بەیان نوری
یەکێک لە جۆرە هەرە باوەکانى توندوتیژى دژى ئافرەتان، توندوتیژى ئابوورییە، کە لە سەرتاسەرى جیهاندا باوە. ئەم جۆرە توندوتیژییە جیاوازییەکى کەمى هەیە لە نێوان وڵاتێک بۆ وڵاتێکى تر، گەلێک بۆ گەلێکى تر، شوێنکەوتوانى ئاینێک بۆ ئاینێکى تر، بەڵام سەرجەمیان لە کۆمەڵێک کردەدا کۆئەبێتەوە کە بریتین لە:-
١- کارکردن و بەدەستهێنانى داهات :-
رێگرتن لە کارکردنى ئافرەت تا ئێستا لە زۆر شوێندا بوونی ماوە، بە بیانوى ئاین یان کلتور، کارکردنى بە زۆریش هەیە بۆ دابینکردنى بژێوى ژیانى خۆى.
٢-رێگرتن لە فێربوون:-
رێگرتن لە فێربون و ڕاهێنانى پیشەییش لە کچان و ئافرەتان تا ئێستا لە هەندێک شوێن بوونی هەیە، بۆیە لە ریزى توندوتیژییەکاندا هەر ئاماژەى پێدەدرێت.
٣-خەرجکردنى موچە یان داهاتى ئافرەت بێ رەزامەندى خۆى:-
لاى هەندێک وا باوە ئافرەت کە ماڵى بەجێهێشت و چووە دەرەوە لەسەر رەزامەندى هاوسەرى ئیتر هەر داهاتێکى هەبێت بۆ هاوسەرەکەى هەیە مامەڵەى پێوە بکات، بێ رەزامەندى ژنەکە خۆى.
٤-بردنى موڵک وسامانى ئافرەت بێ ڕەزامەندى خۆى:-
ئەم جۆرە کارەش هەندێک هاوسەر بۆ خۆى حەڵاڵ کردوە، چەندین جار روویداوە کە ئافرەت وەکالەتى کردۆتەوە بۆ هاوسەرى بۆ هەر مەبەستێک بێت، بەڵام ئەو ئەمەى کردۆتە هەلێک بۆ فرۆشتنى موڵک و ماڵى ژنەکەى بێ ئاگادارى و بێ ڕەزامەندى ئەو.
٥-کارکردنى ئافرەتى لادێ لە کارى کشتوکاڵ و ئاژەڵداریدا بێ بەرامبەر:-
ئەو جۆرە توندوتیژییەش لە لادێکانى زۆر وڵاتدا تا ئێستا هەیە، کە ئافرەت کارى کشتوکاڵ و ئاژەڵدارى دەکات، بەڵام هیچ دەسەڵاتێکى نیە لە مامەڵە بە بەرهەمەکەیەوە، وەک دەوترێت هەندێک بە زیادیشى دەزانێت ئەگەر جلوبەرگى تەواو بکڕێت لەو بەرهەمە بۆ ژنەکەى.
٦-کارى ئافرەت لە ناوماڵ و منداڵ بەخێوکردن بێ بەرامبەر:-
ئەو جۆرە کارەش هەیە لاى هەندێک وڵات و هەندێک کلتور کە هیچ بەرامبەرێکى نیە، بە پێچەوانەى ئاینى ئیسلامەوە کە بەرامبەرەکەى نەفەقەیە، کاتێک ئافرەت ماڵ بەڕێوەدەبات و منداڵ بەخێودەکات واجبى هاوسەرەکەیەتى کە نەفەقەى بکێشێت.
٧-بەکارهێنانى توندوتیژى جەستەیی و هەڕەشە لێکردن بۆ دەست بەسەراگرتنى ماڵ و موڵکى ئافرەت:-
هەڕەشە لێکردن و توندوتیژى زارەکى و جەستەیی بۆ داگیرکردنى ماڵ و موڵکى ئافرەتان، یەکێکە لەو توندوتیژیانەى کە لە زۆر شوێن تا ئێستا بنبڕ نەکراوە بەتایبەت بۆ میراتى، زۆر جار برا ئەو کارە لەگەڵ خوشکەکەى دەکات، دایک لەگەڵ کچى هاوسەردار….هتد.
٨-رێگرتن لە ئازادى ئافرەت لە خەرجکردنى پارەى خۆیدا:-
هەندێک جار هەرچەندە ئافرەت خاوەنى داهاتى خۆى بێت، بەڵام هاوسەریان کەسانى دەوروبەر رێگرى دەکەن لەبە کارهێنانى دەسەڵاتى خۆى بۆ چۆنیەتى خەرجکردن و بەکارهێنانى.
هەریەک لەو توندوتیژیانە لە ئاینى ئیسلامدا رێکارى تایبەتى خۆى بۆ دانراوە، لەگەڵ هه ندێک جیاوازى کەمى ڕاى فوقەها و زانایانى ئاینى ئیسلام بۆ ئەو بابەتانە، دوو فتواى هاوچەرخ دەرچووە. یەکەمیان زانایان لە كۆبونەوەی كۆبەندی فیقهی ئیسلامی نێودەوڵەتی كەسەر بە ڕێكخراوی كۆنگرەی ئیسلامییە لە ساڵی 2005 دا بۆ یەكخستنی ڕاكان، فتوای ژمارە 144 یاندا كە لە چەند خاڵێكدا ڕوونكردنەوەیان لەسەر داوە، كورتەكەی بریتیە لە:-
دوای جه ختكردنەوە لەسەر سەربەخۆیی ئەستۆ دارایی ئافرەت و ئازادی تەواوی لە چۆن خەرجكردنی ئەو پارەیەی كە خۆی پەیدای دەكات و نەبوونی مافی پیاو بۆ زۆرلێكردنی لەسەر چۆنیەتی خەرجكردن فتوایان داوە كە:-
-نەفەقەی ئافرەت لەسەر هاوسەرێتی بە پێی توانای دارایی و عورفی پەسەند و كەلتوری شەرعی دەوروبەر، ئەو مافە تەنها بە نشوز نامێنێت.
-دەرچوونی ئافرەت لە ماڵ بۆ كاركردن كاریگەری نیە لەسەر مافی نەفەقە كێشان، ئەگەر كارەكەی شەرعی بوو، ئادابی شەرعی تیادا پارێزراو بوو، بە ڕەزامەندی هاوسەری بوو.
-پیاو ناتوانێت هاوسەری پابەند بكات بە بەشداری كردنی لەخەرجی بژێوی خێزاندا، بەڵام ئەكرێت بە ڕەزامەندی هەردوولا بڕیار بدرێت لەسەر چۆنیەتی خەرجكردنی موچەی ئافرەت.
هەر خەرجییەكی ئافرەت بە هۆكاری چوونە دەرەوەی زیادی كرد لەسەر ئافرەتەكە خۆیەتی خەرجی بكات.
پیاو بۆی هەیه داوا لە هاوسەری بكات واز لە كارەكەی بهێنێت بە مەرجێك لە بەر بەرژەوەندی خێزانەكەی بێت، نابێت داواكەی لەسەر بنەمای بەشداریکردن و نەكردنی ژنەكە بێت لە بژێوی ماڵ.
پیاو بۆی نیە زۆر لە هاوسەری بكات بۆ كاركردنی لە دەرەوەی ماڵ بۆ پەیداكردنی بژێوی.
هەر كاتێك ئافرەت بە موچەی خۆی بەشداریكرد لە كڕینی موڵكدا، دەبێت بەو ڕێژەیە خاوەندارێتی موڵكەكە بكات.
نابێت هیچ یەكێك لە هاوسەران بە مەبەستی زیان لێدانی بەرامبەر بڕیاری كاركردن و نەكردنی بدەن، واتە ئەگەر پیاو بە مەبەستی زیان لێدان زۆر بكات لە هاوسەری واز لە كاركردن بهێنێت، یان ژن بە مەبەستی زیان لێدان لە هاوسەری بیەوێت بەردەوام بێت لە كار ئەوە ڕێگە پێدراو نیە.
ئەگەر تەماشاى ئەو فتوایە بکەین رێگرە لەبەردەم زۆرینەى ئەو توندوتیژیە ئابوریانەى بەرامبەر ئافرەت دەکرێت. سەرەتا هەرلە پێشەکى فتواکەدا کە سەربەخۆیی ئەستۆدارایی ئافرەت ڕاگەیەنراوە بەشێکى زۆرى کێشەکە چارەسەر کراوە بۆیە هەرکەسێک پابەندى شەریعەت بێت ناتوانێت هیچ جۆرە توندوتیژییەکى لەو جۆرانە بکات بەرامبەر ئافرەتان.
هەروەها رێگە نادرێت بەوەى هاوسەر بە زۆر کاربکات بە ژنەکەى، نابێت بێ هۆکارێکى بەرژەوەندى خێزانیی رێگربێت لە کارکردنى لە دەرەوە یان هەوڵدان بۆ فێربوونى کارو پیشەیەک.
هەروەها بە پێى ئەو فتوایە کاتێک ئافرەت بەشدارى دەکات بە پارە یان بە کارکردن لە هەر پڕۆژەیەکدا بێت یان بۆ کڕینى موڵک و ماڵ بێت، دەبێت مافى پارێزراو بێت بە پێى پشکى بەشداربوونى.
کەواتە دەتوانین بڵێین ئەو فتوایە ئەگەر موسڵمانان وەک خۆى جێبەجێى بکەن توندوتیژى ئابورى نامێنێت لە ناو موسڵماناندا.
یەکێتى زانایانى ئیسلامى جیهانیش لە ساڵى ٢٠٢٢ بڕیارى ژمارە ٣ ى دەرکرد، سەبارەت بە بابەتى چۆنیەتى مامەڵە داراییەکان لە ناو خێزاندا، دەقى بڕیارەکه بە کوردى بریتیە لە:-
یەکەم:- جەختکردنەوە لەسەر سەربەخۆبوونى ئەستۆدارایی هەردوو هاوسەر، گرێبەستى هاوسەرگیریی نابێتە هۆکارى تێکەڵکردنى سامان و دارایی نێوان دوو هاوسەر.
دووەم:-جەختکردنەوە لەسەر مافى دارایی هاوسەرێتى کە شەریعەت بڕیارى داوە، لە کاتى بەردەوامى هاوسەردارێتى, جیابونەوە یان مردن، لە مارەیی، نەفەقە، میرات و هەر مافێکى ترى شەرعى، ئەوانە مافى تایبەتى ئافرەتن.
سێهەم:-ئەو پارانەى ئافرەت پەیداى دەکات لە کاتى هاوسەردارێتیدا تایبەت هى خۆیەتى، پیاو ناتوانێت بە ناوى هاوسەردارێتیەوە بیخاتە ژێر دەسەڵاتى خۆیەوە..
چوارەم:-مافى ئافرەت لە سامان و دارایی هاوسەرى تەنها ئەو مافانەیە کە شەرع رێگەى پێداوە، موڵکدارێتى پیاو بۆ سامانى خۆى مافى تایبەتى خۆیەتى، جگە لەو ئەرکانەى کە شەرع لەسەرى واجب کردوە هیچ ئەرکێکى ترى ناکەوێتە سەر، ئەوەى کە پیاو پەیداى دەکات نابێتە موڵکى ژن بە بیانوى مانەوەى ژیانى هاوسەرییان.
پێنجەم:-ئەوەى ئافرەت خەرجى بکات بۆ ژیانى خێزانى بە خۆبەخش دانانرێت تەنها بەوەى نیازى خۆى نەوتبێت، تا خۆى ڕایدەگەیەنێت ئەوە بەخشینە، مافى ئافرەت لە هەرخەرجییەک کە دایدەنێت دەبێت پارێزراو بێت، چونکە مەرجدارێتى عورف وەک مەرجدارێتى زارەکى وایە(المشروط عرفا کالمشروط لفظا)
شەشەم:-هەر پارەیەک بە هاوبەشى هەردوو هاوسەرپەیداکرا بە پێى رێکەوتنى خۆیان دابەشى دەکەن، ئەگەر رێکەوتنێکى روون لە نێوانیاندا هەبوو، بە گەڕانەوە بۆ فەرمودەى پێغەمبەرمان(درودى خواى لەسەر بێت)(موسڵمانان مەرجى خۆیان دەبەنە سەر)(ئەبى داود و کەسانى تریش گێڕاوییانەتەوە)وە لەسەر وتەى عومەرى کورى خەتاب رەزاى خۆى لەسەر بێت (مقاطع الحقوق عند الشروط)
حەوتەم:-ئەگەر ناکۆکى ڕویدا لە نێوان هه ردوو هاوسەر سەبارەت بە پارەى هاوبەشى نێوانیان و رێکەوتنێکى ڕوون لە نێوانیاندا نەبوو، هیچیشیان بەڵگەى سەلماندییان لەبەردەستدا نەبوو، ئەو کاتە هەموو رێوشوێنێکى شەرعى دەگیرێتە بەر بۆ سەلماندنى دیاریکردنى پشکى ئافرەتەکە و بڕەکەى دواى سەلماندن نەک بێبەشکردنى.
هه شتەم:- ئەوەى بە رەنجى شان و تێکۆشان پەیدا دەکرێت دابەش دەبێت بۆ ٤ بەش:-
بەشى یەکەم:-ئەوەى دەخرێتە پڕۆژەیەکى بازرگانى بۆ قازانج، ئافرەتەکە بە پێی پشکى بەشداربووى خۆى مافى هەیە، ئەگەر پیاوەکە نکوڵى کرد لە هاوبەش بوونى هاوسەرەکەى لەو پڕۆژەیەدا دەبێت قەزا یان دادگا چارەسەرى بکات.
بەشى دووەم:-ئەو پارانەى ئافرەت بۆ کڕینى زەوى، ئوتوموبیل، کەل وپەلى ناوماڵ بەشدارى کردبێت، بە پێى پشکى بەشداربونەکەى مافى هەیە، لە کاتى ناکۆکیدا قەزا یان دادگا دەبێت یەکلاى بکاتەوە.
بەشى سێهەم:-ئەو کارانەى بە پێى فقهى ئیسلامى دانپیانراون، وەک ئەوەى ژن کۆمپانیاى هاوسەرى بەڕێوەببات، یان کارى تیادا بکات و بە پێى عورف وەک کار ئەژمار بکرێت، ئەگەر ژنەکە موچەى بۆ دیارى نەکرابوو دەبێت مووچەى هاوتاى بۆ دابنرێت(واتە وەک ئەو کەسانەى ترى کە هەمان کار دەکەن)
بەشى چوارەم:-هەر پارەیەک کە ئافرەت خەرجى بکات بۆ خواردن و خواردنەوەى رۆژانە و پێداویستى ماڵ، ئەوانەى کە بەکاربەرن، هیچى بۆ ئەژمار ناکرێت، چونکە بەزۆرى بە ویستى خۆى خەرجى دەکات، بە بێ مۆڵەت وەرگرتن لە هاوسەرى، بۆیە نابێتە قەرز بەسەر هاوسەرییە وە.
نۆیەم:-هەر پارەیەک ئافرەت خەرجى بکات بۆ هەر خزمەتگوزارییەک بێت کە بە پێى عورف ئافرەت بیکات، نابێت بە قەرز لەسەر هاوسەرى.
دەیەم:-لیژنەى ئیجتیهاد و فەتوا هه ردوو هاوسەر رادەسپێرێت بە لە خوا ترسان و لەیەکبوردن و مامەڵەى باش لە نێوان یەکتر، هەر وەک لە ئایەتى ٢٣٧ ى سورەتى بەقەرەدا هاتوە کە دەفەرموێت﴿وَأَنْ تَعْفُوا أَقْرَبُ لِلتَّقْوَى وَلَا تَنْسَوُا الْفَضْلَ بَيْنَكُمْ﴾
ئەگەر بە وردى سەیرى ئەم فتوایەش بکەین دەتوانین بڵێین بە وردەکارى چۆتە ناو بابەتى مامەڵە داراییەکانى نێوان هەردوو هاوسەر، بە جێبەجێکردنى ئەو بڕگانه توندوتیژییە ئابورییە باوەکانى ناو کۆمەڵگەى موسڵمانان نامێنێت، خۆ ئەگەر کۆمەڵگەکانى تریش بەو شێوەیە مامەڵە بکەن نادادى و توندوتیژى نامێنێت، کە ئێستا لە ناو کۆمەڵگەى ئەوروپیدا لە بەر نادادى زۆرێک ناوێرێت بە ڕەسمى خێزان پێک بێنێت، دەبنە خاوەنى ٤ تا٥ منداڵ هێشتا نابنە یەک خێزان لە ترسى دەستبەسەراگرتنى موڵک و ماڵى یەکتر، کە بە یاساى لاى ئەوان سامان و دارایی هەردوو هاوسەر بۆ کاتى جیابونەوە یان مردن نیوە بە نیوە دابەش دەکرێت، ئەمە هۆکارێکە بۆ پێک نەهێنانى خێزان.