هه‌ینی , تشرینی دووه‌م 22 2024

خزمەت نەکردنیان برینەکەیان سەختتر دەکات

هەڵاڵە محمد الماس
ئەنفال ئەو برینە ساڕێژنەبووەی گەلی کوردە کە زۆر ئەستەمە لەبیر بکرێ، ١٤/٤ساڵیادی ئەنفال وجێنوسایدی کوردە، پڕۆسەیەکی بەردەوام و کۆتا نەهاتووە، کە دەکرێ هەتا چەندان ساڵ ساڕێژ نەبێ ئەوەش بەهۆی بێ سەرو شوێن بوون و بێ سۆراخی زۆرێکیان کە تا ئێستاش کەس و کاریان چاوەڕێیانن!
لەگەڵ قورسی و سەختی ئەو برینەدا، بەڵام مەخابن کاربەدەستان و حکومڕانانی کوردستان هەر لەسەرەتادا لەبری بەدەمەوەبوونی قوربانیانی ئەو کارەساتە دەستیان کرد بە شەڕی براکوژی !؟
لەجیاتی خزمەتکردن و بەدەمەوەبوونیان کە وەک کەس و کاریان بێ سەرو شوێن و ناونیشان مایەوە ئاواش خاک و ماڵ و سامانیان هەموو لێزەوت کراوە و چوونەوە سەرماڵی وێران !
لە بری ئاوەدانکردنەوەو جێبەجێکردنی پڕۆژەی ژیانێکی شایستە کە دەکرا هەر ساڵێک چەند پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەیان پێشکەش بکەن بەڵام ٣٣ ساڵە خەریکی خۆ قەڵەوکردن و گیرفان پڕکردنن!
لەبری هێنانیان بۆ سەرشاشەو بەردەم زوومی کامێراکان، دڵیان خۆش بکرێ و ژیانێکی شایستە و ئارامیان بۆ فەراهەم بهێنرێت!
ساڵڕۆژی ئەنفال تەنها گێڕانی ماتەم نیەو ڕۆشتنی فرمێسکی تیمساحی بۆیان، بەڵکو دەبێت ڕۆژی هەستانەوەو ڕۆژی خزمەت و بەرخۆدان و ڕۆژی پەیماندان بێت بە کوردو خەڵکی کوردستان کە بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان خۆیان ماڵ و سامانیان بکەنە قوربانی و ئاشتەواییەکی نەتەوەیی فراوان ئەنجام بدەن و، هەرچی زووە هەرێم لە بێ سەروەری و نەمانی دەسەڵاتی یاسادانان ڕزگار بکەن بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و دروست لە کاتی دیاریکراوی خۆییدا و، بەڕۆحی بەرپرسایەتی دەست لەدەست و قوەت لەخودا و هاوکاری و پشتیوانی خەڵکی کوردستان، هەرێمەکەمان لە فەوتان و مەشلول بوون بپارێزن.

Check Also

كامیان ئایندەی نیشتمان دەگۆڕێت؟

‎ ‎ڕۆشنا صاڵح‎مامۆستا و میدیاكار‎ئەمڕۆ دەستپێكی دوو پڕۆسەی گرنگ بوو لە كوردستان‎واڵاكردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان بەڕووی …