د.کوردستان ئامێدی
پێش چەند ڕۆژێک بەشداریم لە مەراسیمی واژووی ڕۆمانی نووسەر ئەحمەد زاویتی کرد بەناونشیانی “کوردستان کێ لە ئێمە خۆشی ناوێت”، مەراسیمێکی زیندوبوو، کە ژمارەیەکی زۆر لە نووسەران و مامۆستایانی زانکۆ و ڕۆژنامەنووسان بەشداریان تێدا کرد. زۆر چێژم لە لێدوان و بەشدارییەکان وەرگرت، کە باسی ڕۆمانەکەیان کرد. دوای مەراسیمەکە، یەکێک لە بەرپرسان پێشوازیی لێکردین لە نووسینگەکەی، کەسێکی زۆر میهرەبان بوو و قاوەیەکی خۆشی پێشکەش کردین. لەبەر ئەوەی کە زۆر بە پەرۆش بووم بۆ خستنەوەی بیرۆکەیەک کە لەناو گفتووگۆکاندا لە ئاهەنگەکەدا هاتبوو بە مێشکمدا، بۆیە دەستم کرد بە قسەکردن لەگەڵ ئەو بەرپرسە بەڕێزە: بۆچی ڕۆمانەکە ناکەینە بەشێک لە پڕۆگرامی بابەتی کوردۆلۆجی؟ چونکە ئەگەرچی بابەتێکی زانستی و گرنگە و لایەنەکانی زمان و مێژوو و جوگرافیای کورد لەخۆدەگرێت، بەڵام خوێندکار زۆر حەزی لێ ناکات، ڕەنگە بەشێکی بەهۆی ئەوەوە بێت لەوتنەوەی وانەکە زۆربەی مامۆستایانی زانکۆ شێوازە کلاسیکییەکە پەیڕەوی لێدەکەن، ئەویش شێوازی وانەیە کە لەسەر بنەمای ڕاگەیاندن و ڕوونکردنەوەی بابەتەکە لەلایە مامۆستای وانەکەوە، لێرەدا خوێندکار تەنها وەرگرە، یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە ئەم شێوازە ماندووت دەکات، چونکە مامۆستا هەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ڕوونکردنەوەی بابەتەکە و هێنانەوەی نموونە و هەندێک جار لەوانەیە دەست بکات بە پرسیارکردن بۆ دڵنیابوون لەوەی خوێندکاران زانیارییەکانیان تێگەیشتووە – وەک ئەوەی من بە ئاسایی دەیکەم – یان لێیان دەپرسێت ئایا پرسیارێک هەیە و لەوانەیە یەکێکیان دەست بکات بە پرسیارکردن، بەڵام پاشماوە بێدەنگ دەمێننەوە. بۆ من لەپشت ئەم بێدەنگییەوە چەند ڕووخسارێک دەخوێنمەوە: ڕووخسارەکانی ئەو خوێندکارانەی وانەکەیان تێگەیشتووە و باش هەڵیانلێگرتووە، بۆیە سروشتییە کە پرسیاریان نەبێت، ئەمانە کەمن، ڕووخسارەکانی ئەو خوێندکارانەی کە زۆر گرنگی نادەن بە وانەکە و ڕوونکردنەوەکانی مامۆستا، چونکە پڕۆگرامی خوێندنەکە لەبەردەستیانە لە کتێبە مەنهەجییەکان و وانەکانی خوێندکارە یەکەمەکان کە بەسەرکەوتوویی ئەو قۆناغە خوێندنەیان تێپەڕاندووە، خۆیان قەناعەتیان پێکردووە کە خوێندن بۆ تاقیکردنەوە پێویستە، بۆیە بەدەگمەن پێنووس یان پارچە کاغەزێکت لەلای دەبینێت، و دەگمەنتریش ئەوەیە تێبینییەک بنووسێت یان پرسیارێک بکات لەناو یان لە دەرەوەی چوارچێوەی وانەکە، ڕووخسارەکانی ئەو خوێندکارانەی کە بە جەستەیان ئامادەن، بەڵام دڵیان یان بە مۆبایلەوە بەستراوەتەوە چاوەڕێی پەیام یان ئاگاداریێک دەکەن، بە شوێن یان کاتێکی ترەوە بەستراوەتەوە بەهۆی دۆخێکی ئابووری یان کۆمەڵایەتی، یان چیرۆکی خۆشەویستییەک، لای ئەمانە پرسیارکردن تاکە شتێکە کە بە تەواوی بیری لێناکەنەوە.

ڵەڕاستیدا ئەم بیرۆکەیەم هاتە مێشک دوای ئەوەی ڕۆمانی “کوردستان کێ لە ئێمە خۆشی ناوێت؟”م خوێندەوە و دەبینم کە هەندێک لە بەشەکانی ئەم ڕۆمانە زۆر گونجاوە بۆ وانەوتنەوە لەناو پڕۆگرامی بابەتی کوردۆلۆجی لە زانکۆکانماندا لە هەرێمی کوردستان، چونکە زانیاری و وێستگە و بەڵگەنامەی گرنگ لەخۆدەگرێت دەربارەی مێژووی کورد.
بۆ ئەوەی چوارچێوەکە پەرتەوازە نەبێت، دەگەڕێمەوە بۆ بابەتی ئەو پرسیارەی کە لە ئەو بەرپرسە ڕێزدارە کردم، ڕەتی کردەوە و گوتی ئەوە ناکرێت، چونکە ڕۆمان ئەدەبە و لەگەڵ لایەنی بنەڕەتی بابەتی کوردۆلۆجیدا ناگونجێت چونکە – وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد – بنەڕەت و مێژوو و جوگرافیای کورد لەخۆدەگرێت واتە بابەتەکە ئەدەبی پوخت نیە نییە، بەڵام من باوەڕم وایە کە ڕۆمان ئەدەبی پوخت نییە وەک شیعر، بەڵکو ڕۆمانی مێژووی و ڕۆمانی فیکری و ڕۆمانی فەلسەفی و ڕۆمانی سیاسی هەیە، زانکۆی زۆر لە جیهاندا ڕۆمانەکانی دۆستۆیڤسکی و شێکسپیر و جۆرج ئۆرویلیان کردووە بە پڕۆگرام لە کۆلێژەکانی زانستە سیاسییەکان و زانستە کۆمەڵایەتییەکان و، بەتایبەتی ئەو بابەتانەی کە پەیوەندییان بە فەلسەفە و مێژوو و بیر و سیاسەتەوە هەیە، و لێرەدا ئەحمەد زاویتی پشتگیریی لێکردم بەوەی کە گوتی زانکۆی ئەمریکی لە واشنتن بەشێک لە ڕۆمانەکەی هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی لەو زانکۆیەدا بخوێندرێتەوە.
کات نەبوو، هەروەها گونجاو نەبوو کە زیاتر کار لەسەر قەناعەتپێکردنی بکەم، بەڵام حەزم دەکرد پێی بڵێم دەربارەی ئەو ڕۆمانە مێژووییانەی کە بوون بە بەشێک لە بیرەوەرییەکانی گەلان و یارمەتییان دا، لە خوێندنەوەی دووبارەی مێژوو و دروستکردنی ناسنامە، وەک ڕۆمانی “جەنگ و ئاشتی” تۆلستۆی کە باسی جەنگەکانی ناپلیۆنی کرد و، مێژووی لە دیدی خەڵکەوە نووسییەوە نەک سەرکردە، و بیرۆکەی پاڵەوانی مێژوویی شکاند، و ڕۆمانی “ثلاثية غرناطة” ى نووسەری میسری رضوى عاشور، و (ثلاثية القاهرة) ى نجیب محفوظ، و و (خماسية مدن الملح )ى عبدالرحمن منیف، و (ابالي تركستان)ى نجیب الكیلانی… و ڕۆمانی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد “شڤانێ کورد” کە باسی خەباتی کورد دەکات لە سەدەی بیستەم، باشترین نموونەیە.
لەبەر ئەمە دەبینم کە ڕۆمان بخرێتە ناو پڕۆگرامی مەنهەجی لە زانستە مرۆییەکاندا، چونکە یارمەتی تێگەیشتن دەدات و خوێنەر کارلێک دەکات لەگەڵیدا، چونکە لە هەمان کاتدا عەقڵ و دڵ پێکەوە بانگ دەکات، و بەم شێوەیە توانای خوێندکار لە تێگەیشتن و شیکاری و نووسین پەرە پێدەدات.