شەممە , ئه‌یلول 6 2025

هەرگەلێک ئافرەت پێشەوای بێت، سەرکەوتوو نابێت!

د. هەتاو حەمە صالح  
یەکێکی تر لەو فەرموودانەی لەسەر پرسی ئافرەتاندا مایەی مشتومڕە، بریتییە لەوەی گوایا پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت) فەرموویەتی (لَن يُفلحَ قَومٌ وَلّوا أمرَهُم إمرَأة) (صحيح البخاري، رقم الحديث: 7099)، واتە سەرکەوتوو نابێت ئەو گەلەی کە کاروباری خۆیان سپاردبێتە دەستی ئافرەتێک!! دەکرێت وەڵامی ئەم گومانە لەم چەند خاڵەدا بخەینەڕوو:
١/ ئەم ریوایەتەش لە جۆری ئاحادە و هەموو گێڕانەوە جیاوازەکان دەڕۆنە سەر یەک پیاو بەناوی (أبو بكرة)، بەپێی ڕای زانایان فەرمودەی ئاحاد زیاتر گومان دەگەیەنێت نەک یەقین.
٢/ فەرمودەکە بە پێنج ڕیوایەتی جیاواز هاتووە، واتە لە جۆری فەرمودەی لەرزۆک (المضطرب) هەژمار دەکرێت.
٣/ بە تێڕامان لە داڕشتنی فەرمودەکە دەردەکەوێت کە بەشێوەی فەرمان (الأمر والنهي) نەهاتووە، بەڵکو هەواڵێک بووە و بە پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت) ڕاگەیەندراوە. کورتەی باسەکە ئەوەیە: خەڵکی وڵاتی فارس کچێکیان بە فەرمانڕەوای خۆیان و لەجێی کیسرا داناوە. لەو کاتەدا پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت) فەرمووی ئەو میللەتەی ئافرەت سەکردایەتییان بکات سەرکەوتوو نابێت. ئەمەش لە کاتێکدا بووە کە پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت) پێشتر نامەی بۆ کیسرا ناردبوو، بەڵام ئەو ڕێزی لەنامەکە نەگرتبوو و دڕاندبووی، کاتێک هەواڵ هاتەوە بۆ پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت) دوعای لێکرد و فەرمووی خوایە تۆش موڵک و دەسەڵاتی ئەو تێکوپێک بدە و بیشێوێنە. لەبەرئەوە کاتێک وترا دەوڵەتی کیسرا ناکۆکی کەوتوتە ناویان و کوڕ باوکی خۆی کوشتووە و، ئێستا ئافرەتێک دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت) فەرمووی سەرکەوتوو نابن. واتە فەرمودەکە تایبەتە بەو سەردەمەی وڵاتی فارس و گشتی نییە.
لەمەش زیاتر خودی گێڕەرەوەی ناوبراو لە گێڕانەوەکەیدا دەڵێت: لە کارەساتی جەنگی جەمەلدا ئەم فەرمودەیەم بیرهاتوەتەوە واتە نزیکەی ٢٦ سال دوای وەفاتی پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت) درکاندویەتی.
سەرباری ئەمانەش (أبو بكرة) یەکیک بووە لەو کەسانەی تۆمەتی زینای دابووە پال هاوەڵی پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت) (موغەیرەی کوری شوعبە) ئینجا بەهۆی ئەوەی چوار شایەتی نەبوو بە فەرمانی پیشەوا( عومەری کوڕی خەتاب) هەشتا شەللاقی لێدرا، ئەمەش بەپێی ئایەتی قورئان ئیتر ئەم کەسە نابیت شایەتی لێوەربگیرێت ئەمە بەسە بۆ ئەوەی ئەو فەرموودەیە ڕەتبکرێتەوە ( حذيفة محمد موسى ، 2021م ، ص : 47) .

Check Also

لەم شارە مرۆڤدۆستی و خۆنەویستی سەنتەرە

ڕۆشنا صاڵح بامۆكی‎جیاوازیمان لەگەڵ پارێزگاكانی تردا چییە؟‎ئەگەر گیان فیدای و خۆشەوستی هاوڵاتیانی هەڵەبجە نەبوایە دەمێك …