوەى ئەو بەشەى نیزامەکە (نیزامى ژمارە ٢ى ٢٠٢٥ ) کە باس لە کۆتاى ئافرەتان دەکات لێرەدا تیشکێکى بخەینە سەر بەپێی ئەگەرە دیاریکراوەکان بە بێ ئاماژە بە بەشەکانى ترى نیزامەکە کە باس لە کورسیە گشتییەکان و کورسى پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکانى تردەکات:-
ئەگەرى یەکەم:-دواى دابەشکردنى کورسییەکان بەسەر لایەنە بەشداربوەکان و پاڵێوراواندا، لە سنورى بازنەکەدا دەرکەوت کە بە پێى ژمارەى دیاریکراو پاڵێوراوى ئافرەت دەرچووە، ئەو کاتە پێویست بە هەنگاوى دووەم ناکات چونکە %٢٥ ى کۆتاى ئافرەتان دابینکراوە.
ئەگەرى دووەم:-چەند پاڵێوراوێکى ئافرەت دەرچوون، بەڵام ئەو ژمارەیەى کە بۆ بازنەکە دانراوە پڕ نەبۆتەوە، بۆ ئەو ئەگەرە، ژمارەى کورسییە بەرکەوتەکانى لایەنەکان دابەش ٤ دەکرێت، ئەوەى کەرت بێت لادەدرێت ئەوەى ژمارەى تەواو بوو بەو ژمارەیە پاڵێوراوانى پیاوان لادەدرێت، پاڵێوراوى ئافرەت دەخرێتە جێگایان.
لەم ئەگەرەدا ئەو لایەنەى ٤ کورسى بەربکەوێت یەک پاڵێوراوى ئافرەت جێگەى پاڵێوراوێکى پیاو دەگرێتەوە، بەڵام ئەگەر لە ٤ کەمتر بوو جێگرتنەوەى تیانابێت.ئەگەر گەشتبوە ٨ کورسى لە سنورى یەک بازنەدا دەبێت بە ٢ کورسى کە جێگرەوەى پاڵێوراوى ئافرەتى بۆ دادەنێن. بێگومان بەو ئافرەتانەى کە زۆرترین دەنگى لیستەکەیان هێناوە.
ئەگەرى سێهەم:- ئەگەر بەو هەنگاوەى دووەم ژمارەکە تەواو بوو ئەوا پێویست بە م ئەگەرە ناکات بەڵام ئەگەر ئەو ژمارەیە پڕ نەبووەوە، ئەوا ژمارەى کورسیە بەرکەوتەکان دابەشى ٣ دەکرێت، ئەوەى ژمارەى تەواو بێت وەردەگیرێت ئەوەى کەرتە لادەبرێت، تا ژمارە دیاریکراوەکەى کۆتاى ئافرەتان لەو سنورەدا پڕ دەبێتەوە.
ئەگەر لایەنێک ٣ کورسى بەرکەوتبێت یەک کورسى جێگرەوەى پاڵێوراوى ئافرەتى بەردەکەوێت.ئەو لایەنانەى سەروو ٣ کورسین لە هه نگاوى دوەمدا بۆیان دانراوە.
ئەگەرى چوارەم:- ئەگەر بەو ٣ ئەگەرەى سەرەوە ژمارە دیاریکراوەکەى کۆتاى ئافرەتان هەر تەواو نەبوو ئەوا کورسییەکى ئەو لایەنانەى کە دوو کورسیان هه یە دەبێتە کورسى جێگرەوەى پاڵێوراوى ئافرەت، لە ئەگەرى ئەوەى دوو لایەن یان زیاتر دوو کورسیان هەبێت کامیان دەنگیان لەوانەى تر کەمتر بوو، کورسییە گۆڕاوەکە بۆ پاڵێوراوى ئافرەت بۆ ئەو لایەنە دادەنرێت.
ئەگەرى پێنجەم:- ئەگەر بەو هه نگاوانەى سەرەوە هیچیان ژمارە دیاریکراوەکە تەواو نەبوو کە ئەمە ئەگەرێکى زۆر لاوازە ,ئەوا هەر لایەنێک یەک کورسى به رکەوتبێت و کەمترین ژمارەى دەنگى هه بێت ئەوا ئەو کورسییەى دەدەن بەو پاڵێوراوە ئافرەتەى کە زۆرترین دەنگى لیستەکەى هێناوە.
جگە لە دابەشبوونى کورسیەکان نیزامەکە ئاماژەى داوە بەو ئەگەرانەى بە هەر هۆکارێک بێت کورسیەکى پاڵێوراوى ئافرەت چۆڵ دەبێت بۆ ئەو مەبەستە ئەو دوو ئەگەرەیان دیاریکردوە:-
ئه گەرى یەکەم:-ئەو ئافرەتە لە هه رلیستێک بێت کە لەوێ نەما دەبێت ئافرەتێکى ترى لیستەکە جێگەى بگرێتەوە کە دووەمین دەنگى هێناوە لەناو ئافرەتەکاندا، یان دەنگى دواى دەنگى ئەو ئافرەتەیە کە لاچووە یان نەماوە.
ئەگەرى دووەم:-ئەو ئافرەتە بە لیستى تاکەکەسى هاتبێت و دەرچووبێت، لەبەر ئەوەى لیستى نیە،ڿ جێگەکەى بە ئافرەتێک پڕ دەکرێتەوە کە بەرزترین دەنگى هێنابێت لە لیستێکدا کە کورسى بەرنەکەوتوەو بەرزترین دەنگیشى هەیە لە ناو ئەو لایەنانەى کە کورسیان بە دەست نەهێناوە.

Check Also

ئاگاداری رۆژی عه‌ره‌فه‌ بن..

ئا: چیا حەمە عەلی ڕۆژی عەرەفە نۆیەمین ڕۆژی مانگی ذي الحجة یە، بە گەورەترین و …