نوسینی: مانڤی ئۆپادیای
وەرگێڕانی: هاودەنگ عومەر
هەر کاتێک ئەم پرسیارە دەکرێت کە ئایا چ دامەزراوەیەک شایەنی ئەوەیە بە یەکەم زانکۆی جیهان دیاری بکرێت، وەڵامی ئەم پرسیارە پشت بەوە دەبەستێت کە ئایا چۆن پێناسەی زانکۆ دەکەین!
لە پێش هاتنی مۆدیرنە بە ماوەیەکی زۆر، لە سەردەمەکانی ڕابردوودا، کلتوورە پێشکەوتووە دێرینەکان، چەندین سەنتەری فێربوونی ئاستبەرزیان دامەزراند، هەریەک بە میتۆد و نەریت و تایبەتمەندێتی خۆیانەوە .
لە نێو ئەمانەدا، زانکۆی نالادا لە هیندستان بە سەرەتاترین و باشترین دامەزراوەی فێربوون دادەنرێت، هەرچەندە ڕێکخراوە جیهانیەکانی وەک یونسکۆ و گینس بۆ ژمارە پێوانەییەکان، قرویین لە مەغریب بە یەکەمین زانکۆ دادەنێن کە تا ئێستا بەردەوام بێت.
کامیان یەکەمین زانکۆی جیهانە؟
زانکۆی نالادا لە سەدەی پێنجەمی زایینیدا دامەزراوە. دامەزراوەیەکی گرنگ و تەواوبوو بە شێوازێک سەرنجی هەزاران خوێندکاری لە چین تا تەواوی ئاسیای بۆ خۆی ڕاکێشابوو. کتێبخانە گەورەکەی (دارماجانجا)، مەنهەجێکی پتەوی داڕێژراو و بۆردێکی خوێندکارانی نێودەوڵەتی و هەروەها بەرێوبەرایەتیەکی فاکڵتی کە هاوشان بوو بەراورد بە زانکۆکانی سەدەکانی ناوەراست. وەک ناوەندێکی جیهانی کە گاریگەری هەبووە لەسەر پەروەردە، کلتوور، ئالوگۆڕی زانستی و فەرهەنگی لە سەرانسەری ئاسیا، کە ئەکادیمستەکان لە چین، کۆریا، تیبت، باشوری ئاسیاوە بە مەبەستی خوێندن، دیبەیت، بەشداریکردن، گەشتی درێژخایەنیان بۆ کردوە.
بابەتەکان کە لەم زانکۆیەدا دەخوێنران بریتی بوون لە فەلسەفە، لۆژیک، بیرکاری، فەلەکناسی، دەرمان، بوداناسیی. بەڵام لە دوای وێران بوونی لە سەدەی دوانزەدا، بەردەوامبوونی زانکۆکە گرفتی بۆ دروست بوو کە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە بە کۆنترین زانکۆیەک دانەنرێت کە بەردەوام بووبێت.

زانکۆی نالادا
زانکۆی نالادا جارێکی تر لە ساڵی ٢٠١٠ بە دیزاینێکی مۆدێرن بونیادنرایەوە بە شێوەیەک کە ئیلهامی لە پێشینانی خۆیەوە وەرگرتووە، بە تێکەڵکردن لەگەڵ ئەکادیمیستی مۆدێرن و ئاڵوگۆڕە کەلتورییەکاندا.
هەرچەندە زانکۆی نالادا یەكێک نیە لە زانکۆ بەردەوامەکان کە پچڕانی تێنەکەوتبێت، بەڵام ڕەمزی کۆنترین و کاریگەرترین زانکۆ لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، وەردەگرێت.
بۆچی زانکۆی قرویین بە کۆنترین زانکۆ لە جیهاندا دادەنرێت ؟
رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی وەک یونسکۆ و گینس بۆ ژمارە پێوانەییەکان زانکۆی قرویین بە کۆنترین دامەزراوەی پەروەردەیی دادەنێن کە تا ئێستە مابێتەوە، هەرچەندە زانکۆکانی سەدەی ناوەراست وەک بۆڵۆنیا و ئۆکسفۆرد، هەیکەلیەت و بونیادی زانکۆکانیان لە سەدەکانی ١١ و ١٢ دامەزراند، بەڵام زانکۆی قرویین بە چەندین سەدە، بە ناوەندێکی ئەکادیمی گرنگ هەژماردەکرا، کە لە ساڵی ٨٥٩ ی زاینی لە لایەن فاتمە ئەلفەهری بونیادنرا، ئافرەتێکی موسڵمانی خوێندەواری خانەدانی بە رەچەڵەک تونسی بوو. قرویین سەرەتا وەک مزگەوت و ناوەندێکی فێربوون لە مەغریب دامەزرێنرا. بە تێپەبوونی کات بەرفراوانی بەخۆوە بینی بە شێوازێك کە ببێتە سەنتەرێکی بنیادنەری ئەکادیمی کە سەرنجی زانایان و، ئەکادیمیستەکانی بۆ خوێندنی بەشە گرنگ و گەشەسەندوەکانی وەک: ئیلاهیات ، فقه ، بیرکاری، فەلەکناسی، ڕێزمان، فەلسەفە، ڕاکێشابوو.
لە کۆتاییدا هەردوو زانکۆکە نوێنەرایەتی باشترین و دەوڵەمەندترین میراتی جیهانی بەرزترین دامەزراوەی فێربوون دەکەن. بەشێوەیەک نالادا نوێنەرایەتی ڕۆشنبیری و هزری پێشین دەکات و قرویین نمونەی بەردەوامییە.