شه‌ممه‌ , ته‌مموز 27 2024

كاریگەری بزوتنەوەی فیمینزمی لەسەر خێزانی موسڵمان‌ هەر جارەی توێژینەوەیەك (16)

بەیان نوری
ئەم توێژینەوەیە لە لایەن(شیماء زهیر عرب)كراوە و، لە مانگی 6ی 2023 لە گۆڤاری (مجلة الرسالة) بڵاوكراوەتەوە، كە گۆڤارێكە لە زانكۆی ئیسلامی جیهانی لە مالیزیا بە زمانی عەرەبی دەردەچێت.
توێژەر لەپوختەی توێژینەوەكەیدا سەرەتا باس لە خێزان لە ئیسلامدا دەکات كە بەهای تایبەتی خۆی هەیە، دەچێتە سەر گرنگی خێزان لە ئیسلامدا كە چەندین تەشریعات بۆ پاراستنی دانراوە، خێزان بەردی بناغەی دروستبوونی كۆمەڵگەیە. لە ئێستادا چەندین ئاستەنگی فیكری هاوچەرخ دروست بووە، كە بۆتە جێگای هەڕەشە لەسەر بنەما و مەبەستەكانی دروستبوونی خێزان بە تایبەت بزوتنەوەی فیمینزمی.
ئەم توێژینەوەیە ویستویەتی ڕووی ڕاستەقینەی بزوتنەوەی فیمینیزمی دەربخات و ئەو بۆچوونانەی كە هەیانە سەبارەت بە خێزان ڕوونیبكاتەوە.
دوای باسكردنی مێژووی ئەو بزوتنەوەیە و چۆنیەتی سەرهەڵدانییان كە لە بەرەنجامی زوڵم و ستەمێكی زۆر لە ئافرەتان و دیدگای ناڕوون و خراپ بۆی ئەم بزوتنەوەیە سەریهەڵداوە، شەپۆلی یەكەمی بزوتنەوەكە لە ساڵی 1848 دەستپێدەكات بە داوای بەشداری دەنگدان كە لە زۆرینەی وڵاتەكاندا ئافرەت بۆی نەبوو بەشداری هەڵبژاردن بكات تەنها بۆ دەنگدان، تا شەپۆلی دووەم كە لە ساڵی 1960 تا 1990 ی خایاند و ئافرەت هاتە دەرەوەی ماڵ و دەستی بەكاركردن كرد، ئەركی ماڵیشی هەر لەسەر بوو داواكارییان گۆڕا بۆ شوونەكردن و پێكنەهێنانی خێزان.
شەپۆلی سێهە م كە دوای ئەوە دەستپێدەكات ئامانجەكانیان ناڕوونە، چونكە هەردوو شەپۆلەكەی پێشوو داوای یەكسانییان لەگەڵ پیاودا دەكرد، بەڵام ئەمجارە گۆڕانكاری بەسەرداواكارییەكاندا هاتووە كە دەبێت ئافرەت ئازاد بێت و خۆی خاوەنی لاشەی خۆیەتی چۆنی بوێت ئاوا بەرگ بپۆشێت و جوانكاری بكات و لەگەڵ پیاواندا هاوتا بن.
لە جۆرەكانی فیمینزمدا تیشكی خستۆتە سەر فیمینیزمی ڕادیكاڵی، لیبڕاڵی، ماركسی، ئیسلامی.
ئاماژەی داوە بە (شەهلا شەریكەت) کە لە ئێران لە گۆڤاری (زنان)بۆ یەكەمین جار چۆتە ناوباسی فیمینیزمی ئیسلامییەوە.
لێكەوتەكانی تۆمەتەكانی كە بۆ شەریعەتی ئیسلامیان هەڵدەبەست بریتی بوون لە:
1-ڕەتكردنەوەی خێزان و هاوسەرگیریی، تێڕوانییان وایە خێزان بەندیخانەیەكە بۆ ئافرەت و دەسەڵاتی پیاو تیایدا ڕەهایە.
2-ڕەتكردنەوەی وەچەخستنەوەو دایكایەتی، لای ئەوان پێی دەڵێن بەندایەتی وەچە خستنەوە.
3-خاوەندارێتی ئافرەت بۆ جەستەی خۆی و ئازادی لەباربردن، بەرەنجامەكەی شۆڕشی سێكسی و چەندین دەستەواژەی نوێ بوو لەوانە دایكی شوونەكردوو (أمهات العازبات)و، چەندین منداڵی بێباوك.
جگە لە قسەكردن لەسەر قوامە و تەڵاق و فرەژنی و میرات، ڕەتكردنەوەی هەموویان بەو شێوازەی لە قورئاندا هاتووە.
پاش ڕوونكردنەوەی ئەو خاڵانە لەڕووی شەرعییەوە باس لە كاریگەریی ئەو بزوتنەوەیە دەكات لەسەر كۆمەڵگە لە ڕووی عەقیدەیی وكۆمەڵایەتی و تەندروستی دەروونییەوە.
دەرەنجامی توێژینەوەكەش بریتییە لە:-
1-سەرەتای بزوتنەوەی ژنان خۆیان بە دوور دەخست لە لێدانی ئایین، تا سەرەتای سەدەی پێشوو.
2-مەترسیدارترین جۆری فیمینیزم، ڕادیكاڵییە، چونكە خێزان ڕەتدەكاتەوە.
3-فیمینیستە ئیسلامییەكانیش كەوتنە تەفسیری قورئان بەو شێوەیەی كە خۆیان لێی تێدەگەن لەگەڵ ئەوەی مەرجی كەسێك كە تەفسیر بكات زانینی زمانی عەرەبییە بە باشی، نەك تێگەیشتن بە زمانەكانی تر.
4-بناغەی خێزان لە شەریعەتی ئیسلامدا ئەوە نیە كە فیمینیزمەكان دەیانەوێت.
5-مەبەستەكانی پێكهێنانی خێزانی موسڵمان لە شەریعەتدا لەگەڵ فیكری فیمینیزمدا یەكناگرێتەوە.
6-بۆ دووركەوتنەوە لە و فیكرە نامۆیانە وا باشە تێڕوانینی فیمینیزم وەك خۆی بگات بە ئافرەتان .
7-ئەو بارودۆخەوی ئێستای خێزانی موسڵمانی تیایە مەرج نیە تەنها هۆكار بزوتنەوە فیمینیزمەكان بێت بەڵكو هۆكاری تری هاوچەشن هەیە.
پاشان ڕاسپاردەكانی لە 3 خاڵدا خستۆتە ڕوو:-
1-لەبەرئەوەی كاریگەری واقیعی ئەو بزوتنەوەیە دەركەوتوە لەسەر خێزانی موسڵمان، بۆیە وا باشە توێژینەوە بكرێت لەسەر ئەو گۆڕانكارییانەی بەسەر خێزاندا هاتوە لە ڕوانگەی شەریعەتەوە.
2-دوای ئەو گۆڕانكارییانە پێویستە چاوخشاندنەوە هەبێت بە یاساكانی بواری خێزان.
3-هاتنی فیكرەی نەرێنی هەمیشە ناتەواوی دەروونی لە پشتیەوەیەتی، بۆیە پێویستە چەندین توێژینەوە لەسەر لایەنی دەروونی ئەو ئافرەتانە بكرێت كە كاریگەر بوون بە فیكری فیمینیزم.

Check Also

زیرەکی دەستکرد و داهاتوو (زمان)

محمد ئاواتبەشی چوارەمتوانراوە زیرەکی دەستکرد نزیک بکرێتەوە لە زیرەکی مرۆڤ.بەڵێ لە خودی دەمارە خانەوە نزیک …