یەکشەممە , كانونی یه‌كه‌م 22 2024

په‌رواز: (10)

گێلاس خان: “كه‌ بووینه‌ باڵاپۆش، كه‌س‌و كارمان پێیان ده‌وتین نابێت به‌و له‌چكه‌وه‌ بێنه‌ ماڵمان “
ئا: مه‌حبوبه‌ قادر
پرۆفایل:
گێلاس مسته‌فا واحید
له‌ ساڵى (1953)، له‌گه‌ڕه‌كى سابونكه‌رانى شارى سلێمانى له‌دایكبووه‌
خوێندنى سه‌ره‌تاى له‌قوتابخانه‌ى (خه‌بات) و (گوڵاله‌) ته‌واو كردوه‌
پاشان له‌(ناوه‌ندى كوردستان) پۆلى یه‌كه‌مى ناوه‌ندى خوێندوه‌،
له‌ساڵى 1970له‌گه‌ڵ (مامۆستاى شه‌هید ماموستا به‌كر) كه‌له‌كاتى رژیمى به‌عسى روخاودا له‌لایه‌ن جه‌ندرمه‌كانه‌وه‌ شه‌ویك له‌ماڵى خوى ده‌ریده‌هینن وده‌یبه‌ن وشه‌هیدى ده‌كه‌ن، هاوسه‌رگیرى كردوه‌
خاوه‌نى شه‌ش منداڵه‌، دووكچ‌و چوار كوڕ.

ئه‌و له‌دونیا خۆشى و پڕ كه‌یفه‌ى خۆیدا، به‌به‌خشیێكى خودایی سوپاسگوزار ده‌بێت و واجبى خودایی له‌سه‌ر خۆی فه‌رزده‌كات، هاوشانى هاوسه‌رى به‌ڕێزو خۆشه‌ویستى ده‌ست ده‌كه‌ن به‌و ژیانه‌ى خوداى گه‌وره‌ لێى داواكردون. ده‌ستپێكى ئه‌م ژیانه‌ بۆئه‌وان پڕ له‌ده‌ردیسه‌رى و ناڕه‌حه‌تى بوو، به‌ڵام دونیایه‌ك ڕه‌حمه‌ت‌و به‌خته‌وه‌رى و خۆشبه‌ختى حه‌قیقى بۆئه‌وان هێنابوو. حیجاب و باڵاپۆشیه‌كه‌ى بۆئه‌و ئه‌وه‌نده‌ له‌زه‌تى هه‌بوو ئه‌گه‌ر ته‌واوى ژیانى له‌سه‌ردابنایه‌ هێشتا لارى نه‌بوو..
ئاینده‌سازى: سه‌ره‌تاى بڕیارى باڵاپۆشیتان بۆكه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟
كاتێك هاوسه‌رگیریم كرد سافیره‌ بووم ته‌نها نوێژم ده‌كرد، چه‌پ ڕه‌وه‌كان له‌ سلێمانى ده‌وریان زۆر بوو ئافره‌ت قۆل‌و قاچ ڕووت بوون، منیش وه‌كو هه‌ر یه‌كێك له‌و ئافره‌تانه‌ كه‌س نه‌بوو پێم بڵێ ئه‌و جلانه‌ له‌به‌ر مه‌كه‌ كورته‌ یان ڕووته‌، ئه‌چووم بۆلاى خه‌یات خه‌یاته‌كه‌ حاجیش بوو كه‌سێكى باش بوو، به‌ڵام جلى ڕووتى بۆ ئه‌دوریم، تازه‌واجم كردو كه‌وتمه‌ ماڵێكى باشه‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ هاوسه‌رم نوێژى نه‌ده‌كردوو فیكره‌ى شوعیه‌تى هه‌بوو، به‌حه‌زى هه‌ردوكمان بوو زه‌واجه‌كه‌، ساڵى 1971 خواى گه‌وره‌ كچێكى پێبه‌خشین به‌ناوى (نیگا)، له‌خوشى ئه‌وكچه‌ بریارماندا كه‌خواى گه‌وره‌ ئه‌مه‌ى بۆ كردین بگه‌ڕینه‌وه‌و بكه‌وینه‌ نوێژكردن، هاوسه‌رى خوشه‌ویستم به‌باشى ده‌ستى گرت به‌دینه‌وه‌، هاتوچۆى مزگه‌وتى ئه‌كرد ئه‌و باشتر بوو له‌من، چونكه‌ من سافیره‌ بووم قورسبوو تاخۆم پێچایه‌وه‌.
ئاینده‌سازى: چ كه‌سایه‌تیه‌ك یان كام كتێب‌و نامیلكه‌و كاسێتیك كاریگه‌رى هه‌بووه‌ له‌سه‌رتان؟
“كه‌س نه‌بوو تاساڵى 1972 مامۆستا به‌هۆى پیشه‌ى مامۆستاییه‌كه‌یه‌وه‌ نقل بوو بۆ ته‌پى سه‌فا، ویستى خوا وابوو كه‌ئێمه‌ نزیك بینه‌وه‌ له‌م دینه‌، بوینه‌ دراوسێ ماڵى مامۆستا (سه‌ید نه‌جمه‌دین)، كاریگه‌رى زۆرى هه‌بوو له‌سه‌ر (مامۆستا به‌كر)ى هاوسه‌رم، به‌ڵام شاره‌زاییه‌كى ئه‌وتۆى نه‌بوو ئه‌وكاته‌، دواتر (ماموستا صلاح الدین)یشى پى ناساندین، له‌‌وكاته‌دا من نه‌مده‌زانى حیجابى ئافره‌تان چونه‌، چونكه‌ پێشتر نه‌مبینیبوو كه‌كاتى نوێژكردن قاچ و له‌شى هه‌مووى داپۆشێت، ته‌نها له‌چكێكى عاده‌تیم ده‌كردو نوێژم ده‌كرد، كه‌ چوم بۆماڵى (مامۆستا صلاح الدین) ئه‌وكاته‌ (پاكیزه‌خان‌و فه‌وزییه‌ خان‌و حه‌میده‌خان) خوشكه‌كانى ماموستا له‌سه‌ر ماڵبوون، كه‌نوێژیان ده‌كرد قاچ ‌و شتیان دائه‌پۆشى من عه‌جایبم لێده‌هات هه‌تا پێموتن قاچتان بۆ دائه‌پۆشن؟ وتیان خواگیان پێیخۆشه‌ قاچیشمان داپۆشین.
جارێكیان یه‌كیك له‌خوشكه‌كانى مامۆستا سینیه‌ك چێشتى به‌ده‌سته‌وه‌بوو بیبات بۆباوكى و بۆ مامۆستا، خیرا هه‌ستام وتم من ده‌یبه‌م بۆیان، وتى نابێت ده‌بێت ئێمه‌ له‌مدیوه‌وه‌ بیده‌ینه‌ ده‌ستیان، به‌ڕاستى من عه‌جایبم لێده‌هات ئه‌وشتانه‌م نه‌دیبوو.
ئیتر كه‌وایووت ئه‌وكاته‌ هه‌ڵوه‌ستیه‌كم بۆ دروستبوو، ئینجا بۆجارى دووه‌م به‌مامۆستام وت بابچینه‌وه‌ بۆخورماڵ‌و شاره‌زاى ئه‌م ماڵه‌بین، ئیتر یه‌ك دوو كتیبم برد كه‌هى (ماموستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمى موده‌ریس) بوون، شاره‌زا بووم له‌نوێژكردن‌و ڕۆژووگرتن.
ساڵى 1973 مامۆستا گواسترایه‌وه‌ بۆده‌ربه‌ندیخان، ئه‌وكاته‌ كه‌م تازۆر شاره‌زاى دین بووم، به‌ڵام له‌چكه‌كه‌م عاده‌تى ده‌كرد پیشه‌وه‌ى قژم هه‌ر دیاربوو.
له‌ده‌ربه‌ندیخانیش مامۆستا (سه‌ید نه‌جمه‌دین به‌ره‌حمه‌ت بیت) به‌رده‌وام هه‌ر سه‌دانى ئه‌كردین‌و شه‌وان ده‌رسى پێده‌وتین.
سه‌فه‌رێك ژیانى زیاتر گۆڕى!
ساڵى 1976 چوم بۆ به‌غدا بۆماڵى برایه‌كم، ئه‌وكاته‌ سه‌ردانى (جامیع بونیه‌م) كرد‌و بینیم پڕه‌ له‌ئافره‌تى باڵاپۆش، له‌وكاته‌وه‌ تامه‌زرۆى ئه‌وحیجاب‌و له‌چكه‌یه‌ بووم، زۆر دوعام كرد‌و له‌خواپارامه‌وه‌ یارمه‌تیمبدات به‌ڕاستى ئه‌مه‌ حیجابى ته‌واوه‌.
هاوینى ساڵى 1976 ویستى خواى گه‌وره‌ وابوو ئافره‌تێكى باڵاپۆش له‌فه‌لوجه‌وه‌ نقل بوو، بووه‌ دراوسێمان ناوى (ویداد) بوو خوشكى دكتور (عمر ڕاوى) بوو، به‌‌و شێوه‌یه‌ باڵاپۆشبوو كه‌من حه‌زم لێبوو ئه‌ویش ته‌له‌به‌ى (شێخ محمود غریب) بوو، كه‌نوسه‌ریكى ئیسلامى ناسراو بوو، رۆژێك ئه‌وژنه‌ هاته‌ به‌رده‌رگا منى بینى له‌ناو ژنه‌كاندا له‌چكه‌یه‌كى عاده‌تیم به‌سه‌ره‌وه‌ بوو هاته‌ به‌رده‌مم و سه‌لامى كردو له‌چكه‌كه‌ى توند له‌سه‌رم پێچا‌و وتى ئه‌مه‌ش قژه‌و ئه‌ویش هه‌ر قژه‌، خوا پێی خوشنیه‌ قژت ده‌ركه‌وێت، منیش زۆرم پێخۆشبوو هاتوچۆیه‌كى گه‌رم دروستبوو له‌نێوانماندا، رۆژێك ویستم وه‌كو مامۆستا (ویداد) له‌چكه‌كه‌م بكه‌م هه‌رچه‌ندم كرد بۆم نه‌كرا، چونكه‌ نه‌له‌سلێمانى‌و نه‌له‌ده‌ربه‌ندیخان كه‌س له‌چكى واى نه‌ده‌كرد، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانم چومه‌ سه‌ر زێى سیروان له‌وێ كه‌سى لێنه‌بوو چۆلبوو توند له‌چكه‌كه‌م كرد‌و دوعامكرد كه‌خوا یارمه‌تیم بدات‌و كه‌س گاڵته‌م پێنه‌كات، له‌ڕێگا خه‌ڵك سه‌یریان ده‌كردم تاگه‌یشتمه‌ ماڵه‌وه‌، بۆ به‌یانیه‌كه‌ى مامۆستایه‌ك ناوى (مه‌لا قادر) بوو هاته‌ ده‌رگاى حه‌وشه‌كه‌مان‌و وتى (گێلاس خان) بیستومه‌ له‌چكه‌یه‌كى جوانت داوه‌ به‌سه‌رتا دڵت سارد نه‌بێته‌وه‌ خه‌ڵك گاڵته‌ت پێبكات، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ خوا گاڵته‌ت پێنه‌كات، كه‌وایوت زۆر زۆرم پێخۆشبوو، ئیتر داوام له‌ (مامۆستا ویداد) كرد كه‌چویه‌وه‌ بۆ به‌غداد قوماشى حیجابم بۆ بهێنێت ئه‌ویش بۆى هێنام به‌هه‌ردوكمان حیجابه‌كه‌مان دووری، ئینجا وتم ده‌رسى قورئانم پێ بڵێ، بوم به‌باڵاپۆشێكى ته‌واو، دواتر سه‌فه‌رمان كرد بۆسلێمانى كه‌ده‌چومه‌ هه‌ر ماڵه‌خزمێك ده‌یانووت ئه‌مه‌ كه‌ى جله‌ له‌به‌رتا، له‌ ساڵى 1978، (مامۆستا صه‌لاحه‌دین‌و مامۆستاصدیق گه‌ڵاڵى)‌و چه‌ند مامۆستایه‌كى تر بۆ ئیحسایى نفوس هاتن بۆماڵمان، كاتێك به‌و له‌چكه‌وه‌ شتم بۆ ده‌بردن یه‌كێكیان له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ وتى ئه‌ك ڕه‌حمه‌ت له‌دایك‌و باوكت بێ بۆ له‌چكه‌ى به‌سه‌رته‌وه‌یه‌.
پاشان ماڵمان هاته‌وه‌ بۆسلێمانى له‌گه‌ڕه‌كى سابونكه‌ران بوین، له‌به‌غداوه‌ قوماشم بۆده‌هات ئه‌مدوورى و ده‌مكرد به‌حیجاب.
ئاینده‌سازى: هه‌رئیشت له‌سه‌رخۆت كرد یان چ كاریگه‌رییه‌كت بۆده‌ره‌وه‌ى خۆت بوو؟
“ئه‌لوه‌نى خوشكم، حیجابى كرد، له‌وێش بوینه‌ دراوسێى ماڵێك كه‌ژنه‌كه‌ (خه‌نسا)ى ناوبوو خێزانى (مامۆستا قه‌یسه‌ر) ئه‌وانیش له‌ به‌غداوه‌ هاتبوون خه‌نسا باڵاپۆش بوو، كاتێك حیجابم ئه‌دورى بێ به‌رامبه‌ر‌و جوابم ده‌نارد بۆ به‌غداد ڕه‌فته‌م بۆ بنێرن بۆ ئه‌وكچانه‌ى كه‌حیجاب ده‌كه‌ن یه‌كى له‌چكه‌یه‌كم ده‌دانێ به‌ دیارى ئیجا واى لێهات باڵاپۆشى زۆربوو به‌هۆى ئه‌وه‌ى جلێكى ڕێك‌و پێك بوو، خه‌ڵك زۆر حه‌زى پێده‌كرد، به‌ هۆى مالێ ئێمه‌ وایلێهات 2 كه‌س ده‌رۆیشت‌و ده‌ى تر ده‌هات موعه‌ده‌ل ماڵمان پڕبوو، ئیتر له‌وكاته‌وه‌ هاوسه‌ریشم ده‌رگاى خسته‌ سه‌رپشت به‌رووى گه‌نجان ولاواندا بو خوێندنى ده‌رسى قورئان وكۆبونه‌وه‌یان، بۆیه‌ خزم‌و كه‌سمان لێمان توره‌ ده‌بوون ده‌یانوت حكومه‌ت نه‌نوستوه‌ ئه‌تانگرن بۆوا ده‌كه‌ن. ئێمه‌ش ده‌مانزانى شته‌كه‌ بۆخوایه‌ هیچ كات نه‌مان ده‌كرده‌ موشكیله‌، رۆژانى جومعه‌ به‌یانیان كه‌ هه‌لئه‌ستام له‌خه‌و چێشتى زۆرم لێده‌نا چونكه‌ ماڵمان واقه‌ڵه‌باڵغ ئه‌بوو وه‌ك لق‌و مه‌ڵبه‌ندى لێ هاتبوو منیش شه‌و‌ورۆژم ته‌رخان كردبوو بۆحیجاب دوورین”.
ئاینده‌سازى: گرتنى مامۆستا چ كاریگه‌ریه‌كى له‌سه‌ر ژیانت بوو؟
“دواى ئه‌وه‌ى وه‌رزع خراپ بوو له‌لایه‌ن رژیمه‌وه‌، برایان چون بۆئێران یه‌ك دوانێكیان مابوونه‌وه‌ لێره‌ له‌وێوه‌ نامه‌یان ده‌نارد ئێمه‌ ئه‌مانگه‌یانده‌ ده‌ستى كه‌س‌و كاریان، عه‌سرێك برایه‌ك كۆمه‌ڵێك كاغه‌زى هێنا نه‌مده‌ناسى وتى مامۆستا به‌كرم بۆ بانگبكه‌، مامۆستا قورئانى ده‌خوێند منیش چوم بانگمكرد، مامۆستا وتى بۆ وتت له‌ماڵه‌؟ منیش وتم به‌ڵى .. وتى بۆ وتت له‌ماڵه‌ منیش وتم بلێم چى تازه‌ وتم له‌ماڵه‌و بانگیشت ده‌كا، كه‌چوو نامه‌كانى دایه‌و یه‌ك دوانێكیان هه‌ر ناوى له‌سه‌ر نه‌بوو، مامۆستا وتى ژنه‌كه‌ ئه‌مه‌ چى بوو له‌م كاته‌دا حكومه‌ت زۆر به‌ووردى موتابه‌عه‌مان ده‌كات ڕۆیشت نامه‌كانى ته‌وزیع كرد، به‌ڵام وتى نازانم ئه‌م یه‌كه‌یان هى كێیه‌‌و ئامانه‌ته‌و ناتوام بیكه‌مه‌وه‌ هه‌ڵیگرت نه‌مزانى له‌كوێ هه‌ڵیگرت، دوومانگ دواى كیمیاییه‌كه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ 23ى ره‌مه‌زاندا مامۆستایان گرت، پێش گرتنه‌كه‌ى وتى ژنه‌كه‌ ئه‌م خه‌ڵكه‌ هاتوچۆى ماڵمان زۆر ده‌كه‌ن‌و حكومه‌ت چاوى له‌سه‌رمه‌ ئه‌گه‌ر گیرام په‌یوه‌ندى بكه‌ به‌مامۆستا بورهان‌و ئه‌وانه‌وه‌، ئیتر ئه‌وشه‌وه‌ كه‌مامۆستا گیرا 60بۆ70 براى تریش گیران له‌كاریزه‌وشك و مه‌جیدبه‌گ‌و ئیسكان، پێش هاتنى جه‌یشى حكومه‌ت ئێمه‌ ڕۆیشتین بۆماڵى باوكم له‌ڕێگه‌ بینیمن سه‌یاره‌ى ئه‌منه‌كان چون بۆماڵى ئێمه‌، بۆبه‌یانى ئه‌وانه‌ى كه‌شه‌و كوڕیان گیرابوو ژن‌و منداڵه‌كانیان له‌ترسا وتبویان ئه‌تانگرن هه‌موویان له‌چكیان لابردبوون.
كچه‌كه‌م “نیگاى ڕه‌حمه‌تى” هه‌موو جارى به‌له‌چكه‌وه‌ ئه‌چوو بۆخوێندن له‌شه‌شى ئاماده‌یى بوو هه‌مووجارى ده‌موت خۆت به‌ره‌ ده‌ست خواى گه‌وره‌، منیش دوعات بۆ ده‌كه‌م‌و باوكیشت دوعات بۆده‌كات له‌سجندا، وایلێهات ئه‌و ماڵانه‌ هیچیان حیجابیان تێدا نه‌ما ته‌نها من‌و نیگاى ڕه‌حمه‌تى نه‌بێت، كه‌س‌و كارمان هه‌موو پێیان ده‌وتین نابێت بێنه‌ ماڵمان به‌وله‌چكه‌وه‌، محه‌مه‌دى برام وتى: ئه‌مانه‌ یادگارى مامۆستا به‌كرن چۆن وایان پێده‌ڵێن ئێمه‌ى برده‌ ماڵى خۆیان، ئه‌وكاته‌ مامۆستا 14 گوێنى كتێبى هه‌بوو ده‌مویست نه‌فه‌وتێن ئه‌مه‌ یادگارین بۆ منداڵه‌كان، كه‌س لێى گل نه‌دامه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌م ڕاكێشابوون له‌ملا بۆ ئه‌ولا هه‌موو قه‌راغى كتێبه‌كان رۆیشتبوون، براكه‌م هه‌ندێكى خسته‌ مه‌كته‌به‌كه‌ى خۆیه‌وه‌ هه‌ندێكیم دابه‌مامۆستا بورهان، ئیتر مامۆستا هه‌ر نه‌هاته‌وه‌، نه‌هه‌والى هه‌بوو نه‌ده‌مانزانى چیلێهاتووه‌، دیاره‌ كه‌ماموستا شه‌هید كرابوو….
هه‌موو شه‌وانى جومعه‌یه‌ك مناڵه‌كانم ئه‌برد بۆلاى مامۆستا بورهان، بۆ ئه‌وه‌ى ده‌رسى قورئانیان پێ بڵێت، زۆر مه‌منونیانم ئه‌وكاته‌ منداڵه‌كانم زۆر پێویستیان به‌یه‌كێك بوو ئامۆژگاریان بكات، تاساڵى 1991 كاتى كۆره‌وه‌كه‌ مامۆستا صلاح جوابى بۆناردبوین كه‌مناڵه‌كانى مامۆستا به‌كر نه‌خۆش‌و هیلاكن بێن بۆئێران، له‌ئیرانیش سودى زۆرمان بینى تێكه‌ڵى ئه‌و ماڵه‌ موسڵمانانه‌ بوین، ساڵى 1994 من ده‌رسى عامم دانا، ته‌له‌به‌یه‌كى زۆرم هه‌بوو ئینجا بومه‌ ئه‌ندام لق، ئه‌وكاته‌ وانه‌ى قورئانم به‌منداڵان ده‌وته‌وه‌ له‌گه‌ل په‌یوه‌ندییه‌كان، تا 1999 به‌رده‌وام بووم ئیتر چوینه‌ هه‌ولێر دواى دوو ساڵ هاتینه‌وه‌ (نیگا)ى كچم نه‌خۆشكه‌وت.
ئاینده‌سازى: ڕوداوێك به‌هۆى باڵاپۆشیته‌وه‌ توشت بوبێت و له‌یادت نه‌چوبێت؟
جارێك ئه‌حمه‌دى كورم بچوكبوو توشى نه‌خۆشى سكچونبوو، بردم بۆ نه‌خوشخانه‌ى چوارباخ داغڵمكرد، له‌چكێكى پرته‌قالیم به‌سه‌ره‌وه‌ بوو، خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌موو سه‌یریان ده‌كردم ده‌یانوت دایكى ئه‌و منداڵه‌ كه‌چه‌ڵه‌، كه‌س نه‌بوو له‌چكى به‌سه‌ره‌وه‌ بێت ئاوا، ئه‌وكاته‌ له‌خه‌سته‌خانه‌كان ده‌بوو نه‌خۆش‌و مورافیقه‌كه‌ى جلى سپیان له‌به‌ر بكردایه‌، منیش قومارته‌ى منداڵه‌كه‌م كرده‌ له‌چك، زۆر گه‌وره‌ش بوو لكێكم برده‌ ئه‌ملاو لكێكى بۆ ئه‌ولا تاجوان توپه‌ڵم كردو پێچامه‌وه‌، خومم نه‌مده‌بینى له‌ئاوینه‌دا تابزانم چۆن ده‌رچوه‌، كوڕى موخته‌به‌ره‌كه‌ زوو زوو خۆى ده‌كرد به‌ژووره‌كه‌ى مندا ده‌یوت ئه‌بوشهاب چونه‌ به‌عه‌ره‌بى منیش ده‌موت الحمدالله باشه‌، هه‌ر هاتوچۆى ده‌كرد، پێم سه‌یر بوو بۆ ئه‌وه‌نده‌ سه‌رنجى بۆلاى من دێت؟ هاته‌وه‌ وتى توخه‌ڵكى ئیماراتیت؟ منیش وتم نه‌وه‌ڵڵا به‌چیا ئه‌زانى ئیماراتیم؟ وتى شێوازى له‌چكه‌كه‌ت زۆر موره‌ته‌ب‌و جوانه‌، وتم نه‌وه‌لا ئه‌وه‌ قوماته‌ى مناڵه‌كه‌مه‌ من حیجابم ناتوانم سه‌رم رووت بكه‌م، زۆر ته‌شجیعى كردم‌و و قسه‌ى باشى بۆ كردم، زور دڵم پێخۆشبوو، دوایى چومه‌ حه‌وشه‌ى خه‌سته‌خانه‌كه‌ خه‌ڵكه‌كان هه‌مو‌و جل‌و شته‌كانیان هه‌ڵخستبوون له‌به‌ر خۆره‌كه‌و وخوشیان به‌دیاریانه‌وه‌ دانیشتبوون بۆئه‌وه‌ى كه‌س جله‌كانیان نه‌بات، منیش مناڵه‌كه‌م و جله‌كانم برده‌ حه‌وشه‌و به‌ئه‌نقه‌ست دانیشتم، نزیكه‌ى په‌نجا شه‌ست ژن دانیشتبوون وتیان ئه‌وه‌ ژنه‌ كه‌چه‌ڵه‌كه‌ هات، وتم پیاوى لێ نیه‌ وتیان ناله‌چكه‌كه‌م لابرد وتم قژى من جوانه‌ یان هى ئێوه‌، هه‌موو وتیان خۆ قژى به‌سه‌ره‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ بۆ وات له‌خۆت كردوه‌، وتم ئێمه‌ موسڵمان نین، وتیان با، وتم ئیسلام ئاواى ئه‌وێت ئه‌مه‌ قژه‌و ئه‌ویش قژه‌، ئیتر هه‌ر له‌ویا پێنج شه‌شێك له‌چكه‌كانیان پێچایه‌وه‌ ڕێك‌و پێك كردیان.

Check Also

خانمێک بۆ جوانکردنی ژیان خوڵقاوە

ئا: شادانخاتوو بەیان خانمێکی سەلار، دایکی شەش منداڵی پڕهێزو وزە و چالاک و خەمخۆری کۆمەڵگە، …

یەک کۆمێنت

  1. Every second counts—make your mark in the online gaming world! Hawkplay

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *