شه‌ممه‌ , ته‌مموز 27 2024

خدیجە عبدالجبار: یەکگرتووی خوشکان دەیان کادری بەتوانای پێشکەش بە کۆمەڵگە کردووە.

ئا: ئایندەسازی
یەکێکیتر لەخاتوونە ماندو و کاراکانی کاروانی یەکگرتووی خوشکانی ئیسلامی کوردستان، خاتوو (خدیجە عبدالجبار)ە، کەهەر لەسەرەتای دامەزراندنیی ڕێکخراوەکەوە ئاوێزان بەکاری ڕێکخراوەیی بووە.
ئایندەسازی: لەساڵی چەند بوویتە ئەندامی ئەم رێکخراوە؟
-دوای پیرۆزباییەکی گەرم لە ستافی سکرتاریەت و سەرجەم ئەندامانی ڕێکخراوە جوان و شکۆدارەکەی (یەکگرتووی خوشکانی ئیسلامی کوردستان)، نزای خێر و سەرکەوتنی بەردەوام، بەندە لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو پەیوەندیم کردووە بەم ڕێکخراوە خۆشەویستەوە و، بەدیاریکراوی دوای دەرچوونم لە زانکۆی سەڵاحەدین ساڵی ١٩٩٦ بەرپرسیارێتی یەکێک لە ناوچەکانی هەڵەبجەم گرتە ئەستۆ لە لقی هەڵەبجەی (یەکگرتووی خوشکانی ئیسلامی کوردستان)، لەوکاتەوە تا ئێستا خۆم بەخزمەتکاری ئەم ڕێکخراوە دەزانم.

ئایندەسازی: یەکگرتووی خوشکان چی بەتۆ بەخشیوە؟

-بۆ هەر کەسێک ئەندام بووبێت لەم ڕێکخراوە بە تێگەیشتن لە ئامانجەکان و هۆکارەکانی دروستبوونی رێکخراوەکە و دونیا بینی و ڕوئیای بۆ کۆمەڵگە بەگشتی و توێژی خوشکان بەتایبەتی، کە دەخوازێت کۆمەڵگە بەرەو چ ئاڕاستەیەک بڕوات لە پاراستنی کەرامەتی مرۆڤەکان بەگشتی و، ئاشتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری لە ماف و ئەرکەکان و ڕۆڵی پێکەوەیی؛ تەواوکاری ژن و پیاو لە خزمەتکردنی کۆمەڵگە لەڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و تەواوی لایەنەکانەوە، هەروەک ئامانجی پاراستنی خێزان وەک یەکەیەکی تۆکمە و قەڵایەکی ئارامی کۆمەڵگە و نەهێشتنی ستەمکاری و توندوتیژی، بەتایبەتی بەرامبەر توێژی ئافرەتان کە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە ڕابردوو و ئێستاشدا، هەموو ئەم ئامانج و بیرکردنەوەیەی کە ئەم ڕێکخراوە کاری بۆ دەکات، ئەم جۆرە تێگەیشتنە بۆ هەرکەسێک لەم ڕێکخراوە کۆمەڵێک خەسڵەتی جوانی مرۆیی پێ دەبەخشێت لە ئومێد بۆ داهاتوو و ئیرادەی بەهێز بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی و چاکە خوازی، ئارامی و نەرمونیانی و ڕۆحیەتی خۆشەویستی و مەوەدە و بەزەیی و هاوکاری لە ناوخێزان و، بەهێزی و متمانەبەخۆبوون لە دەرەوەی خێزان، هەستکردن بە بەرپرسیارێتی ئاینی و نیشتیمانی و مرۆیی بۆ کار و خزمەت بە کۆمەڵگە. ئەوانە ئەو خەسڵەتانەن کە یەکگرتووی خوشکان دەیەوێت ببێتە بەها و، ئەندام و لایەنگرانی خۆیی و کۆمەڵگە بەگشتی پێی بڕازێنێتەوە.

ئایندەسازی: دەبوو چ کارێکت بکردایە لەم رێکخراوەدا، بەڵام دەرفەت نەبوو ئەنجامی بدەیت؟

-دیارە ئەندام بوون لەم ڕێکخراوەدا شانازیە، وەرگرتنی بەرپرسیارێتی لە بەڕێوەچوونی ئیش و کارەکانی ڕۆژانەی ڕێکخراوەکەش شانازیەکی گەورەترە، بەندە بەحوکمی سەرقاڵیم لە کار و پیشەی تر، نەمتوانیوە ڕاستەوخۆ لەم بارەیەوە خزمەت بکەم، بەڵام هەوڵمانداوە لە ڕێگەی پیشەکەمەوە پێشتر وەک ئەندازیارێکی ژن و، دواتریش وەک نوێنەرێکی ڕێکخراوەکەش لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە کردەیی خزمەت بە  فیکر و بۆچوون و بیرکردنەوە و ڕوئیا و ئامانجەکانی ڕێکخراوەکە بکەین، ڕەنگە هەر ئەوەندەش دەرفەتمان هەبوو بێت.

ئایندەسازی: لەئێستادا چ بەرهەمێکی ئەم رێکخراوە لەکۆمەڵگەی کوردی دەبینیت؟
بە سەرنجدان لە ڕابردوو، ئێستای پێگەی ژن و ڕۆڵیان لە نێو خێزان و کۆمەڵگە، حەقی خۆیەتی ڕێکخراوی یەکگرتووی خوشکان شانازی بە مێژووی پڕ سەروەری خۆی بکات، کە لە ئێستادا بەرهەمی کار و خەباتی خۆی بەدرەوشاوەیی دەبینێت، کە چەندین ئافرەت و خوشکی بەتوانای پێشکەشی کۆمەڵگە کردووە، لە ڕووی مەعریفی و کاری سیاسی و حیزبیەوە، لە ڕووی کاراکتەری بەهێزی زانستیەوە بەهەموو جۆرەکانیەوە، لە ڕووی دەست ڕەنگینی و سەربەخۆی ئابوری و کارکردن، لە ڕووی هەبوونی دەیان و سەدان کاراکتەری بەتوانای قیادی و ئیداری و  میدیایی و کۆمەڵایەتیەوە، لە ڕووی کەمی کێشەکۆمەڵایەتیەکان لە ڕیزەکانیدا بە بەراورد بەو هەموو کێشە کۆمەڵایەتیەی کە بەداخەوە ڕۆژانە دەیبینین و دەیبیستین. تا ڕادەیەکی باش کاریگەری لەسەر ئاستی کۆمەڵگە بەگشتی دەبینرێت.
بۆ هەموو ئەوانە سوپاسی خوای دەوێت لەگەڵ بەردەوامی کار و تێکۆشان و ماندوو نەبوون، لەبەرئەوەی ڕێگای خزمەتکردن و ئیسڵاحی کۆمەڵگەیی ڕێگایەکی دوور و درێژە و ئارامی و خۆڕاگری و کارکردنی بەردەوامی دەوێت، لەوەی کە پێشکەشی کردووە زۆر زیاتری پێویستە و بەردەوامی دەوێت.
ئایندەسازی: جوانترین یادگاریەکی خۆش، هەرگیز لەیادت نەچێت ؟

-بەندە زۆرینەی یادەوەریەکانی ژیانم لەگەڵ خوشکە گەورە و سەنگین و سەلارەکانی ئەم ڕێکخراوەدا بووە، خۆم بە قەرزاری باشی و گەورەیی هەموویان دەزانم .

لەکۆتاییدا هیوای سەرکەوتن و دەستکەوتی زیاتر دەخوازم بۆ ڕێکخراوی یەکگرتووی خوشکانی ئیسلامی کوردستان و سەرفرازی بۆ ڕێبوارانی ئەم ڕێگایە و ئێوەش لە ستافی ئایندەسازی هەمیشە سەربەرز و ئاسوودە و سەرکەوتوو بن.

Check Also

زیرەکی دەستکرد و داهاتوو (زمان)

محمد ئاواتبەشی چوارەمتوانراوە زیرەکی دەستکرد نزیک بکرێتەوە لە زیرەکی مرۆڤ.بەڵێ لە خودی دەمارە خانەوە نزیک …