لە ئێوارەیەکی بەهاریی جوانی کۆتاییەکانی مانگی ئایاری ساڵی ١٩٨٧دا، سەرنجمدا “دیلان” بە پەلە لەبەردەم ماڵمان تێپەڕی؛ دەفتەرێکی پەمەیی بە دەستەوە بوو کە پێشتر لە جانتای قوتابخانەکەیدا نەمبینیبوو! ماوەی دە ڕۆژ بوو ديلانم نەبینیبوو، واتە لەو کاتەوەی کە پشووی هاوینە دەستی پێکردبوو و دەرگاكانی قوتابخانە داخرابوون و ئێمەش ماڵئاواییمان لە پۆلی سێی سەرەتایی کردبوو. سەرم هەڵبڕی و بانگم کرد:
- دیلان، چاوەڕوان بە!
دیلان لە لاى ئەو پێچەی کە دەچووە سەر ئەو کۆڵانەی ڕاستەوخۆ لە پشتی کۆڵانی ئێمەوە بوو، ڕاوەستا و چاوەڕێی کردم. من پێش بینینی ئەو، خەریکی لێکردنەوەی گەڵامێو بووم بۆ دایکم؛ بەو پێیەی لە نێوان خوشکەکانمدا تەنیا من بووم –بەهۆی كهمى کێشمەوە– دەمتوانی بەسەر دار مێوەکەدا سەربکەوم و بە ئاسانی بەسەر ئەو چەپەرە گەورەیەدا بگەڕێم کە سێبەری بەسەر شوێنەکەدا کێشابوو، درێژییەکەی چواردە مەتر، پانییەکەی چوار مەتر و بەرزییەکەی سێ مەتر بوو، پایەکانی لە ئاسن و بنمیچەکەی لە چیلکەدار یان کۆڵەکە داری درێژ دروستكرابوو کە لەپاڵ یەکتردا ڕیزکرابوون، بە جۆرێک لە نێوان هەر دارێک و دارێکی تردا مەوداكهی دە سانتیمەتر بوو، ئەم چەپەرە تایبەت بۆ ئەوە دروستکرابوو تا چڵ و پۆکانی دارەکە شۆڕ ببنەوە بەسەریدا و تا ئەو کاتەی خودا حەز دەکات ببێتە نیشتمانی ئەوان. بە سووکی لەسەر چەپەرەکە دابەزیم، پاشان بازمدایە ناو باخچەکە و بە پەلە بەرەو دەرەوە ڕامکرد، لەو شوێنەی کە دیلان چاوەڕێی دەکردم.
پرسیم: - ديلان چۆنیت؟ بەرەو کوێ دەچیت؟ لە کاتێکدا قسەم لەگەڵ دەکرد، چاوەکانم تێڕامابوون لەو دەفتەرەی کە سەرنجى منی ڕاکێشابوو! وەڵامی دامەوە:
- دەچم بۆ ماڵی خاتوو گوڵى.
- ئەی ئەم خاتونە کێیە؟ پێشتر نەمبیستووە باسی بکەیت، ئایا خزمتانە؟
- نا، خزممان نییە، ئەو مامۆستای قورئانە. دوێنێ لەگەڵ “جوان” –کە لە قوتابخانە لە هەمان پۆلی ئێمە بوو– چوین بۆ لای، شیرینی و ئەم دەفتەرەی پێ بەخشیم و چەند پیتێکی فێر کردم، پێشی گوتم: ئەگەر حەز دەکەیت دەتوانیت هەموو ڕۆژێک بێیت بۆ ئەوەی زیاتر فێربیت، ئەو ژنێکی زۆر میهرەبان و دڵسۆزە، بۆچی ئێستا لەگەڵم نایەیت و پێکەوە دەچین بۆ ماڵیان؟
کەمێک بیرم کردەوە، ئەمە یەکەمجار بوو ناوی “وانەی قورئان” ببیستم، بۆیە سەرەتا دوودڵ بووم، بەڵام ڕەنگە پەمەیییەکەی دەفتەرەکەی دیلان هانیدام و ئاواتم خواست منیش دانەیەکی وەک ئەوم هەبێت، جگە لە تامەزرۆیی بۆ شیرینییەکە؛ بۆیە پێم گوت: - باشە، منیش لەگەڵت دێم.
خاتوو گوڵى بە بەخێرهاتنێکی گەرمەوە لە ماڵەکەیدا پێشوازی لێ کردین، شیرینی پێشکەش کردین و پرسیاری ناوی کردم، و سەرسامیی خۆی بە شێوازى ڕێكخستنى قژم دەربڕی کە لە دواوە بەستبووم. تەمەنمان لە دە ساڵ تێنەپەڕیبوو، بەڵام ئەو وەک منداڵ مامەڵەی لەگەڵ نەکردین، بەڵکوو وەک خاتوونێكى پێگەیشتوو مامهڵهى لهگهڵ كردين، بۆیە جیاوازییەکی زۆرم هەست پێکرد لە نێوان شێوازی مامەڵەی ئەو خاتوونه و مامەڵەی مامۆستاکانی خۆمان لە قوتابخانە، کە بێبهش نهبوو لە سارد و سڕى و لووتبەرزی و بەکارهێنانی توندوتیژى، بۆ ساتێک هاوڕێکانم “ئامینە” و “زۆزان”م هاتەوە یاد کە قوتابخانەیان جێهێشت لە ترسی یەکێک لە مامۆستاکان؛ چونکە ئەو مامۆستایە چرکەیەکی بەفیڕۆ نەدەدا لە جنێودان و سەرکۆنەکردنیان کاتێک نەياندهتوانى وەڵامی پرسیارێک بدەنەوە –چونکە ئاستی زيرهكييان کەمێک نزم بوو– هیچ ڕۆژێک نەبوو کە بە دار لهدهستهكانيان نهدهن و لە لایەن ئەو مامۆستایەوە سزا نەدرێن. لە یادمە منیش یەک دوو جار تامی ئەم لێدانەم بهدار چەشت، هەرچەندە کچێکی زیرەک و تێکۆشەر بووم، بەڵام وادیار بوو ئەمە تاكه ڕێگه بوو کە مامۆستایانی ئەو سەردەمە بۆ تەمبێکردن و تێگەیاندنی قوتابییان دهيانزانى و بهكاريان دههێنا. هەستم بە خەمێکی قووڵ کرد کاتێک کوڕی پۆلەکەی ترم بیرکەوتەوە بە ناوی “هۆگر”، کە تووشی زەبر و ههژانی مێشک بوو کاتێک مامۆستاکەی سەری کێشا بە تەختەڕەشەکەدا –تەختەیەک بوو مامۆستایان بە ماددەیەک دەیاننووسی لەسەری کە پێیان دەگوت تەباشیر و ڕەنگی ڕەش و سەوز بوو– تەنها لەبەر ئەوەی ئەرکەکانی قوتابخانەی ئامادە نەکردبوو، بەڵام ئەو ئێستا تووشی دواکەوتوویی ژیری بووە و لەو تهمهنهى ماوه لهژیانیدا ناتوانێت هیچ کارێک ئەنجامبدات!
خاتوو گوڵى تەواو جیاواز بوو؛ دڵنەوێن و بەخشندە بوو، کاتێک قسەی لەگەڵ دەکردین ڕێزی لێ دەگرتین و وای لێدەکردین هەست بکەین هاوتەمەنی ئەوین، بەڵکو هاوڕێی ئەوین. ئەمە یەکەمجار بوو هەست بە ئارامی بکەم لەگەڵ کەسێک لە خۆم گەورەتر بێت، بەتایبەت کاتێک ئەو کەسە مامۆستا بێت! وەک چۆن دابووى به دیلان، شیرینیی و دەفتەرێکی جوانيشى بهمن بهخشى؛ هەرچەندە وەک دەفتەرەکەی دیلان نەبوو، بەڵام زۆر پێی دڵخۆش بووم و بە دڵم بوو.
دەستبەجێ دەستمکرد بە نووسینی پیتە ئەبجەدییەکان تێیدا: (أ، ب، ت، ث، ج، ح، خ)، داوای لێکردم چەند جارێک دووبارەیان بکەمەوە، منیش بەبێ هیچ هەڵەیەک دووبارەم کردنەوە! کاتێک بینی پیتەکان بە خێرایی فێربووم، سەرجەم پیتەکانی تری تا کۆتایی بۆ نووسیم، بە پێچەوانەی کچەکانی ترەوە کە تەنیا دوو سێ پیتی بۆ نووسیبوون، منیش لە ماوەی چەند خولەکێکدا وتمهوه و بهباشی فێربووم، پاشان داوای لێکردین پیتەکان لە سەرەوەی لاپەڕەکەوە بۆ خوارەوە بنووسین بۆ ئەوەی دەستوخەتی نووسینیشمان پاراو بێت.
کاتێک گەڕامەوە ماڵەوە، بەختەوەرییەکەم نەدەهاتە وەسفکردن، وەک بڵێی گەنجینەیەکی مەزنم دۆزیبێتەوە! چوومە نھۆمی دووەم، بۆ ئەو ژوورەی کە کاتێک وانەکانم ئامادە دەکرد بە تەنیا تێیدا دادەنیشتم، دەفتەرەکەم کردەوە و ورد بوومەوە لە پیتەکان و دەستم کرد بە خوێندنەوەیان. دەنگی گۆکردنیان ئاوازێکی جوانی لە گوێکانمدا دەچاند و دهگهيشته ناخی دڵم؛ ئەو کاتە زانیم کە کەوتوومەتە داوی عەشقی ئەوانەوە، فێربوونی قورئان ئەزموونێکە دەبێت تا کۆتایی لهناويدا بم وتاقيبكهمهوه، بەڵام دڵەڕاوکێم ههبوو، نەمدەویست دایکم یان هیچکام لە خوشکەکانم بەم وانەیە بزانن؛ یەکەم بەهۆی ئەوەی سروشتی خۆم وابوو کە کچێکی کەم دوو و ڕازپارێز بووم و حەزم نەدەکرد زۆر باسی ئەو شتانە بکەم کە بیری لێدەکەمەوە یان ئەنجامی دەدەم، دووەمیش لەبەر ئەوەی دەترسام دایکم ڕێگریم لێبکات لە چوون بۆ ماڵی خاتوو گوڵى و فێربوونی قورئان؛ چونکە لە ناو بنەماڵەکەماندا یان لە خزمانماندا کەسم نەبینیبوو قورئان بخوێنێتەوە یان نوێژ بکات، بێجگە لە دایکم و داپیرەم. تەنانەت هەندێکیان مەیلیان بەرەو بیری عەلمانیەت و ئاڕاستەی سۆسیالیستی هەبوو، و جاروبار دەمبیست ڕەخنە لە ئایین و مرۆڤی ئایینپەروەر دەگرن و بە دواکەوتوویی لەقەڵەمی دەدەن.
هەموو ڕۆژێک لە کاتی ئێواراندا، دیلان دەهات و لە دەرگای دەدا بۆ ئەوەی پێکەوە بچین بۆ ماڵی خاتوو گوڵى ، ئێمەش بە جۆرێک پڕ ببووین لە حەز و پەرۆشی کە نەدەهاتە وەسفکردن، بە شێوەیەک ئەم وانەیە ببووە یەکێک لەو کارە سەرنجڕاکێشانەی کە هۆشی بردبووین لە چوون بۆ سەر ئەو گردەی نزیک ڕووبارەکە بۆ کات بەسەربردن و یاریکردن! هەر کاتێک دەچووین، ڕووخساری نوێمان دەبینی؛ هەندێکیان ناسراو بوون و هەندێکیشیان تازە دەمانناسین، تا ئەو ڕۆژەی ژووری تایبەت بە وانەکە لێوانلێو بوو لە کچان. بە شێوەی بازنەیی دادەنیشتین و چاوەڕوانی سەرەی خۆمان دەکرد، و تا ئەو کاتەی نۆبەی ئێمە دەهات، قسەمان دەکرد، پێدەکەنین و جاروباریش یاریمان دەکرد.وانەکە بریتی بوو لە کۆڕبەندی پەروەردەیی لە ژوورێکی سادەدا کە کەلوپەلەکانی تەنیا چەند دۆشەک و سەرین و دۆڵابێکی جلوبەرگ بوو، بەڵام ئەم ژوورە کڕۆک و ناوکی ڕاستەقینەی کەسایەتی، بیروباوەڕ و ئەندێشەکانی منی پێکهێنا! زۆرێک لە بەها، بنەما و ئادابەکانی فێر کردم کە لە پەرتووکەکانی قوتابخانەدا فێر نەبووبووم، لە ناخما تۆوی خۆشەویستیی فێربوون و فێرکردن، خوێندنەوە و دەربڕینی بیرۆکەکانم و ئەوەی لە مێشکمدا دەهات و دەچوو، چاند!
زۆر پێداگر بووم لهوهى بەتایبەت خوشکەکەم “نەسرین” بەم بابەتە نەزانێت! چونکە بە دڵنیاییەوە بە دایکمی دەگوت و هەموو هەوڵەکانم بەبا دەچوون. ئەو تەنیا یەک ساڵ لە من بچووکتر بوو، بۆیە لە یەکتر نزیک بووین؛ جارێک یاریمان دەکرد و جارێکی تر وەک هەموو خوشک و برايهك بەشەڕ دەهاتین. نازانم چۆن بە بابەتەکەی زانیبوو و کێ پێی گوتبوو! گرنگ ئەوەیە پاش چەند ڕۆژێک هاتە لای من کاتێک دانیشتبووم و یاریم دەکرد، بە هەڕەشەوە پێی گوتم: - من دەزانم تۆ دەچیت بۆ ئەو وانەیە، ئێستاش دەچم بە دایکم دەڵێم! بە توندی وەڵامم دایەوە:
- ئەگەر دەوێریت ، بڕۆ پێى بڵێ!
کەمێک پاشەکشەی کرد چونکە ترسا لێی بدەم، ڕووبهڕووم بوويهوه و گوتی: - بەڵێ، دەچم و دەيڵێم.
لەو چرکەساتەی کە ویستم پاڵی پێوە بنێم و بیخەمە سەر زەوی و دڵی خۆمی پێ سارد بکەمەوە، دایکم هاتە ژوورەوە و گوتی: - چیتانە؟ بۆچی شەڕ دەکەن؟ دەستبەجێ نەسرین بابەتەکەی پێ گوت، و باسی ئەوەی کرد کە من بە دزییەوە دەچم بۆ فێربوونی قورئان و لێی دەشارمەوە.
لەو چرکەساتەدا، هەستم کرد لە ترسدا دڵم دەوەستێت، دەکرا دەنگی لێدانی شلەژاوی دڵم لە چەند مەترێک دوورەوە ببیسترێت! ئاواتم خواست کات بگەڕایەتەوە بۆ دواوە تا بە هەر شتێک بێت ڕازیی بکەم (بەرتیلی پێ بدەم) و نەکەومە ئەم دۆخە نەخوازراوەوە. زمانم بەسترا و نەمتوانی هیچ وشەیەک دەرببڕم، تەنیا بە چاوێکی ئهبڵهقهوه سەیری دایکم دەکرد و چاوەڕوانی پەرچەکرداری ئەو بووم! بەڵام سەرسوڕهێنەرترین شت ئەوە بوو کاتێک دایکم بە بابەتەکەی زانی، زۆر دڵخۆش بوو! ماچی کردم، هانی دام و گوتی: - هیوادارم کچۆڵەکەم تەنانەت یەک ڕۆژیش لەم وانانە دانەبڕێیت، و بەڵێنت پێ دەدەم کاتێک قورئانت خەتم کرد، خوانێکی گەورە ساز بکەم و دیارییەکی جوانت بۆ بکڕم!
ناتوانم ئەو شادی و بەختەوەرییە گەورەیە وەسف بکەم کە لەو چرکەساتەدا ناخمی تەنی بە بیستنی ئەم وشانە لە زاری دایکمەوە! هەستم بە حەسانەوەیەکی قووڵ کرد و باری غەمێکی قورس لەسەر سنگم لادرا. لە هەمان کاتدا، نەسرین تووشی سەرسوڕمان بوو و بە پەرچەکردارەکەی دایکم شۆک بوو، بەتایبەت دوای ئەوەی دایکم ڕووی دەمی کردە ئەو و گوتی: - و دەمەوێت تۆش نەسرین، بڕۆیت بۆ وانەی قورئان، چونکە بەرەکەت، بەختەوەری و سهرفرازىتێدایە!
پاش دوو مانگ لە ئامادەبوونمان لە وانەکانی ماڵی خاتوو گوڵى تەواو کرد، ئێوارەیەک وەک هەمیشە لەسەر قادرمەی بەردەم دەرگای ماڵمان دانیشتم و چاوەڕێی دیلانم دەکرد، چونکە کاتی ژوانمان بوو پێکەوە بڕۆین، بەڵام ئەو نەهات! پاش کەمێک، بە پەلە بەرەو ماڵی ئەوان ڕامکرد، کاتێک لەبەردەم دەرگاکەدا نەمدۆزییەوە، لە دەرگام دا. براژنهكهى دەرگاکەی کردەوە و بە چاوێکی ساردەوە سەیری کردم بەبێ ئەوەی یەک وشە بڵێت! بە ئەدەبەوە پێم گوت: - سڵاو پورێ، ئایا دیلان لە ماڵەوەیە؟
- بەڵێ، بۆچی دەتەوێت؟
- لە وانەکە دواکەوتووین و دەبێت بڕۆین بۆ ماڵی خاتوو گوڵى.
- بە تەنیا بڕۆ! لەمەودوا دیلان ناچێت بۆ ئەم وانانە، وانەکانی قوتابخانەی بەسە، و دەبێت لە کارەکانی ماڵەوەدا هاوکاریم بکات!
ئەم وشانە بە جۆرێک بەسەر ناخمدا کهوتن، وەک هەورەتریشقە دهكهوێت بەسەر دارێکی سەوزی پڕ لە جوانیدا! بێ ئەوەی هیچ بڵێم جێم هێشت، و بە هەنگاوی قورس و خاوەوە بەرەو ماڵی خاتوو گوڵىبەڕێکەوتم، لە کاتێکدا سەدان پرسیار مێشکمی دەخوارد: ئایا بەڕاستی دیلان چیتر نایەتەوە؟ چۆن بەبێ ئەو بڕۆم؟ ئایا دەتوانم بە تەنیا لەم ڕێگهیەدا بەردەوام بم؟ و بە چ مافێک براژنهكهى ڕێگری لێ دەکات؟
لە کۆتاییدا گەیشتمە ئەوێ و بابەتەکەم بە خاتوو گوڵى گوت، ئەویش زۆر دڵتەنگ بوو و گوتی: - پاش تەواوبوونی وانەکە دەچم بۆ سەردانیان، بەڵکوو بتوانم ژنی براکەی ڕازی بکەم لە بڕیارەکەی پەشیمان ببێتەوە. بەڵێ، خاتوو گوڵى دواتر سەردانی کردن، بەڵام بێ سوود بوو! ئیتر لێرەوە بەدواوە دەبوو لەم ڕێگایەدا بە تەنیا هەنگاو بنێم، پاش ئەوەی ئازیزترین هاوڕێی خۆمم لەدەستدا و هەرواشبوو.