هه‌ینی , كانونی یه‌كه‌م 27 2024

ڕۆڵی ئافرەتی موسڵمان لە گەشەپێداندا ‌ هەرجارەی توێژینەوەیەك (15)

بەیان نوری

ئەم توێژینەوەیە لە لایەن( د.روقیە طه جابر عەلوانی)یەوە كراوە لە ساڵی 2006 دا بڵاوی كردۆتەوە، توێژینەوەكە لە 4 بەشی سەرەكی پێكهاتووە، بەشی یەكەم ڕؤڵی ئافرەت لە گەشەپێداندا لە سەردەمی پەیامی ئیسلامدا، بەشی دووەم ڕؤڵی ئافرەت لەگەشەپێداندا لە سەردەمی خەلافەتدا، بەشی سێهەم ڕۆڵی ئافرەتان لە گەشەپێداندا لە چەرخی 19 تا ئێستا، بەشی چوارەم كە كۆتا بەشە، دیدگای داهاتوو بۆ ڕۆڵی ئافرەتان لە گەشەپێداندا لە قۆناغەكانی داهاتوودا، ئەم بەشەی كۆتایی لە دووبەند پێكهاتوە، یەكەمیان باس لە كۆمەڵێك پێشنیارە بۆ داهاتوو، دووەمیان باس لە هۆكارەكانی گەشە و پەرەپێدانی بارودۆخی گەشەسەندووی ئافرەتانە لە داهاتوودا، لەوانە تیشكی خستۆتە سەر كاراكردنی هۆكارەكانی ڕاگەیاندن و هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە و كاراكردنی دامودەزگاكانی پەروەردەو فێركردن و مزگەوت وە دامودەزگا ئاینییەكان.
بەرەنجامی توێژینەوەكەی بە ووردی لە چەند خاڵێكدا خستۆتە ڕوو لەوانە:-
١-ڕؤڵى ئافرەتى موسڵمان لە گەشەپێداندا ڕؤڵێکى ناوازەیە، کە لە قورئاندا بە ڕوونى دیارە جگە لەوەى کە لە وتەو هه ڵسوکەوتى پێغەمبەردا دەرکەوتووبوو.
٢-پێویستە قۆناغی بەریگریكردن تێپەڕێنین و ڕاستیە مێژووییەكان وەك خۆی بخەینە ڕوو، بەدەر لە زیادكردنەكان و هەڵبەستراوەكانی كۆن و نوێ.
۳-بەشداری ئافرەتی موسڵمان بە درێژایی مێژوو بەستراوەتەوە بە ڕادەی جێبەجێكردنی شەریعەتی ئیسلام لەلایەن كۆمەڵگەوە و ڕؤڵبینینی ئافرەتان لە هەر سەردەمێكدا، هەر كاتێك كۆمەڵگە بە دروستی تێگەیشتبن لە شەریعه تی ئیسلام وەك خۆی پێگەی ئافرەتان بەرزبۆتەوە، هەر كاتێكیش تێنەگەیشتن دروست بووبێت و، وەك خۆی جێبەجێنەكرابێت ئافرەت بەرەو دواوە گەڕاوەتەوەو كۆمەڵگەش بە هەمان شێوە.
٤-ئیسلام جەختی كردۆتەوە لە گرنگی ڕۆڵی ئافرەتان و بەشداری كاریگەری لە بنیاتنانی كۆمەڵگەو بەرەوپێشچوونی و بنیاتنانی شارستانییەتێكی پێشكەوتوو.
٥-مێژوو شاهیدە بۆ كاراكردنی ئەو ڕۆڵە لە واقعدا لە سەردەمی پێغەمبەر(دروودی خوای لەسەربێت) و سەردەمی ڕاشدین،كە بێوێنە بووە چ لە پێش ئەو سەردەمە و چ لە دوای ئەو سەردەمە، لە ڕابردوو لە داهاتووشدا.
٦-هه ندێك هۆكاری مێژوویی كاریگەری كردۆتە سەر ئەو ڕۆڵەی ئافرەتان لە كۆمەڵگە موسڵمانەكاندا، كە پەیوەست بووە بەو ژینگەیەی كە ئەو كۆمەڵگایەی تیاژیاوە بە تایبەت كاریگەری دابونەریت و كلتوری دوور لە نەهجی قورئان و سوونەتی پێغەمبەرمان(دروودی خوای لەسەربێت).
۷-پێویستە بە ووردی چاو بخەینە سەر ئەو لایەنە جێبەجێكراوانەی لە ژیانی ئافرەتانی موسڵماندا هەبوون، بە درێژایی مێژوو بە تایبەت لە سەردەمی پێغەمبەردا (دروودی خوای لەسەربێت) تیشكی بخرێتە سەر بۆ دووركەوتنەوە لە جەدەلیەتی هەندێك باسوخواس و یەكلاكردنەوەیان بۆ بەشداری كاریگەری ئافرەتان لە گەشەكردنی كۆمەڵگە لە سەرجەم بوارەكانی ژیان.
٨-گرنگی ئەنجامدانی چەندین توێژینەوە سەبارەت بە ڕۆڵی ئافرەتان لە گەشەپێدان لە سەردەمی پێغەمبەردا(دروودی خوای لەسەربێت)كە دەبێتە وەڵامی پڕ لە بەڵگەی قوڵ بۆئەوانەی كە دەیانەوێت ئافرەتان چەقبەستوو بكەن و چەندین هەڵە ڕاستدەكرێتەوە.
۹-پێویستە جیاكاری بكرێت لە نێوان دەقەكان كە نەگۆڕن بە تێپەڕبوونی كات و گۆڕانكارییەكانی سەردەم و بە وەحی دابەزیون لەگەڵ تێگەیشتن و ئیجتیهادی زانایان و ڕۆشنبیران بۆ ئەو دەقانە .
۱۰-نابێت ڕاو بۆچوونە مرۆییەكان و ئیجتیهادەكان بەدووربگرین لەو سەردەم و ژینگەیەی كە ئەو زانایانەی تیادا ژیاون، بە تایبەت كاریگەری دابونەریت و كلتور.
۱۱-گرنگی پەیوەستبوون بە مەرج و بنەماكانی چۆنیەتی تێگەیشتن لە دەقەكان و تەفسیركردنییان بە تایبەت زانینی ڕێساكانی ڕێزمانی عەرەبی و، مەقاسیدە شەرعییەكان و پەیوەستبوون بە پێگەی عەقڵ لەو دەقانەدا.
۱۲-دەقە شەرعییەكان وا دابەزیون كە ئەوان حاكم بن بۆ واقیع و ڕێكخستنی هه موو كلتورو دابونەریت و ڕاستكردنەوەی هەڵەكان ،بۆیە ڕەچاوكردنی ژینگەو دابونەریت لە لایەن موجتەهیدانەوە گونجاونیە، ئەگەر كاریگەری هەبێت لەسەر پاراستنی دەقەكان وەك خۆیان.
۱۳-گرنگی بەگەڕخستنی شیكاری بەراوردكاری لە فیكری ئاینیدا بە تایبەت لە دۆزی ئافرەتاندا و ئەنجامدانی توێژینەوە لەسەریان لە پێناو چارەسەری ئەو تێنەگەیشتنانەی كە دروستدەبن بۆ بابەتە هاوچەرخەكان لە بارودۆخی ئێستادا.
۱٤-گرنگی پێداچوونەوە و ڕاستكردنەوەی هەڵوێستە ئیجتیهادییەكانی لەسەر بنەمای بیانوو هێنانەوە دامەزراون بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەكانی فیكری ڕۆژئاوایی، وەستاندنی ئەو قەڵەمانەی كە خۆیان دەدەن لە قەرەی ئەو بابەتانە بە تایبەت ئەوانەی بەرهەمی فەلسەفەی نوێگەری ئەم سەردەمەن.
۱٥-پێویستی زۆری هاریكاری دامودەزگاكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بۆ ڕاستكردنەوەی فیكریی چۆنیەتی بەشداری ئافرەت لە ژیانی گشیدا، هەماهەنگی نێوانیان لە پێناو دابینكردنی زەمینەیەكی پڕ هۆشیاری و ڕۆشنبیری.
۱٦-گرنگی سوودمەندبوون لە سەرجەم هۆكارەكان لە پێناو بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و كاراكردنی ڕۆڵی ئافرەتان لە گەشەپێدانی فیكری و كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری وەك پێشەنگبوون، هەڵسوكەوتی كرداری، كاراكردنی ڕۆڵی سەفارەت و دامودەزگا فێركاری و پەروەردەیی و ڕاگەیاندن و مزگەوت و دەزگا ئایینیەكان.

Check Also

ئالودەبوون بەئینتەرنێت کاریگەری لەسەر گەنجان هۆکارو چارەسەر

‎لاولاو حسێن‎لەدونیای ئەمڕۆدا یەکێک لە کێشەباوەکان کەلەنێو کۆمەڵگە بەگشتی و لەنێو گەنجان بەتایبەتی سەری هەڵداوە …