بەیان نوری
ئەم توێژینەوەیە لە لایەن (د.لمیاء محسن) لە زانكۆی فاروس كۆلێژی ڕاگەیاندن لە میسر لە ساڵی 2020 ئەنجامدراوە، لەگۆڤاری لێكۆڵینەوەی ڕاگەیاندن(بحوث أعلامیة)لە مانگی 10ی 2020 لە ژمارە 55دا بڵاوكراوەتەوە.
توێژەر ئەم لێكۆڵینەوەیەی بە مەیدانی كردوە لە ڕێگەی ڕاپرسیەوە، لەگەڵیدا بە ووردی باسی لە ڕۆڵی گرنگی خێزان كردوە و چۆنیەتی خراپ بەكارهێنانی پێگە كۆمەڵایەتییەكان و ئەو دۆخە مەترسیدارەی كە هێناویەتیە پێش.
توێژەر ئاماژەی بە كۆمەڵێك ئامار داوەو بارودۆخی هەندێك لە وڵاتانی ڕوونكردۆتەوە جگە لە ئاماژەی سەرەكی بە كۆمەڵگەی میسر، یەكێك لە ئاماژەكانی دەڵێت %32ی ئەو پیاوانەی زۆر فەیسبوك بەكاردەهێنن پەیوەندییان لەگەڵ ژنەكانیان زۆر تێكچووە، بە هۆی هاوڕێیەتی ژنانی ترەوە، لەگەڵ ئەوەی كە لەپێش ئەو بەكارهێنانە پەیوەندییان زۆر باش بووە، لە %60ی منداڵان هەڵسوكەوتیان گۆڕانكاری زۆری بەسەردا هاتوە دوای بەكارهێنانی زۆری پێگە كۆمەڵایەتییەكان.
ئاماژەی داوە بەوەی تاوانباری یەكەمی تەڵاق لەسەر ئاستی جیهان فەیسبوك دەرچووە، لە ساڵی 2010 دا كە %20ی تەڵاق و جیابونەوەكانی خێزان لە ئەمریكا هۆكاری فەیسبوك بووە، %40 ی جیابونەوەكانی وڵاتی ئیتالیاش هۆكارەکەی هەر فەیسبوك بووە بە هۆی گرتنی هاوڕێ لە ڕەگەزی بەرامبەرو ناپاكیكردن لەگەڵ هاوسەردا.
بەرەنجامی توێژینەوەكە:-
1-لە ناو پێگە كۆمەڵایەتییەكاندا فەیسبوك یەكەم پێگەیە كە بەكاردەهێنرێت پاشان ئینیستگرام و بەدواییدا یوتیوب.
2-بە پێی ئەو كەسانەی كە لێكۆڵینەوەكەیان لەسەر كراوە تاكەكانی خێزانی میسری لە هەفتەیەكدا بە تێكڕای 5 ڕۆژ وهەر ڕۆژەی 5 كاتژمێر پێگە كۆمەڵایەتییەكان بەكاردەهێنن.
3-زۆرینەی بەكارهێنەرانی پێگەكان ناوماڵی خۆیان پێباشترە بۆ بەكارهێنانی پێگەكان لەبەر پاراستنی تایبەتمەندی و ئازادی تەواو لە ناوماڵ، جگە لەوەی هێڵەكانی ناوماڵ خێراترن لە هێڵی شوێنە گشتییەكان.
4-زۆرینەی بەكارهێنەران ئامانجیان زانینی هەواڵی كۆمەڵگەكەیان و هاوڕێیەتی و، زانینی ڕای خەڵكە لەسەر ئەو بابەتانەی كە ئەگوزەرێن.
5- تاكەكانی خێزان كاتی بێكارییان بە بەكارهێنانی پێگەكان بەسەر دەبەن بە شێوەیەكی سەرەكی دوای ئەوە دانیشتن لەگەڵ خێزان.
6-كارلێكی تێكەڵی و گفتۆگۆی نێوان هاوسەران زۆر كەمبۆتەوە بە بەراورد بە بەكارهێنانی پێگەكۆمەڵایەتییەكان، كە لە بەرەنجامی توێژینەوەكە وا دەركەوتوە تێكڕای 2 كاتژمێرهاوسەران كات دەدەن بە گفتۆگۆی نێوانییان لە بەرامبەر5 كاتژمێری پێگە كۆمەڵایەتییەكان.
7-بە هۆی كاتگرتنی زۆری خێزان، پێگە كۆمەڵایەتییەكان بۆتە دیارترین هۆكاری تێكچوونی شیرازەی خێزان.
8-متمانەی نێوان هەردووهاوسەر بۆ پێدانی زانیاری كۆدی نهێنی ئامێرەكانیان بە یەكتر لە یە كێكەوە بۆ یەكێكی تر جیاوازە.
9-زۆرینەی ئەوانەی لێكۆڵینەوەكەیان لەسەر كراوە باس لە لایەنی نەرێنی پێگە كۆمەڵایەتییەكان و زیانەكانیان كردووە، لەوانە كاتكوشتنی زۆر، تێكدانی پەیوەندییە خێزانییەكان، دووركەوتنەوەی باوك و منداڵ لە یەكتر و، گۆشەگیریی و دوورەپەرێزی جگە لە دەركەوتنی خیانەت و ناپاكی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی جیابونەوە بەو هۆكارەوە.
10-زۆرینەی كوڕان و كچان زیاتر حەزدەكەن كاتییان لە گەڵ هاوڕێیاكانیان و، پەیوەندیكردن بە كەسانی ترو یاریكردن لەسەر پێگە كۆمەڵایەتییەكان ببەنە سەر.
11-زۆرینەی دایكان و باوكان سكاڵایان هەیە لەسەر كاتكوشتنی زۆری منداڵەكانیان لە بەكارهێنانی پێگە كۆمەڵایەتییەكان.
12-بەرەنجامەكان وا نیشان دەدەن كە پەیوەندی نێوان منداڵ و دایك و باوك كەمبۆتەوە.
13-هه ندێك لەكچان و كوڕان پەیوەندییە ڕاستەقینەكانی ناو خێزان و كۆمەڵگەیان گۆڕیوەتەوە بە هاوڕێیەتی سەر پێگەكان.
14-هەموو ئەو كەسانە داندەنێن بەوەی بە هۆكاری پێگە كۆمەڵایەتییەكانەوە زۆر دووركەوتونەتەوە لە خێزان و دایك و باوكیان.
15-لاوازی هۆشیاری لاوان بە بەهای خێزان و دایك و باوك لە ژیانیاندا و پەنابردنە بەر هاوڕێی بۆ چارەسەری كێشەكانییان.
16-هەردوو لایەنی دایك و باوك و منداڵان لایان وایە زۆر بەكارهێنانی ئەو پێگە كۆمەڵایەتییانە بۆتە هۆكاری دوورەپەرێزی و، گۆشەگیری و، تێكچوونی شیرازەی خێزان.
ڕاسپاردەكانی لێكۆڵینەوەكە:-
1-بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری خێزانی میسری بۆ ڕادەی بەكارهێنانی ڕۆژانە و مەترسییەكانی بەكارهێنانی زۆر و چڕ، لەسەر پەیوەندییە خێزانییەكان.
2-پێناسەی بەهای كارلێكی نێوان ئەندامانی خێزان بە تایبەت هەردوو هاوسەر كە پایەی بەهێزی ژیانی خێزانن.
3-جەختكردنەوە لەسەر ئەوەی هەرگیز پەیوەندییەكانی سەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان جێگرەوەی پەیوەندییە خێزانییەكان نین كە بە هۆی پێكەوە ژیانەوە دروستدەبێت.
4-پێویستە هەموو تاكەكانی خێزان هۆشیاربكرێنەوە لە گرنگی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و گفتوگۆی هەمیشەیی لە نێوانیان و دوورنەكەوتنەوە لە یەكتر.
5-بەردەوامی گفتۆگۆی نێوان هەردوو هاوسەر بە هەمیشەیی بۆ برەودان بە لێكتێگەیشتن و بەردەوامی سۆز و خۆشەویستی كە دەبێتە هۆكاری دووركەوتنەوە لە ناپاكی و، لە تەڵاق و هەڵوەشاندنی خێزان.
6-پێویستە پەیوەندی نێوان دایك و باوك لەگەڵ منداڵەكانیان هاوڕێیەتییەكی ڕاستەقینە بێت لەسەر بنەمای لێكتێگەیشتن و بەشداریپێكردن و، ڕاستگۆیی بە بێ گلەیی و لۆمە و سزادان تا لە كاتی كێشەدا هەر خۆیان پەنابن بۆ منداڵەكانییان نەك هاوڕێی درۆیینە یان هاوڕێی بێ ئەزموون.
7-كارابوونی دامودەزگا كۆمەڵایەتییەكان بۆ هۆشیاركردنەوە لە كاریگەرییە خراپەكانی بەكارهێنانی نادروستی پێگە كۆمەڵایەتییەكان لەسەر ئاستی تاك و خێزان و كۆمەڵگە.
8-كاراكردنی ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە هۆشیاركردنەوە و ڕێنمایی لەسەر مەترسیەكانی ئالوودە بوون بە ئەنتەرنێت، ڕێگەچارە بۆ ئەو دیاردە ترسناكە.
9-تیشك خستنە سەر لایەنە ئەرێنییەكانی پێگە كۆمەڵایەتییەكان و، چۆنیەتی بەكارهێنان بۆ سوودی زانستی و ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتی وبەشداری خێزان پێكەوە.
10-پێویستە لە سەر دایكان و باوكان كات دیاریبكەن بۆ بەكارهێنانی پێگە كۆمەڵایەتییەكان و هەوڵ بدەن بە مەبەستی تێكەڵاوی و دروستبوونی گفتوگۆی خێزانی هەندێكجار پێكەوە بەكاریبهێنن بۆ دووركەوتنەوە لە ئالوودەبوون.
Check Also
کۆڵۆنیالیزمی سێکسیی نوێ لەنێو پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان
ن: ستیڤانۆ جینارینی، دکتۆرا لە یاساو. لەئینگلیزیەوە : شەهلا عومەر وڵاتانی ڕۆژئاوایی بڕگەیەکی ژەهراوییان بۆ …