لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە
وەرگێرانی: د.بێخاڵ ئەبوبەکر
ڕۆژی ١٧/١٢/٢٠٢٥ لە دەنگدانێکی مێژووییدا، (٨١) بە (٧٧) دەنگ، زۆرینەی وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پشتیوانی (خێزان) و (مافی ژیان)ن، لە لابردنی بڕگەی “ئاڕاستەی سێکسیی و شوناسی جێندەریی”، “Sexual Orientation and Gender Identity”، کە بە کورتکراوەی (SOGI) ناسراوە، لە بڕیارنامەیەکی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، سەرکەوتنیان بەدەستهێنا!
ئەمە سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ منداڵ و خێزان و مافی دایباب و سەروەری نەتەوەیی!
زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا بە بێدەنگی مانەوە، و جێگەی داخە کە هەنگاریا و ئیتاڵیا، بۆ لابردنی (SOGI)، دەنگیان لە دژی هەموارکردنەکە دا.
ئێستا لەگەڵ گۆڕانی ئیدارەی ئەمریکا و بوونی دەنگی ئەمریکا بە (بەڵێ) بۆ ئەو هەموارکردنە ڕەخنەگرانە و هاندانی وڵاتانی دیکە بۆ پشتگیریی، ئەم هەنگاوە جیاوازەی هێنایەکایەوە!
دەتوانن لە لینکی https://webtv.un.org/en/asset/k15/k154dwxahu)) تەلەفزیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەنگدانەکە ببینن، و بۆ ئەوەی بزانن وڵاتەکان چۆن دەنگیانداوە سەیری ئەم چارتەی خوارەوە بکەن:

بڕیار بوو دوو ڕۆژ لەمەوبەر دەنگدانەکە ئەنجام بدرێت بەڵام یەکێتی ئەوروپا داوای دواخستنی ٤٨ کاتژمێری کرد بۆ ئەوەی کاتیان بۆ فشارخستنەسەر و زۆرلێکردنی وڵاتانی زیاتر هەبێت بۆ دژایەتیکردنی هەموارکردنەکە کە لە چارتەکەدا بە ڕەنگی(سوور)، و خۆپارێزیی بە (زەرد) نیشانەکراون، یاخود هەر ئامادەنەبوون (بڕوانە ئەو وڵاتانەی کە هیچ نیشانەیەکیان بۆ دانەنراوە).
لە ڕاستیدا، ئەم هەموارکردنە (A/80/L.40) بریتی بوو لە لابردنی (SOGI) لە بڕیارنامەیەکدا کە مافەکانی کەمئەندامان بەرەوپێشدەبات (بڕوانە پەرەگرافی 7ی لە بڕگەی A/C.3/80/L.44/Rev.1)، لەلایەن ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامیی OIC)) (Organization of Islamic Cooperation) پێشکەشکرا، کە بلۆکێکی دەنگدانی سیاسییە و لە ٥٧ دەوڵەتی ئیسلامیی پێکهاتووە. هەرچەندە بەداخەوە هەموو ئەندامێکی OIC)) دەنگی بە هەموارکردنەکە نەدا، بەڵام جیهان زۆر سوپاسی سەرکردایەتی ڕێکخراوی OIC)) دەکات کە هەموارکردنەوەیەکیان پێشکەشکردووە زۆرینەی وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانن لە دەوری کۆببنەوە.
ڕۆڵی ڕێکخراوی چاودێری خێزان (FWI)
تیمەکەمان لە ڕێکخراوی چاودێری خێزان، ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو، نامەیان بۆ نوێنەرایەتییەکانی وڵاتان لە نەتەوە یەکگرتووەکان نارد و لۆبیکردنیان بۆ هاندان لە پشتگیری هەموارکردنەکە، ئەنجامدا.
هەرچەندە ئاماژەی (SOGI) لە بڕیارنامەکەدا لەوانەیە لەلایەن هەندێکەوە بە قەدەغەکردنی هەڵاواردن ڕاڤەیبکەن، بەڵام ئەمە هەڵەتێگەیشتنە، ئەم دەنگدانە تەنها سەبارەت بە پاراستنی مافە سەرەتاییەکانی هەموو تاکەکان نەبوو، کە پرسێکە بەتوندیی (FWI) پشتگیریدەکات، پێش دەنگدانەکە، لە ڕاگەیاندنێکی بەپەلەدا، (FWI) ویلایەتەکانی ئاگادارکردەوە کە:
- (SOGI) هیچ بنەمایەکی لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا نییە و تەنیا لەلایەن کەمینەیەکی وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانپێدانراوە.
- نابێت (SOGI) لە ڕێگەی بڕیارنامەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە لە ئاستی جیهانیدا، بسەپێندرێت.
- “ئەجێندای (SOGI)” بۆ پاساوهێنانەوە بۆ بەرنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەکاردەهێنرێت، کە مافەکانی دایباب پێشێلدەکەن و منداڵان دەخەنە بەر ماددەی زیانبەخشی سێکسیی و ڕەگەزگۆڕین.
- پەسەندکردنی بڕگەکانی جیاکارینەکردنی (SOGI)، دەوڵەتان بە پاراستنی منداڵان و گەنجان لە دەستڕاگەیشتن بە هۆرمۆنەکان و نەشتەرگەری شێواندنی جەستەی منداڵان، لەنێو شتەکانی تردا، پابەنددەکەن .
هەروەها ئەگەر (SOGI) لەم بڕیارنامەیەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بمایەتەوە، ئەوا وەک ساڵانی پێشتر، لەلایەن یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی هاوبیریەوە بۆ پێشخستنی ئەجێندای توندڕەو و ڕادیکاڵی ڕەگەزگۆڕین بەکاردەهێنرا، کە ئەم بابەتانەی لەخۆگرتبوو:
- ناچارکردنی ژنان و کچان بە بەکارهێنانی شوێنی دەستشۆریی و حەمام و تیمی وەرزشی و زیندانەکان لەگەڵ پیاوانی ڕەگەزگۆڕدا، هەروەها جێبەجێکردنی بەرنامەکانی پەروەردەی سێکسیی کە لە ناواخندا هاندەری تاقیکردنەوەی سێکسیی و سەرلێشێواندنی منداڵانن سەبارەت بە حەقیقەتی بایۆلۆژی خۆیان.
- دابینکردنی پارە لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ نەشتەرگەریی شێواندن و هۆرمۆنەکان کە ژیانی منداڵان دەگۆڕێت و نەزۆکیان دەکات.
بۆچی ئەم دەنگدانە گرنگە؟
ساڵانێکە چالاکوانانی ئەجێندا نامۆکان، لە هەوڵی بەکارهێنانی بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندان بۆ ئەوەی بە بێدەنگیی چەمک و زاراوەی کۆمەڵایەتی نوێ و پڕمشتومڕی ئەوتۆ بهێننەکایەوە، کە هەرگیز وڵاتان، لە یاسای نێودەوڵەتیدا، لەسەریان ڕێکنەکەوتوون. کاتێک ئەم جۆرە زمانە دەچێتەناو دەقەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، دواتر زۆرجار بۆ فشارخستنە سەر حکومەتەکان و کاریگەری لەسەر دادگاکان و دووبارە داڕشتنەوەی یاسا نیشتمانییەکان بەکاردەهێنرێت، ئەمەش بە شێوەیەکی سەرەکی لەو پرسە هەستیارانەی کە پەیوەندییان بە منداڵان و پەروەردە و ژیانی خێزان و دەسەڵاتی دایبابەوە هەیە.
ئەم دەنگدانەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو پرۆسەیەی لە شوێنی خۆیدا ڕاگرت!
بە ڕەتکردنەوەی زمانی (SOGI)، وڵاتان پەیامێکی بەهێزیان ئاراستەکرد سەبارەت بەوەی کە ناکرێت مافی دەستکرد و داتاشراو لە ڕێگەی زمانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بهێنرێتەئاراوە؛ هەروەها دەبێت ڕێز لە خێزان و دایکوباوک بگیرێت نەک پەراوێزبخرێن؛ و یاسای نێودەوڵەتی هی هەموو میللەتانە و لەلایەن هەموو گەلانەوە پەرەیپێدراوە، نەک لەلایەن دەنگی کەمینەیەکی چەوسێنەرەوە کە پارەی زەبەلاح لەپشتیانەوەیە.
خاڵێکی وەرچەرخان لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا
گرنگیی ئەم ساتەوەختە لە ئاماژەداندایە بەوەی هاوسەنگیی جیهانی لەسەر پرسە گرنگەکان کە کاریگەرییان لەسەر (خێزان) هەیە، لە گۆڕاندایە. سەرەڕای لۆبیکردنی بەهێز لەلایەن هەندێک لە حکومەتە دەستڕۆیشتووەکانی ڕۆژئاواوە، گروپێکی بەرفراوان و هەمەچەشنی گەلان ئامادەنەبوون لەگەڵیاندا بڕۆن. بەرەنجامی ئەم دەنگدانە، ئەفسانەی “کۆدەنگی جیهانیی” لەمەڕ ئایدۆلۆژیای “ئاڕاستەی سێکسیی و شوناسی جێندەریی”، پووچەڵکردەوە.
ئەمە یەکێکە لە ڕوونترین ئاماژەکان کە تا ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرهەڵستی ئەو ئایدۆلۆژیا نامۆیە دەکات، و بوژانەوەیەکی جیهانیی بۆ (خێزان) لە گەشەسەندندایە، ئەمەش زۆر جێی دڵخۆشیی و ڕەچاوکردنە.
دواتر چی ڕوودەدات؟
ئەم سەرکەوتنە کۆتایی بە مشتومڕەکە ناهێنێت، بەڵام دەیگۆڕێت. لایەنگرانی (خێزان) لە بەرەوپێشچووندان، زیاتر ڕێکخراون و متمانەیان بەخۆیان زیاترە و ئامادەن بۆ بەرگریکردن لە مافە نێودەوڵەتییە دانپێدانراوەکانی مرۆڤ، بەبێ ئەوەی ڕێگە بە لێکدانەوەی ئایدیۆلۆژیی بدەن.
لە سایەی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامیی و وڵاتانی هاوبیریان لە سەرانسەری جیهان و بە تایبەت ئەمریکا، هەلومەرج لە نەتەوە یەکگرتووەکان و لە سەرانسەری جیهاندا لە گۆڕاندایە بەرەو دانپێدانان بە مافی سەروەریی وڵاتان لە پاراستنی قەوارەی خێزان و تایبەتمەندیی بەها ئایینی و کولتوورییەکانی خۆیان، و هەروەها ئەو خزمەتگوزارییە پزیشکییانەی کە منداڵەکانیان وەریدەگرن، و زۆر شتی تر.
هیوادارین لە ئاهەنگگێڕان بەم سەرکەوتنە هاوکارمان بن بە گەیاندنی مژدەی ئەم هەواڵەخۆشە بە خێزان و هاوڕێکانتان، و پیرۆزبایی لەو وڵاتە بوێرانەی کە ئەمڕۆ جەسوورانە کارنامەی (SOGI) یان لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڕاگرت.
پێکەوە سەلماندمان کە (خێزان) هێشتا دەنگێکی بەهێزی لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەیە، و کاتێک خەڵک هەڵدەستن، دیارترین دامەزراوەکانیش دەبێت گوێبگرن.

شارۆن سلەیتەر
سەرۆکی ڕێکخراوی فامیلی ۆچ ئینتەرناشناڵ
سەرچاوە: www.familywatch.org