دووشەممە , كانونی یه‌كه‌م 23 2024

لێكگه‌یشتن و لێبوردن، هه‌وێنى پێكه‌وه‌ ژیانى ئاشتییانه‌یه‌

صبرى غفار امین
لێكگه‌یشتن وه‌ك یه‌كێك له‌بنه‌ماسه‌ره‌كیه‌كانى پێكه‌وه‌ ژیان بریتیه‌ له‌ هه‌ستكردنى مرۆڤ به‌هه‌ستى به‌رامبه‌ر و چونه‌ناو ناخى و خوێندنه‌وه‌ى هه‌سته‌كانى ، به‌ویژدانێكى زیندو مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵدا كردنى .
لێكگه‌یشتن وابه‌سته‌یه‌ به‌ڕه‌هه‌ندى مرۆڤ بوون و ڕادده‌ى ئاوێته‌بوونت له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ر ، كاتێك كه‌له‌خودى به‌رامبه‌ر تێده‌گه‌یت و به‌دیدێكى ئه‌رێنیانه‌ مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كه‌یت ژینگه‌یه‌كى خۆش بۆ خۆت و ده‌ورو به‌رت به‌رهه‌م دێنیت (فلنحیینه حیاة طیبا) .
لێكگه‌یشتن له‌سه‌ر چوار په‌یوه‌ندى سه‌ره‌كى بنیات ده‌نرێت به‌پێى بۆچونى دكتۆر ئه‌مجه‌د ئه‌بو یوسف وه‌ك له‌كتێبى (التفهم ایجابیه‌ الحیاة والتواصل) ئاماژه‌ى پێكردووه‌ :
1- په‌یوه‌ندیه‌كى دروست له‌گه‌ڵ خودا، ئه‌وه‌ى ده‌یكه‌یت بۆ ڕه‌زامه‌ندى خودا بێت له‌چوار چێوه‌ى (ان الله یحب المحسنین)، كاتێك هه‌وڵئه‌ده‌یت تێبگه‌یت له‌به‌رامبه‌ر و قبوڵیشى بكه‌یت وه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌هه‌یه‌ دوور له‌ كرده‌ى خۆسه‌پاندن و چاوه‌ڕوانى هیچیش ناكه‌یت جگه‌ له‌پاداشتى خوایی .
2- په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ده‌رونى خۆت، ناسینى ناخى خۆت وه‌مامه‌ڵه‌كردنت وه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌هه‌یت .
3- په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ كه‌سوكار و ده‌ورو پشت، چۆن لێیان تێده‌گه‌یت و كارلێكى ئه‌رێنى دروستده‌كه‌یت له‌گه‌ڵیاندا .
4- له‌گه‌ڵ كه‌سانى تر ، هه‌ركه‌سه‌و له‌هه‌ربازنه‌یه‌كدایه‌ خاوه‌نى دید و بۆچونى تایبه‌ت به‌خۆیه‌تى چۆن ئه‌توانیت مامه‌ڵه‌ى بكه‌یت و لێیتێبگه‌یت .
گرنگه‌ مرۆڤ به‌دواى ئاسوده‌یی ویژداندا بگه‌ڕێت و چاوه‌ڕوانى زۆر ئافه‌رینى ده‌ورو پشت نه‌بێت .
بۆ دروستبوونى لێكگه‌یشتن كۆمه‌ڵێك هه‌نگاو هه‌ن ده‌بێت ڕه‌چاو بكرێن :

  • ڕه‌زامه‌ندى ، كاتێك مرۆڤ له‌ناخه‌وه‌ ڕه‌زامه‌ندى نه‌بێت ناتوانێت هه‌نگاو بنێت بۆ گفتووگۆ و گوێگرتن.
  • گوێ له‌یه‌كترگرتن ، بۆ تێگه‌یشتن له‌حاڵى یه‌ك و زانینى ڕه‌وشى ژیانى گرنگه‌ گوێگرێكى به‌مه‌به‌ست بین .
  • یه‌كتر قبوڵكردن، قبوڵكردنى به‌رامبه‌ر به‌هه‌موو جیاوازیه‌كانیه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت توانه‌وه‌ یان كه‌وتنه‌ ژێر كاریگه‌رى بێت، به‌ڵكو ڕێزگرتن و قبوڵکردنى به‌رامبه‌ره‌.
  • متمانه‌، لێكگه‌یشتن كاتێك دروستده‌بێت كه‌به‌متمانه‌وه‌ گفتوگۆ بكه‌یت و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ردا بكه‌یت .
  • گیانى لێبوردن، یه‌كێك له‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ى هاوكارى ته‌واوه‌ بۆ لێكگه‌یشتن و دروستبوونى متمانه‌ ولێبوردنه‌ كه‌هه‌وڵده‌ده‌یت بۆ تواناى پێكه‌وه‌ ژیانى به‌رده‌وام لێبوردنت هه‌بێت بۆ هه‌ڵه‌و كه‌م و كورتیه‌كان .
    مرۆڤ به‌زمانى لێیكگه‌یشتن له‌گەڵ به‌رامبه‌ردا گفتوگۆ بكات ده‌توانێت بگات به‌هه‌موو ئه‌و قۆناغانه‌ى كه‌ ئاماژه‌مان پێكردوه‌ دوور ئه‌بێت له‌ سه‌پاندنى بۆچونى خۆى و ناچاركردنى به‌رامبه‌ر به‌وه‌ى وه‌ك ئه‌وه‌بێت كه‌ ئه‌م ئه‌یه‌وێت .
    ئه‌گه‌ر لێكگه‌یشتن و یه‌كتر قبوڵكردن شۆڕ بكه‌ینه‌وه‌ بۆ ناوه‌ندێكى گرنگى وه‌ك خێزان به‌ دڵنیایه‌وه‌ زۆرێك له‌كێشه‌كان به‌ره‌و چاره‌سه‌ر ئه‌چن، چونكه‌ زۆربه‌ى گرفته‌كانى ناو خێزان لێره‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن، كاتێك دووكه‌س بۆ چه‌ندین ساڵ پێكه‌وه‌ ده‌ژین ئه‌یانه‌وێت هه‌ریه‌كه‌یان ببێته‌ كۆپى ئه‌وى تریان له‌هه‌موو جوڵه‌و هه‌ڵسوكه‌وت و بۆچونیدا، كه‌ئه‌مه‌ش ته‌واو پێچه‌وانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ پێناسه‌ى ڕاسته‌قینه‌ى له‌یه‌كگه‌یشتن كه‌ بریتیه‌ له‌ قبوڵكردنى یه‌كترى به‌هه‌موو جیاوازیه‌كانه‌وه‌ و پێكه‌وه‌ ژیانى ئاشتى و چونه‌ناخى یه‌كترى و هه‌ست كردن به‌خه‌مه‌كان و خۆشه‌ویستى و ڕێز و لێبوردن ئه‌بنه‌ خاڵى هێز بۆ قبوڵكردنى جیاوازیه‌كان .
    مامۆستایه‌كى زانستى ده‌رون ناسى (ئیلى فینكڵ) له‌كتێبى (الزواج كل شيء او لاشيء ) ده‌ڵێت هه‌موو په‌یوه‌ندیه‌كى درێژخایه‌نى وه‌ك په‌یوه‌ندى هاوسه‌رى ڕووبه‌ڕووى جۆره‌ها گرفت و ململانێ ده‌بێته‌وه‌، پێویسته‌ له‌ ڕێگه‌ى گفتوگۆو لێكگه‌یشت بگه‌ینه‌ چاره‌سه‌رى ئه‌رێنى .
    هه‌روه‌ها زاناى ده‌روون ناس (لیۆن سیلتزر) ده‌ڵێت مه‌رج نیه‌ ده‌رئه‌نجامى گفتوگۆو لێكگه‌یشتنى هاوسه‌ران بریتیبێت له‌ گۆڕینى دید و بۆچون و هه‌ڵسوكه‌وتى یه‌كێكیان، ده‌بێت ئه‌م لێكگه‌یشتن و هاوسۆزیه‌ ببێته‌ هۆكارى وه‌لاخستنى ململانێكان .
    بۆیه‌بوونى گفتوگۆو ئاڵوگۆڕى بۆچوون له‌نێوان هاوسه‌ران و ئه‌ندامانى خێزاندا فاكته‌رێكى گرنگى لێكگه‌یشتنه‌ كه‌ئه‌مڕۆ به‌هۆى سه‌رقاڵى به‌دنیاى ته‌كنۆلۆجیاو سۆشیال میدیا زۆرێك له‌هاوسه‌ران و ئه‌ندامانى خێزان خه‌ریكه‌ به‌یه‌كتر نامۆ ده‌بن به‌هۆى كه‌مى پێكه‌وه‌ بونیان و نه‌ڕه‌خساندنى كه‌شى خێزانى بۆ گفتوگۆ و گۆڕینه‌وه‌ى بۆچونه‌كان و له‌یه‌كگه‌یشتنیان، بۆیه‌زۆرجار به‌به‌ركه‌وتنێكى ئاسایی كێشه‌و ئاڵۆزى گه‌وره‌ دروستده‌بێت كه‌سه‌ر ئه‌كێشێ بۆ جیابونه‌وه‌ و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى خێزان ، هه‌مان مامۆستاى ده‌رونناس فینكڵ ئه‌ڵێت : ئه‌و هاوسه‌رانه‌ى كه‌ زۆرترین كات به‌گفتوگۆو پێكه‌وه‌ بوون به‌سه‌ر ده‌به‌ن ئاسوده‌ترن له‌و خێزانانه‌ى كه‌كه‌متر پێكه‌وه‌ ئه‌بن و گفتوگۆ ناكه‌ن وه‌ ئه‌و هاوسه‌رانه‌ى كه‌ كاته‌كانیان به‌چالاكی وه‌كو وه‌رزش و گه‌شت و پێكه‌وه‌بوونیان هه‌یه‌ كه‌متر ئه‌گه‌رى جیابونه‌وه‌یان هه‌یه‌ له‌كه‌سانى تر .
    بۆبه‌هێزكردنى تواناى لێكگه‌یشتن و قبوڵکردنى یه‌كتر به‌تایبه‌ت له‌نێو هاوسه‌راندا گرنگه‌ له‌وه‌ تێبگه‌ین ڕاستى شته‌كان له‌لاى هه‌ر یه‌كێكمان ڕێژه‌ییه‌، واته‌ ئه‌وه‌ى له‌لاى من هه‌مووى ڕاسته‌ مه‌رج نیه‌ ئه‌و بۆچونه‌ى من هه‌مووى ته‌واو بێت، ئه‌شێ هه‌ندێكى ترى ئه‌و ڕاستیانه‌ له‌لاى به‌رامبه‌ر بێت، ئه‌گه‌ر به‌م دیدگایه‌ یه‌كترمان قبوڵكرد و دوور كه‌وتینه‌وه‌ له‌سه‌پاندنى بۆچونى خۆمان و نه‌خوێندنه‌وه‌ى هه‌ستى به‌رامبه‌ر ئه‌توانین ئاسان جیاوازیه‌كان تێپه‌ڕێنین و گیانى لێبوردن گه‌شه‌ پێبده‌ین بۆ پێكه‌وه‌ ژیانى ئاشتیانه‌ له‌ناو خێزان و كۆمه‌ڵگه‌دا.

Check Also

داهاتووی کاری ئۆنلاین لە کوردستان و جیهان

ڕەنگین عبدالکریم کافرۆشیلەگەڵ پێشکەوتنی مرۆڤایەتی و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی جیهان، هاوکات لەگەڵ باڵادەست بوونی سیستەمی …