ڕاوێژکاری یاسایی: دڵخواز عبداللە
سەرەڕای پێشکەوتنی گەورەی تەکنەلۆژیا و زانست لە سەدەی ٢١دا، تاوانێکی زۆر قێزەون بە شێوازی نوێ بەردەوامە، ئەویش بازرگانیکردن بە مرۆڤەوەیە کە بە “کۆیلایەتیی هاوچەرخ” دەناسرێت.
ئەم تاوانە تەنها شکاندنی یاسا نییە، بەڵکو بەکۆیلەکردنی مرۆڤ و زەوتکردنی ئازادییەکانیەتی.
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ٣٠ی تەمووزی وەک “ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە” دیاریکردووە بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و پاراستنی قوربانییان.
پێناسەی تاوانەکە (بەپێی پڕۆتۆکۆڵی پالێرمۆ – ٢٠٠٠).
ئەم تاوانە لە سێ ڕەگەزی سەرەکی پێکهاتووە:
- کردارەکە: ڕاکێشان، گواستنەوە، حەشاردان یان وەرگرتنی کەسێک.
- هۆکارەکە: بەکارهێنانی زۆرەملێ، هەڕەشە، خەڵەتاندن یان قۆستنەوەی بێدەسەڵاتیی کەسەکە.
- مەبەستەکە: چەوساندنەوە (وەک: چەوساندنەوەی سێکسی، کاری زۆرەملێ، کۆیلایەتی، یان فرۆشتنی ئەندامەکانی جەستە).
تێبینیی یاسایی: ئەگەر قوربانییەکە لەژێر خەڵەتاندن یان هەڕەشەدا خۆیشی ڕازی بوبێت، بە هیچ جۆرێک لە یاسا ناگۆڕێت و تاوانباران لە سزا دەربازیان نابێت.
ڕەهەندەکانی تاوانەکە
١. ڕەهەندی یاسایی (کەلێنەکان و ڕووبەڕووبوونەوە)
- بەراورد لەگەڵ یاسای جیهانی: جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ (١٩٤٨) و پڕۆتۆکۆڵی پالێرمۆ (٢٠٠٠) کۆیلایەتییان قەدەغە کردووە.
- لە ئاستی عێراقدا: یاسای ژمارە ٢٨ی ساڵی ٢٠١٢ تایبەتە بەم تاوانە، بەڵام جێبەجێکردنی ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە:
- سزادانی تاوانباران: تۆڕەکان خۆیان دەشارنەوە و ئینتەرنێت بەکاردێنن؛ بۆیە پێویستیمان بە پۆلیسی سایبەری«پزیشکی دادوەریی ئەلیکترۆنی» و دادوەری پسپۆڕ هەیە.
- پاراستنی قوربانییان: کەمیی شەڵتەر و بنکەی پاراستن هەیە.
- قەرەبووکردنەوە: ڕێکارەکان ئاڵۆزن و پێویستە سندوقی پاڵپشتیی دارایی چالاک بکرێت.
- تەکنەلۆژیا و تاوانی دیجیتاڵی: تاوانباران تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردێنن بۆ خەڵەتاندنی گەنجان بە بەڵێنی کاری درۆینە لە دەرەوە، ئەمەش پێویستی بە هەموارکردنەوەی بەپەلەی یاساکان هەیە.
٢. ڕەهەندی مرۆیی (ئازاری قوربانییان).
لەم تاوانەدا مرۆڤ لە جەوهەری خۆی بەتاڵ دەکرێتەوە و وەک کاڵایەک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت:
- زەوتکردنی مافەکان: سەندنی پاسپۆرت و ناسنامە، ئەشکەنجە، دەستدرێژی، و زەوتکردنی مووچە بە دروستکردنی “قەرزی وەهمی”.
- قۆناغەکانی تاوانەکە:
- خەڵەتاندن (بەڵێنی درۆینەی کار).
- زەوتکردنی ئازادی (دەستبەسەرداگرتنی بەڵگەنامەکان و بڕینی پەیوەندی لەگەڵ خێزان).
- چەوساندنەوە (کاری زۆرەملێ یان بازرگانی بە جەستە).
- کاریگەرییە دەروونییەکان: زەبری دەروونیی قووڵ، ترسی بەردەوام، لەدەستدانی متمانە بە کۆمەڵگە و هەستکردن بە بێبەهایی.
٣. ڕەهەندی کۆمەڵایەتی (هۆکار و توێژە هەستیارەکان). - هۆکارە سەرەکییەکان: هەژاری، بێکاری، جەنگ و ئاوارەیی، لەگەڵ نەبوونی هۆشیاریی یاسایی.
- توێژە هەرە مەترسیدارەکان:
- ژنان و کچان: زیاتر بۆ چەوساندنەوەی سێکسی و کاری ماڵەوەی زۆرەملێ.
- منداڵان: بۆ سواڵکردن، کاری قورس، یان بازرگانی بە ئەندامانی جەستەیان.
- کۆچبەران: قۆستنەوەی بێبەڵگەنامەیییان بۆ کارپێکردنی بێ مووچە.
ڕێکارەکانی دەربازبوون و پێشنیارەکان
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە، هاوکاریی گشتگیر پێویستە:
- ڕۆڵی خێزان و قوتابخانەکان: هۆشیارکردنەوەی گەنجان لەسەر بەڵێنە درۆینەکانی کار لە ئینتەرنێتدا.
- پشتیوانی کۆمەڵایەتی: وەرگرتنەوەی قوربانییان و شەرمەزارنەکردنیان لە کۆمەڵگەدا.
- ڕۆڵی ڕێکخراوەکان: بەستنی خولی هۆشیاری و دانانی هێڵی گەرم (Hotlines) بۆ هاوکاری عاجل.
- ڕێکاری یاسایی و ئابووری:
- توندکردنی سزای تاوانبارانی سایبەری.
- ڕەخساندنی هەلی کار بۆ ژنان و گەنجان بۆ نەهێشتنی هەژاری.
- دروستکردنی بنکەی داڵدەدانی شایستە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی دەروونی و تەندروستی بێبەرامبەر.
- هاوکاریی هەواڵگریی نێودەوڵەتی بۆ هەڵوەشاندنەوەی تۆڕە فرەسنوورەکان.
لە کۆتاییدا دەڵێین:
تا کاتێک لە شوێنێک لەم جیهانەدا مرۆڤێک وەک کاڵا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و مافەکانی زەوت بکرێت، هیچ کەسێک لە کۆمەڵگەدا بە تەواوەتی ئازاد نییە.