شه‌ممه‌ , ته‌مموز 27 2024

هه رجارەى توێژینەوەیەک (6)‌ نهێنى نەخۆش لاى پزیشک لە نێوان پاراستن و درکاندنیدا


بەیان نوری
ئەم توێژینەوەیە لە لایەن (د سەلامە سەید ئیبراهیم سالم)ەوە كە مامۆستایە لە زانكۆی ئەزهەر لە ژمارە ٣٧ى گۆڤاری توێژینەوە فقهیی و یاساییەكانەوە لە مانگى 4ی2022 نوسراوە و بڵاوكراوەتەوە.
پوختەی توێژینەوەكە:-
ئەم توێژینەوەیە باس لە چەمكی نهێنی و نەخۆش و پزیشك و پاراستن دەكات، پاشان دێتە سەرباسی گونجاندنە فقهییەكانی پەیوەندی نێوان پزیشك و نەخۆش، واجببوونی پاراستنی نهێنی نەخۆش و نەهیكردن لە دركاندنی، پاشان دێتە سەرباسی زیانە دەروونی و مەعنەویی و لاشەیی و پیشەیی و داراییەكانی دركاندنی نهێنی نەخۆش، ئەو سزایانەی كە دەكەوێتە سەر پزیشك لە كاتی دركاندنی نهێنی نەخۆشدا، باس لە ئاگاداركردنەوە دەكات بە ئامۆژگاری ئینجا سەرزەنشتكردن پاشان هەڕەشە، دوای ئەوە سزای دارایی، كۆتا سزا زیندانیكردنە، جگە لە بێبەشكردنی هەندێك مافی پیشەیی.

لە درێژەی توێژینەوەكەیدا باس لە هه ڵوێستی فقهی ئیسلامی دەكات بۆ ئەو حاڵەتانە و چۆن نەخۆش مافی قەرەبووكردنەوەی هەیە لە كاتی زیانپێگەیاندنی بە هۆكاری دركاندنی نهێنییەكانی

هه ندێك لەبەرەنجامی توێژینەوەكە:-
1-نهێنی پزیشكی، ئەو نهێنییەیە كە نەخۆش لای پزیشك باسی دەكات و نایەوێت كەسانی تر بیزانن یان بە پێی عورف پێویست بە شاردنەوەی دەكات یان عه یبدارییەكە كەنەخۆش خۆی پێی خۆش نیە كەس بیزانێت.
2- چوارچێوەی نهێنی پزیشكی بابەتێكی ناڕوونە و بەئاسانی دیاری ناكرێت، لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێك لە كاتێكەوە بۆ كاتێكی تر وە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگۆڕێت، هه ندێك بابەت هەیە لە شوێنێك وەك نهێنی دەبێت پارێزراو بێت، بەڵام لە شوێنی تر وانیە، لە كاتێكدا دەبێت بپارێزرێت لە كاتێكی تردا نهێنی نیە، بۆ كەسێك وەك نهێنی بپارێزرێت باشە بۆ كەسێكی تر وانیە.
3-ڕادەی پابەندبوون بە نهێنی پزیشكییەوە، پابەندبوونی پزیشك بە پاراستنی نهێنی نەخۆش پابەندبوونێكی گشتییە، پێویستە پزیشك نهێنی نەخۆش بپارێزێت تەنها لە كاتێكدا نەبێت كە پێویست بكات قسەی لەسەر بكات.
4-پاراستنى نهێنى واجبێکى ئاینى و ئەخلاقییە، درکاندنى نهێنى مەترسییەکى گەورە دروست دەکات لە نەمانى متمانە لە نیوان خەڵکدا بۆیە لە پیشەى پزیشکیدا پاراستنى نهێنى وەک ئەرکێک دیاریکراوە.
٥-زیانەکانى درکاندنى نهێنى جۆراوجۆرن، لەوانە دەروونى و مەعنەوى وجەستەیی و پیشەیی و دارایی.
٦-کاتێک پزیشک نهێنى نەخۆش دەدرکێنێت بێ ئەوەى پێویست بێت دەبێت بە پێی فقهى ئیسلامى بە قۆناغەکانى سزاداندا بڕوات لە ئاگادارکردنەوەو، سەرزەنشتکردن و سزاى دارایی، تا دەگاتە زیندانیکردن کە ڕاى مەزهەبى مالکى و حەنەفى و حەنبەلى و ئیمام جوێنى لە مەزهەبى شافیعى لەگەڵدایە، توێژەر بە هۆى بەهێزى بەڵگەى ئەمان و لاوازى بەڵگەى ئەوانەى لەگەڵ زیندانیکردندا نین ڕاى لەگەڵبوونى هەڵبژاردوە. پێویستە سزاکان لەمڕۆدا سەندیکاى پزیشکان پێی هەڵبسێت بۆ هەندێک حاڵەت ڕاگرتنى پزیشک بۆ ماوەیەک لە کارکردنى پزیشکى یان لێسەندنەوەى مۆڵەتى کار بە یەکجارى بۆ هەندێک حاڵەت.
٧-قەرەبووکردنەوەى نەخۆش لە لایەن پزیشکەوە لە کاتى زیانپێگەیاندنى بە هۆکارى درکاندنى نهێنى، ئەگەر نەخۆشەکە زیانێکى ماددى پێگەیشتبێت بە هۆکارى درکاندنى نهێنى نەخۆشییەکەیەوە دەتوانێت بە پێی قەبارەى زیانەکەى داواى قەرەبووکردنەوە بکات.
٨-لە کاتى زیانى مەعنەویدا زانایانى هاوچەرخ ڕاى جیاوازییان هەیە بۆ قەرەبووکردنەوەى نەخۆش,بەڵام بەڵگەى ئەوانەى کە دەڵێن دەبێت بۆ زیانى مەعنەوییش قەرەبووى نەخۆش بکرێتەوە بەهێزترە.
پێشنیار و ڕاسپاردەکان:-
١-پێویستە هەموو زانیارییەکان سەبارەت بە پاراستنى نهێنى نەخۆش لە ڕێگەى ڕاگەیاندنەوە ڕوونبکرێتەوە تا هەموو ئەوانەى لە بوارى تەندروستیدا کاردەکەن هۆشیاربن و زانیارى تەواویان هەبێت.
٢-وەزارەتى تەندروستى گرنگى تەواو بدات بە پاراستنى نهێنى نەخۆش، بۆ ئەو مەبەستە خول بکاتەوەو کۆنگرەو نەدوە ببەستێت تیایدا پزیشکان و هەموو ئەوانەى لە بوارى تەندروستى کاردەکەن و زانایانى ئاینى و یاساناسان بەشداربن، تا ڕوونکردنەوەى تەواو بدرێت لەسەر سزا شەرعى و یاساییەکانى ئەو بوارە.
٣-جەختکردنەوە لەسەر ئەخلاقى بوون لە هەموو کارێکدا بە تایبەت بوارى پزیشکى.
٤-جێبەجێکردنى سەرجەم ڕێنومایی و پەیڕەوە پزیشکییەکان.
٥-چاوخشاندنەوە بەو یاسایانەى کە سزاى دیاریکردوە بۆ ئەم بوارە تا ئاسانکارى تیا نەکرێت.

Check Also

زیرەکی دەستکرد و داهاتوو (زمان)

محمد ئاواتبەشی چوارەمتوانراوە زیرەکی دەستکرد نزیک بکرێتەوە لە زیرەکی مرۆڤ.بەڵێ لە خودی دەمارە خانەوە نزیک …