شه‌ممه‌ , ته‌مموز 27 2024

عائشە دایكی ئیمانداران هەرجارەی توێژینەوەیەك (18)


بەیان نوری
تێبینی:-
توێژینەوەی ئەمجارەمان جیاوازە لە توێژینەوەكانی تر، چونكە یەك توێژینەوە نیە، بەڵكو كۆكراوەی چەندین توێژینەوەیە.
دەزگای (درر سنیة) لە ساڵی 2012 پێشبڕكێیەكی ڕاگەیاند لەسەر ژیانی دایكی ئیمانداران (عائشە) (ڕەزاو ڕەحمەتی خوای لەسەربێت)، لەژێر ناونیشانی (دایكە عائشە، شاژنی پاكداوێنی)، دوای ئەوەی بە سەدان توێژینەوە هاتە بەردەستیان و تیایدا براوەكان دیاریكران و خەڵاتكران، لە ژێر چاودێری سەرپەرشتیاری گشتی دەزگاكە (علوی عبدالقادر السقاف)، بە پێی ئەو تەوەرانەی كە لە پێشبڕكێكەدا دیاری كرابوون كۆكراوەی توێژینەوە براوەكان یەكخراو، لە 2013 دا بڵاوكرایەوە كە بووە مەوسوعەیەك لەسەر ژیانی دایكی ئیمانداران (عائشە)، ئەو مەوسوعەیە كورتكراوەتەوەو لە زمانی عەرەبییەوە بۆ 6 زمان وەرگێڕدراوە (ئینگلیزی، توركی، فارسی، ئەندەنوسی، فەرەنسی، ئوردی)، لەهەمان چاپدا بڵاوكراوەتەوە و ژمارەی لاپەڕەكانی گەیشتۆتە 1168 لاپەڕە.
توێژینەوەكە لە 7 بەش پێكهاتووە كە بریتین لە:-
1-ناساندن و ژیانی.
2-پێگەی زانستیی و كاریگەری لەسەر بانگەواز.
3-فەزیلەتەكانی.
4-پەیوەندییە باشەكانی لەگەڵ دایكانی تری ئیمانداران و ئالولبەیتدا.
5-وەڵامی بوختان و ئەو گومانانەی بۆی دروستكراوە.
6-حوكمی ئەوانەی جنێوی پێدەدەن و قسەی ناشیرینی پێدەڵێن.
7-ئەو هۆنراوانەی بۆی نووسراوە.
لەبەردرێژی توێژینەوەكە كە 760 لاپەڕەیە تەنها تیشك دەخەینە سەر بەشی دووەم كە پێگە زانستییەكەیەتی و كاریگەری لەسەر بانگەواز.
زانایان لە پێگە زانستییەكەیدا، زیرەکی عائیشە (ڕەزای خوای لێبێت) گەڕێنراوەتەوە بۆ 4 خاڵ:-
1-خۆی زۆر زیرەك بووە.
2-هاوسەرگیریی و ژیانی لەگەڵ پێغەمبەردا (دروودی خوای لەسەربێت).
3-دابەزینی وەحی بە زۆری لە ماڵی ئەودا، تەنانەت ماڵەكەی ناونراوە جێگەی دابەزینی وەحی.
4-زۆر پرسیاركەر بووە، هەركاتێك شتێكی نەزانیبێت یان لێینەگەیشتبێت پرسیاری لەسەر كردوە، بە چەندین فەرموودە بە بەڵگە هاتووە كە پرسیاری لە پێغهمبەر(دروودی خوای لەسەربێت) كردوە بۆ تێگەیشتنی لە بابەتەكان.
شوێنكەوتەیی بۆ مەنهەجییەتێكی ڕوون و زانستی لە چەند خاڵێكدا ئاماژەی پێكراوە بە بەڵگەوە كە بریتین لە:-
1-پشتبەستنی بە قورئان و فەرموودە.
2-قسە نەكردن لە بابەتێكدا كە شارەزایی تەواوی نەبووە.
3-بە كۆكردنەوەی بەڵگەوبە تێگەیشتن لە مەبەستەكانی شەریعەت(مقاصد الشریعة) و وردەكاری لە زمانی عەرەبیدا، ڕای خۆی دەربڕیوە.
4- ڕێزی لە ڕا جیاوازەكان گرتووە.
5-شێوازی فێركردنی بۆ بەرامبەر زانستییانە بووە لە ڕووی چۆنیەتی دەربڕین بۆ ئاسانكردنی تێگەیشتنی بەرامبەر، وانەكانی زوربەی جار كرداری (عملی)لەگەڵ بووە، شەرمی نەكردوە لە هەر دەربڕینێك كە پێویست بووبێت.
لە باسی شارەزایی عائشە(ڕەزای خوای لێبێت)لە زانستەكاندا ئاماژە كراوە بە زانستی عەقیدە، قورئان، فقه پزیشكی، فەرموودە، مێژوو، شیعر، لە هەریەكێكیاندا ڕونكردنەوەی زۆری لەسەر كراوە بە بەڵگەی دروستەوە.
لە ئاماژەدان لە زانستی قورئاندا تیشك خراوەتە سەر مەنهەجیەتی لە تەفسیردا كە بریتیە لە:-
تەفسیر بە تەفسیری قورئان، بە فەرموودە، بە سوود وەرگرتن لەهۆكاری دابەزینی ئایەتەكان، بە زمانەوانی و، ئیجتیهاد.
لە زانستی فەرموودەدا ئیبن حەزم لە چوارەم كەسدا دایناوە لە زۆری گێڕانەوەی فەرموودە.
سیوطی لە ناو 7 كەسی بواری زانستی فەرموودە ناوی عائشە(ڕەزای خوای لێبێت)ی هێناوە.
ئەبو حەفص دەڵێت لە صەحیحی بوخاری و موسلیمدا 1200 بەرەوژوور فەرموودە هەیە كە زیاد لە 200یان عائشە(ڕەزای خوای لێبێت)، ڕیوایەتی كردوە.
ئیبن كەثیر دەڵێت جگە لە ئەبوهورەیرە كەس نیە بە قەدەر عائشە(ڕەزای خوای لێبێت)، ڕیوایەتی فەرموودەی كردبێت.
سەبارەت بە پشتڕاستكردنەوەی مەتنی فەرموودەكان عائشە(ڕەزای خوای لێبێت)، چەند ڕێكارێكی گرتۆتەبەر لەوانە:-
خستنە ڕووی بە قورئان، بە سوونەت، بە پێوانە(قیاس)، بە ڕاوبۆچوونی هاوەڵان.
سەبارەت بە زانستی فقه و فتوا، ئەبوموسای ئەشعەری وتویەتی هەركاتێك كێشەمان هەبوبێت لە بابەتێكدا چووین بۆ لای عائشە(ڕەزای خوای لێبێت) بۆمان دەركەوتوە كە زانیاری هەیە لەسەر ئەو بابەتە.
دەڵێن لەسەردەمی هەردوو خەلیفە (عومە رو عوسمان) تا وەفاتكردنی فتوای داوە.( مەسروق) دەڵێت گەورە هاوەڵان چوون بۆ لای عائیشە(ڕەزای خوای لێبێت)، بۆ وەرگرتنی ڕا لەسەر فەریزەكان.
سەبارەت بە زانیارییە زۆرەكانی، (تەبەرانی) لە مەعجەمی گەورەدا نوسیویەتی عەروە وتویەتی (كەسم نەدیوە زانیاری لە عائشە زیاتر بووبێت لە بواری فقه و پزیشكی و شیعر).
لە بواری پەیبردنی(أستدراك) ڕاكاندا ڕۆڵێكی گرنگی بینیوە، ڕاستكردنەوەی بۆ (عومەری كوڕی خەتاب و ئەبوهورەیرەو عبدالله ی كوڕی عمر و عبدالله ی كوڕی عەباس ) كردوە.
هۆكاری توانای لە ووردەكاری و پەیبردندا گەڕاندویانەتەوە بۆ:-
1-ڕاستكردنەوەی ڕیوایەتەكانی پێغەمبەر(درودی خوای لەسەر بێت)كە لە نزیكییەوە بووە.
2-بە گەڕانەوە بۆ قورئان ڕاستكردنەوەی كردوە.
3-ئیجتیهادكردن لە زانستی فەرمودەو تێگەیشتنی بۆی.
4-زانیارییە كەسییەكانی كە وەریگرتوە.
5-بیرتیژی و توانای لەبەركردنی زۆر بووە.
لە هه مان تەوەرەدا لە بەشێكی تریدا ئاماژە دراوە بە كاریگەری لەسەر بانگەواز كە بە پێی سەردەمەكان جیایان كردۆتەوە، سەردەمی مەدەنی، خەلیفەی ڕاشدین، سەرەتای ئەمەوییەكان.
لەسەردەمی مەدەنیدا ئاماژە بە 6 خاڵ كراوە:-
1-گرنگی بە لەبەركردنی سونەتی زارەكی و كرداری.
2-بڵاوكردنەوەی ئەو زانستە شەرعییانەی كە فێربووبوو، باشترین گەیەنەر بوو بۆ ئەو زانستەی كە لە پێغەمبەرەوە (دروودی خوای لەسەر بێت )بۆی مابوەوە.
3-باشترین نێوەند بوو لە نێوان پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت)، ئافرەتانی موسڵماندا بۆ وەڵامدانەوەی بابەتە تایبەتمەندەكانی ئافرەتان.
4-پێشەنگێكی باش و نموونەیەكی بەرز بوو بۆئافرەتی دیندار و بۆ بانگەواز.
5-دابەزینی هەندێك ئایەت ئەو هۆكاری بوو وەك ئایەتی تەیموم .
6-هەڵبژاردنی خواو پێغەمبەر(درودی خوای لەسەر بێت)و ئاینەكەی بەسەر دونیادا هۆكاری سەركەوتنی بوو.
لەسەردەمی خولەفای راشدینیشدا ئاماژە بە 6 خاڵ كراوە:-
1-سوور بوو لە گەیاندنی ئەو زانستەی كە وەریگرتبوو بە موسڵمانان، كەسانێكی زۆر زانستییان لەو وەرگرتووە.
2-جێگای وەرگرتنی ڕاو ڕاوێژی خەلیفەكان بوو جگە لە گەورە هاوەڵانیش.
3-مەرجەعێكی گەورە بوو بۆ ئەحكامە فقهییەكان كە زۆرێك لە هاوەڵان لێی بێ ئاگابوون.
4-مەرجەعێك بوو بۆ تەفسیر، هەركەس پرسیاری لەو بوارەدا لێبكردایە.
5-زۆر بابەتی عەقیدەی ڕاستەقینەی ڕوونكردۆتەوە، باشترین كەس بووە بۆ كاركردن لەو بوارە.
6-لە زوهدو دونیا نەویستیدا باشترین پێشەنگ بووە.
لە سەردەمی ئەمەوییشدا ئاماژە بە 6 خاڵ كراوە:-
1-ئامۆژگاری و ڕێنومایی هەركەس بچوایە بۆ لای یان داوای ڕای لێبكردایە،یان ڕاوێژی پێبكردایە، ئەو كەسە كەسێكی ئاسایی بوو بێت یان لە زانا و فەرمانڕەواكان بوایە.
2-هەوڵدانی زۆر بۆ كاری باشەو تەقوا بۆ ئامادەكاری بۆ ڕۆژیی دوایی.
3-زۆر كردنی بەخشین و كاری خێربە هەرچییەك لە توانایدا بوایە.
4-پەیبردن و ڕاستكردنەوەی هەندێك ووتەو كاری ئەو سەردەمە كە پێی دەگەیشت.
5-لێهاتوویی و بەهێزی بەڵگەكانی لە كاتی ڕوونكردنەوەی هەر پرسیارێك كە ئاڕاستەی كرابێت.
6-بەجێهێشتنی باشترین كاریگەری كاتێك وەفاتی كرد و دونیای بەجێهێشت.
پاشان لە سەر شێوازی بانگەواز كردنی ئاماژە بە شێوازی دانایی(حكمة)، شێوازی ئامۆژگاری باش(موعظة حسنة)، شێوازی پێشەنگی باش كراوە.

Check Also

زیرەکی دەستکرد و داهاتوو (زمان)

محمد ئاواتبەشی چوارەمتوانراوە زیرەکی دەستکرد نزیک بکرێتەوە لە زیرەکی مرۆڤ.بەڵێ لە خودی دەمارە خانەوە نزیک …