ئامینه محمد أمین/ خاوەنی بڕوانامەی شەرعی
یەکێک لەو بابەتانەی کە لە مانگی ڕەمەزاندا زۆر پرسیاری لێدەکرێت، بریتییە لە: حوکمی بەکارهێنانی حهب و دەرمان لەلایەن ئافرەتانەوە بۆ دواخستنی سوڕی مانگانە، بە مەبەستی تەواوکردنی ڕۆژووی مانگی ڕهمهزانی پیرۆز.
ئەمە پرسێکە کە تێیدا زانستی فیقهـ و پزیشکی، و پەرستش و قەدەر تیایا یهكدهگرنهوه.
ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتەش پێویستی بە وردبینییەکی شەرعی هەیە کە تێیدا مەبەستەکانی شەریعەت و بنەمای “ههڵگرتنی بارگرانی” ڕەچاو بکرێت، بەبێ زیادەڕۆیی و بەبێ کەمتەرخەمی.
🔹 یەکەم: سووڕی مانگانە (حەیز) قەدەرێکی نووسراو و ڕەحمەتێکی شەرعییە، پێغەمبەر ﷺ دەفەرمووێت: «ئەمە شتێکە خودا بۆ کچانی ئادەمی نووسیوە».
کەواتە سووڕی مانگانه قهدهرو حوکمێکی شەرعییە کە ئافرەت تێیدا پاداشت وهردهگرێت هەروەک چۆن لە کاتی ڕۆژوودا پاداشت دەکرێت؛ چونکە ئەو بە نەگرتنی ڕۆژوو فەرمانی خودا جێبەجێ دەکات و دواتر قەزای دەکاتەوە. لێرەدا ڕۆژوو نەگرتنیش ههر فهرمانبهرداری خودایه، هەروەک چۆن ڕۆژووگرتنیش پهرستش و بهندایهتیه.
🔹 دووەم: دواخستنی سووڕی مانگانە بە چەند مەرجێک دروستە:
لەو زانا پێشینانەی (موتەقەدیمین) کە ئەمەیان بە دروست زانیوە:
پێشهوا ئەحمەدی کوڕی حەنبەل:
لێی گێڕدراوەتەوە کە پێی ئاسایی بووە ئافرەت دەرمانێک بەکاربهێنێت بۆ بڕینی خوێن (خوێنی بێنوێژی)، ئەگەر زیانی پێ نەگەیەنێت.
ههروهها ئیبن قودامە لە کتێبی (المغني)دا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەگەر ئافرەت دەرمانێکی خوارد و خوێنەکەی بڕایەوە و پاک بووەوە، ئەوا نوێژ دەکات و ڕۆژوو دەگرێت؛ بنەمای بەکارهێنانی دەرمانیشی بۆ بڕینی خوێن قەدەغە نەکردووە.
ئیمامی نەوهوهیش لە کتێبی (المجموع)دا ئاماژەی بەوە کردووە کە بڕانی خوێن بەهۆی دەرمانەوە لە ڕووی شەرعییەوە کاری پێ دەکرێت (ئیعتیباری هەیە)، و ئەوەی گرنگە بوون یان نەبوونی خوێنەکەیە، نەک هۆکاری بڕانەکەی.
هەروەها فەقیهەکانی مەزهەبی مالیکی باسیان لەدروستیی بەکارهێنانی ئەو شتانە کردووە کە خوێن دەبڕن، بەو مەرجەی زیانیان تێدا نەبێت.
تێبینییەکی گرنگ:
زانایانی پێشوو بە شێوەی سەردەمیانەی ئێستا باسی “حەپی ڕێگری لە سووڕی مانگانە”یان نەکردووە، بەڵکو ئەوان بنەمای دروستیی بەکارهێنانی ئەو شتانەیان چەسپاندووە کە سووڕی مانگانه دوا دهخهن.
ئهمهو پێوەر و مەرجی سەرەکی زانایان دووشته:
١- دەرمانەکە هیچ زیانێکی تەندروستیی لێ نەکەوێتەوە.
٢- دەبێت دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ پزیشکێکی پسپۆڕ بێت.
ئەگەر دوای خواردنی دەرمانەکەش، خوێنێک هات کە سیفەتەکانی حەیزی تێدا بوو، ئەوا بە حەیز هەژمار دەکرێت و دەبێت ڕۆژووەکەی بشکێنێت.
🔹 سێیەم: باشتر وایە مرۆڤ خۆی لە بهكارهێنانی حهب و دهرمان بپارێزێت، مەگەر پێویست بێت.
لەبەر ئەم هۆکارانە:
• ئەوەی خودا بۆ بەندەکەی نووسیوە، لە هەڵبژاردنی بەندەکە بۆ خۆی باشتره.
• گرتنەوەی ڕۆژووەکان (قەزا) دوای ڕەمەزان، کارێکی ئاسانە و کاتی فراوانی لەبەردەمدایە.
• بهندهگی و عەبدایەتی ڕاستەقینە لەوەدایە کە مرۆڤ تەسلیمی بڕیاری شەرع بێت، چ لە کاتی ڕۆژووگرتن و چ لە کاتی ڕۆژوو نەگرتندا.