الإثنين , يناير 26 2026

کاریگەری ئابووری لەسەر ئارامی خێزان لە ڕوانگەی ئایینی ئیسلامەوە

م.سومەییە مەحمود
لە ئایینی ئیسلامدا، خێزان بنچینەی سەرەکی کۆمەڵگایەو، ئارامی خێزان ئامانجێکی پیرۆزە .
ئاینی ئیسلام جگە لەوەی کەگرنگیەکی تەواو ئەدات بە لایەنی دەروونی و ئەخلاقی تاکەکانی خێزان، دۆخی ئابووریش وەک هۆکارێکی کاریگەر لە ژیانی خێزانیدا دادەنێت،
هەر بۆیە سەقامگیری دارایی و ئابووری بە شێوەیەکی دروست، کاریگەرییەکی گەورەی هەیە لەسەر ئارامی و هاوسەنگی خێزان.
لەئاینی ئیسلامدا بەتایبەتی باس لەبواری ئابوری خێزان کراوە کە لەچەن خاڵێکدا ئەیخەینە ڕوو :-
یەکەم: رزق وڕۆزی لە قورئان و سوننەتدا،
قورئانی پیرۆز ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە رزق لە دەستی خوای گەورەدایە، بەڵام لە هەمان کاتدا مرۆڤ ڕاسپێردراوە بە هەوڵدان و کارکردن. خودای گەورە دەفەرمووێت:
﴿هُوَ الَّذِي جَعَلَ لَكُمُ الأَرْضَ ذَلُولًا فَامْشُوا فِي مَنَاكِبِهَا وَكُلُوا مِنْ رِزْقِهِ﴾
ئەم ئایەتە نیشانی دەدات کە هەوڵ وتێکۆشان و کارکردن هۆکارێکی گرنگن بۆ دابینکردنی بژێوی و ژیانێکی ئارام بۆ خێزان، ئەبێ هۆکارەکان بگرینە بەر ئینجا داوای یارمەتی لە خوا بکەین بۆ هەمو گرفت و پێداویستیەکانی ژیان.
دووەم: بەرپرسیارێتی ئابووری
لە ئیسلامدا سەرپەرشتیار ( بە تایبەتی باوک/هاوسەرە) بەرپرسیارە لە دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکانی خێزان.
پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی:
«كفى بالمرء إثمًا أن يضيّع من يقوت»
واتە: بەسە بۆگوناهی پیاو ئەوانەی کەقوت و خۆراک و ژیانیان لە دەستی ئەودایە پشتگوێیان بخات و بژێویان بەزایە بات.
سێیەم: قەناعەت و دوورکەوتنەوە لە ئیسراف و زیادەڕۆیی، ئایینی ئیسلام فێری قەناعت و میانه‌ڕەویمان دەکات لەڕوی خەرجی داهاتەوە
خوای گەورە لەقورئاندا دەفەرمووێت:
{وَكُلُوا وَاشْرَبُوا وَلَا تُسْرِفُوا إِنَّهُ لَا يُحِبُّ الْمُسْرِفِينَ}
واتە :- (بخۆن وبخۆنەوە و زیادەڕۆیی مەکەن خوای گەورە ئەوکەسانەی خۆش ناوێت کە زیادەڕۆیی ئەکەن)
کاتێک خێزان قەناعت و ڕێکخستنی خەرجی هەبێت، فشارە دارایییەکان کەم دەبنەوە و، ئارامی خێزان پارێزراو دەبێت. زۆرجار ناکۆکی خێزانی لە کڕینی خواستە ناپێویستەکانەوە دەست پێدەکات.
چوارەم: کاریگەری دۆخی ئابووری لەسەر لایەنی دەرونی منداڵ،
ئابووری سەقامگیر یارمەتیدەرە بۆ ئارامی و ئاسودەیی لایەنی دەرونی منداڵان،
بەڵام قەیرانی دارایی زۆرجار دەبێتە هۆی نائارامی و دڵتەنگی و تووڕەیی و لاوازبوونی پەیوەندییە خێزانییەکان.
پێنجەم: سۆزو خۆشەویستی نێوان هاوسەران.
ئیسلام هاوسەران هان دەدات بۆ هاوبەشی و سۆزو ڕەحمەت
﴿وَجَعَلَ بَيْنَكُم مَّوَدَّةً وَرَحْمَةً﴾
گفتوگۆی خێزانی لەسەر دۆخی دارایی و هاوبەشی لە چارەسەری کێشە ئابوورییەکاندا، هۆکارێکی گرنگە بۆ پاراستنی ئارامی خێزان

لە کۆتاییدا ئەڵێین : –
لە ئایینی ئیسلامدا، ئابووری بەشێکە لە بەرپرسیارێتی ژیانی خێزانی.
کار، هەوڵدان، قەناعت و ڕێکخستنی دارایی، هەموویان هۆکارن بۆ ئارامی و سەقامگیری خێزان.
کاتێک خێزان بە ڕێنماییە ئایینییەکان پابەند بێت، دەتوانێت ئارامی و هاوسەنگی بپارێزێت لەهەموو کاتێکدا.

شاهد أيضاً

گلەییەک لەخۆمان

بەهرە ڕەفیقبەڕێ خستنی کەشتیەکی گەورەی بەهێز و نەزانین بەوەی لەکوێ لەنگەر دەگرێ و،لەوەش خراپتر کەسنازانێ …