لاڤان ئیدریس
دوای ساڵانێکی زۆر لەو باوەڕەی کە کەمخەوی بەشێکی سروشتییە لە چوونە تەمەن، دەرکەوتووە کە خەوی باش پەیوەندی بە بەخت یان دەرمانی “جادوویی”یەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە داڕشتنی سنوورێکی ڕوون هەیە پێش خەوتن. بەپێی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری “VegOut”ی ئەمریکی، ئەم ٧ یاسایە گۆڕانکاری گەورەیان لە ژیانی کەسانی سەروو ٦٠ ساڵ دروست کردووە:
١. قەدەغەکردنی تەکنەلۆژیا:
سەیرکردنی مۆبایل یان هەواڵەکان پێش خەوتن مێشک هۆشیار دەکاتەوە و، هۆرمۆنی سترێس زیاد دەکات، یاسای زێڕین ئەوەیە کە کاتژمێرێک پێش خەوتن هەموو ئامێرەکان بکوژێنەوە و کتێبێکی کاغەزی بخوێنەوە
٢. ژووری خەوتن تەنها بۆ خەوتنە:
ژووری خەوتن مەکە بە نووسینگە یان شوێنی نانخواردن. کاتێک دەچیتە ژوورەوە، دەبێت جەستەت تەنها هەست بە ئارامی بکات نەک کار و ئەرکەکانی ڕۆژانە.
٣. کاتی جێگیری خەوتن:
پابەندبوون بە کاتێکی دیاریکراو بۆ خەوتن و بێداربوونەوە (تەنانەت لە پشووەکانی کۆتایی هەفتەشدا) یارمەتی ڕێکخستنی کاتژمێری بایۆلۆژی جەستە دەدات.
٤. وازهێنان لە کافاین (چای و قاوە) لە کاتی خۆیدا:
کافاین بۆ ماوەیەکی زۆر لە جەستەدا دەمێنێتەوە. باشترین کار کە بیکەیت ئەوەیە دوای کاتژمێر ٢ی پاشنیوەڕۆ هیچ خواردنەوەیەکی کافایندار نەخۆنەوە.
٥. ڕێکخستنی پلەی گەرمی ژوور
بۆ خەوێکی قووڵ، ژوورەکە دەبێت کەمێک فێنک بێت. پلەی گەرمی گونجاو لە نێوان ١٨ بۆ ٢٠ پلەی سەدییدا بێت.
٦. کاتی کۆتایی بۆ خواردن و خواردنەوە
خوانی ئێوارەی قورس دوژمنی خەوە، پێویستە ٣ کاتژمێر پێش خەوتن ژەمی ئێوارە تەواو بوبێت، ٢ کاتژمێر پێش خەوتن خواردنەوەی شلەمەنییەکان کەم بکرێتەوە بۆ ئەوەی ناچار نەبیت شەو زۆر هەستیت.
٧. ڕێوڕەسمی کەمکردنەوەی سترێس
ئەنجامدانی هەندێک وەرزشی سوکی کشانی ماسولکەکان یان هەناسەدانی قووڵ، ئاماژەیەکی ڕوون دەدات بە مێشک کە کاتی حەوانەوە هاتووە.