چوارشەممە , حوزه‌یران 18 2025

خێزان لە هەناوی مێژووەوە بۆ ئێستە

شادان تالب
لەگەڵ ئەوەی خێزان یەکێکە لەسەرەکیترین پایەکانی بونیادی کۆمەڵگە، بەڵام کۆمەڵناسان ڕێک نەکەوتوون لەسەر یەک پێناسەی جێگیرو دیاری کراو، چەندین لێکدانەوەو پێناسەی جیایان بۆکردوە، چونکە وەک هەر کایەیەکی کۆمەڵایەتی خێزانیش هەر لە سەردەمانی زووەوە تا ئێستە چەندین شێواز و قۆناغی جیای هەبووە و دەبێت،  وەک نموونەکانی خێزانی بچوک و فراوان و، گەورە خێزانی جێگیر، خێزانی ناجێگیر، خێزانی لاوەکی، خێزانی توێکڵ بەتاڵ،  هتد.. کە بەداخەوە ئەم سیانەیی کۆتایی خەریکە دەبنە پێناسەو شێوازی خێزانی ئیستەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی.
هەرچۆن بێت خێزان گەوهەری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەیەو لە دڵی کۆمەڵگەدا چەسپیوە، ئەگەرچی چەند هەوڵی بەلاڕێدانی ببرێت لەبەرامبەریشدا ئەوەندە هەوڵ هەیە کە ئەم کەنزەی مرۆڤایەتی بە پیرۆز بمێنێتەوەو، نەبێتە سوتەمەنی حەزو ویست و بەرژەوەندییە کاتیەکان، چونکە دواجار تاکە ڕێگەیەک بۆمانەوەی کۆمەڵگە بە شێوازە دروستەکەی بوونی خێزانی مرۆیی دروستە جیاواز لە خێزانی ئاژەڵی ئاسا. پێویستە بەستەرەوەکانی خێزانی مرۆیی کە خۆی دەبینێتەوە لە بەستەرەوەی  ئاکاری، ڕەفتاری، خوێنی، ڕۆحی بونیان هەبێت و بەتەواوی جیای بکاتەوە لە خێزانی ئاژەڵی…
ڕۆڵی تاکەکانی خێزان بەتایبەت ژن و پیاو هەمیشە جێی باس بووە .. ڕۆڵی ژن یان دایک لە خێزاندا لە سەرەتاکانی میژوی مرۆڤایەتی ئەرکی زۆریان لەسەر شان بووە، لە کۆمەڵگە سەرەتایییەکاندا بەشی زۆری پێشکەوتنە ئابوورییەکان بەدەستی خانمان ئەنجامدراوە نەک پیاوان، ئەوە ژنان بون بە دەوری خێمە و چادرەکانیان پەرەیان بە پیشەی کشتوکاڵی داوەو چەندەها هونەری نوێیان لێ داهێناوە، کە دواتر بۆخۆی بووە بە پیشەسازییەکی زۆر گرنگ و بەبایەخ، زۆر ڕۆڵ و پێگەی تر وای کرد کە زیاتر ژن یان دایک پلە یەک بێت لە ڕاگرتنی پایەی خێزان و بەرەوە پێشچوونی، باوک یان پیاو لەم کاتەدا زیاتر ڕوڵی ڕاوچیەکی هەبوو لە پێناو فێرکردنی خێزانەکەی، وردە وردە بارو دۆخ کە پێچەوانە بۆیەوە و نەریتی دایک یان ژن سالاری گۆڕدرا بە باوک یان پیاو سالاری، ئیدی دەسەلاتی ژن بەرەو لاوازی  و بگرە پوکانەوە و چەوسانەوەش ڕۆیشت و، لەو کاتەوە ژن و منداڵ وەک سامانی باوک یان برای گەورە و دواتر هاوسەر ئەژمار دەکران،  بۆ هاوسەرگیریش هەروەک چۆن کۆیلەکان دەکڕدران لە بازاڕی مامەڵەدا ژنیش دەکڕدرا، دواتر لە کاتی مردنی هاوسەریشدا بە میرات دەبران، لە هەندێ ناوچەش  وا پێویست بوو ژنەکە لەگەڵ هاوسەرەکەی بکوژرێت یان داوایان لێدەکرد خۆی بکوژێت، بە بیانوی ئەوەی لەو ژیانەی تریش پێویستە خزمەتی پیاوەکەی بکات.
ئاڵوگۆڕکردنی بەرپرسیارێتیەکانی تاکەکانی خێزان بەتایبەت ژن و پیاو گۆڕانکاری زۆر بەسەردا هات بەدرێژایی مێژوو. بەڵام دواجار سیستمێکی  ئیلاهی دێت و ئەم سونەتە گەردونیەمان بۆ ڕێک دەخات لە چوار چێوەی ئەرک و ماف بە شیوازێکی دادپەروەری نەک یەکسانی بۆ هەموو تاکەکانی خێزان..کە بۆ ناسینەوەی هەر خێزانێکی تەندروست دەبینین خۆیان لە چوارچێوەی ئەو یاساو ڕێسا ئسلاهیە بینیوەتەوە.
ئاینی ئیسلام تەواو تیشک و گرنگی خۆی خستە سەر وردەکارییەکانی چوارچێوەی خێزان، هەر لەسەرەتای پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە تا کۆتایی.
وەک دیارە دروستبوونی هەر خێزانێک لە یەکگرتنی ڕۆحی دو کەس کە ژن و پیاون پێک دێت بە بەڵێننامەیەکی شەرعی و یاسایی. لە کۆمەڵگەی ئیسلامیدا کوڕو کچ کە گەیشتنە تەمەنی پێگەیشتن وەک( کاک ئەحمەدی موفتی زادە )، دەفەرموێت ئەگەر مەبەستیان بوو توانایان بوو، دەکرێ هاوسەرگیری بکەن، بەڵام ئەمە بۆ کۆمەڵگەی تەواو ئیسلامی، چونکە دواجار ڕەنگە ئەم دوو کەسە نەگەشتبنە پێگەیشتنی عەقڵی، لەبەرئەوە لەئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی هەر کێشەو گرفتێک تەنها لە ئەستۆی ئەم دوو هاوسەرە نابێت، موسڵمانان براو خوشکیانن و خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن و ئەتوانن بۆ چارەسەر ڕویان لێبنێن جا گرفتەکە ڕەفتاری بێت یان کۆمەڵایەتی یان ئابوری ….هتد بێت.
لە ئەگەری نەبوونی ئەم بەدەمەوە چوونەی موسڵمانان ئەوا هاوسەرگیری لە تەمەنێکی کەمەوە ڕەنگە لێکەوتە خراپەکانی زیاتر بێت لە ئاسوودەیی و جێگری و بەختەوەری نێوانیان.
هەر بە بۆچونی کاک ئەحمەد ئەگەر بارو دۆخ گونجا ئەم دوو کەسە تا زوتر بچنە ژیانی هاوسەرگیرییەوە زیاتر چێژ و لەزەت لە نیعمەتەكانی ئەم پرۆسەیە دەبەن، بۆنمونە نێوانی تەمەنیان لەگەڵ منداڵەکانیان ئەوەندە زۆر نابێت کە لەیەک تێنەگەن و حەوسەڵەی پەروەردەکردنیان نەبێت.
ئاینی ئیسلام هات و لەم ناوەندی ژن سالاری و پیاو سالاریەدا نیوەندگیری گێڕا، هاوسەنگی گەڕاندەوە بو هەردوولا ماف و ئەرکەکانیان بە دادپەروەری دابەشکرد لەنێوانیان.. لە پێشدا مافی هەڵبژاردنی دا بە هاوسەران لە جیاتی کڕین و هەڕاجکردن، ئەو هاوسەرانەی هاوشانی یەکن لە ڕواڵەت و دین و ڕەوشت و بنەماڵەوە ئەگەر یەکتریان بە دڵ بوو هاوسەرگیری بکەن و، مافی هەڵبژاردنەکە بۆ هەردوو لایە نەک تەنها لایەک، هەڵبەت باشترین هەڵبژاردە ئەوەیان لەسەر بنەمای دین و ڕەوشتە.
بەر پرسیارێتیەکان وەک وتمان دابەشکراوە ئەرکی سەرەکی ژن دەستەبەرکردنی  ئاسودەیی بو هاوسەرو ماڵ و مندال و وەچە خستنەوە و پەروەردەی منداڵەکانە، ئەگەر چی کاک ئەحمەد لای وایە هەموو ئەو ئارامی و خەرجیانەی پیاو بۆ هاوسەری خۆی دەستەبەر دەکات تەنهالەبەرامبەر ئەوەیە کە ژن وتویەتی ( بەڵێ من حازرم هاوسەری تۆبم)،  بۆ ئەوەیە  ئەو سکونوت و ئارامیەکی هەردوولا پێشکەشی یەکی دەکەن. ئەگینا بابەتی بەڕێوەبردنی مال و بەخێوکردن و پەروەردەکردنی مندال و پاک و خاوێنی و چێشت لێنان و کاری ماڵ ئەرک نیە لەسەر ژن واجب کرابێت، بەڵکو دایکان لە میهرەبانی خۆیانەوە دەچنە ژێر باری ئەگینا ئەگەر پیاو توانای هەبوو دەکرێ هاوکارێک بەکرێ بگرێ بۆ هاوسەری لەکاروباری ماڵدا.. بەڵام دواجار خانمی کوردی موسڵمان بەو پەڕی دڵ ئاسوودەیی و بەرپرسیارێتیەوە خۆی داوەتە ژێر باری کارەکانی ماڵ و منداڵ و بگرە کاری دەرەوەش کە لەسەر ئەو نییە بژێوی پەیداکردنی تەنها لەبەر ئەو بارودۆخە قورسە ڕۆژگاری ئەمڕۆیە، دەیەوێت باری شانی هاوسەری سوک بکات..
لەم نێوەندەدا ئەوەی لەسەر پیاوە بژێوی پەیداکەر و پارێزەرە قەڵاو قەوامەی ماڵە
(ٱلرِّجَالُ قَوَّٰمُونَ عَلَى ٱلنِّسَآءِ بِمَا فَضَّلَ ٱللَّهُ بَعْضَهُمْ عَلَىٰ بَعْضٍ……)
ابن کثیر لەبارەی بەرپرسیارێتی پیاوان بەسەر ئافرەتانەوە لە ڕاڤەی ئەم ئایەتەوە دەفەرموێت
پیاوان پارێزەر و پارێزەری ژنانن، واتە (دابینکردنی پێداویستیەکانیان و بەرگریکردن لێیان…) نەک خۆ سەپاندن و زاڵ بوون.

Check Also

ئاگاداری رۆژی عه‌ره‌فه‌ بن..

ئا: چیا حەمە عەلی ڕۆژی عەرەفە نۆیەمین ڕۆژی مانگی ذي الحجة یە، بە گەورەترین و …