دووشەممە , ئه‌یلول 22 2025

ئافرەتانیش دەتوانن بۆنەکانی مارەبڕین، ناولێنان ئاشتەوایی بەڕێوەببەن

ئا: شادان
زۆرینەی کات کۆڕو کۆبوونەوە و بۆنە ئاینی و کۆمەڵایەتییەکان لە لایەن زانایانی ئاینی پیاوەوە بەڕێوە براوە، ئەمە وایکردوە سیمایەکی پیاوانە بکرێت بەبەری بۆنەکانداو، بەشداربووان زیاتر پیاو بن، کاتێک دایکی منداڵێک نۆمانگ زەحمەتی کێشاوە بە کۆرپەکەیەوە، بەڵام لە ساتەوەختی ناولێنانی کۆرپەکەی بێبەش دەبوو، چونکە شەرمی کردوە بچێتە نێو کۆبونەوەی پیاوانە.
ساڵانێکە چەند خوشکێکی بەتوانا لەلایەن مامۆستاکانیانەوە مۆڵەتی زانستی شەرعیان پێدراوە و، باش وایە ئەو دەرفەتەیان بۆ بڕەخسێت کە زانستەکەیان بخەنە خزمەتی خەڵکیەوە..
خانمێکی سەنگین بەناوی (خاتوو شانۆ) لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو مەراسیمێکی شایستەی بۆ منداڵە تازە لەدایکبووەکەی ڕێکخست، کەتێیدا خانمانی بەشداری پێکردبوو، وە مامۆستای ئاینی خانمیشی بانگهێشت کردبوو بۆ بەڕێوەبردنی بۆنەکەی، ئایندەسازی لێی پرسیووە: چۆن بوو بڕیارتاندا مامۆستایەکی ئاینی ئافرەت هەڵبژێرن بۆناولێنانی جگەرگۆشەکەتان؟
‎خاتوو شانۆ: هەڵبژاردنی مامۆستای ئاینی خانم جیاوازی نەبوو لەلامان، ئەوەی لای ئێمە گرنگ بوو كەسێكی شارەزا و بە توانا بێت، سوود بە میوانەكان و كۆبونەوەكە بگەیەنێت، لەسەرە هەموویەوە قبووڵبوونی بۆنەكەمان لەلایەن خوای گەورە.
‎ئایندەسازی: تاچەند ئاسودەبوون لە ڕێوڕەسمەکەدا خۆتان و بەشداربووانیش؟   
خاتوو شانۆ: بوونی مامۆستای خانم لەناو خانماندا ئاسوودەیی زیاتری بە خانمان بەخشی و، بووە هۆی بەردەوامی زیاتری كۆبوونەوەكە.
‎ئایندەسازی: ئایا ئامادەییتان هەیە بۆ هەر ڕێوڕەسمێکی لەو جۆرە مامۆستای ئاینی خانم بانگهێشت بکەن؟
‎خاتوو شانۆ: لە دێر زەمانەوە خانمان پلەی ئاینی بەرزیان هەبووە خوێندكار و مورید و فەقێی خانەقاكان بوون و، شان بە شانی پیاوان خزمەتی پەیامی خوای گەورەیان كردووە، بەڵام كۆمەڵگە دواتر بۆتە هۆی جیاكاری نێوان ڕەگەزەكان، بەڵی ئەمەوێ دووبارە زۆر بە خۆشحاڵیەوە ئامادەین.
مامۆستا سومەییە مەحمود وەک مۆڵەتپێدراوێکی زانستی شەرعی و مامۆستای ئاینی، بۆ بەڕێوەبردنی بۆنەی ناولێنانی جگەرگۆشکەی خاتوو شانۆ بانگێشت کرابوو بەم جۆرە بۆمان دوا: خێزانێکی بەڕێز کە بانگهێشتی ئافرەتانیان کردبوو بەتەنهاو پیاوان تێکەڵ نەبوون، ئەمە کەشێکی تایبەت و خۆشبوو، وا پێویست بوو کەوا مامۆستایەکی ئاینی ئافرەت بڕوات بۆ مەراسمەکەیان و بۆ ناولێنانی مناڵەکەیان، منیان بانگهێشت کرد، منیش بەخۆشحاڵیەوە ڕۆشتم و ناوی مناڵەکەم نا و، بانگماندا بەگوێیدا.


ئایندەسازی: ئایا ئەزموونێکی جیاواز بوو بۆتان؟ م.سومەییە :بەڵێ، بێگومان، ئەزموونێکی جیاواز بووە بۆ من، لەبەر ئەوەی کەوا هەتاوەکو ئێستا زیاتر پیاوان بانگ کراون بۆئەو مەراسیمانە. بە حوکمی ئەوەی کەوا ئافرەتان ئیجازەی مەلاتیان نەبووە، بیر لەوە نەکراوەتەوە کەوا دەتوانرێت ئافرەتیش لەو مەراسیمانەدا شان بە شانی پیاوان ئەو بۆنانە بەرێوەبەرن، وەک بۆنەی ناونانی منداڵ و پرسە و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی هتد.. بارودۆخەکە ئەزانی ئەگەر شوێنەکە گونجاو بوو، هەمووی ژن بوو وا باشترە ئافرەتێک بڕوا بۆئەو بۆنانە و، ئەگەر پیاو بوو باشتر وایە پیاوێک بڕوات. لە پێشدا لەبەرئەوەی زیاتر پیاوان بوون هەر پیاویش بانگکراوە، لەلای خەڵک وا زانراوە کەوا ئافرەتان بۆیان نییە ئەم بۆنانە ببەن بەرێوە. بەڵام خۆشبەختانە سوپاس بۆخوا خەریکە خەڵک چاو کراوە ئەبێ لەو بوارانەدا، کە ئەمە شەرعەن دروستە و هیچ کێشەیەکی نییە.
ئایندەسازی: ئایا ئامادەییتان هەیە بۆ مەراسیم و بۆنەکۆمەڵایەتیەکان ئەگەر بانگهێشت بکرێن؟
م. سومەیە: ئێمە ئامادەین و لە خزمەتی کۆمەڵگەی خۆمانین، بەمەرجێک لە سنوری شەرع دەرنەچێت، ئەو شتانەی کە شەرع هیچ ڕێگریەکی لێنەکردوە، ئێمە بە پێی توانا چەند بخوازێت و چەندێک پێویست بکا بڕۆین ئامادەین، بۆهەر بۆنەیەک جگە لە بابەتەکانی تەلقین و کفن و دفن کردنی مردوو، کەزیاتر تایبەتە بە پیاوان، خۆ ئەگەر لە شوێنێکە پیاوان نەبوون یا وجودیان نەبوو لەو شوێنەدا، ئەوا ئافرەتیش بە هەمانشێوە دەتوانن ئەویش ئەنجام بدەن.
خاتوو هەڵاڵە محمەد ئەڵماس وەک مۆڵەتپێدراوی زانستی شەرعی و مامۆستایی ئاینی لەساڵانی زووەوە بەشداری ئەم بۆنەی کردوە و بەم جۆرە بۆ ئایندەسازی دوا:
دیارە بۆنە کۆمەلایەتیەکان ژن و پیاو تێیدا بەشدار و کۆمەڵگەی ئێمە وانازانم جیاوازی تێدا کردبێت، بەڵام لەبەڕێوەبردنی ئەو ڕێوڕەسمەدا مامۆستایانی ئایینی ئەو کارەیان ئەنجامداوە، وەک ناونانی منداڵ و ژن مارەکردن و نوێژی مردوو و مەجلسی تەڵاق و مەجلسی ئاشتەوایی و….


ئێمە وەک کۆمەڵێک لە مامۆستایانی ئافرەت کە مۆڵەتی زانستە شەرعییەکانمان لای ناودارترین زانای کوردستان وەرگرتووە، بۆئەو بابەتانەی ئاماژەمپێدا لەڕووی شەرعەوە هیچ ڕێگریەک نیە کە ئافرەت نەتوانی ئەو کارانە ئەنجام بدات، ئەوەی هەیە تەنها دابونەریتی کۆمەڵگەیە.
وەک هەڵاڵە محمد ئەڵماس بەشداری پڕۆسەی ئاشتەواییم کردووە چەندینجار،  وە لەسەرەتای دووهەزارەکان لەکۆڕی وەلیمەی کچێکی شیرین و جوان بەشداربووم و ناوم ناوە کە سوپاس بۆ خوا ئێستا کۆلیجی تەواو کردووە.
ئایندە سازی: بۆچی نەبۆتە پیشە یا بڵێین بۆچی کەمتر هەڵدەستن بەم کارانە ؟
هەڵاڵە محەمەد ئەڵماس دەبێ بزانین ئێمەی  خاوەن مۆڵەت توعیەو هۆشیاری و، بەڕێوەبردنی قوتابخانەی بابەتە شەرعیەکان و بەشداری خول و دەوراتی بابەتە شەرعیەکان بۆ ئافرەت کاری سەرەکی و لەپێشینەمانەو هەر کارێکی تر کە بێتە پێشەوە بەشدار دەبین تێیدا ، نەک ئەوەی خۆمان ئەو کارانە نەکەین، بەڵکو ئەوە عورفەو دەکرێ هێواش هێواش کاری لەسەر بکرێت.

بۆ دڵنیایی بابەتەکە لە ڕووی شەرعییەوە، ڕوومان لە بەڕێز مامۆستا مەلا فاروق سەنگاوی پێشنوێژو وتارخوێن کردوە، بابەتەکەی بەم جۆرە بۆ ڕوونکردینەوە:
ئایندەسازی: ئایا مامۆستایانی ئاینی خانم، تاچەند لە ڕووی شەرعیەوە ئەتوانن بۆنە ئاینی -کۆمەڵایەتیەکان ڕاپەڕێنن وەک ناولێنانی منداڵ. پرسە مارەبڕین ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی، تەڵقین …هتد؟
مامۆستا فاروق: ئەم مەراسیمانە لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا بە مەرج نەگیراوە تەنها زانای ئاینی پیاو ڕایپەرێنن، بەڵکو لەکاتی پێویستدا ژنیش دەتوانێ ئەنجامی بدات، بەتایبەت ئەگەر کۆڕو کۆبوونەوەکە تەنها ژنان ئامادەییان هەبوو، ئەتوانرێ و باشتریش وایە مامۆستایەکی ئاینی ئافرەت مەراسیمەکە ڕاپەڕێنێت و وتار بدات، وەک مەراسیمەکانی ناولێنان پرسەهەڵگرتن، مارەبڕین، ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی، بەڵام هەندێ بۆنەی وەک تەڵقین و کفنکردنی مردوو، چونکە زیاتر پیاوان ئامادەییان هەیە، وا دروستە زانایانی ئاینی  پیاو ئەنجامی بدات، ئەویش ئەگەر لە حاڵەتێک وا ڕێککەوت هەر ژن ئامادەیان هەبێت دەتوانرێت خانمان مەراسیمەکە ڕاپەڕێنن، بەکورتی کۆرو کۆبوونەوەکە دیاری دەکات کە کامیان مەراسیمەکە بەڕێوە ببات، ئەوەی هەیە ئەو بوارانەی لە جیهانی ئیسلامیدا جێی گفتو گۆیە، لە سەر ئەوەی ئایە دروستە یا دروست نیە وتار بێژی و پێشنوێژییە،  ئەگینا بوارەکانی دیکە هیچ موناقەشەی لەسەر نییە  

ئایندەسازی:بەشداری زانایانی خانم لە بەڕێوەبردنی بۆنەکان کارئاسانی دروست دەکات بۆ مامۆستایانی ئاینی؟

مامۆستا مەلا فاروق سەنگاوی: ئەوە کۆبونەوەکە ئەیزانێ جاری وا هەیە گونجاوە کە هەر ژن بێت ئەمەش کار ئاسانییە بۆ ئێمە ئەگەر خانمێک بەڕێوەی ببات، جاری واش هەیە کە گونجاوە  مامۆستایەکی ئاینی پیاو بۆ کۆرو کۆبونەوەکە قسە بکات، ئەگەر کۆرو کۆبونەوەکە بە زوری پیاو بوو.

Check Also

ژنێکی عاشقی چاوەڕێ

شادان تالبکەمن ئەو کتێبە سەرگوزەشتەییانەی لەیەک کاتدا کەمەنکێشت بکات بۆ زۆرینەی ئەزموونەکانی ژیان، ئیمان، دینداری، …