یەکشەممە , حوزه‌یران 29 2025

پەند و وانەکان لە کۆچی ئافرەتاندا

گۆنا تۆفیق
کۆچ تەنها ڕووداوێکی مێژوویی نییە بەڵکو. خوێندنگایەکی ڕۆحی پڕ وانەیە بۆ هەرکەسێک بیەوێت هەنگاو بەرەو گۆڕانکاری بنێت،
ڕۆڵی ئافرەتان لەم خوێندنگایەدا گەلێک دیارو گرنگ بووە کە بۆخۆی یەک لەهۆکارە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی کۆچە.
ئەوان تەنها ڕێبوار نەبوون، بەڵکو کارەکتەرێکی سەرەکی بوون لە سەرکەوتنی ئەم ڕووداوە مێژوویە.
لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە سەرکەوتنی کۆمەڵگە پەیوەستە بەبەشداری تەواوی ئەندامانیەوە.
وانە و پەند و ڕۆڵی هەندێک لەو کارەکتەرانە دەخەینە ڕوو .
-خاتوو ئەسمای کچی هاوەڵی کۆچ (ابو بکری صدیق )پێشەنگ و نهێنی پارێز و ڕەوێنەری ماندوێتی و تینوو شکێنی سەفەر، لەبری پشوو و لەخەمی خۆدا بوون هەمیشە دڵ لەڕێی پێشەواکەی و باوکی ئازیزیدا بووە، تا بێ هەواڵ لەبارودۆخی مەککە و برسی و تینوو نەبن، بەبێ گوێدانە ماندوێتی و دووری ڕێگاو قورسی جەستە و مەترسی ئاشکرا بوونی.
ئەم هەنگاوە مەزنە پێمان دەڵێت کە تاقیکردنەوەکان لێهاتووی و زیرەکی دەوێت مرۆڤی خاوەن باوەڕ لە ڕێگای حەقدا ترس و خۆ ویستی و ئاستەنگەکان نایوەستێنن.
-خاتوو (سەودەی کچی زەمئە) وەک یەکەمین ئافرەتی کۆچکار شان بەشانی پیاوان پیادەڕەوی کرد و سەختی کۆچی بەدڵ هەڵگرت لەپێناو فەراهەمکردنی ژینگەیەکی لەبار لە مەدینەوە پەیوەندی خێزانی دروستکرد ، لە پێناو حەوانەوەی کۆچەریانی پاش خۆی،
ئەم هەنگاوە پێمان دەڵێت پێشەنگ بوون لە کاری چاکەدا نیشانەی ئیمان و لە خۆبووردەییە و جیاوازی دروست ناکات چ نێربیت یان مێ .
-ئوم سەلەمەی کچی ئەبی ئومەیە کە کۆچەکەی بە کۆچێکی سەخت و دڵتەزێن ناسراوە، چونکە خێزانەکەی ڕێگری لێدەکەن و لە هەوڵی پەشیمان کردنەوەیدا جگەر گۆشەکەی لێ وەردەگرن هەتا لەو کۆچە بێ بەش بێت، بەڵام بە سوپاس گوزاری و توانای ڕۆحی ئەگەرچی دووری و دابڕان لە پێغەمبەری ئازیز و هاو بیرو باوەڕەکانی گەلێک بۆی سەخت و دژوار بوو، بەڵام بە ئارامگری دواجار توانی بگاتە مەدینە.
کۆچی دڵ تەزێنی ئەم خاتوونە پێمان دەڵێت
پشت بەستن بەخودا لە تەنهایی و کاتە سەختەکاندا گەشەی ڕۆحی و هێزی ئارامگری درووست دەکات و، دواجاریش دەتگەیەنێت بەئامانج.
-فاطمەی کچی پێغەمبەر (دروودی خودای لەسەر بێت) هاوسەری (علی کوڕی ئەبوو طالب) ی فیداکار بەرۆح و جەستە، بەتەنها جێ ناهێڵێت و لە پاش کۆچی پێغەمبەر و هاوەڵی، ڕێی دڵنیابوون لە سەلامەتیان شانبەشانی هاوسەرەکەی بەپیادە خاک و خۆڵی بیابان دەبڕن و پێکانی بریندار دەبن لەبەر دووری و سەختی ڕێگا لەپێناو گەشتن بە هاوەڵانیان.
وانەی ئەم چیرۆکە پێمان دەڵێت سەرەڕای نزیکی فاطمە لەپێغەمبەری خوداوە شتێک نییە بەناوی تایبەتمەندی و جیاکاری لەکاتی خۆشی و سەختیەکاندا، بەڵکو لەتاقیکردنەوەکاندا ئەوەی لەبەر چاو دەگیرێت یەکسانییە نەوەک پلە و نزیکی،
خێزانی بوێر و پاڵپشتی ئەبووبەکری صدیق کە شانبەشانی ئەسمای کچی بەشدار و هاوکار بوو لە سەر کەوتنی پلانی کۆچدا و، چاو سوورکردنەوە و زەبری قوڕەیش نەیتوانی کاریگەری نەرێنیان لەسەر دروست بکات،
ئەم بوێرییەیان فێری نهێنی پارێزی و پاڵپشتیمان دەکات و پێمان دەڵێت هەر هەوڵێک لەپێناو خودادابێت بەتاڵ نابێتەوە، چی دەبوو ئەگەر ئەم نهێنییە بدرکایە؟ ئەگەر چی پلان و بەڵێنی خودا گەڕانەوەی نییە، بەڵام بێ شک ماندوێتی و سەختی و ئازارێکی زۆری ڕێگا و سەختی لەگەشتندا چەند هێندە دەبوونەوە .
لەپاش خاتوو سەودە، ( لەیلای کچی ئەبی حەسمە) دووەم کۆچکاری ئافرەت بوو ئازایانە بڕیاری کۆچیدا.
خولەسای کچی حەزام دژایەتی و ڕێگری کەس و کاری نەیوەستاندو ڕێگای حەقی گرتە بەر و بەهیمەت بەرزی هەنگاوی بەرەو مەدینە هەڵگرت.
دەستگیرکردن و ئازار چەشتنی (ام عمارەی کچی عەقیل) لەکاتی کۆچدا ، نەبووە هۆی وەستاندنی و دووبارە هەنگاوی کۆچی گرتە بەر.
خانەدانی (ام درداء) و ڕێز و پێشوازی ئەم خاتوونە ماندوێتی و شەکەتی دەرکەری سەروەر و یاری غار بەشێکیکەی لەبیر نەکراون، وەک ووزە بەخشێکی سەروەر و یاری غار، کەپێمان دەڵێت خانەدانی و ئاوەدانی ماڵ ڕێز و موحیبەت دروستی دەکات نەک سفرە و خوانی پڕ ڕەنگ و گران بەها.
وانەکانی نێو ئەم چیرۆکانە ئەوەمان بۆ پشت ڕاست دەکەنەوە کە یەک بوون و پاڵپشتی خێزان لەکاتی مەترسیدا گەورەترین دەست کەوت و پایەی سەلامەتی و یەکگرتنی کۆمەڵگەیە.
جیابووونەوە و دەست بەرداربوونی چەندین ئافرەت لە ماڵ و خێزانیان کە گەلێک سەخت و دژوارتربووە بۆیان وەک لەپیاوان گەر لەپێنا و پاراستنی شکۆ و باوەڕیاندا نەبێت کە وانەی گرنگی هیجرەتی دڵ و جیابوونەوە لە ناڕەواییمان فێردەکەن، نەک هیجرەت لە شوێن .
ئەمانە و چەندین نموونەی جوانی تر و هەڵگرتنی سەختی و قورساییەکانی کۆچ لەلایەن ئافرەتانەوە جەخت لەوە دەکەنەوە کە پاداشت لەلای خودا بەپێی هەوڵ و نیەتە نەک ڕەگەز.
ئەمانە و چەندین وانەی دیکەی فەلسەفی وەک
-هاوبەشی و دامەزراندنی سیستەمی دادپەرووری و یەکسانی کە ئافرەت تێیدا دەسەڵاتداربوو .
-هیجرەتی ناوەکی جیابوونەوەیە لە هەر شتێک کە خودا نایخوازێت.
-یارمەتی دانی هاوبەش و پێکەوەیی بونیات نەری کۆمەڵگەیە .
-توانای ڕۆحی لەبەرامبەر سەختیەکاندا ڕزگاربوونە.
دواجار پێغەمبەری ئازیزمان دروودی خودای لەسەربێت پێمان دەڵێت ( هیچ هیجرەتێک لەدوای فەتحی مەککە بوونی نییە، ئەوەی هەیە جیهاد و نییەتە)، کەواتە گۆڕان لە خراپەدا لە پێویستیەکانی هەموو سەردەمێکە کە ئەوەش هیجرەتی ناوەکی دروستی دەکات .

Check Also

ئاگاداری رۆژی عه‌ره‌فه‌ بن..

ئا: چیا حەمە عەلی ڕۆژی عەرەفە نۆیەمین ڕۆژی مانگی ذي الحجة یە، بە گەورەترین و …