شه‌ممه‌ , ته‌مموز 27 2024

توندوتیژى دژى ژنان و كاریگه‌رى له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌

به‌هار عبدالرحمن محمد
توندوتیژی دژی ژنان کێشەیەکی قوڵى مێژوویی کۆمەڵایەتی جددییە لە سەرانسەری جیهاندا كه شایەنی سەرنج و لێکۆڵینەوەیە، بەو پێیەی ئەم دیاردەیە تەنیا بە زیانی تاکەکەسی بۆ ژنان سنووردار نییە، بەڵکو کاریگەرییەکانی بۆ کۆی کۆمەڵگا درێژدەبێتەوە.
توندوتیژی هەر کردارێک یان ڕەفتارێک کە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە ژنان جەستەیی یان دەروونی، یان سۆزدارى دەگرێتەوە، به چەندین شێوە دەردەکەوێت، لەوانە ئازاردانى جەستەیی، ئازاردانی دەروونی و سۆزدارى، هەراسانكردن، هاوسەرگیری بەزۆر، کوشتنی شەرەف و جۆرەکانی تر…
هۆکارەکانی توندوتیژی دژی ژنان جۆراوجۆرن، سەرەكیترینیان له نایەکسانی ڕەگەزییەوە سەرچاوە دەگرن، کاتێک ژنان هەمان دەرفەت و مافی یەكسانیان له کۆمەڵگەدا نەبێت، هەروەك هۆکارە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان دەتوانن ڕۆڵیان هەبێت لە بەرەوپێشبردنی توندوتیژی دژی ژنان كه بریتین لە هاندانی کولتوورێک کە بەربەست دروستكردن و شێواندنی ژنان برەو پێدەدات، هەروەك هۆکارو فشارە ئابووریی و سیاسیەکان مەترسی گەورەن له زیاد بوونى توندوتیژی دژی ژنان.
کاریگەری توندوتیژی دژی ژنان لەسەر کۆمەڵگه:
توندوتیژی لێکەوتەی کۆمەڵایەتی گەوره و کاریگەری نەرێنی قووڵی هەیە به تایبەت لەسەر ژنان و کچان لەسەر ئاستی تاکەکەسی، دواجاریش لەسەر کۆمەڵگه بەگشتی لێرەدا چەند کاریگەرییەكى سەرەکی دەخەینەڕوو:
*کاریگەرییه تەندروستی و دەروونییەكان:
توندوتیژی دژی ژنان کاریگەری وێرانکەری تەندروستی و دەروونى هەیه، له ڕووى جەستەیی توشبون بەنەخۆشییە درێژخایەنەكان وەک سەرئێشە و ئازاری بەردەوام و نەخۆشییەکانی دڵ، تێکچوونی کۆئەندامی هەرس، برینداربوونی جەستەیی، کاریگەری لەسەر دووگیانی، مەترسی لەبارچوون، منداڵبوونی پێشوەختە..هتد
وێڕاى ئەم ئازاره جەستەییانه کاریگەری نەرێنی قووڵی لەسەر ئاستی دەروونیى هەیە، بەو پێیەی کاریگەری لەسەر قوربانییەکە دەبێت لە لایەنە جیاوازەکانی ژیانیدا لە شۆک و فۆبیا و کەمی متمانەبەخۆبوون، تا دەگاتە خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و تێکچوونی میزاج و فشاری دەروونی دوای کارەسات و هەستكردن به فشارى زۆر لە خۆ بەتاوانبار زانین و شەرمەزاری و بێتوانایی لە مامەڵەکردن بە ئازادی، تەنانەت کاریگەری لەسەر ڕێزگرتن له خود دەبێت.
لە ماوەى درێژخایەندا توندوتیژی دەبێتە هۆی دابەزینی بەرچاوی متمانە و دروست بوونى ئەو باوەڕەى کە کە شایەنی ژیانێکی خۆش و پەیوەندییەکی تەندروست نییە، ترس و دڵەڕاوکێ دەبنە هاوڕێی بەردەوام لە ژیانی قوربانییەکەدا، ئەمەش کاریگەری لەسەر توانای دروستکردنی پەیوەندی تەندروست لەگەڵ دەوروبەرى و له داهاتوویدا دەبێت.
بەداخەوە کاریگەرییە دەروونییەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان تەنیا لە قوربانییەکەدا سنووردار نییە، بەڵکو ئەو منداڵانەش دەگرێتەوە کە ئەم توندوتیژییانە دەبینن، تووشی کێشەی دەروونی و دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و کێشەی فێربوون و ڕەفتاریان دەكات، هەموو ئەمانەش جێكەوتەى نەرێنى له‌سەر کۆمەڵگە دروست دەكات.
*کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکان:
توندوتیژی دژى ژنان دەبێتەهۆی دابڕانی کۆمەڵایەتیی و کەمکردنەوەی دەرفەتە پەروەردەییەکان و کاریگەری لەسەر پێشکەوتنی کەسی و پیشەیی و داڕمانی خێزان و سەلامەتی و سەقامگیری کۆمەڵایەتی، هەروەك کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەو منداڵانە دەبێت کە شاهیدی ئەم ئەزموونانە دەبن، دەبێتە هۆی دووبارەبوونەوەی ڕۆڵی نەرێنی لە داهاتوودا، هەروەها هۆكارێكى کاریگەره بۆ زیادبوونى ڕێژەی تاوان و نائارامی کۆمەڵایەتی.
*کاریگەرییە ئابوورییەکان:
توندوتیژی دەبێتە هۆی لەدەستدانی کار یان سنووردارکردنی دەرفەتی ئابووری بۆ ژنان، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئابووری ناوخۆیی دەبێت و کاردانەوەی نەرێنی گەورە لەسەر کۆمەڵگا دروست دەکات.
یەکێک لە گرنگترین کاریگەرییە نەرێنییەکان بریتییە لە بەرتەسککردنەوەی بەشدارى ژنان، لەم بوارەدا زۆربەى كات ژنان بە ناچاری له کار دوور دەخرێنەوه، ئەمەش ڕۆڵیان سنووردار دەکات و کاریگەری لەسەر داهات و سەربەخۆیی داراییان دەبێت.
كاتێك ژنان بەدەست کەمبوونەوەی دەرفەتی بەدەستهێنانی کارێکی باش و پەرەپێدانی تواناکانیانەوە دەناڵێنن زیاتر بەرەوڕووی هەژاری و پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی دەبنەوە.
هەروەها توندوتیژی دژی ژنان کاریگەری لەسەر ئابووری نیشتمانی بە گشتی هەیە، تێچووی پزیشکی و خەرجییە کۆمەڵایەتییەکان کە لە ئەنجامی چارەسەرکردن و پشتیوانی دەروونی بۆ ژنانی تووشبوو دروست دەبن، بارگرانییەکی گەورە لەسەر سیستەمی تەندروستی و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان دروست دەكات، جگە لەوەش دەبێتە هۆی ڕژان و بەهەدەردانى سەرچاوەکانی دەوڵەت بەهۆی زیادبوونی پێویستی خزمەتگوزارییە فریاگوزاریەکان و پشتیوانی یاسایی و کۆمەڵایەتی بۆ قوربانییەکان.
*کاریگەرییەکانی لەسەر کولتوور و بەهاکان:
توندوتیژی دژی ژنان ئەو کولتوورانە بەهێز دەکات کە تیشک دەخەنە سەر جیاوازییە ڕەگەزییەكان و پاساو بۆ ڕەفتاری توندوتیژی دەهێننەوە له شێواندنی وێنەی ژن لە کۆمەڵگەدا، بەو پێیەی مامەڵەی توندوتیژی لەگەڵ ژنان بە بەشێک لە چەقبەستوویی کولتووری دواكوتوو دادەنرێت کە ڕۆڵی ژنان لاواز دەکەن و بێئاگایان دەکەن لە مافەکانیان..
هەروەك بەهاكانى متمانە و سەلامەتی لاواز دەكەن و ژینگەیەکی نائارام لای ژنان و کۆمەڵگە بە گشتی دروست دەکات و دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی متمانە لە پەیوەندی و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکاندا.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان وكەمكردنەوەى ئەم كاریگەرییە نەرێنیانە ، پێویستە تاك و کۆمەڵگە و حکومەتەکان هەنگاوی کاریگەر بگرنەبەر، لە پەرەپێدانی هۆشیاری و پەروەردەیەكى دروست و گۆڕینی کولتوور و تێڕوانینە هەڵەکان و پەرەپێدانی یاسا و سیاسەتێک کە ژنان لە توندوتیژی دەپارێزن، هەروەها پێشکەشکردنی پشتیوانی دەروونی کۆمەڵایەتی بۆ ژنانی قوربانی.
ئاراستەكردنى هەوڵەكان بەرەو نەهێشتنی توندوتیژی دژى ژنان دەتوانێت بەشدار بێت لە بنیاتنانى کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و ئاوەدانتر كە هەموان تێیدا ڕێز لێگیراو بن.

Check Also

زیرەکی دەستکرد و داهاتوو (زمان)

محمد ئاواتبەشی چوارەمتوانراوە زیرەکی دەستکرد نزیک بکرێتەوە لە زیرەکی مرۆڤ.بەڵێ لە خودی دەمارە خانەوە نزیک …