(کاتێک عورفێکی خراپ زاڵ دەبێت بەسەر شەرع و یاسادا)
پارێزەر / شاجوان شیخ محمد قەرەداغی
هاوسەرگیری لە کۆمەڵگەی ئێمەدا پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی ئاڵۆزە کە عورف و دابونەریت ڕۆڵێکی سەرەکی تێدا دەگێڕن. یەکێک لە دیارترین عورفە باو و زیانبەخشەکان، هێشتنەوەی هاوسەرانە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە قۆناغی دەستگیرانداریدا دوای ئەنجامدانی گرێبەستی فەرمی (مارەکردن). زۆرجار خێزانەکان پاساوی ئەم درێژکردنەوەیە دەبەنەوە بۆ “لێکتێگەیشتن و ناسینی زیاتری یەکتری”، لە کاتێکدا ناسینی ڕاستەقینە تەنها لە دوای دەست پێکردنی پێکەوە ژیانی واقیعی و لە ژێر یەک سەقفدا ڕوودەدات و دروست دەبێت، هەر ئەو کات ماسکەکان لا دەچن و لێکتێگەیشتن دروست دەبێت، بەڵام ئەم ماوە درێژخایەنە لە بری لێک تێگەیشتن، زۆرجار بەهۆی دەستێوەردانی دەرەکی، کێشەی کۆمەڵایەتی، یان دروست بوونی (تعزیە)پرسە و زیاتر دواکەوتنی پرۆسەکە و پاشان بوونی ئامێرە پەیوەندییە سارد و سڕەکان کە زۆر جار لەم نێوەندەدا لە جیاتی ڕۆڵی خەیر، دەبنە زیاتر بوونی ناکۆکی و تێکدانی سەرلەبەری پەیوەندییەکە.
لە ڕوانگەی ئەزموونی پراکتیکی خۆمەوە وەک پارێزەرێک لەناو دادگاکاندا، شایەدی کەیسێکی یەکجار دڵتەزێن بووم؛ کەیسەکە تایبەت بوو بە دوو دەستگیران کە بۆ ماوەیەکی زۆر دوای مارەکردنی فەرمییان لە دادگا، بە ناوی “پاساوی با زیاتر یەکتر بناسین “، پرۆسەی گواستنەوەیان دواخستبوو..لەم ماوەیەدا، وەک هەر هاوسەرێکی یاسایی، لە نێوان خۆیاندا پەیوەندی سەرجێیی تەواو (دخول) ڕوودەدات !کارەساتەکە لەوێوە دەستپێدەکات کاتێک کەسوکاری کچەکە بەم بابەتە دەزانن؛ لە جیاتی ئەوەی پرۆسەی گواستنەوەکە خێرا بکەن، عورف و دەمارگیری بەسەر عەقڵدا زاڵ دەبێت و ڕاستەوخۆ بڕیاری کوشتنی کچەکەیان دەدەن. کچێک بووە قوربانی تەنها لەبەر ئەوەی مافێکی خۆی بەکارهێنابوو کە عورفێكی چەوت پەسەندی نەکردبوو!!
ڕەهەندی یاسایی و شەرعی کەیسەکە:ئەم تاوانە لە کاتێکدا ڕوودەدات کە لە ڕوانگەی یاسایی و شەرعییەوە، کاتێک گرێبەستی هاوسەرگیری لە دادگای باری کەسێتی واژۆ دەکرێت و عەقدی مارەکردن (عقد النکاح) بە مەرج و ڕوکنەکانییەوە تەواو دەبێت، لایەنەکان بە تەواوی دەبنە ژن و مێردی یەکتر. تەنانەت لە شەریعەتی ئیسلامیدا، هیچ جیاکاری و ماوەیەک لە نێوان “مارەکردن” و “گواستنەوە”دا بوونی نییە؛ بە واژۆکردنی عەقدەکە، ژن ڕاستەوخۆ دەبێتە هاوسەری پیاوەکە و هیچ چەمکێک نییە بە ناوی “قۆناغی دەستگیرانی دوای عەقد”.کێشە گەورەکە ئەوەیە کە عورف جیاکاری لە نێوان “مارەکراو” و “گواستراوە” دەکات و مەترسیدارترین ڕەهەندی ئەمەش، ڕوودانی دخولە لەم ماوەیەدا. کاتێک هاوسەران بەپێی شەرع و یاسا نێوانیان حەڵاڵە، بەڵام عورف ڕێگەیان پێ نادات، لە ئەگەری سەرهەڵدانی ناکۆکی و جیابوونەوەدا (تەڵاق)، کێشەی گەورەی یاسایی لەسەر سەلماندنی دخول، مارەیی تەواو، نەفەقە و تەنانەت مافی منداڵ لە ئەگەری دووگیانبووندا دێتە ئاراوە، کە دادگاکان پڕن لەم جۆرە کێشە ئاڵۆزانە و زۆرجاریش وەک کەیسەکە بە تاوانی کوشتن کۆتایی دێت. لە ڕاستیدا ڕێگاچارە بۆ بنبڕکردنی ئەم دیاردەیەش پێویستە ئەم هەنگاوانە بنرێت:-
-کورتکردنەوەی ماوەکە: پرۆسەی مارەکردن تەنها لە کاتێکدا ئەنجام بدرێت کە ئامادەکاری تەواو بۆ گواستنەوە کرابێت و ئەم ماوەیە لە چەند هەفتەیەک زیاتر تێنەپەڕێت.
-پەسەندکردنی ناسینی یەکتر پێش مارەکردن: ئەگەر مەبەست ناسینی زیاتر بێت، دەبێت ئەم قۆناغە بخرێتە پێش ئەنجامدانی عەقدی فەرمی دادگا (لە چوارچێوەی خوازبێنی)، نەک دوای ئەوەی لایەنەکان دەبنە ژن و مێرد.
ـپێویستە لە ڕێگەی مامۆستایانی ئاینی و ڕاگەیاندنەوە بە ڕوونی ئەم بابەتە بۆ ڕای گشتی ڕوون بکرێتەوە کە مارەکردن واتە هاوسەرگیری تەواو، پێویستە یاساش بە توندی ڕووبەڕووی هەر جۆرە هەڕەشە و توندوتیژییەکی خێزانی ببێتەوە.ئەرکی ئێمەیە وەک یاساناسان کۆمەڵگە هۆشیار بکەینەوە ،تاوەکو ڕێگری بکرێت لە تێکەڵبوونی عورفە زیانبەخشەکان لەگەڵ دەقە یاسایی و شەرعییەکان و پارێزگاری لە ژیانی تاکەکان بکرێت و سەقامگیری بۆ خێزان و کۆمەڵگە بگەڕێنرێتەوە.