د. هەتاو حمەصالح حسێن
میدیا بە هەموو جۆرەکانیەوە ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە داڕشتنی هۆشیاری کۆمەڵایەتی لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگەدا، جا پەیامەکە ئەرێنی بێت یان نەرێنی. دەبێت بزانین میدیا چەکێکی دوو تیغە، یان دەبێتەهۆی بەهێزکردن و چەسپاندنی بەها و داب و نەریتە دروستەکان، یان دەبێتەهۆی لەناوبردنی هەموو بەها و مرۆیی و ئەخلاقییەکان.
لێرەوە ئەرکی سەرەکی دەکەوێتە سەرئەوانەی بەکاری دەهێنن، ئیتر چ میدیایەکی فەرمی بێت و دەزگایەک بەڕێوەی ببات، چ بەکارهێنانی تاکە کەسیی بێت وەک سۆشیاڵ میدیا. چونکە وەک دەزانن ئێستا هەموو کەس بەهۆی مۆبایلەکەیەوە بووەتە رۆژنامەوانی هاووڵاتیی، (ئەم زاراوەیە ئاماژە بۆ جەماوەری بەکارهێنەری سۆشیاڵ میدیا کە دەتوانن ڕۆڵێکی کارا ببینن لە پرۆسەی کۆکردنەوە و گواستنەوە و، شیکارکردن و بڵاوکردنەوەی بابەت و وێنە و هەواڵ و زانیاری).
زۆرجار لۆمەی پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا دەکرێت بەوەی بووەتە تێکدەری کۆمەڵگەکان، دەوترێت میدیا چەندین ئاسەواریی نەرێنی بەسەر کۆمەڵگەوە بەجێهێشتووە، وەک: (لاواز بوون و تێکچوونی پەیوەندی خێزانی، زیادبوونی جیابوونەوەی خێزان، نائارامی و تووڕە بوون، زۆربوونی فشاری دەروونی، ترس و دڵەڕاوکێ، دروستکردنی کێشەی کۆمەلایەتیی، دووڕوویی، ناتەبایی، ڕق و کینە، زیادبوونی ململانێ).
بەڵام لە راستیدا هەر هەمان ئەو میدیایە کە دەتوانێت هەستێت بە ڕۆڵی سەرەکی و گرنگ لە بنیاتنانی هۆشیاریی و کولتووری لێبووردەیی، لە هەمان کاتدا بوونەتە پایەیەکی سەرەکی پەیوەندی ڕۆژانە و وەرگرتنی زانیاری بۆ زۆر کەس لە جیهاندا.
یەکێک لە ئەرکی میدیای تەقلیدی و میدیای نوێ بەرامبەر کۆمەڵگە، بریتییە لە هۆشیاری گشتی، لێرەشەوە دەکرێت هەنگاو بەرەو ئاراستەکردنی کۆمەڵگایەکی دروست بنرێت، ئەمەش بە پێشکەشکردنی ناوەڕۆکێکی جوان و بەنرخ و بەسوود دەبێت. نمونەش بۆ ئەمانە زۆرن وەک:
بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەمیانە بۆ دروستکردنی ناوەڕۆکی میدیایی داهێنەرانە، بەجۆرێک لەخزمەت خەڵکدا بێت بەتایبەت گەنج و مناڵ کە زۆرترین ڕێژەی بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیای پێکدەهێنن. بۆ نمونە، هانی منداڵ بدرێت بۆ بەشداریکردن لە پێشکەشکردن و پەرەپێدانی ناوەڕۆکی جیاواز لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا، وەک تیک تۆک و سناپچات ئیستاگرام، ئەمەش ، یەکەم: بە ئامانجی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیەیە کە لە ژیانی مناڵان و گەنجاندا هەیە، دووەم: بۆ سوود وەرگرتن لە توانا و هێزی گەنجان، سێهەم: بۆ کۆنترۆڵی میدیا و بەکارهێنانی لە بیناکردنی کۆمەڵگە برەودان بە بەها بەرزەکان و ئەخلاقی مرۆیی.
لەگەڵ دەرکەوتنی ئەو ڕێژە ترسناکەی کە ڕۆژانە بەرچاومان دەکەوێت لە ئاسەواری نەرێنی سۆشیاڵ میدیا و ئینتەرنێت لەسەر تاکەکان، دەبێت ئێمە بەردەوام بین لە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەی نوێ، بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان.
لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە ئایا ئێمە دەکرێت لۆمەی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و میدیای نوێ بکەین و، تاوانباری بکەین بە تێکدانی کۆمەڵگە؟ وەڵامەکەی زۆر ڕوونە، چونکە وەک وتمان ناکرێت لۆمەی چەقۆیەک بکرێت لەکاتێکدا دەبێتە هۆکاری زەرەر گەیاندن بە کەسێک، چونکە ئەو ئامێرە هەر ئەو چەقۆیەیە کە شێفە دەسترەنگینەکان بەکاری دەهێنن بۆ دروستکردنی باشترین ژەمی خواردن بە هونەرێکی جوان، بگرە لەوەش زیاتر، تا کارامەتر بەکاری بهێنێت زیاتر پێی بەناوبانگ دەبێت، بەڵکو دەبێتە سەرچاوەی بژێویش بۆی. هەمان ئەم نمونەیە دەکرێت بۆ سۆشیاڵ میدیاش جێبەجێبکەین. کەواتە میدیا و سۆشیاڵ میدیا لە ئێستادا دەتوانن گەورەترین خزمەت بە مرۆڤایەتیی بکەن، وەک هەوێنی کۆمەڵگە بەکار بێن. دەکرێت میدیا ڕۆڵی سەرەکی لە بنیاتنانی هۆشیاریدا هەبێت.
کەواتە بەکارهێنانەکانی میدیا جیاوازن، هەر وەک چۆن کەسانێک هەن سۆشیال میدیا بە شێوازێکی نەرێنی بەکاری دەهێنن بۆ شكاندنەوەی یەكترو ناوزڕاندن، گاڵتەپێکردن و شتی بێ بایەخ و کات بەفیڕۆدان، (نمونەی ئەمانەش وەک ئەوەی ئێستا زۆرینەی بەكارهێنەرانی لە تیک تۆک و ریلزەکانی فەیسبووکدا هەیە)، تیایدا ڕەچاوی هیچ بنەمایەكی ڕەوشتو هەڵسووكەوت ناکرێت. ئاسەواریی ئەمەش زۆر دیارە بەسەر کۆمەڵگەکەمانەوە، چونکە ڕۆژانە چەندین ڕوداوی نەخوازراو و نامۆ دەبینین و چەندین قوربانیی هەڵە بەكارهێنانی سۆشیاڵ میدیا دێتە لامان. بەڵام هەندێکی تر هەن خۆشبەختانە درکیان بە هێزی کاریگەری سۆشیال میدیا کردووە، بە شێوەی ئەرێنی بەکاری دەهێنن، توانیویانە چەندین بابەتی پر سوود بڵاوبکەنەوە، لە گرتەی ڤیدیۆیی سەردەمیانە و دانای ئەپلیکەیشنی پڕ بایەخ لە بواری خوێندن و برەودان بە شێوازی گەڕان بەشوێن زانیارییدا، لەم هەنگاوەدا هەم سوودیان بە خەڵکی گەیاندووە هەم خۆشیان لێی سوودمەند بوون لە بەناوبانگ بوون، یان بازاڕكردن یاخود بەدەستهێنانی قازانجی ماددی.
ئەی چی بکەین بۆ ئەوەی کەمترین زیان و زۆرترین سوود لە سۆشیاڵ میدیا ببینین؟
بێگومان ناتوانینن سەد لە سەد ماکە خراپەکانی گۆڕانە کلتوری و تەوژمە تەکنەلۆژییەکان لە ناو ببەین، بەڵام لانی کەم دەتوانین ڕێژەکەی زۆر کەم بکەینەوە. هەمیشە وتراوە میدیا دەتوانێت ببێتە هەوێنی ئاشبوونەوەی کۆمەڵایەتی و ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە بنیاتنانی هۆشیاری و ڕەنگدانەوەی وێنەیەکی شارستانی پێکەوەژیان، بۆ نمونە گفتوگۆی بنیاتنەر دروستبکرێت، ڕێزگرتن لە بۆچوونە جیاوازیەکان بگیرێت. هەر بۆیە بەرپرسیارێتی چالاکوانان و پێشەنگەکانی سۆشیال میدیایە زۆر گەرەیە بۆ بنیادنانی ئەم کلتورە. چونکە دەبێت کۆمەڵێک لە خەڵکانی دڵسۆز بە کۆمەلگە دروستببن کە بەرپرسیارێتی لە پاراستنی بەها و داب و نەریتی ڕەسەنی کوردەواری بگرنە ئەستۆ، بۆ ئەمەش بنەماکانی ئەخلاق بکەنە پێوەر بۆ کارەکانیان.
لە کۆتایدا دەڵێین، چالاکوانان و رۆژنامەوانان و دەزگاکانی میدیا دەبێت چەندین پێشنیاری سەردەمیانەیان هەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە نەخوازراوەی کە ئێستا خەڵکی بەهۆی هاتنی سۆشیاڵ میدیاوە دوچاری بوەتەوە، سانسۆری خودییان هەبێت، دەبێت بەرپرسیارانە بڵێن و بنوسن، لەبەر خاتری زیادبوونی فۆڵەوەر و بینەر هیچ بابەتێکی ناباو و دژ بە سروشتی مرۆڤایەتی کولتووری کۆمەڵگە نەوروژێنن، بەرپرسیارانە کار بکەن لە خستنەرووی زانیاری و هەواڵدا، تاوەکو کۆمەڵگە بپارێزنن لە سەرلێشێواوی و بێ متمانەیی.