Monday , April 29 2024

حوكمە فقهیەكانی پەیوەست بە ڕۆژووی شەشەڵان هەرجارەی توێژینەوەیەك (21)

بەیان نوری تۆفیق
ئەم توێژینەوەیە لە لایەن (د حمد بن محمد بن جابرالهجری)كە مامۆستای كۆلێژی شەریعەیە لە زانكۆی كوێت ئەنجامدراوەو لە ژمارە 7ی گۆڤاری (الجمعیة الفقهیة السعودیة)لە 2010 دا بڵاوكراوەتەوە.
لە توێژینەوەكەدا ئاماژە دراوە بە 6 بابەت و ڕا جیاوازەكانی زانایانی هێناوەو بەڵگەی هەریەكەیانی شیكردۆتەوە پاشان ڕای پەسەندی دیاریكردوە، بابەتەكانیش بریتین لە:-
1-حوكمی بەڕۆژوو بوونی 6 ڕۆژ لە مانگی شەوالدا لەدوای رەمەزان، ئەم ڕایە پەسەندكراوی مەزهەبەكانی شافیعی و حەنەفی و حەنبەلییە تەنها ڕای مەزهەبی مالكی لەسەرنیە.
2-بەرهەمەكانی ئەو ڕۆژووە لەوانە پاداشتی رۆژووی بەردەوام (الدهر)، پركردنەوەی هەر هەڵەو كەموكورتیەك كە لە ڕۆژووگرتنی ڕەمەزاندا ڕوویدابێت وەك سونەتەكانی پێش و دوایی نوێژە فەرزەكان، بەردەوامی لەسەر ڕۆژوو دوای ڕەمەزان مانای قبوڵبوونی ڕۆژووی ڕەمەزانە، سوپاسگوزارییە بۆ نیعمەتی گرتنی ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان، بۆخوابوون پیشاندەدات بە بەردەوامی نەك تەنها مانگی ڕەمەزان وەك لای هەندێك بووە بە باو عیبادەتیان تەنها لە ڕەمەزاندایە.
3-بە ووردی چۆتە ناو باسی نیەتهێنان لە شەودا یان لە ڕۆژدا، هەروەك ئاشكرایە ڕۆژووی ڕەمەزان دەبێت پێش بانگی بەیانی ئەو كەسە نیەتی هەبێت بۆ ڕۆژوو، بەڵام بۆ سونەتەكان دەكرێت لە دوای نوێژی بەیانییەوە ئەو كەسە نیەت بهێنێت لە هەر كاتێكی ڕۆژەكەدابێت بەو مەرجەی هیچی نەخواردبێت، هەندێك لە زانایان ڕایان وایە بۆ ڕۆژووی شەشەڵان دەبێت وەك ڕەمەزان بێت، بەڵام دوای هێنانی بەڵگەو شیكردنەوەیان ئەو ڕایەی پەسەندکردوە كە دەكرێت بۆ ڕۆژووی شەشەڵان لە ڕۆژدا نیەت بهێنرێت.
4-ئایا دەكرێت پێش گرتنەوەی ڕۆژووە قەرزەكانی ڕەمەزان ڕۆژووی شەشەڵان بگیرێت؟
لەم بابەتەشدا زۆر بە ووردی شیكردنەوەی كردوە بۆ سەرجەم بەڵگەو ڕاجیاوازەكان، گەیشتۆتە ئەو بەرەنجامەی كە لە مەزهەبی شافعیدا هاتووە كە واباشە لە پێشدا قەرزی ڕەمەزان بگیرێتەوە پاشان 6 ڕۆژەكەی تر بگیرێت، هەرچەندە ئەگەر زانرا ئەو كەسە بواری بۆ ناڕەخسێت و لەوانەیە نەتوانێت 6 رۆژەكە بگرێت ڕێگەپێدراوە پێش تەواوكردنی قەرزەكەی ڕۆژووی شەشەڵان بگرێت.
5-ڕۆژووگرتنی بەدوای یەك و ڕاستەوخۆ دوای جەژن یان ڕۆژوو گرتنی تاك تاك یەكێكە لەو بابەتانەی كە بە ووردی توێژەر شیكردنەوەی بۆ ڕاجیاوازەكان و بەڵگەكانییان كردوە، گەیشتۆتە ئەو بەرەنجامەی كە بەدوای یەكدا باشترە، بەڵام بۆ بێبەشنەبوون لە خۆشی جەژن و كۆبوونەوە خێزانییەكانی ئەو بۆنەیە دەكرێت دوابخرێت و بەدوای یەكدا نەبن.
6-ئەگەر كەسێك نەیتوانی لە مانگی شەوالدا بەڕۆژوو بێت و ویستی پاداشتەكەشی دەست بكەوێت ئایا دەكرێت لە مانگەكانی تردا بیگرێتەوە؟ بەهەمانشێوازی بابەتەكانی تر بە وردەكاری شیكردنەوەی بۆ كردوەو گەیشتۆتە ئەو بەرەنجامەی كە پاداشتی ئەو رۆژووە هەر لە مانگی شەوالدایە، بەڵام ئەگەر كەسێك بە هیچ شێوازێك نەیتوانی ئەو 6 ڕۆژە بگرێت وەك ئەوەی زەیستان بێت یان نەخۆشییەكی وای هەبێت كە ڕێگربێت لەو مانگەدا لە بەڕۆژووبوونی دەكرێت لە دوای ئەوەوە 6 ڕۆژ بە ڕۆژوو بێت لە مانگەكانی تری دوای شەوال.

Check Also

خزمەت نەکردنیان برینەکەیان سەختتر دەکات

هەڵاڵە محمد الماسئەنفال ئەو برینە ساڕێژنەبووەی گەلی کوردە کە زۆر ئەستەمە لەبیر بکرێ، ١٤/٤ساڵیادی ئەنفال …