تریفە جەلال
١١ی شوبات، ڕۆژی جیهانی کچان و ژنانی زانایە. ڕۆژی ئەو خانمانەی نیشانیان دا کە “جوانی ڕاستەقینە” لە دۆزینەوەی نهێنییەکانی گەردوون و خزمەتکردنی مرۆڤایەتیدایە.
لە سەردەمێکدا کە سۆشیاڵ میدیا دەیەوێت کچ تەنها لە “ڕووکەش و مۆدێل”دا کورت بکاتەوە، ژنانی زانا پێمان دەڵێن:
🔹 متمانە بەخۆبوون لەناو تاقیگە و کتێبخانەکاندا دروست دەبێت، نەک لە ژووری فلتەرەکاندا و لەبەردەم کامێرای مۆبایلەکەیدا بۆ کۆکردنەوەی لایک.”
🔹 ناسنامەی تۆ عەقڵ و داهێنانەکەتە، ئایین و بەهاکانت نەک هەر ڕێگر نین، بەڵکو هێزێکن بۆ ئەوەی لەسەر پێیەکانت بوەستیت.
سڵاو لە هەموو ئەو کچە کوردانەی بە سادەیی خۆیانەوە، لە زانکۆ و ناوەندە زانستییەکاندا سەرقاڵی تاقیکرنەوە زانستییەکانن تا سوود بە مرۆڤایەتی بگەیەنێت، ئێوە دەتوانن هەم پارێزەری ناسنامەی خۆتان بن و هەم لە ڕیزی پێشەوەی زانست بن.
کچی ئازیز، بیرت بێت:
تۆ تەنها “وێنەیەک” نیت بۆ لایک کردن، تۆ “هێزێکی” بۆ گۆڕانکاری. متمانەت بە عەقڵت هەبێت. لەبری ئەوەی تەنها “ئینفلوێنسەرەکان” بە نموونەی سەرکەوتن بزانیت، بزانە کە ژنان دەتوانن لە ئاڵۆزترین بوارەکانی وەک (تەکنەلۆژیا، فیزیا، پزیشکی، و گەردوونناسی)دا سەرکەوتووبن .