تریفە جلال
هەندێک کەس وا دەزانن بە وشەی نەشیاو دەتوانن لە شکۆی ئەو مرۆڤە کەم بکەنەوە کە خودا ناوی خۆی بە ناوی ئەوەوە گرێ داوە. بێڕێزیکردن بە پێغەمبەر (د.خ) و ئایین، نیشانەی ئازادیی ڕادەربڕین نییە، بەڵکو نیشانەی برینداریی ڕۆح و تاریکیی ناوەوەی مرۆڤەکانە.
ئەو پێغەمبەرەی (د.خ) ئێوە بێڕێزی پێ دەکەن، هەمان ئەو کەسەیە کە فێری کردین “بۆ تەواوکردنی ڕەوشتە بەرزەکان” هاتووە. ئەو کەسەیە کە بۆ نەیارەکانی نزا دەکات و دەفەرموێت: “خودایە هیدایەتیان بدە، چونکە ئەوان نازانن.”
ئێمە وەک موسڵمان، بە بێڕێزی وەڵامی بێڕێزی نادەینەوە، چونکە دینەکەمان فێری کردووین: (وإذا خاطبهم الجاهلون قالوا سلاماً). گەورەیی پێغەمبەر لە ناو دڵی ملیۆنان مرۆڤدایە و بە وشەیەک لەسەر شاشەیەکی سارد، ئەو خۆرە ئاوابوونی نییە.
بێڕێزیکردن بە پیرۆزییەکانی نەتەوەیەک، هیچ کەسێک ناکاتە “ڕۆشنبیر”، بەڵکو تەنیا جەوهەری پەروەردەی ئەو کەسە نیشان دەدات. ئایین و پێغەمبەر (د.خ) بۆ ئێمە ناسنامە و ئارامین؛ هەرکەسێکیش بەرد بگرێتە ئەم چیا بەرزە، تەنیا دەستی خۆی ماندوو دەکات.
ڕەوشتی ئێمە لە وەڵامدانەوەدا، باشترین بەڵگەیە بۆ ڕاستگۆیی ئەو دینەی پێی گەورە بووین. نزا دەکەین خودا ناخی هەموو ئەو کەسانە بە نووری مەعریفەت ڕۆشن بکاتەوە کە بێ ئەوەی بیخوێننەوە، دوژمنایەتی ڕاستی دەکەن.