یەکشەممە , تشرینی دووەم 8 2026

یاساکانی خێزان لە قورئاندا(٢) (یاسای هاوسەرگیری)

و:ئایندەسازی

بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی ئەرکی سەرشانی خۆی بەجێ بگەیەنێت، خولی ژیانی خۆی تەواو بکات و بەرپرسیارێتییەکەی جێبەجێ بکات، پەروەردگاری مەزن یاسای هاوسەرگیری و تێکەڵ بوونی دانا؛ لەپێناو پاراستنی نەوە و، هەڵگرتنی پەیام و بەجێگەیاندنی ئەمانەتدا. هەر لەبەر ئەوەش خوای گەورە بنیاتنانی خێزانی کردووەتە گۆڕەپانێک لە گۆڕەپانەکانی گوێڕایەڵی و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی خۆی.
مەبەستە خوداییەکانی ئارەزووی نەوەخستنەوە:
بۆ ئەوەی نەوە بەردەوام بێت و مرۆڤایەتی درێژەی هەبێت، خودا ئارەزووی سەرجێیی و پێکەوەبوونی بەدیهێنا، کردییە سروشتێکی بنەڕەتی (فیتڕەت) لەنێو بوونەوەراندا؛ لە دیارترین مەبەستەکانیشی: پاراستنی نەوە، مانەوەی جۆر، بەردەوامیی جێنشینی، تەواوکردنی خولی ژیانی مرۆڤایەتییە.
ئەمە سیستەمێکی خودایی پڕبەهایە کە بەهیچ جۆرێک دروست نییە پارچەپارچە بکرێت، بشێوێنرێت، دەستکاری بکرێت، یان بەپێی ئارەزووی دەروون هەڵبژاردنی تێدا بکرێت. بۆیە بۆ مرۆڤ ڕێگەپێدراو نییە ئەم سیستەمە پەکبخات لە ڕێگەی خۆخەساندنەوە، یان ئەوەی کەسێکی تر بەوکارە هەستێ، یان پیاو و ژن هۆرمۆنێک بەکاربهێنن کە ڕەگەزیان تێکبدات و لە سروشتی فیتڕەتییان داببڕێت!
هەروەها دروست نییە مرۆڤ ئەو ئارەزووە بەبێ ڕێسا شەرعییەکان و یاسا خوداییەکان بەتاڵ بکاتەوە، ئەگینا مرۆڤایەتی دەبێتە دارستانێکی ئاژەڵی کە نە هیچ بەستەرێک کۆی دەکاتەوە و، نە هیچ ڕێگرێک بەرپەرچی دەداتەوە؛ بەڵکو لەو کاتەدا پلەی لە ئاژەڵیش نزمتر و پایەی لەوانیش کەمتر دەبێتەوە، چونکە زۆرێک لە ئاژەڵ، دڕندە و باڵندەکان غیرەت لەسەر مێینەکانیان دەکەن، دەیانپارێزن و چاودێرییان دەکەن!
هەروەها دروست نییە تێرکردنی ئەو ئارەزووە بە هۆکاری ناپەسەند و حەرامکراو بێت، وەک زینا، (لیواط)، هاوڕەگەزبازی و لادانی سێکسی، یان (سحاق)، یاخود جۆرەها هاوسەرگیریی ناڕەوا کە هیچ پەیوەندییەکیان بە پێشکەوتنی مرۆییەوە نییە؛ چونکە ئەمانە دژ بە سروشتی پاکن، بنیاتی کۆمەڵگە تێکدەدەن، و گەشەکردن و بەرزبوونەوەی مرۆڤایەتی لەسەر هەموو ئاستەکان و لە تەواوی بوارەکاندا لەناو دەبەن.
منداڵخستنەوە بۆ ئامانجێکی باڵا: لەنێوان هەڵگرتنی پەیام و بەفیڕۆدانی ئەمانەتدا
هەروەها ناکرێت منداڵخستنەوە تەنیا لەبەر خودی منداڵخستنەوە بێت، بە دابڕاوی لە خێزانێکی لەباوەشگر، ژینگەیەکی پارێزەر، خاکێکی پاک کە تێیدا بڕوێت.
منداڵخستنەوە خۆی لە خۆیدا ئامانجی کۆتایی نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ هەڵگرتنی پەیام و ڕاپەڕاندنی ئەمانەت؛ ئەمەش تەنیا لە ڕێگەی چاودێرییەکی تەندروست و، پاراستنی سروشتی دروستی فیتڕەتەوە دێتە دی. هەر لەبەر ئەوەش بوو کە هاوسەرگیری، سکپڕی، شیرپێدان و پەروەردەکردن، بوونە گۆڕەپانی پەرستش، بەخشیشێکی خودایی، سەقامگیرییەکی ئەخلاقی، مایەی بەرزبوونەوە لەلای خودا و لەنێو خەڵکیدا؛ خوای گەورە دەفەرموێت: {يَا أَيُّهَا النَّاسُ اتَّقُواْ رَبَّكُمُ الَّذِي خَلَقَكُم مِّن نَّفْسٍ وَاحِدَةٍ وَخَلَقَ مِنْهَا زَوْجَهَا وَبَثَّ مِنْهُمَا رِجَالاً كَثِيراً وَنِسَاء} (النساء: ١)؛ (ئەی خەڵکینە، لەو پەروەردگارەتان بترسن کە لە یەک نەفس بەدیهێنان و لە هەمان نەفسیش هاوسەرەکەیتان بۆ دروستکرد، لەو دووانەشەوە پیاوان و ژنانی زۆری بە زەویدا بڵاوکردەوە).
کەواتە ماددەکانی یاسای هاوسەرگیری لە قورئاندا چین؟ دەرئەنجامەکانی بێئاگابوون لێی چین؟ هۆکارە یارمەتیدەرەکان بۆ بەرپاکردنی چین؟ و ڕێگەی خۆپاراستن لە مەترسیی پشتگوێخستنی چییە؟
یاسای هاوسەرگیری لە قورئانی پیرۆزدا
ماددەکانی یاسای هاوسەرگیری—هاوشێوەی تەواوی یاساکانی قورئان بەپێی ئەو میتۆدەی پێیەوە پابەندین—لە سێ ماددە پێکدێن:
یەکەم: ئەرکدارکردن و بەیان.
خوای گەورە دەفەرموێت: {وَخَلَقْنَاكُمْ أَزْوَاجاً} (النبأ: ٨)؛ (ئێوەمان بە جووت بەدیهێناوە)، و دەفەرموێت: {وَمِن كُلِّ شَيْءٍ خَلَقْنَا زَوْجَيْنِ لَعَلَّكُمْ تَذَكَّرُونَ} (الذاريات: ٤٩)؛ (لە هەموو شتێک جووتمان بەدیهێناوە، بەڵکوو یاداوەری وەربگرن و بیر بکەنەوە).
لێرەدا بە ڕوونی دەبینین کە خوای گەورە تەواوی گەردوونی لەسەر سوننەتی هاوسەری و جووتبوون بنیات ناوە، چونکە هۆکاری ئاوەدانکردنەوە، درێژەپێدەری جێنشینی و بەردەوامیی سوودبەخشینە؛ ئەگەر یاسای جووتبوون نەبووایە، نە ئاژەڵ و مێروو، نە باڵندە و ماسی، و نە هەور و ڕووەک نە دەحەوانەوە و نە بەرهەمیان دەبوو، نە مرۆڤایەتیش سوودی لێ وەردەگرتن.
کەواتە بنەمای جێنشینی لەسەر زەوی ئەوەیە کە هەردووکیان—واتە ئادەم و حەوا—ئەرکدار کراون پێی، و تەواوی گەردوونیش لەسەر بنەمای جووتبوون لە خولگەی جێنشینیدا دەسووڕێتەوە؛ بۆیە هیچ ڕەگەزێک ناتوانێت بە تەنیا و بەبێ ئەوی تر پڕۆسەی جێنشینی بەجێ بگەیەنێت.
هاوسەرگیری لە پێداویستییە بنەڕەتییەکانی جێنشینییە
حەزرەتی ئادەم لەگەڵ حەوای هاوسەریدا بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکی جێنشینی لەسەر زەوی دابەزینە خوارەوە، بە سیفەتی ئەوەی دوو هاوسەرن، نەک بە هیچ ناونیشانێکی دیکە؛ ئادەم (سەلامی خوای لێ بێت) هیچ پێناسەیەکی تری نەبوو جگە لەوەی هاوسەری حەوایە، حەواش بە هەمان شێوە هیچ ناو، کار یان ناونیشانێکی نەبوو جگە لەوەی هاوسەری ئادەمە.
کەواتە بنەڕەت لە پیاودا ئەوەیە کە هاوسەرە، و ئەرکەکەی لەسەر زەوی سەرەتا لە ڕێگەی هاوسەربوونییەوە دێتە دی؛ ئەرکی جێنشینیی ئافرەتیش بە هەمان شێوە سەرەتا بە هاوسەربوونی بەدی دێت، لە دەستپێکدا حەوا دکتۆرە، ئەندازیار، یان مامۆستا نەبوو! بەڵکوو حەوای هاوسەر بوو، و هەر شتێکی دیکەش دوای ئەوە بەپێی شوێن و پێگەی خۆی دێت؛ ماڵەکەی میحرابی عیبادەتییەتی، هەرچی لەوە زیاتریش بێت بەپێی پێویستی و سنوور و ڕێساکانی خۆی دەبێت.
لەبەر ئەوە، هاوسەرگیری مەرجێک بوو لە مەرجەکانی بەدیهاتنی جێنشینی؛ ئاسانکردنی بریتییە لە ئاسانکردنی جێنشینی، قورسکردنی، دواخستنی و کەمتەرخەمی تێیدا، بریتییە لە قورسکردن، دواخستن و بەفیڕۆدانی خودی پڕۆسەی جێنشینی لەسەر زەوی.
ئافرەت ئەرکێکی گەردوونیی مەزن جێبەجێ دەکات
با پیاوان و ژنان بزانن کە وەک دوو تاقمی دژبەیەک و دوو جۆری ناکۆک بەدی نەهێنراون، بەڵکو بەپێی سوننەتێکی نەگۆڕی گەردوونی دروستکراون؛ کەواتە هەر کەسێک بیەوێت بە وەهمی شەیتانی و نەخۆشیی دەروونی لەو سوننەتەی گەردوون لابدات، با چاک بزانێت کە لەگەڵ یاساکانی پەروەردگاریدا دەکەوێتە پێکدادان. هەر پیاوێک یان هەر ژنێک بیەوێت لەو ئەرکە یاخی بێت کە خودا بۆی بەدیهێناوە، ئەوا دژایەتیی بنەمای ئافراندنی خۆی و فراوانترین میحرابی پەرستشی خۆی دەکات. ئافرەت ئەرکێکی گەردوونیی مەزن جێبەجێ دەکات کە خۆی لە پاراستنی نەوە، شەرەف، ئایین و ماڵدا دەبینێتەوە؛ ئەو پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ئوممەت دەپارێزێت، بۆیە هەر هەوڵێک بۆ داماڵینی لەو پێگە و جێگەیەی، بە بچووککردنەوەی ڕۆڵەکەی، بەتاڵکردنەوەی ئەرکەکەی، تیرۆرکردنی تەواوی مرۆڤایەتی، و بەفیڕۆدانی بەهاکان و کۆڵەکەکانی مانەوە و نهێنیی ئارامی و حەوانەوەی دادەنرێت.
دووەم: یاسا و ڕێساکان (الضوابط والأحكام)
خوای گەورە دەفەرموێت: {وَأَنكِحُوا الْأَيَامَى مِنكُمْ وَالصَّالِحِينَ مِنْ عِبَادِكُمْ وَإِمَائِكُمْ} (النور: ٣٢)؛ (هاوسەرگیری بۆ ئەو کەسانەتان ڕێکبخەن کە هاوسەریان نییە، هەروەها بۆ کەسانی چاک لە بەندە و کەنیزەکەکانتان)، و دەفەرموێت: {وَلاَ تَنكِحُواْ الْمُشْرِكَاتِ حَتَّى يُؤْمِنَّ وَلأَمَةٌ مُّؤْمِنَةٌ خَيْرٌ مِّن مُّشْرِكَةٍ وَلَوْ أَعْجَبَتْكُمْ وَلاَ تُنكِحُواْ الْمُشِرِكِينَ حَتَّى يُؤْمِنُواْ وَلَعَبْدٌ مُّؤْمِنٌ خَيْرٌ مِّن مُّشْرِكٍ وَلَوْ أَعْجَبَكُمْ} (البقرة: ٢٢١)؛ (هاوسەرگیری لەگەڵ ژنانی هاوبەشبڕیاردەر مەکەن تا باوەڕ دەهێنن، بەڕاستی کەنیزەکێکی باوەڕدار چاکترە لە ژنێکی هاوبەشبڕیاردەر ئەگەرچی سەرنجیشتان ڕابکێشێت، و ژن بە پیاوانی هاوبەشبڕیاردەریش مەدەن تا باوەڕ دەهێنن، بەڕاستی بەندەیەکی باوەڕدار چاکترە لە پیاوێکی هاوبەشبڕیاردەر ئەگەرچی سەرنجیشتان ڕابکێشێت).
باوەڕ (ئیمان) پێوەر و ڕێسایەکی سەرەکییە لە پەیوەندیی هاوسەریدا و لە مەزنترین بەستەرەکانیەتی؛ ئەگەر بەستەری باوەڕ بوونی نەبێت هیچ بەهایەک بۆ بەستەرەکانی تر نامێنێتەوە، چونکە زۆر بەخێرایی دەگۆڕێن و هەڵدەگەڕێنەوە. هەر لەبەر ئەمەش بوو کە ڕاسپاردەی پێغەمبەرانە یەکلاکەرەوە و بڕیاردەر بوو: «بڕۆ خاوەن ئایینەکە بەدەست بهێنە دەستت بە خێر دەگات»، هەروەها لە فەرموودەیەکی تردا هاتووە: «ئەگەر کەسێک هاتە داواتان کە لە ئایین و ڕەوشتی ڕازی بوون، هاوسەرگیریی لەگەڵدا بکەن».
لەبەر ئەوەی هاوسەرگیری لە پێداویستییەکانی جێنشینییە، کەس ناتوانێت جێنشینی بۆ پەروەردگاری جیهانیان لەسەر زەوی بەدی بهێنێت بێجگە لەوەی کە باوەڕی پێی هەبێت، کتێبەکانی بە ڕاست بزانێت و شوێنی پێغەمبەرەکانی بکەوێت؛ کەواتە هاوسەرگیری بە دابڕاوی لەو بەرنامەیەی کە ڕێگەی پێداوە و حەڵاڵی کردووە، تەنیا پەیوەندییەکی سێکسیی ڕووتە و هیچی تر.
سێیەم: سزا و پاداشت
خوای گەورە دەفەرموێت: {الزَّانِي لَا يَنكِحُ إلَّا زَانِيَةً أَوْ مُشْرِكَةً وَالزَّانِيَةُ لَا يَنكِحُهَا إِلَّا زَانٍ أَوْ مُشْرِكٌ وَحُرِّمَ ذَلِكَ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ} (النور: ٣)؛ (پیاوی زیناکار هاوسەرگیری ناکات ئیللا لەگەڵ ژنێکی زیناکار یان هاوبەشبڕیاردەر نەبێت، و ژنی زیناکاریش هاوسەرگیری ناکات ئیللا لەگەڵ پیاوێکی زیناکار یان هاوبەشبڕیاردەر نەبێت، و ئەوەش لەسەر باوەڕداران حەرام کراوە)، هەروەها دەفەرموێت: {فَمَنِ ابْتَغَى وَرَاء ذَلِكَ فَأُوْلَئِكَ هُمُ الْعَادُونَ} (المؤمنون: ٧)؛ (جا هەر کەسێک لەوە زیاتری بوێت، ئەوانە هەر لە سنوور دەرچووانن)، و دەفەرموێت: {وَلاَ تَقْرَبُواْ الزِّنَى إِنَّهُ كَانَ فَاحِشَةً وَسَاء سَبِيلاً} (الإسراء: ٣٢)؛ (نزیکی زینا مەکەونەوە، بەڕاستی ئەو کارە بێشەرمی و ناپەسەندە و خراپترین ڕێگایە).
هەر کەسێک لە یاسای هاوسەرگیری پاشەکشە بکات و بێباک بێت لێی، یان هەوڵ بدات بە دابڕاوی لێی ئارەزووی خۆی بەتاڵ بکاتەوە، یان فیتڕەتی تێکبچێت، ئەوا دوژمنی خوایە، دەستدرێژیکارە بۆ سەر سنوورەکانی، لە سنوور دەرچووە و پێچەوانەی فیتڕەت هەنگاوی ناوە، ئەرکی خۆی بەفیڕۆ داوە، پشتی لە ڕێنوێنیی خودای میهرەبان کردووە و شوێنی فیتنەی شەیتان کەوتووە.
بەڵکوو لە شوومی و نەگریسیی ئەم دەستدرێژییە ئەوەیە کە پەیوەندییەکە لە ئارامی و بەزەیییەوە دەگۆڕێت بۆ دوژمنایەتی و ناکۆکی، و لە حەوانەوە و دڵنیاییەوە دەبێتە سەرگەردانی، پەرتەوازەیی و بێئومێدی.
مەترسیی پەرەپێدانی جیهانی بۆ هاوڕەگەزبازی: تیرۆرکردنی فیتڕەت و داڕمانی کۆمەڵگەکان.
زۆر کەس لە ڕۆڵی خۆیان لەم ژیانەدا بێئاگا بوون؛ هەن بانگەشەی پشتکردنە هاوسەرگیری دەکەن و، بە سیستەمێکی شکستخواردوی دەزانن کە بەرپرسیارێتییەکی زۆر دەخاتە سەر شانی مرۆڤ و لە چێژوەرگرتن لە خۆشییەکانی ژیان پەکیدەخات! هەشە پەنا دەباتە بەر هاوسەرگیری، بەڵام بە مەرجی ئەوەی منداڵ دروست نەکەن، تا بەرپرسیارێتیی پەروەردەکردن و گەورەکردنیان لە ئەستۆ نەگرن، ئەمەش بووەتە هۆی تێکچوونێکی گەورە لە بنیاتی کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا و زەنگی مەترسییەکی گەورە لێدەدات کە لە ئاییندەیەکی نزیکدا هەڕەشەیان لێدەکات.
سەرباری هەموو ئەمانەش، دامەزراوەی جیهانی هەن کە پشتیوانی لە هاوڕەگەزبازی دەکەن و بودجەی زەبەلاح بۆ بڵاوکردنەوەی تەرخان دەکەن؛ لە پێناو پەرەپێدانیدا ئامرازە میدیایی و سیاسییەکان کۆدەکەنەوە و پارێزبەندییەکی یاسایی بێوێنە بۆ هاوڕەگەزبازی و بۆ پەرەپێدەرانی دەستەبەر دەکەن.
هاوسەرگیری پەرستشە.. و هاوڕەگەزبازی پەتا و پەتایەکی کوشندەیە
بڕوانە چۆن خوای گەورە نیعمەتی بەسەر مرۆڤایەتیدا ڕشتووە بەوەی لە هەموو شتێک دوو جووتی بەدیهێناوە، و بڕوانە چۆن مرۆڤایەتی لە ڕێگەی هاوڕەگەزبازی و سنووردارکردنی پەیوەندییەکان بە دوور لە یاسای هاوسەرگیری کوفرانی ئەو نیعمەتەی کرد!
من سەرم لەوانە دەسوڕمێت کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتا و دەردە جۆراوجۆرەکانەوە زەرەرمەند دەبن.
بێ ئەوەی پێداچوونەوە بە پابەندنەبوونیان بەم یاسایەدا بکەن کە پێغەمبەر (دروودی خوای لێ بێت) دایڕشتووە: «کاری بەدڕەوشتی و بێشەرمی لە هیچ قەومێکدا دەرنەکەوتووە تا ئەو ڕادەیەی بە ئاشکرا ئەنجامی بدەن، ئیللا دەردی تاعوون و ئەو نەخۆشی و ئێشانەی تێدا بڵاودەبێتەوە کە لە پێشینانی ڕابردوویاندا نەبووە».
زۆربەی ئەورووپی و ڕۆژئاواییەکان ژیانی خۆیان بە دابڕاوی لە یاسای هاوسەرگیری بەسەر برد؛ ئایا چ ئارامییەکیان دروویەوە؟ چ بەختەوەرییەکیان دەستکەوت؟ و چەند تووشی لێکترازانی کۆمەڵایەتی، داڕمانی ئەخلاقی و پەتای تەندروستی بوون؟!
هاوسەرگیری لە ئیسلامدا پەرستشێکە کە مرۆڤ پێی لە خوای گەورە نزیک دەبێتەوە، نەک تەنیا پەیوەندییەکی سێکسی لەنێوان دوو کەسدا.
پیاو و ژن دوو هاوسەرن کە تەواوکەری یەکترین، نەک دوو لایەنی شەڕکەر، بەرژەوەندیی پێکدادەر، یان دەسەڵاتێکی خۆسەپێنەر بەسەر ئەوی تردا.
سەرچاوە:
یەکێتیی زانایانی ئەهلی سوننە، پڕۆفیسۆری دکتۆر جەمال عەبدولستار.

Check Also

عێراق دەرگای زانکۆکانی بۆ کچانی باڵاپۆشی ئازەربایجان واڵا دەکات

ئا:گۆنا تۆفیقلە هەواڵێکی دڵخۆشکەر و دەستپێشخەرییەکی بێوێنەدا بۆ ڕێزگرتن لە زانست و بەها باوەڕییەکان، وەزارەتی …