شەممە , تشرینی دووەم 14 2026

ژنە دیار و ماندووەكانی سلێمانی لەکۆندا

ن: زەكیە ڕەشید
لە كۆمەڵگەی كوردییدا زۆر ئافرەتی ئازاو گورج و ڕەوشت بەرزو كارسازو شارەزامان تیادا هەڵكەوتووە، بەهۆی شارەزابوون و ئاشنابوونیان بەهەندێك كارەوە، ڕۆڵی خۆیان بینیوەوە لە ماڵەكانیاندا بە خزمەتی خزم و دراوسێی و گەڕەك و شارەكەیان..
لەبەرامبەر ئاستەنگەكانی ژیانیاندا پەنایان بۆ هەندێ كار بردووە بۆ بژێوی خۆیان و دواڕۆژی خێزان و جگەرگۆشەكانیان.. تا دەست لە كەس پان نەكەنەوە، زۆرن ئەو ژنانەی بەهۆی شەڕو نەخۆشی لەناوچوونی سەرداری خێزان و دەربەدەرییەوە، ڕەنجییان داوەو ماندووبووون. هەموویان شایەنی یادكردنەوەن، وەك تاجێكی زێڕین بكرێنە سەرو بەئاوی ئاڵتون بنوسرێنەوەو پەیكەریان بۆ بتاشرێت.
هەندێكیان كارەكانیان بۆ ماوەیی پێشینەیانە، یان ناچاری فێری كردوون، هەندێكیشیان نهێنی كارە سەركەوتووەكانیان بۆ نەوەكانیان جێدەهێڵن و میللەت سودمەنددەبێت لێی، ئەگەرچی بواری پزیشكی بێت یان كاری دەست…
ئافرەتی كورد شوێنی شیاوو تەندروستی بۆ كارو پاراستنی خۆی هەڵبژاردووە لەناوەندی ماڵی خۆیدا یا لەناو بازاڕ، تەمەنی هەرچەندێك بووبێت كاری كردووە لەئاش و خانەكاندا بۆ گەنم و چەڵتوك چاككردن. یان لەشوێنی تایبەتدا لەماڵاندا یا ماڵەكەی خۆی، بەپێی شارەزایی لەكارەكەیدا وەك نانكردن و جل شتن و كڵاو و كڵاش چنین و بەرگدروو چەندەها كاری تریش…
ژنان لە دێهاتەكاندا بەبەراورد بەژنانی ناو شارەكان زیاتر ئازادترو ئازاتربوون، وەك كچە شاری بە چارشێوو پەچەو عەبا داپۆشراو نەبوون لەنێوان چواردیواردا كاربكەن.. لەدێهاتە نزیكەكانەوە دەكەوتنەڕێ‌ بەرەو بازاڕەكانی شار بۆ فرۆشتنی ماست و شیرو پەنیرو دۆو سەوزە بەهارییەكان وەك. ڕێواس و چوالەو گەڵامێوو كنگر..هتد.
یان كاركردن لەسەر دۆڵ و دەستاڕو نانكردن بەساج و تەنور.
ژنانی سلێمانی لە ماڵەكانی خۆیاندا كاری قەزازی و سابوونچێتیان كردووە بیمەی ژیانیان بۆ خۆیان و شارێك ڕەخساندووە، تەنانەت گەڕەكەكانیش بەناوی كارەكانیانەوە ناو دەبرێت، وەك گەڕەكی (قەزازەكان و سابونكەران)..یان بەناوی پیرێژنێكی دڵسۆزو ڕووخۆش و ئازاوە وەك گەڕەكی قەسابەكان ناو دەبرا بەگەڕەكی (نەنە عەواش).

لەهەموو گەڕەكێكدا ژنانی زرنگ و هەڵكەوتوو وەك درەختێكی هەمیشە سەوزو بە بەروبووم و سایەو سێبەر سەریان هەڵداوە، بەباشی دەزانم یادیان بكەینەوە چونكە ئێستا جێدەستیان دیارە.
نەنە خاتوون یەكێكە لە ژنە داناو هەڵكەوتووەكانی گەڕەكی كانێسكان، لەساڵی (1895) لەدایكبووە، بەبنەچە دەگەڕێتەوە بۆ خێزانێكی مێرگەپانی، شارەزا لەبەكارهێنانی گژوگیاو گوڵی ناوچەی كوردستان بوو، چارەسەری نەخۆشیەكانی مندال و گەورەو ژن و پیاوی دەكرد.
نەنە خاتوون خاوەنی حەوت كوڕو یەك كچ بووە، وەك ئافرەتێكی خۆنەویست و خۆبەخش فریای هەموو كەس كەوتووە، بەبێ جیاوازی و بەبێ بەرامبەر، بەپێی توانا چارەسەری هەموانی دەكرد. شەو بوایە یان ڕۆژ بەوپەڕی سنگ فراوانیەوە.. وەك نەخۆشی ئاگرەی منداڵا و قورگ و نكاف و ناوك كەوتن لەژن و پیاودا..
نەنە خاتوون ئافرەتێكی بەویژدان و ڕوو لەخوا بوو دوای ساڵانێكی زۆر لەهەتیوبارێتی.. لەكاتی سوجدەبردن لەنوێژدا گیانی پاكی لەتەمەنی (68) ساڵیدا سپاردو لەگردی جۆگا لەسلێمانی بەخاك سپێردرا.
نەعیمە سلێمان داود، كچی خاتوو (ئیشوا)بووە، لە گەڕەكی گاوران نیشتەجێ بووە، مێردەكەی كۆچی دواییكردووە، كەخاوەنی سێ منداڵ بووە، بۆ بژێوی ژیانی خۆیی و منداڵەكانی.. ئامێری بەرگدورینی كڕیووەو دەستی كردووە بەدرومان.. ناوبانگ و شارەزایی ئەم ئافرەتە دەست ڕەنگینە لەگەڕەكی جوولەكانەوە ژن و كچە جوولەكە هاتوون بۆ فێربوونی كاری قولاپ و چنین بەشیش و بەرگدروون لەسەر ئامێر.. دروستكردنی سەرتەپڵەك و سەرمێزو سەرە شەربە بەزەنگیانەو تەل و ئۆیە.
لەپاڵ بەرگردرووندا لەماڵەكەی خۆیدا، كارمەند بووە لەسەرۆكایەتی تەندروستی سلێمانی لەساڵی (1979) بەپێی ئەوەی سومەندبووە لەدایكیەوە دەرمانی لەگژوگیای كوردەواری بۆ چارەسەری منداڵ و گەورە دروستكردووە، دوای خزمەت و تەمەنێكی درێژ ساڵی (1992) كۆچی دواییكردووە.
ئایشێ خانی حاجی حەسەنی (سەرشەقامی) شارەزا لە دروستكردنی دەرمان بۆ منداڵبوون و چارەسەری نەزۆكی ژنان لەسەر كتێبی تایبەتی خۆی كە بۆماوەیی لە باپیرانیەوە بۆی ماوەتەوە، ئەم خێزانە لەڕێگەی فێربوونی قورئان و مەلایەتی خوێندەوارییان هەبووە، كچ و كچەزاكانیشی هەر لەسەر هەمان ڕێ و شوێن بەردەوامبوون وەك (ڕەحمە خانی كچی و جیهان خانی كچەزای) لە سەدەی بیستەمدا هەزاران منداڵی شاری سلێمانی لەسەر دەستیان لەدایكبووە.. تامردووە لەتەمەنی (95) ساڵیدا ژنێكی بەتواناو چالاك و تەندروست باش بووە.
خاتوونەی مامان ساڵانێكی زۆر لەساڵەكانی پەنجاوە تا ساڵانی نەوەت لە خەستەخانەو ماڵاندا زۆر بەشارەزایی كاری كردووە.. تا بەشی لەدایكبوونی منداڵان كرایەوە لەشاری سلێمانی ئەم بەو پەڕی دڵسۆزی بەشەوو بە ڕۆژ بەكاری خۆی هەستاوە.. چەندەها شەوی بردۆتە سەر لەماڵەكاندا بەدیار ژنەكانیانەوە تا ڕزگاری كردوون، دەتوانم بڵێم زیاتر لە نیوەی منداڵی ئەم شارە لەسەر دەستی ئەو لەدایكبووە، لەچلەكان تا پەنجاكان. كۆمەڵێك بوونە پەرستیار لەڕێگای خولی تایبەتەوە، وەك (سەنیەخان- زارا خان- سەبریە سەعید) (سەنیە خان) یەكەم پەرستیاری ڕێچكە شكێن بووە لەسەرەتای ساڵی چلەكاندا پەرستیار بووە لەخەستەخانەی موڵكیەیی سلێمانی كە دوایی ناونرا بەخەستەخانەی كۆماری سلێمانی… ئافرەتێكی ئازاو كۆڵنەدەری سەرشەقامی بوو.
(زاراخان) دیسان لەساڵەكانی چلی سەدەی بیستەمدا پەرستیار بووە لەخەستەخانەی موڵكییەی سلێمانی (كۆماری سلێمانی) یەكێكە لە ژنە بەجەرگەكانی گەڕەكی كانێسكان.

(سەبریە سەعید) كچێكی شۆخی جوان بوو لەگەڕەكی كانێسكان لەسەرەتای پەنجاكاندا پەرستیارێكی چالاك و گەنج و بەشكۆبوو.
دیسان هەندێك پەرستیاری هەڵكەوتوو دەركەوتن بەكاری مامانی هەڵدەسان وەك (لیمۆ خانی كچی موفتی پێنجوینی و نەسرین صاڵح).
ئامینەخانی كارگوزار لەخەستەخانەی كۆماری سلێمانی، كارگوزارێكی ئازاو بەتوانا بوو.. دوای فەرمانەكەی لە یەكێك لە بنكەی قەڵاچۆكردنی نەخوێندەواری دەستیكرد بەخوێندن تا ئەو ڕادەیەی بتوانێت بڕوانامەی مامانی و دەرزی لێدان وەرگرێت بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوان و خەڵكی گەڕەكەكەی.. بەتایبەتی خێزان و منداڵی سەربازە هەڵهاتووەكانی شەڕی ئێران-عێراق. كەنەیاندەتوانی ڕوو بكەنە نەخۆشخانەكان.
دەتوانین بڵێین گەڕەكەكانی سلێمانی هەریەك بەجۆرێك شارەزایی كارێك سەری تیا هەڵداوە و ناوبانگیان پێوە دەركردووە، بەهۆی ئافرەتە زرنگ و دەست ڕەنگینەكانیەوە.
(گەڕەكی مەڵكەندی) لەسەرەتای مێژووی ئەم شارەوە ناوبانگی دروستكردنی گۆزەو دیزەو كوپەی ترخێنەو زەخیرەو قاورمەو كورەی چاو چێشت و كەنووی گەورە بۆ هەڵگرتنی گەنم و چەڵتوكی ساڵانەو تەنور بۆ نانكردن هەبووەو ئەم بەرهەمە جوانانەیان گەیشتۆتە شاری بەغداد.
خانمەكانی گەڕەكی قەزازەكان جوانترین كاری قەزازیان خستۆتە بازاڕەوە لەچەفتەو كۆڵوانەو جلی بێ هاوتا لەهونەری جوانیدا، تەنانەت گەڕەكەكەیان بەناوی كارەكەیانەوە ناودەبرا.
هەروەها خانمانی سابونكەران سەرقاڵی دروستكردنی چەندەها جۆر لەسابوون بوون وەك سابوونی شەماش و بەزی و سەركەف بۆ جوانكاری ڕووخساری ژنان.
لەهەندێ ماڵدا ژنان سپیاوی قەڵاییان لەكورەی تایبەتدا دروستدەكرد بۆ بژێوی ژیانی ڕۆژانەیان یا بۆ یارمەتی هاوسەرەكانیان و بەرز كردنەوەی باری ژیانیان.
هەندێك لەخانمانی ئەسڵی ئەم شارە وەك ئارەزومەندێك لەژیانەوەو زیندوكردنەوەی كلتوری شاری سلێمانی خاتوو سەرگوڵی كەریم ئاغا هەموو ساڵێك لەبەهاردا هەندێك لەهاوڕێ و دراوسێ و دۆستانی دێرینی خۆی گرد دەكردەوە بۆ سازكردنی (سەمەنی)، وەك پاراستن لەو نەریتە كۆنەو دوورخستنەوەی مرۆڤ لەنەخۆشی شێرپەنجە، ئەم كارە دەیسەلمێنێت كە كۆنەكان زۆر ڕێگایان بەكارهێناوە بۆ ئاشتبوونەوەو یارمەتی و دۆستایەتی چارەسەری باری دەروونی بەبێ پزیشك…
هەندێكی دیكە گوڵاویان لەماڵەكانی خۆیاندا دروست دەكرد لەگوڵەباخی ئەسڵ، وەك سەبری خانی شمقار لەسابونكەران و فاتمەخانی خێزانی مەلا عبدالرحمن لەسەر شەقام .
هەندێكیش لەخانمان بەخۆبەخش لەماڵەكانی خۆیاندا بەبێ بەرامبەر هەڵدەسان بەدەست و قاچ گرتنەوە و چارەسەركردنی دەمار وەرگەڕان، وەك حەپسەخانی دایكی حەمە بچكۆل و عەتیە خانی خێزانی حاجی سەعدڕەش كەلەدایكیەوە بۆی مابۆوە لەگەڕەكی كانێسكان، دیسان حەلاو مەرگەیی بەناوبانگ بووە بۆ چارەسەری منداڵای بەبۆن كەوتوو.
هەندێك بۆ بژێوی ژیان لەماڵەكانیان دەستیان دایە بەرگدروون… یا كاری زەنگیانەو پوولەكە لەسەر چەفتەو كراس و دەسماڵ.. وەك كافیە خانی حاجی عەزیز لەگەڕەكی مەڵكەندی، کە وەك هونەرمەندێكی سەركەوتوو ڕەنگەكانی ڕێكدەخست جێی سەرسوڕمانی كڕیارەكان بوو.
ئایەی حەسەن ڕەشاش بەلفكە چنین لەماڵەكەی خۆیدا، یارمەتی مێردە نابیناكەی داوە لەگەڵ كچەكانی بەبەرگدروونی جلی كوردی ژنانە.
عەتیە خانی خەیات و وەعدی خانی كچی باشترین و شارەزاترین بەرگدرووی زەمانی خۆیانبوون لەساڵانی چل تا حەفتا، لەدروونی جلی مۆدە و كوردی لەگەڕەكی كانێسكان بۆ منداڵ و گەورە.
هەندێك لە خانمانی گەڕەك حوجرەیان كردۆتەوە بۆ كچانی گەڕەك بۆ فێربوونی قورئان. وەك مەلا عاسمە لەبازاڕە بچكۆلە لەگەڕەكی كانێسكان، مەلا بەهێ‌ بەرامبەر شێخ جافر لەكانێسكان، مەلا خەجێ و مەلا ئامینە لەگەڕەكی سەرشەقام، مەلا فاتمە لەدەرگەزێن.
ئەگەر ژنان هەر هیچیان نەكردبێت خۆیان فێری دەموچاو چاککردنو ناتری حەمام و نانكردن و نان پیوەدانكردووە بۆ بژێوی، وەك ئامەی نەجمەدین لەگەڕەكی كانێسكان، ئامە قەرەج لەگەڕەكی قەسابەكان.
چەندەهای دیكەش بازاڕیان پڕكردبوو لە كڵاوی (گرێچن)بە خەیاتەی ڕەنگاوڕەنگ و دوكانەكانی حەوزە وشكەكەیان پڕكردبوو لە كڵاش، سەرجەم گەورەو بچوك سوودمەندبوو لێی.

نەنە عەواش پیرەژنێكی ڕەنجدەری هیلاك بوو لەگەڕەكی قەسابەكان، هەمیشە لەكاری سەروپێ چاككردندا بوو بەتوور، پێش ئەوەی ئامێری نەوت بكەوێتە بازاڕو ماڵانەوە، لە بەرئەوە لەهەموو گەڕەكێكەوە بۆ كڕینی سەروپێ ڕوویاندەكردە ئەو، ناونرا بەگەڕەكی نەنە عەواش، لە تاریكی ئێوارەدا لەگەڵ عەبدوڵڵای هاوسەری كە ناودەبرا بە عەبۆش بەسەرو چاوی ڕەش و دوكەڵاوییەوە دەگەڕانەوە بۆ ژورە ساردو سڕەكەیان بۆ لای كەریمی كوڕە تاقانەیان… ئەوەندە شوێنی كارەكەی دوكەڵاوی و تاریكبوو، منداڵی گەڕەكەكەیان لێی دەترسان.

Check Also

بەڵێنی هاوسەرگیری: لە سۆزی درۆینەوە بۆ سزای دادگا

ڕاوێژکاری یاسایی: دڵخواز عبداللە دەستگیرانداری، کەی دەبێتە تاوان لە دادگاکاندا؟لە بنەڕەتدا، پاشگەزبوونەوە لە دەستگیرانداری یان …