شه‌ممه‌ , ته‌مموز 27 2024

کۆشکە سامناکەکە لەساڵیادی ڕاپەڕیندا

بەیان نوری

(ئەم چيروكه له ژماره ٥ ى پەیامى ڕاستى له ساڵی ١٩٩٢ بۆ يادى ڕاپەڕينى سلێمانى نوسراوەو بڵاو کراوەتەوە).


ئەم جارەش وەک جارەکانى تر هەنگاوەکانت هەمان شوێنیان مەبەستە، بەڵام جیاوازییەکى زۆری هەیە، هەر جارێک بە شێوەیەک ئەو ڕێگایەت بڕیوە، کە دێتەوە یادت لە جارى یەکەمدا چۆن ترس و لەرزێک دایگرتبوویت لەگەڵ ئەوەشدا هیوایەک لە دڵتا بوو بە پێی ئەو پەیمانەى کە پێیان دابویت.کە بیرت لەو جارە ئەکردەوە هەنگاوەکانى ئێستات تا دەهات خیراتر دەبوون، هەرچەندە هیچت بەدەستەوە نەبوو بەڵام داوات لە یەزدان دەکرد کە زوو بە زوو بگەیت، چاکت لەبیرە جارى یەکەمیان کە گەیشتیت بە زمانێکى شیرین وەڵامیان دایتەوە(خوشکم خۆزگە لەلاى ئێمە بوایە هەتا ئێستا لەگەڵ خۆت بتبردایەتەوە لەبەر خاترى کاک (……)، بەڵام بە داخەوە بزانە لەولا نیە؟)
بەو چەند وشەیە جارى یەکەم سەردانەکەت کۆتایی پێهات، بەڵام وشەکانیان هه تا ئێستا بووەتە بارەدارێک و لە دەروونتدا گڕى گرتووە، بۆتە پاڵنەرێکى گەورە هانتدەدا کە نەک ڕێگاکە هەنگاو بە هەنگاو بەڵکو بە ڕاکردن ببڕیت، دەستت کرد بە ڕاکردن هەناسە بڕکێت پێکەوتبوو، هەروەک هەناسە بڕکێکەى جارى دووەمى بڕینى ڕێگاکە، بەڵێ ئەو جارە لە ناو ئۆتۆمۆبیلەکەیاندا بوویت ئوتۆمبیلەکە هەنگاوەکانتى دەبڕى، بەڵام تۆش لە نێوان دوانیاندا و بەرامبەر هاوسەرەکەت دانیشتبویت، وات دەزانى بە شاخێکدا سەردەکەوێت لەگەڵ ئەوەشدا دواى خوێندنی ئایەتەلکورسى ورەت دەدا بەخۆت، بەڵکو لەوى بیبینیت، ئەوجارەشیان خۆزگەکەت نەهاتە دى بە ڵکو زیاترو زیاتر لێی دوورکەوتیتەوە و لە شارەکەى خۆشتدا نەیانهێشتیت.
لەگەڵ بە بیرداهاتنەوەى چەندەها دیمەنى سامناک ئاواتت دەخواست کە گەیشتیت یەکێک چەکەکەى خۆیت پێبسپێرێت و، مافى لە دڕندەکە بسێنێت ڕۆژ نیە وێنەى ئەو دڕندەیە نەیەتەوە بەرچاوت کە لەو شەوە ساردەى زستاندا ئەو پاڵەى نا بە تاقە ڕۆڵەکەتەوە لە سەربەرماڵەکە بە دیوارەکەى بەرامبەریەوە گیرسایەوە، ئەو دڕندەیەى کە گوێی نەدا بە پاڕانەوەى تۆو هاوسەرە بێ چارەکەت، بەڵێ ڕۆڵەکەتى گرت و فڕێیدایە ئۆتۆمبیلەکەوە.
تا دەهات خێراترو خێراتر ڕاتدەکرد کاتێکت زانى دەنگى الله أکبرو، ناڵەو نرکەو هاوارى دلێرانەو قاووقیژ تێکەڵاو بووە، بە دەنگى هاوەن و ئاربیجى و تفەنگ و دەنگى (هەى ترسنۆکینە خۆتان بدەن بەدەستەوە)(هەى زۆردارەکان دواڕۆژى ژیانتانە)(هەى خوانەناسانە هەر ئێستا بە دۆزەخ شادتتان دەکەین)(هەى دڕندەکان وا کۆشکە سامناکەکەتان بەرەو تێکدان دەچێت).
دیمەنێکى سەیرە چواریەکى پەلاماردەران خاوەنى چەکە، ئەوانى تر دەست و قاچ و نینۆک و دانیان کردۆتە چەک، کەواتە تۆش خاوەنى چەکى تا زووە بکەوەرە خۆت و هەموو ئەندامەکانى بەکارى لەشت بکەرە چەکێک و پەلامارى دڕندەکانى پێبدە، ئەو بیرە وەک تەزوویەکى کارەبا هاتە مێشکتەوە ئیتر نازانیت دەستەکانت چەند جار لە بینەقاقایان گیر دەبوو, شەقت لە چەند لاشەى گڵاو هەڵدەدا، چڕنوکەکانت پێستى چەندى بریندار دەکرد، جێگەى دانەکانت لەسەر چەند لاشەیان خۆى دیاریدەکرد، تاکە چەکێک کە بیرت لە بەکارهێنانى بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ نەکردبوەوە ئەوەبوو کە بینێت منداڵێکى ٩ ساڵانە کە تەماشاکردنى دیمەنەکان دەستوقاچیان بەستبوو تەنها بە چاوە هەڵۆییەکانى مۆڕەى دەکرد لە هەر دڕندەیەک کە خەریکە لێی نزیک دەبێتەوە، بەڵێ مۆڕەکانى ئەوەندە سامناک بوون کە دڕندە لاوازەکانى ئەو ڕۆژە زەنەقییان لێی دەچوو، بۆ تەنها ساتێکى کورت وەستایت و بیرت کردەوە تۆ بڵێیت ئەم مناڵە چ ئازارو ئەشکەنجەیەکى بە دەستى ئەمانەوە خواردبێت، ئایا خۆى ڕێگاى کەوتۆتە ناو ئەم کۆشکە سامناکە یا دایک و باوک یان خوشک و برا؟نا ئێستا کاتى پرسیار نیە پاش کۆتایی هاتن دەتوانم لێی تێبگەم با جارێ هیواکەى دڵم بە چاوکەوتن بە خوێنى دڕندەکەى لەمەڕ خۆم سەوز بکەم .
ئەملاو لات زۆرکرد خۆت دەکرد بە ناو هەر کۆمەڵێکدا کە خەریکى لەناو بردنى ڕیشەى زۆرداران بوون، تا لە ناو قەڕەباڵغییەکى زۆردا لاشەى دڕندەکەت بە بێ گیان چاوپێکەوت، تەزوویەک سەرتاپاى لەشتى گرتەوە تۆ بڵێیت خەو بێت یان ڕاستى؟ ئەمە لاشەى ئەو زۆردارەیە کە لەو شەوەدا پۆشاکى فیرعەونى پۆشیبوو بە خۆى و دارودەستەکەیەوە ماڵەو ماڵ بە شوێن خواناساندا دەگەڕا ئەوا ئێستاش لە نیوان شەقى هەزاراندا دیت و دەچێت، دڕت بە خەڵکەکە داو زۆر بە گران توانیت خۆت لە لاشەکە نزیک بخەیتەوە وەک ئەوەى بتەوێت هەموو ڕقوکینەى دڵت بە یەک شەق دەرببڕیت شەقت بۆ هەڵهێنایەوە، بەڵام دڵت ئاوى نەخواردەوە، ئەمجارە کردت بە تفێک، بەڵام ئەوەش هیچى پێنەبەخشیت هیچى لە دەروونە کوڵاوەکەت سارد نەکردەوە، تاکو دەنگى هاوڕێ کۆنەکەى کوڕەکەت دایچڵەکاندیت و هێنایتیە دواوەو ووتى(وتەکانى شەهید بهێنەرەوە یادى خۆت تەنها ئەوانەن کە لە کوڵوکۆى دڵە سوتاوەکەت کەم بکەنەوە)(دایە گیان لە بیرتە کە ئەیوت ئەگەر من لەم ڕێگایەشدا سەرم دانا دڵم بە پەیمانەکانى یەزدانى مەزن بە تایبەتى ئایەتى ((وَلَا تَحْسَبَنَّ الَّذِينَ قُتِلُوا فِي سَبِيلِ اللَّهِ أَمْوَاتًا بَلْ أَحْيَاءٌ عِنْدَ رَبِّهِمْ يُرْزَقُونَ)) خۆشە، بەڵام خوانەناسان دڵیان بە هیزى پوچەڵیان و پارەى گیرفانیان خۆشە پاشانیش بە ڕووڕەشى دێنە بارەگاى خودا،کەواتە لەسەر ئەو لاشە بۆگەنە لاچۆو وەرە هەڵمەت بکەینە سەر لاشەیەکى تر کە هێشتا گیانى تیاماوە.
گرێ دەروونیەکەت لەسەر دڕندەکە ووردە ووردە کرایەوە نمە نمەى بارانێکى بەڕەحمەت لە نێوان وشەکانیدا بارى بەسەر دڵ و دەروونتدا، ئینجا دەستت کرد بە داواى لێخۆشبوون لە خوداى گەورە، کە ئەم هەموو ماوەیە وێنەى دڕندەکە نەیدە هێشت لە ماناى بەرزى جێگایى شەهید تێبگەیت، بۆیە هەمیشە لەسەر قەبران هاواروڕۆڕۆت بوو ئەمجارەیان بە دەم (أستغفرالله) ەوە، کەوتیتە پەلاماردانى لاشە زیندووەکانى تر کە دەیانویست لە نێوان دەستى پەلاماردەرانەوە خۆیان دەرباز بکەن تا وردە وردە کۆتایی بە بەناو زیندووەکان هات، کە هەروەکو ئادەمیزادى ئامێرى دەجوڵانەوەو ئامانجى بەرنامەکەیان هەر بە گیرفان پڕکردن دەستى پێکردبوو.
بۆ جارى دووەم وێنەى منداڵەکە هاتەوە پێش چاوت کە بەردەوام چاوى دەگێڕا ((ڕۆڵە گیان بە شوێن چیدا دەگەڕێیت ((دایە گیان دەمەوێت بزانم باوکم لە ناو زیندانییەکاندا لە ناو کۆشکە سامناکەکەدا ماوە؟یاخود لە کۆشکى بەرزى بەهەشتدا لە ناو شەهیداندا جێگاى خۆى کردۆتەوە.))
ئەمجارەیان ئەو تەزووەى کە بە لاشەدا هات نەتزانى هى شەرمەزارى ئەوە بوو کە تۆ دواى ئەو منداڵە لە پلەى شەهیدى تێگەیشتویت، یان هى خۆشى ئەوەبوو کە ئەو زوو تێیانگەیاندوە.
پاش تەواو بوونى ڕووداوەکە هەنگاوەکانت بە دڵێکى پڕ لە ئیمانەوە بەرەو پرسەى دوا شەهیدى خواناسى ناو کۆشکە ڕووخاوەکەی بردی، تا هەست و نەستە تازەکەت و پەشیمانى بۆ ڕەفتارەکانى پێشووت بکەیتە ڕێگا پیشاندەرێک بۆ کەسوکارى شەهیدە نوێیەکە.

Check Also

کۆڕەو… دایکی بێ ساواو ساوای بێ دایک

بەیان نوری تۆفیق (ئەم چیرۆكە لە ژمارە 26ی ئایاری 1994ی گۆڤاری “پەیامی ڕاستی”دا بڵاوكراوەتەوە كە …