گوڵاڵە عبدالعزیز
ئەوەندەی بیرم بێت لە منداڵیدا هەرگیز زۆرم لێ نەکراوە کەنوێژ بکەم و لەچک بدەم بەسەرما، یاخود بڵێن نابێ ئەوەبکەیت یان ئەوە نەکەیت، بەڵام دایکێکم هەبوو پەری ئاسا پارچەیەک بوو لە ئامۆژگاری ڕاستگۆ لە قسەو مامەڵە ڕقی لەکەس نەبوو باسی کەسیشی بەخراپی نەدەکرد، هەموو کەسی خۆش ئەویست حەزی لەچاکەی هەمووان بوو بەدەم خزم و هاوڕێکانیەوە بوو، سەردان وخزمایەتی بەشێک بوو لەو، نەرم ونیان و کەم دوو، نوێژەکانی لەکاتی خۆیدا و بەخشوعەوە دەکرد لەپاڵ فەرزەکان سونەتەکانیشی جێ بەجێ دەکرد.
هەموو شەوێک لەناو جێدا ئەوسورەتانەی لەجوزئی عەمە لەبەربوو لەسەرخۆی ئەیخوێندو، ئەیوتەوە کە ئەوە خۆشترین ئاوازە هەرگیز لەبیرم ناچێتەوەو، لەناوخانەکانی مێشکمدا دەنگ ئەدەنەوە، لەگەڵمان وەک هاوڕێ بوو لەسەردان لەدانیشتن وگفتوگۆ، کەسێتیەکی بەویقار و ڕۆحی گەنجانەبوو
لەگەڵ ئەوەی نەخوێندەوار بوو، بەڵام وەک پەرتوکێکی بەسوود وابو بۆمان بۆیە ڕاستەوخۆ ئەو ئاکارەی لەئێمەدا ڕەنگی ئەدایەوە کاتێک گەورەبوم و تەمەنم کرد هەستم کرد بەشێکم لەدایکم، بۆیە هەمیشە سوپاسگوزارین کەخوای گەورە لەنیعمەتی دایک وباوکی باش بێ بەشی نەکردین.
ئەگەر ئەتەوێ پەیام و ئامۆژگاری کەسانی چواردەور یان منداڵەکانت بکەین هەوڵ بە زیاتر لەڕێی ئاکارو ڕەوشتەوە بیگەیەنیت، چونکە ئەوە ئەبێت بەنەخش لەکەسایەتیان.