ئیمان یادەوەر
من ماڵی خاتونێک دەزانم
لەو بەری کۆڵانەکەوە ئازارەکانیت پێدەگات
ڕۆژانە لای بەقاڵەکە
بەکیلۆ خەم دەکڕێ و دەیخوات
ئەو بە فرمێسک، فەرشووقاپەکان دەشوات
بە پەڕۆی خۆزگە خەونەکانی
گەردوو تۆزی شوشەی پەنجەرەکە لادەبات.
بە کڵپەی ئاگری ناخی خواردن لێ دەنێت
کەلوپەلی نێو کەوەنتەرەکەشی ماتن
کەڕۆژانە ..گوێیان لە ئاهوو داخی دەبێت
دیوارەکان نەفرەت لەخۆیان دەکەن،
کەدەیبینن
وەستاون لەجێی خۆیانوو هیچیان بۆناکرێت.
ئێواران گوێ لەگۆرانیە غەمگینەکان دەگرێت
لەپێناو پەپولە وگوڵە پاکیزەکانی
گۆرانی بۆ برینە تەڕەکانی ژیانی دەڵێت
لەنێوان مەرگ و ژیانا دەوەستێت
شڵپەی ئازاری دێت.. بێتاقەتی لێ ئەچۆڕێت.
هیچ ناڵێت … ئەودەجەنگێت
شەوان بەرگی خەم دەپۆشێت
لەباوەشی گۆڕا خەوی لێدەکەوێت
ماچی مەرگ دەکات
نازی دۆزەخ هەڵدەگرێت.
تەنیایی بەتاڵەکانی پرچیا هەڵواسیوە و
بێ تاقەتی دەهۆنێتەوە
گۆڕستانێک لەچاویاتی و بە سەدەیەک بەهار
خۆزگەی پەژمودەی سەوزنابێتەوە.
ئەو
ئەو
زۆۆرشت …،
وتنی ئەم حەیرانە حەوسەڵەی دەوێت
حیکایەتێک لەنێو تابوتی مەرگەوە
ژیانێکە و ڕۆژی هەزار ژان دەگرێت
لێی مەپرسن دەردت چیە
چی دەزانێت ؟ جگەلەوەی
بە بزەیەکی
نەرمی
ژێر
سوراوە
کاڵەکەیەوە
پێبکەنێت!
هەرخۆی شانۆکار و سینارست ودەرهێنەر
ڕۆڵی بوون و نەبوون دەگێڕێت
ئومێدێک لەپشت ڕەشی چاوەکانیەوە پرشنگ دەدات
بەوهیوایەی ڕۆژێک لەجێی خۆر
ژیان، هــــــــەڵـــبــێــت.