یەکشەممە , كانونی یه‌كه‌م 22 2024

ئەو ئاماژانەی دایباب كە ئازاربەخشە بۆ منداڵ

د. عالیە فەرەج مستەفا
دایباب بە درێژایی ژیانیان لەگەڵ جگەرگۆشەكانیان هەوڵدەدەن دڵسۆزی و خەمخۆری خۆیان بكەنە هەوێنی گوتار و كردار؛ مامەڵەی ڕۆژانەیان لە كاتە ئاسایی و نائاساییەكاندا، سەرئەنجام لە تێكەڵبوونی سۆز دایباب، بوونی هەستی بەرپرسیارێتی و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕۆژانەیان بە گوتار و ڕەفتاری نوێی جگەرگۆشەكانیان شێوازی جیاواز لە مامەڵە و دەستەواژە و ئاماژەی جیاواز بەرهەمدێت، كە دەكرێت بەشێكی زۆری ئەو ڕەفتارو ئاماژە نوێیانە بە توندوتیژی جەستەیی

و زارەكی دابنرێت و ببێتە بكوژی كەسایەتی منداڵ لە ڕوی مەعنەوی و دەروونی و زیهنیەوە، لەو دەستەواژانە:


یەكەم: سەنتەربوونی دایباب لە بازنەی گوتار و مامەڵە و پەراوێزخستنی منداڵ و هەرزەكار: یەكێك لەو دەستەواژانەی كە دایباب دەخاتە سەنتەری گرنگیپێدان و كاریگەرییەوە و منداڵ/ هەرزەكاریش دەخاتە پەراوێزەوە، كاتێك دایباب دەڵێت:
“پێموتی ژورەكەت كۆبكەرەوە”،”پێموتی سەعیەكەت بكە”،”پێموتی جلەكانت ئوتو بكە”
وتنی دایباب بۆ “پێموتی” ئاماژەی سەنتەربوونی دایباب دەگەیەنێت بۆ (منداڵ/ هەرزەكار) بۆیە هەریەكە لەو ئەركانەی بەدوای “پێموتی”دا دێت دەبێتە ئامانج و دەسكەوتێك بۆ دایباب كاتێك جێبەجێ دەكرێت، لە بەرامبەردا منداڵ/ هەرزەكار دەبێتە ڕۆبۆت بۆ بەجێهێنانی ئەو ئەركە. ئەم واتا و ئاماژەیە دەگاتە زیهن و هۆشی منداڵ و هەرزەكار بۆیە ڕاستەوخۆ “پێموتی” دەبێتە ڕێگر یان هۆكاری بەرهەمێنانی ڕێگر لە بەردەم بەگەڕخستنی پاڵنەر و ئیرادەی منداڵ/ هەرزەكار لە بەجێهێنانی ئەركەكاندا. سەرئەنجام منداڵ یان هەرزەكار هەستی پەراوێزخستنی بۆ بەرهەمدێت و دایبابیش هۆكاری سەرەكی ئەم پەراوێز خستنەن لە بۆچونی منداڵ/ هەرزەكارەوە.
لە لایەكی ترەوە “پێموتی” و دوبارەبوونەوەی بەردەوامی لە لایەن دایباب دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی تەدریجی دەسەڵاتی دایباب لە بەڕێوەبردنی ژیانی خێزانی و ئاڕاستەكردنی منداڵ و هەرزەكار لە ناو ماڵدا، لە بەرامبەردا منداڵ یان هەرزەكار دەستدەداتە هەراسانكردنی دایباب بۆ زیاتر كەمبوونەوەی ئەودەسەڵاتەیان.
لەجێی پێموتی …دایباب چی بڵێت؟
بەبێ‌ بەكارهێنانی ” پێموتی” دایباب فەرمان و داواكارییەكانی ئاڕاستەی منداڵ یان هەرزەكار بكات، ئەمەش بە دەستپێكردنی دایباب بە ڕاهێنانی خۆی لە دوورخستنەوەی خۆیان لە بەكارهێنانی “پێموتی”، لە بەریەكەوتنە زارەكیەكانیان لەگەڵ جگەرگۆشەكانیان، بە دوایدا سوربوون لەسەر دووبارە كردنەوەی فەرمان یان داواكارییەكانی دایباب لە منداڵ/ هەرزەكار تا منداڵ یان هەرزەكار دەستبەجێ‌ ئەنجامی دەدات :”ژورەكەت كۆبكەرەوە”،”سەعیەكەت بكە”،”جلەكانت ئوتو بكە”
ئەوەی جێی تێبینی دایبابە لەسەرەتای ئەم گۆڕانكارییە منداڵ یان هەرزەكار بەرگری دەكات لە جێبەجێكردنی فەرمان یان داواكارییەكە بە شێوازی جیاواز، بۆیە بەردەوامبوونی دایباب لە دوبارەكردنەوەی دەستەواژەكە بەبێ‌ وتنی “پێموتی” مەرجە بۆ گەشتن بە حاڵەتی پابەندبوونی منداڵ یان هەرزەكار، سەرئەنجام كەمنەبوونەوەی دەسەڵاتی دایباب لە لای منداڵ یان هەرزەكار، مانەوەی دایباب بە مەرجەع بۆ منداڵ و هەرزەكار.


دووەم : گومانی دایباب لە تواناكانی منداڵ یان هەرزەكار: كاتێك دایباب ئەم دەستەواژەیە ئاڕاستەی منداڵ یان هەرزەكار دەكات :”پێویستە هەوڵبدەیت….”، “ئەتوانیت هەوڵی زیاتر بدەیت….”، “پێویستە هەوڵی زیاتر بدەیت….”
سەرەتا بە دووبارەكردنەوەی هەر یەكێك لەم دەستەواژانە منداڵ/ هەرزەكار ڕووبەرووی فشارێكی دەروونی دەبێتەوە، لەگەڵ جێگیربوونی قەناعەتی منداڵ یان هەرزەكار بە بوونی یەك بژاردە لەبەردەمیدا كە ئەویش جێبەجێكردنی فەرمانی ڕەهای دایبابە لەمەوە هەستكردن بە ونبوون لای منداڵ/ هەرزەكار دەستپێدەكات.
“پێویستە هەوڵبدەیت … “، هەڵگری ئاماژەی گومانە لە تواناكانی منداڵ یان هەرزەكار لەگەڵ ئاماژەی نەبوونی ئەو توانایە لای خودی دایباب لەو بوارەی كە دیاریدەكەن بۆ منداڵ یان هەرزەكار، بۆیە گەشتنی ئەم دوو واتایە بە زیهنی منداڵ یان هەرزەكار دوو جار ئازاری دەدات. جارێك بە سەرهەڵدانی گومان لای منداڵ یان هەرزەكار لە تواناكانی خۆی، جارێكیش لە جێگیربوونی قەناعەتی بە نەبوونی ئەو توانایە لای دایباب. بۆیە ڕووبەڕووبوونەوەی منداڵ یان هەرزەكار بە بارێكی نائومێدبوونی كاتی دەبێتە یەكێك لە جێكەوتە ڕاستەوخۆكانی ئەم دەستەواژانە.
لەجیاتی وتنی پێویستە هەوڵبدەیت… دایباب چی بكات؟
پێویستە دایباب ئەو كارانەی دەیەوێت منداڵ یان هەرزەكار ئەنجامی بدات بیكاتە بەرگی تەحەدا و پێشنیاری بكات بەوەش ئەو كارە دەبێتە بزوێنەری ناوەكی بۆ تواناكانی منداڵ/ هەرزەكار.
لە تەحەدادا گرنگ بەخەرجدانی هەوڵە نەك بەدەستهێنانی ئەو ئەنجامەی دیاریدەكرێت، هەروەها ئەنجامدانی كارەكە لە ژێر كۆنتڕۆڵی منداڵ یان هەرزەكار دەمێنێتەوە. لەمەوە پڕاوپڕ ئەم تایبەتمەندییانەی تەحەدا منداڵ ئەكاتە خاوەنی ئیرادەی بەگەڕخستنی تواناو لێهاتویەكانی خۆی، هەر بەگەڕخستنێك بۆ تواناكانی دەبێتە سەركەوتن و دەسكەوت بۆ منداڵ/ هەرزەكار، سەرئەنجام هەست بە بوونی خۆی و تواناكانی دەكات و دەبێتە خاوەنی كەسایەتیەكی سەركەوتوو.

د. عالیە فەرەج مستەفا

Check Also

ئەو وشانەی لە یادگەی منداڵیماندا ماون

و:هاجەرە خلیل داودی لە یادگەی هەرکامماندا کۆمەڵێک ووشەی مناڵی ماون کە بەباش یان خراپ کاریگەریان …