هەڵاڵە محمد ئەڵماس
بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی هاوسەرگیری و جیابوونەوە لەهەرێمی کوردستان جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردن و، زەنگی ئاگادارکردنەوەیە، ئامارەکان بەم شێوەیەیە:
-هاوسەرگیری: ٧٦,٤٢
-جیا بوونەوە: ١٨,٤٩٢ئەگەر بە شێوەی سادە جیا بوونەوەکان بە هاوسەرگیرییەکان بەراورد بکەین، دەبینین:١٨,٤٩٢÷ ٧٦,٤٢٦ ≈٢٤.٢واتە بۆ هەر ١٠٠ هاوسەرگیرییەک، نزیکەی ٢٤ جیابوونەوە تۆمار کراوە، بەڵام، ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە ٢٤.٢٪ی ئەو کەسانەی لە ٢٠٢٥ هاوسەرگیرییان کردووە، هەمان ساڵ جیا بوونەتەوە؛ چونکە جیا بوونەوەکە دەکرێت پەیوەندی بە هاوسەرگیریی ساڵانی پێشووەوە هەبێت.
لەوێنەکەدا دیارە کام ناوچە مەترسییەکەی زۆرترە، ئەگەر ژمارەی جیابوونەوە بە ژمارەی هاوسەرگیرییەکان بەراورد بکەین، ناوچەی هاوسەرگیری بەراوردی جیا بوونەوە
هاوسەرگیری هەولێر 19,620 7,113 36.3٪
گەڕمیان 3,066 990.
32.3٪
سلێمانی 25,678 5,369
20.9٪
دهۆک 12,955 2,354
18.2٪
کەرکووک 15,107 2,666
17.6٪
لە ڕووی ڕێژەیی، هەولێر لە سەرەوەی ئەم لیستەیە، پاشان گەڕمیان.بەڵام لە ڕووی ژمارەی ڕەها، هەولێر ٧,١١٣ جیا بوونەوەی هەیە و سلێمانی ٥,٣٦٩.
ـ مەترسییە سەرەکییەکە چییە؟مەترسییەکە تەنها لە زیادبوونی «طەلاق» نییە؛ بەڵکو لە شکانی شکۆ و بنەمای خێزانە. چونکە جیابوونەوەی دوو هاوسەر دەتوانێت کاریگەرییەکی زنجیرەیی دروست بکات:هاوسەر، منداڵ، خێزان، پەروەردە، کۆمەڵگە
بەتایبەتی ئەگەر منداڵ لەنێوانیاندا هەبێت، هەروەها پرسەکە تەنها کێشەی نێوان دوو کەس نییە؛ بەڵکو پرسێکی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و دەروونی و ئابووری و نەتەوەییە.
مەترسییەکانی لەسەر منداڵان:
هەرچەندە جیابوونەوە بۆخۆی هەموو کات زیانبەخش نییە؛ هەندێک جار جیابوونەوە لە ژینگەیەکی پڕ لە توندوتیژی و ناکۆکی، بۆ منداڵ باشترە.جیابوونەوەی پڕ لە شەڕ و تۆمەت و بەکارهێنانی منداڵ وەک ئامراز دەبێتە هۆی :
- لاواز کردنی متمانەی منداڵ بە دایک و باوک .
- کاریگەری خراپ لەسەر ئارامی دەروونی دابنێت.
- کێشەی پەروەردەیی دروست بکات.
- منداڵ دەخاتە ناو ملمێلانێی دایک و باوک.
- لە داهاتوودا کاریگەری لەپەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی منداڵ دادەنێت.
هەروەها ئەم ئامارانە پێمان دەڵێت کێشەکە تەنها «طەلاق» نییە ، بەڵکو ئەمە بەقووڵتر دەبینم: کێشەکە دەکرێت لە پێش هاوسەرگیری دەست پێبکات، نەک لە کاتی جیابوونەوە.واتە پێویستە بپرسین:
ـ ئایا خێزانەکان پێش هاوسەرگیری پەروەردەی هاوسەرایەتی کراون ؟
ـ ئایا گەنج دەزانێت هاوسەرگیری تەنها و بەس «خۆشەویستی» نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتیشە؟
-ئایا کەسانێک کە دەچنە ناو ژیانی هاوسەرگیری، توانای چارەسەرکردنی ناکۆکییان هەیە؟ - ئایا پێش هاوسەرگیری ڕاهێنان و ئاگادارییەکی دروست هەیە؟
-ئایا خێزانەکان بەجێی چارەسەرکردنی کێشە، زۆرجار کێشەکە قووڵتر ناکەن؟
-باشە ئەی ڕۆڵی سۆشیال میدیا، مادەگەرایی، قەرز، بێکاری و فشارە ئابوورییەکان و، قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان چەندە؟
ـ ئایا پەیوەندییەکان بۆ بە خێرایی دروست دەبن و بە خێرایی تێکدەچن، ئەگەر لە دیدی سیاسەتی کۆمەڵایەتی سەیری ئەم ئامارانە بکەین ئەوا دەبێتە ئاگادارکردنەوەیەک بۆ حکومەت و دامەزراوە پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەکان، نەک تەنها هۆکارێک بۆ ڕەخنەگرتن لە خێزان.بۆیە پێویستە سیاسەتێکی گشتگیر هەبێت بۆ پەروەردەی پێش هاوسەرگیری پەروەردەی ناو ژیانی هاوسەرایەتی پشتگیری لە خێزان، چارەسەری ناکۆکی، پاراستنی منداڵ پشتیوانی دوای جیا بوونەوە، نەک تەنها لە کاتی طەلاق دەست تێوەردان بکرێ ، بەڵکو گرنگیدان بە تاک لەهەموو قۆناغەکاندا پێویستە.
لێرەدا تەنها کێشەکە ئەوە نییە کە چۆن «طەلاق کەم بکەینەوە»؛بەڵکو پرسیاری قووڵتر ئەوەیە:چۆن نەوەیەک پەروەردە بکەین کە بتوانێت هاوسەرێکی باش، دایکێکی بەرپرسیار، باوکێکی بەرپرسیار، و مرۆڤێک توانای چارەسەرکردنی ناکۆکی هەبێت؟ ئەمە بەڕاستی لە بنەڕەتەوە دەچێتە ناو پەروەردەی تاک و خێزان و کۆمەڵگە، کەهەموومان لێی بەرپرسین بەتایبەتی دەسەڵات و لایەنی پەیوەندی دار کە ساڵانە ئامارەکانی جیابوونەوە لەهەڵکشان و هاوسەرگیری لەداکشاندا، بەڵام چ هەنگاوێکی پراکتیکی ناوە ؛ خێزان و دەزگا پەروەردەییەکانیش ڕۆڵێکی قورسیان دەکەوێتە ئەستۆ.