ئا:سازگار عبدوالرحمن نەریمان
لەبەهاری تەمەنیدا بوو، بەهۆی شەڕی وڵات بەوڵات و وێران بوونی نیشتمانەکەی ڕاگوێزی وڵاتی ئێران کران، پاش کۆتایی هاتنی شەڕو ئارام بوونەوەی وڵات گەڕانەوە کوردستان وایان دەزانی شادبوونەوەیان بەنیشتمان دەبێتەوە مایەیەی شادی ژیانیان، بەڵام بەداخەوە بەهۆی زوڵم وزۆرەکانی حکومەتی بەعس ئاوارەی عەرەبستان بوونەوە، بەڵام وڵاتی غەریبی نەبووە هۆی ئەوەی دەستبەرداری پەروەردەی جوانی ڕۆڵەکانی بێت وهانیاننەدات بۆ خوێندن و سةركةوتن.
دایە شاز، ڕاستە دایکێکی نەخوێندەواربوو، بەڵام لەگەڵ نەخوێندەواربوونی ڕۆڵەکانی نەبوو، هەربۆیە بەردەوام هانی دەدان بۆ خوێندن وزانیاری. هاندانە بەردەوامەکانی (دایە شاز) هۆکاربوو بۆ سەرکەوتنی کوڕە گەورەکەی لەقۆناغەکانی خوێندن وزانکۆدا و کەدواتر لەلایەن دەسەڵاتداری ئەو سەردەمە ( ئەحمەد حەسەن بەکر) بەهۆی زیرەکیەکەیەوە خەڵاتی باشترینی پێبەخشرا. بەڵام کورد بوونی ئەم خێزانە بیانوویەک بوو بۆ سەروونکردنی کوڕە زیرەکە خەڵاتکراوەکەیان.
دایە شاز، بەئێستەشەوە کەچەندین ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا تێدەپەڕێت بەچاوی پڕ لە فرمێسکەوە دەڵێت:خۆزگە گۆڕێکی دەبوو دەچوومە سەری، هەرنەبێ دڵم ئاوی دەخواردەوە دەموت ئەوە گۆڕی ڕۆڵەکەمە!
دایە شاز، بەگۆشەی لەچکە سپیەکەی سەری، فرمێسکەکانی سەر ڕوومەت و چاوی سڕی و، وتی: ڕەحمەتیش، (مەبەستم مێردەکەمە) لەحەسرەتی دیار نەمانی کوڕەکەماندا دیقی کردو مرد، ئەوەنە ئەم شارو شاری کرد بۆ دۆزینەوەی یان هەرنەبێ هەواڵێکی هەبێ، توشی زەخت ونەخۆشی هات ولەبێ هەواڵیدا ڕۆحی دەرچوو.
من مامەوە پيَنج منداڵ بەتەنها، تەمەنێکی کەمم هەبوو وەک پێشینان دەڵێن: لەبەهاری تەمەنمدا بووم، بووم بە دایکێکی جەرگ سووتا و بووم بە بێوەژن بە پيَنج منداڵەوە!
ئەوکات نەمدەزانی چیبکەم چۆن بژێوی پەیدابکەم، بۆیە بیرم لەوەکردەوە خۆم فێری دروومان بکەم، شوکر بۆخودا زۆرزوو توانیم شارەزایی باش پەیدابکەم و ناويش دەربکەم وەک باشترین بەرگدروو، ئەوە یارمەتیدەرێکی باشبوو بۆ من توانیم هەر بەپارەی دروومان و شەونخونی پيَنج منداڵەکەم بخەمە بەر خوێندنەوەو ببن بەدکتۆر وئەندازیار.
بەڵام ئێستە بەهۆی ئازاری قاچەکانم کە شەونخونیە زۆرەکانی ئەوساڵانەو دروومانکردن، زۆرشەو تا بەیانی بەخەبەرم.
دایە شاز، ئێستەش کەلەپایزی تەمەنیدایە کەقوتابیەک دەبینێت دەڵێت: ڕۆڵەکانم بخوێنن واز لەخوێندن نەهێنن من بەو هەموو مەینەتیەوە منداڵەکانم کرد بەدکتۆروئەندازیارو مامۆستا ورەم نەڕوخا، نەمهێشت بێ هێزی زاڵبێت بەسەرمدا ئێوەش بەهێزبن هیچ شتێک بانەبێتە هۆکاری ساردبوونەوەتان لەخوێندن وپیداکردنی زانیاری.