د.گوڵاڵە طاهر
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (٢٨-٧) ی دەستنیشان کردووە بۆ ڕۆژی جیهانی هەوکردنی ڤایرۆسیی جگەر، تاکو بیکات بە دەرفەتێک بۆ زیادکردنی هۆشیاریی گشتی دەربارەی مەترسییەکانی هەوکردنی ڤایرۆسیی جگەر و چۆنێتی خۆپاراستن و ڕێگریکردن لە بڵابوونەوەی نەخۆشییەکەو هەنگاونان بەرەو بنەبڕکردنی ئەم نەخۆشییە لە سەرانسەری جیهاندا.
لەم ڕۆژەدا دەمانەوێت هەندێک زانیاری گرنگ بخەینە بەر دیدی خوێنەران بە هیوای سوود وەرگرتن .
ئەم نەخۆشییە درمییەو لە نێو مرۆڤەکاندا بە ئاسانی دەگوازرێتەوە، هۆکاری نەخۆشییەکە ڤایرۆسەو چەند جۆرێکی هەیە : (A ,B,C,D,E).
خانەکانی جگەر توشدەکات، لە حاڵەتی درێژخایەندا خانەکان تێکدەشکێنێت و ئیشی جگەر پەکدەخات و، هەندێکییان دەبنە هۆی تووشبوونی جگەر بە شێرپەنجە یاخود ڕەقبوونی جگەر (بەمۆمیابوون). شێوازی توشبوون و گواستنەوەو ماکەکانی نەخۆشییەکە بە پێی جۆری ڤایرۆسەکە دەگۆڕێت. باوترین جۆرەکانی ئەمانەن کە لە خوارەوە باسیان دەکەین.
ڤایرۆسی جۆری A :
بە خێرایی دەگوازرێتەوەو، لەڕێی خواردن و ئاوی پیسبوو بە ڤایرۆسەکە، کەسی تووشبوو (٢-٣) هەفتە پێش دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشییەکەو، دوو هەفتتەش دوای دەرکەوتنی نیشانەکان ڤایرۆسەکە لە گەڵ پیساییدا دەکاتە دەرەوەو دەبێتە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، لەبەرئەوە گرنگیدان بە پاکوخاوێنی کەسی، شتنی دەستەکان پێش نانخواردن، دابینکردنی سستمی ئاوەڕۆی گونجاو و دابینکردنی ئاوی پاک بۆ دانیشتوان ڕێگری دەکات لە بڵابوونەوەی ئەم نەخۆشییە.
گرنگترین نیشانەکانی ئەم جۆرە:
تای بەرز، سک ئێشە، دڵ تێکهەڵاتن، ڕشانەوە .
سەرئێشە پاشان دەرکەوتنی زەردوویی (واتە زەردبوونی رەنگی پێست و سپێنەی چاو).
_گۆڕانی ڕەنگی میزو پیسایی.
ئەم جۆرە تەنها بە شێوەی کوتوپڕ دەردەکەوێت و، ناگۆڕێت بۆ نەخۆشی درێژخایەن وکەسی تووشبوو بەتەواوەتی چاک دەبێتەوە، بەڕێژەیەکی زۆر کەم لەوانەیە کەسی تووشبوو دووچاری سستی جگەرو لەکارکەوتنی جگەر ببێت کە ٠،١٪ تێناپەڕێت .
ڤایرۆسی جۆری C. B:
ئەم دوو جۆرە پێکەوە باس دەکەین چونکە شێوازی گواستنەوە و ماکەکانی نەخۆشیەکە لە یەک نزیکن.
هەوکردنی جگەر بە ڤایرۆسی جۆری B:
ئەم جۆرە یەکێکە لە باوترین هۆکارەکانی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی جگەرو شێرپەنجەی جگەر ، نزیکەی ٢٥٠ملیۆن کەسی توشبوو بەم جۆرە هەیە لە جیهاندا هەردوو حاڵەتی کوت وپڕ و درێژخایەن لەم جۆرەدا دەستنیشان دەکرێت .
زۆربەی توشبووان لەوانەیە هیچ نیشانەیەکی نەخۆشییەکەیان تێدا دەرنەکەوێت لە حاڵەتی کتوپڕدا، هەندێکیان ڕەنگە ئەم نیشانانەیان هەبێت بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک (٢-٣):
زەردویی. هەستکردن بە ماندوبوونی زۆر.
تۆخبوونی ڕەنگی میز.
دڵ تێکچوون و ڕشانەوە و سک ئێشە.
هەندنێک جار ئەم حاڵەتە کتوپڕە دەگۆڕێت بۆ لەکارکەوتنی لەناکاوی جگەر و دەبێتە هۆی مردن.
زۆربەی توشبووان ئەم حاڵەتی کتوپڕە تێدەپەڕێنن و بە تەواوەتی چاکدەبنەوە، بەڵام لە هەندێکیاندا دەگۆڕێت بۆ حاڵەتی هەوکردنی درێژخایەن، ئەگەر چارەسەر نەکرێت دەبێتە هۆی توشبوون بە ڕەقبوون(بەمۆمیابوون)ی جگەر یاخود دەگۆڕێت بۆ شێرپەنجەی جگەر.
ئەم گۆڕانە بۆ حاڵەتی درێژخایەن پشت دەبەستێت بە شیوازی گواستنەوەو کاتی گواستنەوەی نەخۆشییەکە، ئەو کۆرپانەی لە سکی دایکیاندا ڤایرۆسەکە وەردەگرن پێش لەدایکبوون بە ڕێژەی (٩٠٪٩٥٪)دەگۆڕێت بۆ هەوکردنی درێژ خایەن، لەکاتێکدا لە کەسی پێگەیشتوودا بە ڕێژەی (٥٪)ی توشبووان دەگۆڕێت بۆ حاڵەتی درێژ خایەن. بەڵام لە جۆری( سی) دا حاڵەتی کتوپڕ زۆر بەدەگمەن دەردەکەوێت، دوای ئەوەی دەگۆڕێت بۆ حاڵەتی درێژخایەن دەناسرێتەوە، چونکە کەسی توشبوو لە سەرەتادا هیچ نیشانەیەکی نەخۆشییەکەی نیە، نزیکەی ٧٠ملیۆن توشبوو لە سەرتاسەری جیهاندا هەیە. شێوازی گواستنەوەی هەردوو جۆرەکە وەک یەکە و لەڕێی خوێن و شلەکانی تری لەشەوە (وەک لیک ، تۆواو ،دەردراوی زێ) دەگوازرێنەوە، باوترین شێوازەکان : گواستنەوەی خوێن بۆ کەسێک کە پێشتر پشکنینی ڤایرۆسی بۆ خوێنەکە نەکرابێت.
_ سێکسکردن لەگەڵ کەسی توشبوو.
بەکارهێنانی دەرزی (سرنج) ی هاوبەش بەتایبەتی لەنێو ئەو کەسانەی ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن یان تاتوو دەکەن لە دایکەوە بۆ کۆرپەلە .
لەبەرئەوەی ڤایرۆسەکە لەڕێی خوێنەوە دەگوازرێتەوە یەکێک لەو پیشانەی کە نەخۆشییەکە تێیدا دەکرێت بگوازرێتەوە، پیشەی پزیشکییە (بەتایبەتی پزیشکی ددان و پزیشکی نەشتەرگەری) ، بۆیە هەر نەخۆشێک نەشتەرگەری یان ئیشی ددانی بۆ بکرێت دەبێت پشکنینی ڤایرۆسی بکات، بۆ ڕێگریکردن لە گواستنەوەی نەخۆشییەکە.
هەردوو جۆری D. E
ئەم دوو جۆرە زۆر باو نین، شێوازی گواستنەوەو نیشانەکانی جۆری (E) وەک جۆری (A) وایە ، جۆری (D)ش لە جۆری (B) دەچێت.
تێبینی : خۆشبەختانە لە ئێستادا پێکوتە (ڤاکسین) بۆ هەردوو جۆری (A) و (B)هەیە کەڕۆڵێكی گرنگیان هەیە لە کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکەدا
چەند پەیامێک :
_ هەوکردنی ڤایرۆسیی جگەری درێژخایەن ساڵانە دەبێتە هۆی مردنی ١.٣ ملیۆن کەس لە جیهاندا، بەهۆی بەڕیشالبوونی خانەکانی جگەرو شێرپەنجەی جگەرەوە کەدەکاتە (٣٥٠٠)حاڵەتی مردنی ڕۆژانە، هەوکردنی ڤایرۆسی جۆری (B.C) بە بێدەنگی بڵاو دەبێتەوە وڕۆژانە (٦٠٠٠) توشبووی نوێ تۆمار دەکرێت لەگەڵ ئەوەشدا کە-(هۆکارەکانی خۆپارێزی و چارەسەر ئاشکران ولەتوانادان)، بەتایبەتی لەو ناوچانەدا کە سستمی چاودێری تەندروستی لاوازە.
_ زانین ودەستنیشانکردنی حاڵەتەکە هەنگاوی یەکەمە بۆ ڕێگرتن لە توشبوون بە شێرپەنجەی جگەر، چونکە زۆربەی توشبووان نازانن کە هەڵگری نەخۆشییەکەن، لەبەرئەوە پشکنینی پێشوەختە بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی مەترسی توشبوونیان زۆرە پێویستە ئەنجام بدرێت.
زاڵبوون بەسەر ئەم نەخۆشییەدا مەحاڵ نیە ،چونکە پێکوتەو چارەسەری کاریگەر بەردەستە بەمەرجێک وڵاتان لەیاسای سستمی تەندروستی خۆیاندا گرنگی پێبدەن و، لە خزمەتگوزاری چاودێری تەندروستی سەرەتایی وخۆپارێزیدا پانتایی باشی بۆ تەرخان بکەن.
پەیامێک بۆ هەمووان :
گرنگیدان بە وەرگرتنی پێکوتە بۆ مناڵی تازە لەدایکبوو لە ٢٤کاتژمێری یەکەمی دوای لەدایکبوون و، پاشان تەواوکردنی ژەمەکانی دواتر.
ئەو کەسانەی کە مەترسی توشبوونیان لەسەرە وەک پزیشک وکارمەندانی تەندروستی، دەلاک و ساڵونەکان. پێویستە ژەمەکانی پێکوتە بەباشی وەربگرن.
گرنگیدان بە پاکوخاوێنی ، دەست شتن و دڵنیابوون لە پاکی ئاوی خواردنەوە.
دورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و تاتووکردن.
دورکەوتنەوە لە ئەنجامدانی سێکسی حەرام و ناتەندروست.
سەرچاوەکان:
سایتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی
Davidston” s principles and practice of medicine