شادان تالب
میژوی خەباتی کوردان هەزاران ساڵە هەیە و بەردەوامە، هیچ کات ناڵێین بێ ئەنجام بووە، بەڵکو ئەوەی هەیە ئەنجام و دەستکەوتە مەزن و گەورەکەیە، تۆ ببینە (قازی و شێخ سەعید و شێخ مەحمود و..هتد ) سەدان گیان فیداییانی کورد لەبەر ئەوەی ملیان بۆ دوژمن کەچ نەکردوە، راستە لەشوێنی خەباتیان کپکراوە، بەڵام بۆ دەیان نەوەی تریش هەوێنی بەرخۆدانێکی پالفتەن.
ئەڵێن شاعیری کورد (فایەق بێکەس) کە سیاسەتمەدار و کاربەدەستی ئەوکاتەی سلێمانیش بووە، لە بەردەم (ئەدمۆنس)ی حاکمی سەربازی بەریتانیا کاتێک وتارێک دەدات و، وا بڕیارە ئەمیش وتەیەکی هەبێت بەم جۆرە وەڵام دەداتەوە:
بیست و حەوت ساڵە من ڕەنجبەری تۆم
بە نان و ئاو و جل و بەرگی خۆم
خزمەتم کردی لە ئێران و ڕۆم
لە پێناوی تۆ شکاوە ئەستۆم
کەچی هێشتا هەر دیل و ڕەنجەڕۆم
گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟!
بۆ چی بەناهەق وا سووکت کردم؟!
بیست و حەوت ساڵە من ئەڕەتێنی
بە فڕ و فیشاڵ ئەم خەڵەتێنی
ڕۆژی نەوعێکم هەڵ ئەپەڕێنی
بۆ مەرامی خۆت ملم ئەشکێنی
کە ئیشت نەما وازم لێ دێنی
گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟!
بۆ چی بەناهەق وا سووکت کردم؟!
……
ئەمە وەڵامی باوو باپیرانی ئێمە بووە بەرامبەر دوژمن و داگیرکەرانمان و بگرە، هەزاران هەڵوێستی بەوجۆرە لە مێژودا خۆی نەخشاندوە.
ئەم کۆدەنگییەی کوردان و نەوەی ئیستە وەک پێیان ئەڵێن( نەوەی ئایپاد) بەکەم مەبینن، هەروەک بە لەخۆباییەوە لێی مەڕوانن و دڵشکاویان نەکەن، لەکاتی ئەمن و ئاسایشی وڵاتدا خزمەتکاریان بن تا لەکاتی تەنگانەدا گیان فیدابن…
ئەم یەکگرتووییە بەکەم مەبینن
تۆ ببینە ئەو سەری بیری ڕاست بۆ چەپ ئەوپەڕی ئیسلامی بۆ عەلمانی خرۆشاوە بۆ بووکی کوردستان و ڕۆژئاوای نیشتیمان…
بەکەمی مەبینن…ئەم کۆدەنگییە شۆڕشێکی گەورەیە (نا)یەکی مەردانەیە بەڕویی هەر زوڵم و ستەمێک بەناوی دین بەناوی نەتەوە بەناوی بەرژەوەندی زلهێزان بەرامبەریان دەوترێت..
ئێمە ئەگەر هەر لە مێژە (نا)کانمان (ئا)ی ماستاوبوایە بۆ زلهێزان دەمێک بوو دەوڵەتێکی ژێردەستەی کۆیلەی دەستی ملهوڕان بووین.
تەواوی ئەو دەوڵەتانەی لە دەورمان دروستکراوە، یان کەرامەت یان دین و ژین یان خاک و ئاوی بێ دراوە..
هەر بۆیە زۆر گرنگە سەرکردایەتی ئێستەی کورد ئەم هێزە مەعنەوییەی نەوەی ئیستە بە پاڵپشتێکی گەورە ببینێت و لەسەر مێزی گفتو گۆی بەرژەوەندی زلهێزان نەیدۆڕێنێت و بێ ئومێدی نەکات.
چەند دڵ بە ژانین بۆ ڕۆژئاوای نیشتیمان، ئەوەندەش سەربەرز و ڕووسورین بە هەڵوێست و هەستی نیشتیمانی نەوەی ئێستە.