سێشەممە , كانونی یه‌كه‌م 3 2024

فەلسەفەی پەروەردە لە ئیسلامدا

بینایی صبار
فەلسەفەی پەروەردەکردن لە ئیسلامدا بە گشتی سەرنج دەخاتە سەر هەموو لایەنەکانی ژیانی مرۆڤ، بۆ نموونە لایەنی ژیری، ڕۆحی، هەستی، جەستەیی و ئەخلاقی. ئەمە هاوتایە لەگەڵ ڕوانگەی بەدیعوزەمان ( سەعید نورسی)،کە ئاماژەی بەوە داوە نەخۆشی کۆمەڵەی گەنجانی موسوڵمان دەردی کەمــ ئیمانییە. لە کتێبی (الّلمعات)ـی خۆیدا دەڵێت؛
“بەڕاستی، باشترین چارەسەر بۆ پاراستنی خووە باشەکانی سرووشتی مرۆڤ دژی خراپبوون ئەوەیە کە بە پەروەردەیەکی ئیسلامی گشتگیر پەروەردە بکرێن.”
پەروەردەی ئیسلامی تەنها وەکو بابەتی وانەیەک گرنگ نییە، بەڵکو تێگەیشتن و قەدرگرتنی ئاینەکەش دەگرێتەوە و دەبێتە هۆی جڵەوکردنی فکری هەم مامۆستای پەروەردەکار و هەم فێرخواز. هاوشێوەی ئەمە فەلسەفەی پەروەردەیی ئیسلامی وڵاتی (مالیزیا)یە، کە دەڵێن پەروەردەی ئیسلامی نەک تەنها گەیەنەری زانست و کارامەییە، بەڵکو چەمکی ئیسلامی لەلای فێرخواز وردە وردە دەچێنێت و گرنگە بۆ تێگەشتن و ڕەوشت و کارپێکردنی پەروەردەکارانیش.
ئامانجی پەروەردەی ئیسلامی ئەوەیە تاک خودناسی بەدەست بهێنێت، کە کۆششکردن بۆ جڵەوکردن و بێعەیبکردنی ڕۆح دەخاتە پێش هی جەستە. ئەمە هاوشێوەی وشەکانی اللە (سبحانە وتعالی) یە لە ئایەتەکانی سورەتی (الفجر) کە دەفەرموێت؛

يَا أَيَّتُهَا النَّفْسُ الْمُطْمَئِنَّةُ (27) ارْجِعِي إِلَىٰ رَبِّكِ رَاضِيَةً مَّرْضِيَّةً (28) فَادْخُلِي فِي عِبَادِي (29) وَادْخُلِي جَنَّتِي (30)

واتە: ئەی ئەو نەفسەی كە هێمن و ئارام بوویتە لە دونیادا و ڕازی بوویت بە بڕیارەكانی خوای گەورە. بگەڕێرەوە بۆ لای خوای گەورە، تۆ لە نەفسی خۆتدا ڕازیت و لە خواش ڕازی بوویت، خوای گەورە لە تۆ ڕازیە، تۆ وەرە ناو كۆی بەندە چاكەكانی منەوەو، لەگەڵ ئەوانەدا وەرە ناو بەهەشتی منەوە.
هەرچەند بێعەیببوونی خود، لە ڕێی بێعەیبوونی ڕۆحەوە دەبینرێت، بەڵام پەروەردەی ئیسلامی ویستە دنیاییەکانی مرۆڤ وەلا نانێت، وەک خواردن، جلوبەرگ و پەناگە. دەبێت هەموو ئەم ویستانە پڕ بکرێتەوە ئینجا نەفس دەگات بە ئەو پلەی “الْمُطْمَئِنَّةُ” کە خودای مەزن باسی کردووە. هەر خۆی لە سورەتی (القصص)دا دەفەرموێت؛

وَابْتَغِ فِيمَا آتَاكَ اللَّهُ الدَّارَ الْآخِرَةَ ۖ وَلَا تَنسَ نَصِيبَكَ مِنَ الدُّنْيَاۖ.. (77)
واتە تۆ بەم ماڵ و سەروەت و سامانەى خواى گەورە پێى بەخشیویت هەوڵ بدە بۆ قیامەتت و، بە هۆیەوە خوای گەورە لە خۆت ڕازی بكە وە بەشی خۆتیش لە دونیا لەبیر مەكە لە خواردن و خواردنەوەو پۆشاك بەڵام لە حەڵاڵدا.
سەبارەت بە ئامانجی پەروەردەی ئیسلامی، زانایانی ئیسلام وەکو النهلوي (١٩٧٩)، الابراشي (١٩٦٩)، البوطي (١٩٦١) بابەتەکەیان بە درێژی باسکردووە. بە گشتی، یانزە گرنگترین خاڵەکانی پەروەردەی ئیسلامی ئەمانەن:

  1. بەشوێن ڕازیکردنی خودای گەورە بین.
  2. بینی جەوهەری ئیسلام وەکو ئاینێکی پیرۆز.
  3. توند دەست بە باوەڕمانەوە بگرین.
  4. بە جۆرێک ڕێبەری هزری خۆمان بکەین کە هەمیشە و بۆ هەر بارێک بگەڕێتەوە بۆ اللە (سبحانە وتعالی).
  5. ڕەوشتی خود بەشێوەیک دابڕێژین کە شایستەی نوێنەرایەتی خودای مەزن بێت لەسەر زەوی.
  6. خۆئامادەکاری تاک بۆ ڕۆژی دوایی.
  7. عیلم و حەزکردن بە فێربوونی عیلمی شەرعی لە دڵدا جێگیر بکرێت.
  8. هەوڵدان بۆ فێربوونی پیشەیەک یان کارامەییە سەرەتاییەکانی ژیان تاکو تاک پێی بژی.
  9. باشترکردنی ئەو بەهرانەی خودای مەزن پێی بەخشیوین تا بۆ ژیانی خۆمان و چواردەورمان کەڵکی هەبێت.
  10. وا لە گەنجانی موسوڵمان بکەین کە ڕابەرایەتی جیهان بکەن هەر یەکەو بە توانا و لە بواری جیاوازدا.
  11. جێگریکردنی خۆشەویستی نیشتیمان لەدڵماندا و دروستکردنی یەکگرتوویی لە چینە جیاوازەکانماندا.

لە کۆتاییدا، ئەمە مەبەستەکانی پەروەردەی ئیسلامییە کە لە نووسینی زانایانی ئیسلامەوە پێمان گەیشتووە. ئەگەر هەر یانزە خاڵەکە پەیڕەو بکەین، ویستی پەروەردەی ئیسلامی بەجێ دەگەیەنین، کە بەدیهێنانی نەفسی ڕازی و ئارامی دونیا و قیامەتیشە.

Check Also

توندوتیژی جەستەیی دژ به ئافرەت لە ڕوانگەی شەریعەتی ئیسلام و یاساوە

(لێدانی ژن وەك نموونە) ئا: د.صهیب مصطفی ئامێدی و: گەشبین عوسمان توندوتیژی دژی ئافرەتان، یەكێكە …

یەک کۆمێنت

  1. Where imagination meets action—online gaming at its best. Hawkplay

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *