خەرمان عبدالکریم
مرۆڤ هەمیشە پڕ لە چاوەڕوانی بۆ ئەو کەسانەی لە ترپەکانی دڵیەوە نزیکن نەک ئەوانەی دوورە دەست و دوورە ڕوانینی چاوەکانن، بڕێک جار هێزێکی ناوەکی پاڵنەرە بۆ قبوڵکردنی کۆمەڵێک ڕاستی بۆ مانەوەی پەیوەندییە ڕۆحی و ئەزەلیەکان، بەڵام بەجۆرێک چاوی چاوەڕوانیت لێ کوێر نەکاتەوەو بۆ ئەبەد چاوی سەر هەمان خاڵت پێ تەرک نەکات، مرۆڤ بەسروشتی قۆناغ بڕینی تەمەن دەکات و تاڵی سپی دەکەوێتە نێو ئەزمونەکانی سەری و دەبێتە پیرێکی جوان بین و دنیادیدەی پڕ لە ئەزموون، بەپێی تەمەنی مامەڵە لەگەڵ وردو بچوکی ژیانی دەکات، وەلێ لەنێو کایەکانی ژیاندا کەسانێکی تر هەن تەنها ساڵ دەبڕن و گەورەیی و کامڵییەک ڕوویان لێوە نانێت، چونکە دەرفەتی چەشتن لایان وجودی نەبووە، تەنها خۆیان بوون و گێژاوەکانی ژیانیان کردۆتە ڕێگەیەک بۆ چاوەڕوان نەبوونی ئەوانی ترلە ژیانیان، هەمیشە نازانم یان زۆرترە لە ئەزانم بەسەرچاویان زۆرترە تا کردار سەلماندن، بڕیاریان زۆرو خۆ کردنە پاڵەوانی چیرۆکی ئەوانی تریان زیاترە تا فریادڕەس بوونی پەیوەندیەکانی خۆیان، سەرقاڵبوون و بێ کاتییان زیاترە تا هەناسەدان و سەرنەوی کردن بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکانیان، ئاسایی بوون لای ئەوان درێژەدانە بەخەیاڵی پوچی چاوەڕوانی؟؟؟ نازانن مرۆڤانێک هەن سەنگی ژیانیان دەرگایەکە کە زۆر لە چاوەڕوانی مانەوە بۆ هەمیشە پێوەی دەدەن و شوختی هەرچی کردارە دەخاتە سەر بێ چاوییەکەی و بۆ ئەبەد شۆکی قسەی بەرگە بگرەو چاوەڕوان بە لەزەتی ڕووناکی لێ وندەکات، و ئیتر تاریکی پێ خۆشترە لەهەر ڕووناکیەکی دزێو کە بەهەر بیانوویەکی کاتی لەدرزی دەرگای ژیانیەوە سەر بکێشێ و سڵاوێکی بێ متمانە جێ بهێڵێ، ئیتر خودا حافیزییەکی کردووە بۆ ئەبەد لە ژیانی هەموو تاریکیەک و چاوەڕوانیەکی پڕ لە بیانوو چۆتە دەرەوە، ژیان لە چوارچێوەی نور جوانترە تا بلکێت بە تاریکیەک کە مرۆڤانێک بۆیان کردۆتە دیاری و خۆیانیان پێ ڕازاندۆتەوە، ئەمەیە خەیاڵی چاوەڕوانی هەڵچنراو لەکەسانێک کە بۆ پاساودان بەنەبوونی گرفتێکی قوڵ هەڵدەمژن لەبیری ژیان و وەک نەخش لە دڵی بەندەکانی خودای دەنێن و وێنای حەزرەتی چاوەڕوان بۆ ڕۆڵەکەی و زولەیخای ئەویندار بۆ یوسفەکەی دەکەنە نموونەی نوری چاوەڕوانی لەکاتێکدا جیاوازی چاوەڕوانی زۆر فرە ڕەهەندترە تا تەنها بەناوو بێ ناوەڕۆک هەژماری ژیانەوەی پێ بکەیت….