شەممە , تشرینی یەکەم 31 2026

بەڵێنی هاوسەرگیری: لە سۆزی درۆینەوە بۆ سزای دادگا

ڕاوێژکاری یاسایی: دڵخواز عبداللە

دەستگیرانداری، کەی دەبێتە تاوان لە دادگاکاندا؟
لە بنەڕەتدا، پاشگەزبوونەوە لە دەستگیرانداری یان بەڵێنی هاوسەرگیری تاوان نییە. بنەما یاساییەکە ئەوەیە کە دەستگیرانداری تەنها بەڵێنێکە و ڕێککەوتنی کۆتایی نییە، بۆیە هەردوو لایەن مافی پاشگەزبوونەوەیان هەیە بەپێی یاسای باری کەسێتیی عێراقی (ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩) و یاسای سزادان (ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩)،
ئەم پاشگەز بوونەوەیە لێپرسراویەتی یاسایی لێ ناکەوێتەوە مەگەر زیانێک گەیشتبێت.

بەڵام ئەم پاشگەزبوونەوەیە کاتێک سنووری یاسا دەشکێنێت و دەبێتە تاوان، کە بەڵێنەکە دەبێتە ئامرازێک بۆ فێڵکردن.

بەڵێنی درۆی هاوسەرگیری” بریتییە لەو فێڵ و دەمامکە ناڕاستەی کە کەسێک بە مەبەستی قۆستنەوەی سۆزی کەسی بەرامبەر بۆ دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامان، یان پێشێلکردنی سنوورە ئەخلاقی و جەستەیییەکان بەکاری دەهێنێت، بێ ئەوەی لە سەرەتاوە هیچ نیەتێکی ڕاستەقینە یان فەرمی بۆ پێکهێنانی خێزان بووبێت.

هەڵخەڵەتاندن یان زۆرلێکردن.

١. تاوانی هەڵخەڵەتاندنی سێکسی (ماددەی ٣٩٥ی یاسای سزادان)
کاتێک کەسێک بەڵێنی هاوسەرگیری وەک فێڵ و دەمامک بەکاردێنێت تەنها بۆ دروستکردنی پەیوەندی جەستەیی، لە کاتێکدا لە سەرەتاوە هیچ نیەتێکی ڕاستەقینەی بۆ هاوسەرگیری نەبووە.

  • نموونە: کوڕێک بۆ ماوەیەک کچێک دەخەڵەتێنێت بەوەی هاوسەرگیری دەکەن، و لەسەر ئەم بنەمایە پەیوەندی سێکسی دروست دەکەن، پاشان ڕەتی دەکاتەوە هاوسەرگیری لەگەڵ بکات.
  • سزاکەی: دادگا سزای بەندکردنی (الحبس) بەسەردا دەسەپێنێت، و ئەگەر ئافرەتەکە کچ بێت، سزاکەی توندتر دەبێت.

٢. تاوانی فێڵکاری و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ:
(ماددەی ٤٥٦ی یاسای سزادان)
ئەگەر بەڵێنی هاوسەرگیری بەکاربێت بۆ فێڵکردن و بردنی پارە، زێڕ، یان موڵکی لایەنەکەی تر.

  • نموونە: کەسێک بە ناوی ئامادەکردنی خانوو یان کڕینی پێداویستییەوە بڕە پارەیەکی زۆر لە دەستگیرانەکەی وەردەگرێت و بە ناوی خۆیەوە تۆماری دەکات، پاشان بەبێ هیچ هۆکارێک پاشگەز دەبێتەوە و پارەکە ناگەڕێنێتەوە.
  • سزاکەی: دادگا وەک تاوانی «الاحتيال» (فێڵکردن) مامەڵەی لەگەڵ دەکات و بڕیاری بەندکردن و گەڕاندنەوەی ماڵەکەی بۆ دەردەکات.
    ٣. تاوانی هەڕەشەکردن و سەرانەسەندنی ئەلیکترۆنی (ماددەی ٤٣٠ی یاسای سزادان)
    کاتێک دوای پاشگەزبوونەوە، وێنە، ڤیدیۆ یان زانیارییە تایبەتەکانی سەردەمی دەستگیرانداری بۆ فشارخستنە سەر یان هەڕەشە بەکاردێنرێن.
  • نموونە: کچێک بڕیار دەدات پەیوەندییەکە ببڕێت، بەڵام لایەنی بەرامبەر هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە تایبەتەکانی دەکات بۆ ئەوەی ناچاری بکات بگەڕێتەوە یان بڕێک پارەی پێ بدات.
  • سزاکەی: سزای بەندکردن تا ٧ ساڵ، بەپێی یاسای سزادان یان یاسای خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن.

٤. لێکەوتە شارستانییەکان

بارودۆخی یەکەم (بە ئاگاداری و لە ناو خێزاندا): ئەگەر پەیوەندییەکە بە ئاگاداری خێزانەکان بووبێت:

ئەگەر پاشگەزبوونەوەکە تاوانی تێدا نەبێت، بەڵکو تەنها شکاندنی بەڵێن بێت، دادگای باری کەسێتی و شارستانی ئەم بنەمایانە پەیڕەو دەکات:

  • گەڕاندنەوەی مارەیی و دیارییەکان:
  • ئەگەر پیاوەکە پاشگەز ببێتەوە: مافی داوای دیارییەکانی نییە، بەڵام مارەیی پێشوەختە (ئەگەر دابێتی) بۆی دەگەڕێتەوە.
  • ئەگەر ژنەکە پاشگەز ببێتەوە: دەبێت مارەیی و سەرجەم دیارییەکان (یان بەهاکەیان) بۆ پیاوەکە بگەڕێنێتەوە.
  • داوای قەرەبووکردنەوە (التعويض):
  • ئەگەر کشانەوەی لەناکاو و بێ هۆکار ببێتە هۆی زیانی مادی گەورە (وەک خەرجیی هۆڵ و ئاهەنگ) یان زیانی مەعنەوی و ناوبانگ، لایەنی زیانلێکەوتوو مافی هەیە لە دادگای شارستانی داوای قەرەبووی دارایی بکات.

بارودۆخی دووەم (لە دەرەوەی خێزان و بە بێ ئاگاداری):
ئەگەر پەیوەندییەکە بە شێوەیەکی نهێنی و لە دەرەوەی چوارچێوەی خێزان و یاسا بووبێت (بەبێ بەڵگە یان ڕەزامەندی فەرمی)، لە ڕووی یاساییەوە سەلماندنی زەحمەتترە. بەڵام ئەگەر پیاوەکە لە ڕێگەی فێڵکردن، بەڵێنی درۆینە، یان سوودوەرگرتنەوە زیانی پێ گەیاندبێت یان مافی زەوت کردبێت، دەکرێت بەپێی ماددە پەیوەندیدارەکانی یاسای سزادان (وەک ماددەی ٣٩٥ یان حاڵەتەکانی فێڵکردن) سکاڵای یاسایی تۆمار بکرێت، بە مەرجێک بەڵگەی یەکلاکەرەوە لە ئارادا بێت.

لێکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی شکاندنی بەڵێن:

کاتێک پیاوێک پشت لەو پەیوەندییە دەکات کە لەسەر بنەمای بەڵێنی درۆ بونیاد نراوە، زنجیرەیەک لێکەوتی مەترسیدار ڕوودەدەن:
١• تێکچوونی دەروونی و پێگە: قوربانییەکە تووشی شۆک، خەمۆکی و لەدەستدانی متمانە دەبێت.
٢• کێشەی خێزانی و بنەماڵەیی: پچڕانی پەیوەندی نێوان بنەماڵەکان و دروستبوونی کێشەی گەورە.

٣• دروستبوونی منداڵی ناشەرعی:
بە تایبەت ئەگەر لە دەرەوەی چوارچێوەی خێزان پەیوەندیەکە دروست بوبێت:
لە هەندێک بارودۆخدا، ئەگەر دووگیانی ڕووبدات و پیاوەکە ڕابکات، منداڵێک دێتە بوون کە لە ڕووی یاسایی و کۆمەڵایەتییەوە کێشەی ناسنامە و باوکی دەبێت. ئەم منداڵە بێتاوانە دەبێتە قوربانی یەکەمی هەڵەی کەسانی تر و لە کۆمەڵگەدا ڕووبەڕووی جیاکاری و سووکایەتی دەبێتەوە.

  1. تاوانی لەباربردنی نهێنی مەترسییەکی کوشندە بۆ سەر ژیان
    یەکێک لە خەمناکترین لێکەوتەکانی ئەم دیاردەیە، پرۆسەی لەباربردنی منداڵە لە دەرەوەی نەخۆشخانە فەرمییەکان و لەلای کەسانی ناپیشەگەرەوە.
    ئەم پرۆسەیە نەک تەنها کێشەیەکی ئەخلاقی و دەروونییە، بەڵکو مەترسییەکی کوشندەیە بۆ سەر ژیانی دایکەکە .

دەرەنجامەکان و سزای توندی کۆمەڵگە

  • نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی: لە کۆمەڵگەدا باری قورسی تێکشکانی پەیوەندییەکە و لەکەداربوون، زۆر جار تەنها دەکەوێتە سەر شان و ناوبانگی ئافرەتەکە، لە کاتێکدا ئەو تەنها قوربانیی پیلان و فێڵێک بووە، و پیاوەکە بە ئاسانی لە لێپرسینەوەی کۆمەڵایەتی دەرباز دەبێت.

چوارەم / چارەسەرەکان و ڕێگاکانی خۆپاراستن.
بۆ بنەبڕکردن و کەمکردنەوەی ئەم دیاردە یە، پێویستە هەنگاوی هەمەلایەنە بنرێت:

  1. هۆشیاركردنەوەی خێزانی و گفتوگۆی کراوە: دروستکردنی متمانە لە ناو خێزاندا وا دەکات گەنجان بەتایبەت کچان کێشەکانیان لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا لەگەڵ کەسانی نزیکدا باس بکەن تا نەکەونە داوی بەڵێنی درۆیینەوە.
  2. پەروەردەی دیجیتالی: هۆشیارکردنەوەی گەنجان لەوەی کە «بەڵێنی زارەکی» و خۆشەویستیی پڕ لە درۆ لە پشت شاشەکانی سۆشیال میدیاوە هیچ بەهایەکی یاسایی و دڵنیایی نییە.
  3. گۆڕینی تێڕوانینی کۆمەڵگە:

پێویستە کۆمەڵگە فێربێت کە لەبری سزادانی قوربانی، پەنجەی تۆمەت و سزای کۆمەڵایەتی ئاراستەی کەسی فێڵباز بکات تا باجی ڕەوشتی و کۆمەڵایەتی کارەکەی بدات.

  1. ئاسانکاری پرۆسەی هاوسەرگیری فەرمی:

کاتێک خێزانەکان پرۆسەی هاوسەرگیری ئاسانتر دەکەن و بەربەست و مەرجی قورس لادەبەن پێویستی گەنجان بە پەیوەندی شاراوە و بەڵێنی ناڕاست کەمتر دەبێتەوە.

  1. پشتیوانی دەروونی بۆ قوربانیان:

سەردانیکردنی ڕاوێژکاری دەروونی و پشتگیری گەرمی خێزان بۆ ئەوەی قوربانی بتوانێت زووتر بگەڕێتەوە ناو ژیانی ئاسایی خۆی و داهاتووی بونیاد بنێتەوە.

لە کۆتاییدا : یاسا تەنها سزای تاوانە ئاشکراکان (وەک فێڵ، هەڕەشە و خەڵەتاندن) دەدات، بەڵام کۆمەڵگە سزای ڕەوشتی و کۆمەڵایەتی بە سەرجەم جۆرەکانی بێبەڵێنی و پشتتێکردن دەدات؛ جا بە لەدەستدانی پێگە بێت یان تێکچوونی پەیوەندی نێوان بنەماڵەکان. بۆیە، هەمیشە دەبێت لە یادبێت کە هیچ متمانەیەک لەسەر بنەمای بەڵێنی بێ بەڵگە و پەلەکردن دروست نەکرێت، و هەموو پەیوەندییەک لە ڕێگە ڕەسەن و فەرمی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیەوە بەڕێوە بچێت.

Check Also

دەیەی خێزان و دانیشتوان، ڕاگەیاندنی ماوەی ٢٠٢٦–٢٠٣٥

ئا: ئایندەسازیوەک ئاشکرایە چەند ڕۆژ لەمەوبەر کارەکانى خولى ٥٢ هەمینى ڕێکخراوى هاریکارى ئیسلامى لە بەغداد …