شلێر محمد
هەر یەکە لە تەکنیکی خوێندنەوەو نوسین و گوێگرتن و گفت وگۆکردن بە سکیل یان شارەزایی دەژمێردرێن. ئەمانە کارێگەری زۆریان هەیە لەسەر ئاستی تێگەشتن و گەیاندنی زانیاری وبۆچونی فێرخواز لە ژیانی خوێندن و فێربوونیداو بۆ هەموو کاتێکی ژیانیش گرنگە.
تەکنیکەکانی ئەم چوار سکیڵە گرنگییەکی زۆری هەیە
خوێندنەوە: تەکنیکەکانی خوێندنەوە کاتێکی زۆری ناوێ بۆ فێربوون، بەڵام کاریگەرییەکی گەورەی هەیە لە ژیانی فێرخوازدا. خوێندکار تەنها ئەوەندەی ئەوێ لە تەکنیکەکان تێبگات بە باشی. ئێتر توانای خوێندنەوەی باش دەبێت و بە ئاشکرا لە ڕووی چەندێی و چۆنێتییەوە بەرهەمەکەی زیاد دەکات.
نوسین: نوسین تەنها پەیوەست نییە بە لایەنێکی ژیانەوە وەک: خوێندن یان کارێکەوە وبەس، بەڵکو پەیوەستە بە هەموو ژیانەوە. زۆر کات هۆکاری سەرەکی هەڵسەنگاندنی فێربوونت و بەهاکانت یان بیروبۆچوونەکانتن لە کۆمەڵگادا. هەمووکەسێک پێویستە بنوسێت لە ژیانی ڕۆژانەیا وەکو ناردنی نامەیەک بۆ هاوڕێیەک، تۆمارکردنی زانیاری لە ئیشەکەتدا، داواکردنی کارێک، یان نوسینی داواکارییەک یان ناڕەزاییەک یان پرسەنامەیەک. تا چەند ئەمانە کاردانەوەیەکی قەناعتپێکەر، ئارامکەرەوە، یان کاریگەری هەبێ و بۆ نوسەرەکەی ، زیاتر جێگای دڵخۆشی دەبێ. بە پێی توێژینەوەکان ئەوە دەرکەوتووە کە ئەم سکیڵە هۆکارە بۆ بەرەوپێشچوونی ژیانی ئەکادیمی و پیشەیی. تەنانەت ئەگەر بتەوێت لە قسەکردندا سەرکەوتوو بیت، پێویستە یەکەم جاربتوانیت باش بیرۆکەکانت ڕێکخەیت و بینوسیت.
گوێگرتن: گوێگرتنێکی چالاکانە کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر قوتابی لە بوارە جیاکاندا بۆ ژیانی ئەکادیمی و ڕۆژانەشی. یارمەتیی ئەدا تێگەشتنی باشتری هەبێ بۆ پیشەو پەیوەندی کۆمەڵایەتی. هەروەها پەیوەندی بەهێزتردروست دەکات لەگەڵ کەسانی چواردەور، چونکە کە بە دڵسۆزییەوە گوێیان لێگیراوە، هەستەکەن گرنگتر نرخێنراون. تۆمارکردنی ووتەکانی مامۆستاش تەکنیکی خۆی هەیە و کاریگەری زۆری هەیە لەسەر ئاست و توانای قوتابی، ئەگەر فێربکرێت و ڕابهێنرێت لەسەری.
گفتوگۆ: گرنگییەکانی گفتوگۆکردن زۆرتر وەکو گرنگی داڕشتن وایە لەبەر ئەوە پێویستە ئەمیش ئیشی لەسەر بکرێت. ئەگەر خوێندکار لەسەر ئەم تەکنیکە ڕاهێنرابێت، ئەوە فێردەبێت کە چۆن ئەوە ڕێکخات کە ئەیەوێ بیڵێت و پێویستە جەخت بخاتە سەر چی. ئەمە لە ڕاستیا زۆر گرنگە بۆ فێرخواز چونکە زۆر کات خوێندکار زۆر شت هەیە ئەیزانێت بەڵام لەبەر ناڕوونی و تێکەڵکردنی بابەتەکان و نەبوونی ڕێکخستن لە ووتەکانیدا، ئەوەی ئەیڵێت بەهەند وەرناگیرێت. بۆیە هەبوونی ئەم تەکنیکە زۆر یارمەتی پێشخستنی فێرخواز دەدات.
وە ئەوەش دەرخراوە کە هەرخوێندکارێک لە زمانی یەکەمدا هەر سکیڵێک یان شارەزایی و بیرۆکەیەکی فێرکرابێت، ئەوە بۆ زمانی دووەم و سێیەم پێویست ناکات فێربکرێت. بێگومان گرنگیی ئەم تەکنیکانە زۆر لەوەی لێرە باسکراوە زیاترە و لە ووتارێکی کورتدا حەقی پێنادرێت. ئەمانەی کە باسکراون تەنها بەشێکن لەوانەی کە بە لێکۆڵینەوە پشتڕاست کراونەتەوە.
سەرەڕای ئەو هەمووە کاریگرییەی کە چوار سکیڵەکە هەیانە، قوتابی کورد زۆر بێ بەشن لێیان. لە وانەی گفتوگۆی ئەکادیمی کە تیایدا چالاکی سیمینارو داڕشتننم بە قوتابییەکان دەکرد لەم ماوەیەی ئەم ساڵدا، بۆم دەرکەوت خوێندکارەکان بە گشتی لە ئاستێکی زۆرسەرەتایی و نزمان. ئەمە تا ئەو ڕادەیەی بتوانی بڵێیت کە هیچ پێشینەیەکیان نییە. بۆ نموونە، خاڵبەندی لە داڕشتنەکانیاندا زۆر بە کەمی دەبینرێت. دانانی خاڵ لە کۆتایی ڕستەدا، کە زۆر سەرەتایی و بنچینەییە نابینرێت. تەنانەت هەڵەی زمانەوانی دەکەن لە زمانی دایکیاندا. ئەمە لەبەر ئەوە نیە زمانی دایکیان باش نازانن، بەڵکو لەبەر کەمی ئەزموونی نوسینیانە. ئەوە لە ڕووی ڕێکخستنی بیرۆکەو هەبوونی یەکگرتوویی و ڕونکردنەوەی بەڵگەو بۆچوونەکانیان لە قسەکردن و نوسیندا خراپترن. بێگومان بە دەگمەن قوتابی هەیە کە خۆی بەهرەمەندە لەو بوارانەدا یان بە هۆی دەورەیەکەوە لە دەرەوەی قوتابخانە وەریگرتووە، تا ڕادەیەک لەوانی تر باشترە. هەرچەندە من وەک مامۆستایەک کە ئزموونی خۆمم باسکرد، نەمتوانی بێ بەشی خوێندکارەکان لە سکیڵی خوێندنەوەو گوێگرتن بخەمە ڕوو، بەڵام کاتێک ئەزمونی داڕشتن و قسەکردنیان وەک خوێندنەوەو نوسین بێ، بە دڵنیاییەوە بە نزیکی هەمان ئاستیان هەیە.
ئەمە بە گشتی بەهۆی ئەوەوەیە کە لە مەنهەجی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندیدا، هیچ کارێک لەسەر ئەم بوارانە نەکراوە. هەروەها هەرچەندە قوتابی بە درێژایی ساڵ فێری داڕشتن نەکراوە، لە تاقیکردنەوەکانی کۆرسی یەکەم و کۆرسی دووەمدا زۆر کات ٢٠ نمرەی لەسەر دانراوە. واتە، قوتابییەکان نایخوێنن و تاقیدەکرێنەوە لەسەری. دەتوانرا لە پێنجی سەرەتاییەوە لە ژێر وانەی کوردیدا ئەم تەکنیکانە بە قوتابی بووترێتەوە. بۆ نمونە ئەو بەشەی کە بۆ خوێندنەوە تەرخانکراوە، زیاترگرنگیی پێبدرێت و هەریەکە لە تەکنیکەکانی خوێندنەوەو نوسین و گفتوگۆکردنی تێدا بخرێتە ڕوو بە پێی ئاستەکەی.
Check Also
چۆن منداڵەکەم وشەی خراپ (جنێو) بەکارنەهێنێت
ئاسیا مجیدکاتێک منداڵێک، وشەیەکی ناشیاو بەکار دەهێنێت کە لە ئاست ڕێزی کەسێکی گەورەدا نیە، دەبێت …
Experience the thrill of victory—join the gaming community now. Hawkplay