الإثنين , يناير 26 2026

هاوڕه‌گه‌زبازی له‌ نێوان قه‌ده‌غه‌ بوون و سه‌پاندندا

به‌شی سێ یه‌م
دیمه‌ن محمد

تێبینی: ناوه‌ڕۆكی ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌ستیاره‌و ده‌سته‌واژه‌ی پێگه‌شتووانه‌ی تێدا به‌كارهاتووه‌ بۆ خوار ته‌مه‌نی ١٨ ساڵ گونجاو نیه‌، تكایه‌ ئاگادار بن.

ته‌وه‌ره‌كانی به‌شی سێیه‌م:
-وانه‌ی مشتومڕ هێنه‌ری (په‌یوه‌ندیه‌كان وپه‌روه‌رده‌ی سێكسی) له‌ قوتابخانه‌كانی به‌ریتانیا
.داواكاری دایكان و باوكان
.مه‌ترسیه‌كانی ناوه‌ڕۆكی وانه‌ی (په‌یوه‌ندیه‌كان وپه‌روه‌رده‌ی سێكسی)
ده‌ره‌نجام ولێكه‌وته‌ ته‌ندروستی وكۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان
کێشە تەندروستیه‌ جه‌سته‌ییه‌كان
کێشە تەندروستیه‌ دەروونیه‌كان
ده‌ركه‌وته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان
سه‌رچاوه‌كان

وانه‌ی RSE) – په‌یوه‌ندیه‌كان و وپه‌روه‌رده‌ی سێكسی) قوتابخانه‌كان

وه‌ك له‌ به‌شی یه‌كه‌می باسه‌كه‌ما ئاماژه‌م بۆ كرد چه‌ند ساڵێكه‌ مشتومڕێكی زۆر له‌سه‌ر وانه‌ی (په‌یوه‌ندیه‌كان وپه‌روه‌رده‌ی سێكسی) دروست بووه‌ له‌ به‌ریتانیا.

سه‌ره‌تای ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ له‌وه‌وه‌ هات كه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی لە هەندێک خێزاندا دایک و باوک ناتوانن منداڵان فێری پەیوەندییەکان بکەن یا ده‌رباره‌ی په‌روه‌رده‌ی سێكسی قسه‌یان له‌گه‌ل بكه‌ن ٠ ئێستاش ئینتەرنێت کۆمەڵێک زانیاریی ناڕاست و زیانبەخشی بەرفراوان سەبارەت بە سێکس دەخاتە بەردەم منداڵان كه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رچاوه‌ی باوه‌ڕپێكراو پێشتر ده‌ستی نه‌گات به‌ مناڵه‌كان و، ده‌رباره‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ هه‌ستیاره‌ هۆشیاریان نه‌كاته‌وه‌ ئه‌وا بێگومان ڕووبه‌ڕووی زیان ده‌بنه‌وه‌. بۆیه‌ کۆدەنگییەکی بەرفراوان هه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی کە قوتابخانەکان ڕۆڵیان هەبێت لە پەیوەندییەکان و پەروەردەی سێکسیدا. هەر بۆیە حکومەتی به‌ریتانیا لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٠ەوە فێرکردنی پەیوەندیه‌كان و پەروەردەی سێکسی لە سەرجەم قوتابخانە ناوەندییەکان كرده‌ ناچاری. بەپێی ڕێنماییەکان ئامانج یارمەتیدانی منداڵان بوو، به‌ڵام دوواتر وەزیری پەروەردە داوای له‌ کۆمیساری منداڵان كرد كه‌ یارمەتی بده‌ن لە پشتگیریکردنی قوتابخانەکان بۆ فێرکردنی RSE له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كواله‌تی وانه‌كه‌ ته‌نسیقی تیا نیه له‌ نێوان قوتابخانه‌كاندا‌، ئه‌مه‌ش‌ ده‌رفه‌تی بۆ ڕێکخراوە دەرەکییەکان ڕه‌خساند کە ببنه‌ سەرچاوەو دابین كه‌ری بابه‌ته‌كان بۆ ئه‌و وانه‌ هه‌ستیاره‌.

ئێستاش حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه‌یه‌كی زۆری دایكان و باوكان بونه‌ته‌وه‌ بەهۆی فێرکردنی ناسنامەی ترانس و شتنه‌وه‌ی مێشكی مناڵانه‌وه‌. ئه‌وان پێیان وایە پێویستە دایک و باوک ڕۆڵی پێشەنگ ببینن لە فێرکردنی منداڵ سەبارەت بە پەیوەندییەکان و په‌یوه‌ندی سێكسی، چونكه‌ ئه‌وه‌ یه‌كێكه‌ لە ئەرکە سەرەکییەکانی دایك و باوك نه‌ك ئه‌ركی ڕێكخراوه‌ لۆبیه‌كانی هاوڕه‌گه‌زبازان.

داواكاریه‌كانی ئه‌وان له‌ چه‌ند شتێكا خۆی ئه‌بینێته‌وه‌‌:

ئێستا دایکان و باوکان گله‌ییان له‌ هه‌بوونی وانه‌كه‌ نیه‌، ئه‌ڵێن ئه‌یانه‌وێت منداڵه‌كانیان له‌ قوتابخانه‌ فێری ڕاستییەکان ده‌رباره‌ی سێکس و پەیوەندی نێوان مرۆڤه‌كان و تەمەنی باڵغبوون و یاساكانی تایبه‌ت به‌ سێكس بكرێت، بەڵام پێویسته‌:

پێداچوونەوە بۆ پرۆگرامی په‌روه‌رده‌ی سێكسی قوتابخانەکان بكرێت له‌لایه‌ن حكومه‌وته‌وه‌ وه‌ قوتابخانەکان ناچار بكرێت كه‌ سەرچاوەکان و ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كان لە ماڵپەڕەکانیاندا بڵاوبکەنەوە.
سه‌رچاوه‌و کەرەستەی گونجاو به‌ پێی گونجانی تەمەنی منداڵه‌كان بەکاربهێنرێت.
ڕێنمایی بەهێزتر دابنرێت بۆ دابین كردنی كه‌ره‌سته‌كانی وانه‌كه‌و کۆتاییهێنان بەو پەروەردەییه‌ سێکسیه‌ نه‌گونجاوانه‌ی كه‌ بۆ وانه‌كه‌ لە قوتابخانەکاندا بەکاردەهێنرێن ( بۆ نمونه‌ زۆر نیگه‌رانن له‌وه‌ی كه‌ منداڵانی شەش ساڵان فێری”یاساکانی دەست لە خۆدان” بكرێن، یاخود بۆ منداڵانی تەمەن ١٤ ساڵان باسی سێکسی زبرو توندوتیژ بكرێت.
داوا لە حکومەت ده‌كه‌ن ڕێوشوێنی بەپەلە بگرێتەبەر بۆ وەستاندنی ئەو بۆچوونە ‘توندڕەوانەی’ ڕەگەزگۆڕاوەکان کە لەلایەن (ستۆنوۆڵ) و کەمپەین کارانی دیکەی (ئێڵ جی بی تی)یەوە بەرەوپێش دەچێت و بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بنه‌ دۆگما لە پۆلەکاندا لە سەرانسەری وڵاتدا.

مه‌ترسیه‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئایدۆلۆژیای ترانس:

یه‌كێك له‌و ده‌نگه‌ به‌رزانه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ خه‌بات ئه‌كات ئه‌ندام په‌رله‌مانی لاوی پارتی پارێزگاران خاتوو (میریام کەیتس)، كه‌ له‌نزیكه‌وه‌ شوێنی دۆسیه‌كه‌ كه‌وتووه‌و په‌یوه‌ندی باشی له‌گه‌ل دایك و باوك و كه‌سانی خه‌مخۆری ئه‌م دۆسیه‌یه‌دا هه‌یه‌.

ئه‌و خاتوونه‌‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ئه‌كات كه‌ دۆسیەیەکی بەڵگە لەلایەن دایک و باوکانەوە کۆکراوەتەوە سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ئایدیۆلۆژیای ترانس کە مه‌ترسی زۆر له‌سه‌ر مناڵان و داهاتووی خێزان دروست ئه‌كات، له‌وانه‌:

چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی هه‌ڵه‌ له‌ دەزگا دەرەکییەکانه‌وه‌ بانگهێشت دەکرێن بۆ ناو قوتابخانه‌كان بۆ ئەوەی لەگەڵ منداڵان باسی سێکس و پەیوەندییەکان بکەن، هەندێکجار تەنانەت بەبێ ئەوەی مامۆستایەک لە ژوورەکەدا ئامادەبێت له‌ كاتی وانه‌ ووتنه‌وه‌ی بانگهێشت كراوه‌كان.

زۆرێک لە قوتابخانەکان سه‌رچاوه‌كانیان بۆ ووتنه‌وه‌ی ئه‌م وانه‌یه‌ ‘ئامرازەکانی ڕەگەزگۆڕاو’ كانه‌ كه‌ لەلایەن گروپە لۆبییە مشتومڕاوییەکانی وەک (ستۆنۆڵ)ەوە به‌رهه‌م هێنراوه‌.

دایکان و باوکان ترسیان له‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ قوتابخانەکان لێكدانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ بۆ یاساکانی یەکسانی بكه‌ن و وه‌ك پاساوێك بۆ فێرکردنی ئایدۆلۆژیای ڕەگەزگۆڕاو بۆ منداڵان به‌كاری بهێنن.

له‌ڕێگای ئه‌وانه‌وه‌ هه‌ندێك له‌ قوتابخانەکان ئەو مامۆستا و قوتابیانە دیسپلین دەکەن کە پابەند نین بە بیروباوه‌ڕی نوێی ترانسەوە، ته‌نانه‌ت قوتابی سزا دراوه‌ به‌هۆی ڕه‌خنه‌ گرتنه‌وه‌ له‌وه‌ی منداڵانی ڕەگەزی بەرامبەر ڕێگەیان پێدراوە ژووری گۆڕینی جلوبەرگی وه‌رزشیان بەکاربهێنن.

چه‌ندین خێزان تووشی شۆك بوون دوای ئەوەی منداڵەکانیان ‘مێشکیان شۆراوه‌ته‌وه‌’ دووای گوێ گرتنیان له‌ چالاکوانانی ترانس كه‌ قوتابخانه‌كانیان بانگهێشتیان كردوون بۆ ناو پۆلەکانیان و قسه‌یان بۆ قوتابیان كردووه‌.

هەندێک لە قوتابخانەکان تاکلایەنە بڕیار دەدەن بۆ ئەوەی ڕێگە بەو منداڵانه‌ بدەن كه‌ ده‌یانه‌وێت ڕەگەزی خۆیان بگۆڕن، تەنانەت ئه‌گه‌ر پێچەوانەی خواستی دایک و باوکه‌كانیش بێت.

هەندێک لە قوتابخانەکان بە قوتابیان دەڵێن ئەگەر ڕەگەز گۆڕین دڵخۆشیان ده‌كات ده‌توانن ئه‌وه‌ بكه‌ن، تەنانەت ئەگەر بە دایک و باوکیشیان نەگوتبێت.

زۆرێک لەو گه‌نجانه‌ ئۆتیزمیان هه‌یه‌ یان بەدەست کێشەی تەندروستی دەروونییەوە دەناڵێنن و دایک و باوکەکان پێیان وایە کە ناوه‌ نوێیه‌كه‌ی ڕه‌گه‌زه‌ گۆڕراوه‌كه‌یان بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی دونیا له‌به‌رچاوی ئه‌وان مانا ببه‌خشێت.

ئەوانەی کە كێشه‌ی ده‌روونیان هه‌یه‌، سوكایه‌تیان پێكراوه‌و شكێنراونه‌ته‌وه‌و ئه‌زمونی ناخۆشیان به‌سه‌ر هاتووە یان کێشەیان هەبووە له‌ دروست كردنی هاوڕێ، له‌پڕێكا ئاهەنگیان بۆ دەگێڕن بەهۆی ئه‌وه‌ی بڕیاریان داوه‌و ڕه‌گه‌زی خۆیان گۆڕیوه‌، وه‌ زۆرجار لەلایەن مامۆستاکانیانەوە هاندەدرێن.

ئه‌گه‌رچی هه‌ندێك كه‌س هیچ كێشه‌یه‌كی نیه‌ له‌وه‌ی کوڕەکەی جلی كچانه‌ له‌به‌ر كات یان کچەکەی قژی کورت كاته‌وه‌ وه‌ك كوڕ، به‌ڵام له‌و پێشبڕکێی ڕه‌گه‌زگۆڕینه‌ تۆقیون كه‌ به‌ ڕێكاری پزیشكی و به‌كارهێنانی ده‌رمانه‌ به‌هێزه‌كانی ڕێگری كردن له‌ باڵغبوون دەتوانن بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ پێوه‌ی گیرۆده‌ بن و هه‌موو ژیانیان نه‌توانن ئه‌و نه‌شته‌رگه‌ریانه‌ هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌ كه‌ ره‌گه‌زیان گۆڕیون.

هه‌ندێ چیرۆكی دڵته‌زێن:

ئەو دایک و باوکانەی کە به‌ده‌گمه‌ن كه‌س گوێی له‌ چیرۆكه‌كانیان ده‌بێت لەم مشتومڕە ته‌مومژاویه‌دا بە خۆپەرست و “ئەهریمەن” ناوزەد ده‌كرێن و لەلایەن مامۆستایان و پسپۆڕانی پزیشکییەوە له‌ كه‌یسی منداڵه‌كانیان داده‌بڕدرێن و پێیان ده‌ووترێت كه‌ بۆیان نیه‌ پرسیاریان له‌سه‌ر بڕیاری منداڵه‌كه‌یان بۆ دروست بێت و ناشتوانن به‌شێك بن له‌و بڕیاره‌ گرنگه‌ی كه‌ هه‌موو ژیانی منداڵه‌كانیان ده‌گۆڕێت و گه‌ڕانه‌وه‌ی نیه‌.

دووای ئه‌وه‌ی خاتوو کەیتس له‌ نۆڤه‌مبه‌ری ٢٠٢١ هه‌ندێ چیرۆكی دڵته‌زێنی بۆ ڕۆژنامەی ده‌یلی مه‌یڵی به‌ریتانی گێڕایه‌وه‌ وتارێكیشی له‌ مانگی جونی ٢٠٢٠ له‌ په‌رله‌مانی به‌ریتانیا سه‌باره‌ت به‌ مه‌ترسیه‌كانی ئه‌م ئایدۆلۆژیایه‌ بۆ په‌رله‌مانی ووڵاته‌كه‌ی خسته‌ ڕوو ده‌ڵێت چه‌ندین ئیمەیڵی لەلایەن دایک و باوکانەوە پێگەیشتووە کە گلەیی ئەوەیان کردووە کە منداڵەکانیان مێشکیان شۆراوه‌ته‌وه‌. ئه‌و چه‌ندین چیرۆكی نیگەرانکەری له‌ ده‌می ئه‌و دایك و باوكانه‌وه‌ گێڕاوەتەوە کە چۆن ئەم ئایدۆلۆژیایە ڕێگەی خۆی بۆ ناو قوتابخانەی منداڵەکانیان کردووەتەوە. من لێره‌یا به‌كورتی ئاماژه‌ به‌ دووانیان ئه‌كه‌م.

دایکێک کە پەیوەندی بە خاتوو کەیتسەوە کردووە پێی وتووە کە چۆن قوتابخانەی کچە هەرزەکارەکەی ڕێگەی بە منداڵەکەی داوە ناوی خۆی بگۆڕێت و خۆی وەک ڕەگەزی بەرامبەر بناسێنێت بەبێ ئەوەی دایكی ئاگادار بێت و ڕەزامەندی هەبێت به‌و كاره‌. دایكه‌كه‌ ئه‌لێت نه‌مزانی بوو كه‌ كچه‌كه‌م لە قوتابخانەدا خۆی وەک كوڕ\نێر دەناسێنێت، هەندێک مامۆستا بەبێ ئاگاداری من مامەڵەیان لەگەڵ ئەم بابەتەدا دەکرد و كه‌شێكی له‌باریان بۆ ڕه‌خساندبوو، ببون به‌ جێگای متمانه‌ی منداڵه‌كه‌م كه‌ ئه‌وه‌ بۆ من زۆر شۆکهێنه‌ر بوو، چونکە من خۆمو ماڵەکەی خۆم به‌سه‌لامه‌ت ترین شوێن ئه‌زانم بۆ مناله‌كه‌م. . ئه‌و دایكه‌ ئه‌ڵێت كاتێك ویستویه‌تی‌ له‌ هۆکارەکانی پشت گۆڕانکاری لەناکاوی ناسنامەی كچه‌كه‌ی بکۆڵێته‌‌وە و یارمەتی لە پزیشکی دەروونی وەربگرێت، پێش ئەوەی دەست به‌ لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ بكات، ده‌بینێت كه‌ قوتابخانەی کچەکەی ناوەکەی و جێناوەکانییان گۆڕیوه‌ بەبێ ئەوەی لەگەڵ دایکیدا باسی بکەن، وه‌ كاتێك له‌ قوتابخانه‌كه‌ی پرسیوه‌ته‌وه‌ چۆن شتی وا ده‌كه‌ن پێیان وتووە ئه‌وان هەر ناسنامەیەک قبوڵ دەکەن کە خوێندکارەکە هەڵیبژێرێت!

دایکێکی تر چیرۆكی كوڕه‌ ١١ ساڵانەکەی ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ چۆن لە وانەیەکی تایبەت بە سێکسدا به‌ پاوەرپۆینت پیشانیان دراوە وه‌ داوایان لێكراوه‌ ڕه‌گه‌زی خۆیان دیاری بكه‌ن، واته‌ (لە ڕێگەی لیستێكه‌‌وه‌ كه‌ خراوه‌ته‌ به‌رده‌ستیان) بخوێننەوە و بڕیار بدەن کە ئایا ئەوان ڕەگەزبازن، هاوڕەگەزبازن یان دووڕەگەزبازن.

لەوەتەی ئه‌م پرۆگرامه‌ هێنراوه‌ته‌ ناو خوێندن، دایکان و باوکان لە سەرانسەری به‌ریتانیا دڵەڕاوکێ و نیگه‌رانی خۆیان لەبارەی ئەوەی منداڵەکانیان لە پۆلدا بەرکەوتەی چیی ده‌بن ناشارنه‌وه‌، به‌ڕادده‌یه‌ك دایکان و باوکان ڕەوانەی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان (سۆشیال سێرڤس) کراون ته‌نها له‌به‌ر ئەوەی قبوڵیان نەکردووە کە کچەکەیان له‌ پڕێكا بووه‌ به‌ کوڕەکەیان!

خاتوو كه‌یتس ده‌ڵێت “به‌م هه‌نگاوه‌ ڕۆژئاوا به‌ ناوی هەڵمەتەکانی ڕزگاری سێکسی نه‌وه‌یه‌كی كێوی به‌رهه‌م ده‌هێنێت و ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ڕێگا له‌م ره‌وته‌ نه‌گرێت و به‌رده‌وام بن له‌ به‌رنامه‌ی (گه‌وره‌كردنی منداڵان) ئه‌وا ڕۆژئاوا كاره‌ساتێك ده‌خولقێنێت كه‌ لەبری پاراستن و پەروەردەکردنی گەنجان کارەکتەری منداڵی تێکده‌دەن ناهێڵن مناڵه‌كان مناڵ بن و چێژ له‌ ته‌مه‌نی مناڵی خۆیان ببینن وه‌ پێشوەختە فێری سێکسیان دەکەن”.

بەڵگەی زیاترو چیرۆكی شۆكهێنه‌ری تر لەسەر بڵاوبوونەوەی ئایدۆلۆژیای ڕەگەزگۆڕاو لە قوتابخانەکاندا لای (گروپی پشتیوانی به‌یسوه‌تەر) هه‌یه‌، كه‌ ساڵی ٢٠١٩ سه‌ره‌تا ٣ دایباب بوون بۆ هاوخه‌می و دڵنه‌وایی یەکتر، چونكه‌ هه‌مان خه‌میان هه‌بوو بۆ یه‌كه‌مجار له‌ به‌یسوه‌ته‌ی له‌نده‌ن یه‌كیان بینی، ئیتر وورده‌ وورده‌ خه‌لكانی تری هاوبه‌شی هه‌مان خه‌م په‌یوه‌ندیان پێوه‌ كردن و ئێستا دایك و باوكی زیاتر لە ٤٠٠ مناڵ لە سەرانسەری بەریتانیا ئه‌وانه‌ی کە منداڵەکانیان بانگەشەی ڕەگەزگۆڕاو بوون ده‌كه‌ن ئه‌و گروپه‌یان پێكهێناوه‌.

واته‌ ته‌نها له‌وه‌ته‌ی به‌رنامه‌ی ترانس خراوه‌ته‌ ناو په‌روه‌رده‌ی منالانه‌وه‌ تا ئێستا ٤٠٠ منال خۆی ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌ ڕه‌گه‌زی خۆی گۆڕیوه‌، ئه‌ی ئه‌وانه‌ی كه‌ هێشتا ڕایاننه‌گه‌یاندووه‌، یا ئه‌وانه‌ی دوودڵ و نیگه‌ران بوون و گومانیان له‌ ڕه‌گه‌زی خۆیان بۆ دروست بووه‌و نازانن چی بكه‌ن؟ ، یاخود دایك و باوكه‌كانیان نه‌ڕۆشتونه‌ته‌ ناو گروپی (به‌یس وه‌ته‌)و له‌ ناو ئه‌و ئاماره‌یا ئه‌ژمار نه‌كراون؟

زۆرێک لە قوتابخانەکان به‌سته‌یه‌ك بابه‌تیان له‌ قوتابخانەی ڕەگەزگۆڕاوه‌‌كانه‌وه‌ پێگه‌شتووه‌ كه‌ بۆ ڕێنمایی ستاف به‌كاری ئه‌هێنن لەسەر چۆنیەتی فێرکردنی قوتابیان سەبارەت بە ‘ترانس’ بوون كه‌ لەلایەن کۆمپانیای ستۆنوۆڵ یان ڕێکخراوە خێرخوازییەکانی تری گەنجانەوە دروست كراون.

جگه‌ له‌وه‌ش له‌به‌رنامه‌ی (ئه‌نتی بوڵیینگ) ‌وه‌ كه‌ ئێستا له‌ هه‌موو قوتابخانه‌كان ئه‌ووترێته‌وه‌ بۆ به‌هێزكردنی مناڵان و ته‌سلیم نه‌بوونیان به‌ (بووڵیینگ) و ئیزعاجكردن ئه‌ڕۆنه‌ ناو مناڵانه‌وه‌و هه‌مان ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ش بەکاردەهێنن بۆ ناساندنی بیروباوەڕی ‘ناسنامەی ڕەگەزی’ بۆ ناو پۆلەکان.

خاتوو كه‌یتس له‌ دیبه‌یته‌كه‌ی له‌ په‌رله‌مانی به‌ریتانیا پرسیاری زۆری له‌سه‌ر ته‌واوی پرۆژه‌كه‌ دروست كردو هه‌موو لایه‌نه‌ نه‌رێنی و نهێنی و ناڕوونه‌كانی پرۆژه‌كه‌ی خسته‌ ژێر پرسیاره‌وه. له‌ ووتاره‌كه‌یدا كه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ی فه‌رمی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و ڤیدیۆكه‌شی له‌ یوتیوب هه‌یه‌، به‌ په‌رله‌مانی ووت، “بێگومان وه‌زیری پەروەردە ڕاست دەکات کە فێرکردنی پەروەردەی سێکسی ته‌نسیقی نیه‌. خۆ وه‌ك وانه‌ی بیرکاری و زانست و مێژوو نیه‌ هیچ پلانێکی کار یان مه‌نهه‌جێكی په‌سه‌ندكراوی نیه‌ بۆیه‌ بێگومان بابەت و کەرەستەکان لە نێوان قوتابخانەکاندا جیاوازییەکی زۆریان هەیە. بەڵام به‌داخه‌وه‌ ئێستا کاتێک سەیری واقیعی ئەو شتانە دەکەین کە فێری مناڵان دەکرێن نه‌بوونی ته‌نسیق کەمترینی نیگەرانییەکانه‌‌ بۆ وەزیری پەروەردە”!

هه‌مان ڕۆژ خاتوو كه‌یتس باسی له‌ دۆسیه‌ی بڵاوبوونەوەی ئایدیۆلۆژیای ترانس كرد و ووتی ئه‌وه‌نده‌ نه‌گونجاون له‌گه‌ڵ یاساكانی په‌خشی به‌رنامه‌كانا پێچه‌وانه‌یه‌ (ئه‌لبه‌ته‌ هه‌مان دیبه‌یت راسته‌وخۆ له‌ چه‌ناڵی فه‌رمی په‌رله‌مانی به‌ریتانیاوه‌) په‌خش ده‌كرا، بۆیه‌ ئه‌و ووتی: من ناتوانم له‌م شاشه‌یه‌وه‌ هه‌ندێك له‌بابه‌ته‌كانی به‌رنامه‌كه‌ باس بكه‌م له‌ كاتێكدا ئه‌و بابه‌تانه‌ ده‌درێن به‌ منداڵانی بچوك!

هه‌روه‌ها بابه‌تێكی له‌ ئیندیپێنده‌نت بڵاوكردۆته‌وه‌ به‌ناوی (مامۆستایان دەبێ له‌ وانه‌كه‌یاندا پابەند بن بە بایۆلۆجی نەک ئایدۆلۆژیا لە سێکسدا) ئه‌ڵێت، “وانه‌كه‌ بە ماددەیەک گۆڕاوە کە ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی كراوه‌ به‌ سێكسێكی توندوتیژ و بە ته‌واوی له‌گه‌ڵ سروشت و ته‌مه‌نی منداڵدا نه‌گونجاوه‌. ناوەڕۆکی هەندێک لەو سەرچاوانەی كه‌ خراونه‌ته‌ ناو پرۆگرامی خوێندنه‌وه‌ به‌ ته‌واوی گرافیکی و توندڕەون و ئەو بابەتانەشی باس دەکرێن بریتین لە کردەوەی سێکسی توندوتیژو، دەستدرێژی سێکسی و زانیاری چەواشەکارانە سەبارەت بە تەمەنی باڵغبوون”.

خاتوو كه‌یتس له‌ په‌رله‌مان ووتی، “ئایدۆلۆژیای جێندەری لە زانستدا بنەمایەکی نییە و ده‌ ساڵ لەمەوبەر لەم وڵاتەدا کەس نه‌یبستبوو”.
مه‌ترسیه‌كانی ناوه‌ڕۆكی وانه‌ی (په‌یوه‌ندیه‌كان و په‌روه‌رده‌ی سێكسی)

مه‌ترسی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ له‌ ئەو پێناسەیەیه‌وه‌ ده‌ست پێئه‌كات کە قوتابخانەی پەروەردەی سێکسی بۆ سێكسی ده‌كات كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی كتێبی مامۆستایانه‌ به‌ناوی Great Relationships and Sex Education‌

هه‌روه‌ها، له‌م به‌رنامه‌یه‌دا پێشنیاری چالاکیەک ده‌كرێت بۆ منداڵانی تەمەن ١٥ ساڵ کە تیایدا منداڵان چه‌ند كارتێكیان پێدەدرێت كه‌ ناوی هه‌ندێك موماره‌سه‌ی سێكسی له‌سه‌ره‌ دەبێت مناڵه‌كان بڵێن ئایا ئه‌وان پێیان وایە هه‌ر یه‌ك له‌و جۆره‌ کردەوە سێکسیانه‌ له‌ ڕووی ته‌ندروستیه‌وه‌ باشن یان خراپ؟! به‌ڵام منداڵەکان چۆن بزانن چ کردارێک مەترسی تەندروستی لەگەڵدایە، یان مەترسی دووگیانی یان هەوکردنی سێکسی هەیە؟ خۆ بڕیار نیه‌ ئه‌وان تا ئێستا سێكسیان كردبێت هێشتا ئه‌وان ژێر ته‌مه‌نی یاسایین بۆ سێكس كردن!

هه‌روه‌ها ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ به‌ منداڵان ئه‌ڵێت ، “خۆشەویستی تەمەنی بۆ نییە” كه‌ ئه‌مه‌ خۆی بۆ خۆی تووشی سه‌رلێشێوانیان ئه‌كات له‌ تێگەیشتنیان سه‌باره‌ت به‌ تەمەنی یاسایی ڕەزامەندی! ئه‌مه‌ نیگەرانییەکی گه‌وره‌یه‌ كه‌ پەیوەندی بە فێرکردنی ڕەزامەندییەوە هەیە. ئەوەمان لەبیربێت کە، بەپێی یاسا له‌ به‌ریتانیا، منداڵان ناتوانن ڕەزامەندی لەسەر سێکس بدەن، چونكه‌ لە ڕووی یاساییەوە توانای ڕەزامەندییان نییە؛ به‌ڵام پۆلەکانی پەروەردەی سێکسی بە گه‌نجانی تەمەن ١٣ و ١٤ ساڵان ده‌ڵێن کە یاسایه‌ك نیه‌ بۆ سزادانی گەنجان لەسەر ئەنجامدانی سێکسی ڕەزامەندی كه‌ ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین مه‌ترسیه‌ له‌وه‌ی سێکسی خوار تەمەن ئاسایی دەکاتەوە و به‌ یاساییشی ده‌كات.

ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ به‌ منداڵان ده‌ڵێن کە هه‌رچه‌نده‌ زۆربەی خەڵک دەڵێن ئەندامی نێرینە و کۆئەندامی زاوزێیان هه‌یه‌ به‌ڵام زۆر کەسیش هه‌ن لە ناوەڕاستی ئەم ڕه‌نگانه‌یان (ڕه‌نگه‌كانی په‌لكه‌زێڕینه‌) بۆ چۆنیەتی ڕێکخستنی جەستەیان!

هه‌روه‌ها له‌م وانه‌یه‌دا، یاریه‌ك هه‌یه‌ كه‌ به‌ به‌كارهێنانی (زار) دایس ئه‌كرێت، هه‌ر لایه‌كی زاره‌كه‌ ناوی ئەندامە جیاوازەکانی جەستە- وەک کۆم، کۆئەندامی زاوزێ، ئەندامی نێرینە و دەم- و شتەکانی تر ی له‌سه‌ره‌، هانی منداڵان ئەدات باس لە کردەوە سێکسییە ئاشکراکان بکەن، لەسەر بنەمای هه‌ڵكردنی دایسه‌كه‌.. دوو دایس فڕێ دەدرێت و دوو له‌و ئه‌ندامانه‌ی سه‌ر دایسه‌كه‌ ده‌ره‌چێت كه‌ ده‌بێت منداڵانه‌كان ناوی کردەوەیەکی سێکسی چێژبەخش بنێن کە دەتوانرێت لە نێوان ئه‌و دوو ئەندامی جەستەیا ڕووبدات كه‌ له‌هه‌ڵكردنی دوو زاره‌كه‌ ده‌ركه‌وتوون. یارییەکە بۆ منداڵانی تەمەن ١٣ ساڵ و به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌یه‌!

نیگه‌رانیه‌كی تر ، پێشنیار كردنی ماڵپه‌ڕی سێکسوایزه‌ کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و چاودێری کۆمەڵایەتییەوە بەڕێوەدەبرێت و پارەی بۆ ته‌رخان كراوه‌ و له‌ لایه‌ن ئه‌م وانه‌یه‌وه‌ بۆ مناڵان پێشنیاركراوه‌ و بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی بكه‌ن و به‌كاری بهێنن، ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ ‌هه‌ندێ ڕێنمایی و ئامۆژگاری سێكسی وای تیایه‌ كه‌ ئێمه‌ ناتوانین بۆ خۆشمان به‌ته‌نها به‌ده‌نگی به‌رز بیانخوێنینه‌وه‌. شته‌كان ته‌نانه‌ت به‌ كۆمه‌ڵگای ڕۆژئاواش ئه‌وه‌نه‌ نامۆن كه‌ باسكردنیان له‌ ڕاگه‌یاندنا ئیحراجی دروست ئه‌كات!

تەنانەت قوتابخانە سەرەتاییەکانیش لە بەکارهێنانی کەرەستەی نەشیاو بێبەری نین

پرۆگرامی “هەموو شتێک دەربارەی من” منداڵانی شەش و حەوت ساڵان ئاشنا دەکات بە “یاساکانی دەست لە خۆدان”!

منداڵان هانده‌دات بۆ قسەکردن لەسەر وردەکارییە سۆزداریه‌كان لەگەڵ گەورەکان، هه‌موو سنوورە گرنگە ڕه‌وشتی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان دەشکێنێت و زیاتر ئامادە و بەردەستیان دەکات بۆ دەستدرێژیه‌ سێکسییەکان، چ لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە و چ لە دەرەوە.

بەکارهێنانی مناڵان و پاڵنانیان به‌ره‌و ئایدیۆلۆژیای جێندەری توندڕەو كه‌ سیستەمێکی بیروباوەڕەو به‌ ئاشكرا بە منداڵان دەڵێت کە له‌ هه‌ر كاتێكدا دەتوانن ڕەگەزی بایۆلۆژی خۆیان بگۆڕدرن.

ڤیدیۆیەک بەرهەم هێنراوە و لە قوتابخانەکاندا بەکارهاتووە، ئەوە پیشان دەدات کە ئەو کوڕانەی کە نینۆکیان ڕه‌نگ ده‌كه‌ن یان ئەو کچانەی حەزیان لە بەرزکردنەوەی قورساییە، لە ڕاستیدا ڕەنگە ڕەگەزی بەرامبەر بن، كه‌ ئه‌مه‌ گومان بۆ مناڵان له‌سه‌ر ڕه‌گه‌زی خۆیان دروست ئه‌كات!

تەنانەت تیۆری جێندەر بە منداڵە زۆر بچووکەکانمان دەخوێندرێت. (پۆپ ئه‌ند ئۆلی) بە منداڵان دەڵێت کە ده‌كرێت ڕەگەز نێر، مێ، هەردووکیان یان هیچ کامیان بێت.

کتێبی ناساندنی تێدی کە ئامانجی منداڵانی قۆناغی سەرەتاییە، چیرۆکی وورچێك دەگێڕێتەوە کە ڕەگەزی خۆی دەگۆڕێت.

یان وۆرک شۆپی ڕاهێنانی قۆناغه‌كانی سەرەتایی كه‌ (یونیكۆرن) ێكی کارتۆنییە و ڕوونی دەکاتەوە کە پۆلێکی سێکسی بایۆلۆژی تر هه‌یه‌ جگه‌ له‌ نێرو مێ ده‌توانرێت پێیان بووترێت (ئەوانی تر).

ده‌ره‌نجام و لێكه‌وته‌ ته‌ندروستی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی

بێگومان کەسانی هاوڕه‌گه‌زبازو ڕه‌گه‌زگۆڕاو مەترسی زیاتریان لەسەره‌ بۆ کێشەی تەندروستی جه‌سته‌یی و ده‌روونیش چونکە زۆرێك له‌وان ئه‌كرێت به‌ هۆكاره‌كانی هەست بە شەرمەزاری كردن\ئیحراج بوون، به‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی له‌وانه‌یه‌ ئەزموونێکی خراپیان به‌سه‌ر هاتبێت، لە ترسی ئه‌وه‌ی مه‌حكوم نه‌كرێن له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌یان یا به‌ هه‌رهۆكارێكی تر له‌وانه‌یه‌ نه‌توانن له‌ ژێر چاودێری تەندروستییا بن به‌ گوێره‌ی پێویست.

کێشە تەندروستیه‌ جه‌سته‌ییه‌كان

وتارێکی (گۆڤاری تەندروستی گشتی ئەمریکی) كه‌ ڕاپرسییەکی له‌ نێوان ١٣،١٧٤ له‌ گەنجانی کەمینە سێکسییەکان ئه‌نجامداوه‌ ئه‌ڵێت كه‌ ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگای (ئێڵ جی بی تی) مەترسی زیاتریان لەسەرە بۆ بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان و قەڵەوی وه‌ چەندین هۆکاری مەترسی پەیوەست بە شێرپەنجەوه‌، به‌ به‌راورد به‌ خه‌ڵكانی جیاڕه‌گه‌زو ڕه‌گه‌ز نه‌گۆڕدراو.

به‌تایبه‌تی ڕێژه‌ی تووشبووان به‌ نه‌خۆشیه‌كانی (گانه‌ریا، کلامیدیا وئایدز) لە ناو گەنجانی کەمینە سێکسییەکان دوو هێندە زیاترە له‌گه‌نجانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و بازنه‌یه‌.

به‌ پێی داتاكانی سەنتەری کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان The Center for Disease Control and Prevention پیاوانی هاوڕەگەزباز و دووڕەگەزباز له‌ ٨٣%ی تووشبووان بە ئایدز لەنێو پیاواندا پێکدەهێنن، کە تەمەنیان ١٣ ساڵ و سەرووترە. هەروەها پیاوە هاوڕەگەزبازەکان مەترسی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی پرۆستات، کۆئەندامی زاوزێ، کۆم و قۆڵۆن زیاتره‌.

له‌گه‌ڵ مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە سێکسییەکان و هەوکردنە سێکسییە گواستراوەکان له‌وانه‌:
ڤایرۆسی (HPV)
ئاوسانی جگەر – ناسراو به‌ هه‌پیتایته‌س A وB
هەوکردنی جگەر
سیفیله‌س
کلامیدیا
گانه‌ریا

هه‌ریه‌ك له‌م نه‌خۆشیانه‌ له‌‌ ناو ئەو پیاوانەی سێکس لەگەڵ پیاوان دەکەن به‌رده‌وام ڕوو له‌ زیادبوون دەکات.

لە نێوان ژنانی هاوڕه‌گه‌زبازو دووڕەگەزبازیشدا زیادبوونی مەترسی شێرپەنجەی مەمک و هێلکەدان و ناوپۆشی مناڵدان زیاتره‌ بەهۆی کەمبوونەوەی دووگیانی تەواو و قەڵەوی.

لەنێو کەسانی ئێڵ جی بی تی کیودا قەڵەوی وجگەرەکێشان و بەکارهێنانی هۆرمۆنەکان باون. ئەم هۆکارانە مرۆڤ دەخاتە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک.

هۆرمۆنەكانی به‌ مێینه‌ کردن یان به‌ نێرینه‌كردن مەترسی زیاتری ده‌روونی و جەستەیییان بۆ دروست ئه‌كات.‌

ڕێژەی قەڵەوی وترس و دوودڵی و دڵه‌ڕاوكێ له‌ نێو تاکەکانی ڕەگەزگۆڕاو به‌ هۆی نه‌شته‌رگه‌ری و وه‌رگرتنی چارەسەری هۆرمۆنی بۆ گۆڕینی ڕەگەزه‌كه‌یان ڕوو له‌ زیادبوونه‌.

له‌كاتی پرۆسه‌ی گۆڕانكاری ڕه‌گه‌زیه‌كه‌یا بێگومان پێویستیان به‌ به‌كارهێنانی هۆرمۆنه‌كانه‌ بۆ گۆڕینی ڕه‌گه‌زیان وه‌ك نێر یاخود مێ، زۆربەی نەخۆشەکان له‌ به‌ریتانیا له‌سه‌ره‌تاوه‌ چارەسەر لە ڕێگەی (کلینیکەکانی ناسنامەی ڕەگەزی) (GIC) وه‌رده‌گرن كه‌‌ به‌كارهێنانی ئه‌و هۆرمۆنانه‌ چه‌ندین مه‌ترسی ڕووبه‌ڕووی نه‌خۆش ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌وانه‌:

دابەزین یان بەرزی پەستانی خوێن
مه‌یینی خوێن
وه‌ستانی مێشك\ سترۆك
نەخۆشی دڵ
هەندێک جۆری شێرپەنجە
لەدەستدانی شلە (وشکبوونەوە)
تێکچوونی جگەر
زیادبوونی هیمۆگلۆبین

له‌ كاتێكا بۆ سنووردارکردنی مەترسییەکان، پێویستە لە نزیکەوە چاودێری چارەسەری هۆرمۆنی بكرێت لەگەڵ ئاستی خوێن، به‌ڵام هەندێک جار کەسێکی ڕەگەزگۆڕاو هۆرمۆنەکان لە سه‌رچاوه‌یه‌كی ناپزیشکی دەکڕێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌وانه‌یه‌ هه‌رزاتر ده‌ستی كه‌وێت، ئەمەش ده‌كرێت ببێتە هۆی خواردنی هۆرمۆنی هەڵە یان ژەمی هەڵە، كه‌ کاریگەری لاوەکی جددی زیاد ده‌كات بۆ به‌كارهێنه‌ره‌كه‌.

کەسانی ڕەگەزگۆڕاو مەترسی تووشبوونیان بە هەندێک شێرپەنجە کە پەیوەستن بە بەکارهێنانی هۆرمۆنەکانەوە زیاترە. بەپێی قۆناغه‌كانی گۆڕینی ڕه‌گه‌ز، له‌وانه‌؛ شێرپه‌نجه‌ی مەمک، منداڵدان، هێلکەدان، پرۆستات، جگەر.

به‌رزبوونه‌وه‌ی کێشی ناتەندروستی جەستە كه‌ دەتوانێت بەشداربێت لە کۆمەڵێک کێشەی تەندروستی كه‌ لە خەمۆکییەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە نەخۆشییەکانی دڵ.

به‌كارهێنانی ئامێری ئوتوكردنی مه‌مك\ یاخود ته‌خت كردنی سنگ كه‌ به‌و كچانه‌ ده‌درێت كه‌ ده‌یانه‌وێت ڕه‌گه‌زی خۆیان بگۆڕن به‌ كوڕ، ئه‌بێته‌ هۆكاری چه‌ندین كێشه‌ی ته‌ندروستی. به‌ گوێره‌ی توێژینەوەیەکی قوتابخانەی تەندروستی گشتی جۆنز هۆپکینز به‌كارهێنانی ئه‌و ئامێرانه‌ ئه‌بێته‌ هۆكاری: ئازار، شکانی بڕبڕەی پشت، گۆڕانکاری لە بڕبڕەی پشت، سەرئێشە ، هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە و پێست و ئه‌زیه‌ت بوونی ماسولکەکان.

کێشە تەندروستیه‌ دەروونیه‌كان

به‌ پێی ڕاپرسیه‌كه‌ی (گۆڤاری تەندروستی گشتی ئەمریکی) هەرزەکارانی کەمینە سێکسییەکان زیاتر کێشەی تەندروستی دەروونی وەک خەمۆکی، دڵەڕاوکێ و زیادبوونی ڕەفتاری خۆکوژی یان هه‌یه‌ به‌به‌راورد به‌ هەرزەکارانی جیاڕەگەز.

هۆكاره‌كانی کێشەکانی تەندروستی دەروونی زۆرن، له‌وانه‌:

سه‌ره‌تا كێشه‌ ده‌روونیه‌كانیان له‌ خودی خۆیانه‌وه‌ ده‌ست پێئه‌كات له‌ هەبوونی هەستی نەرێنی سەبارەت بە خودی خۆیانه‌وه‌ هه‌تا ئه‌وه‌ی چۆن خۆیان لەگەڵ ڕه‌گه‌زه‌كه‌ی خۆیان بگونجێن.
ئیحراج بوون بە ڕاگه‌یاندنی ڕه‌گه‌زه‌ نوێیه‌كه‌یان وه‌ ئه‌وه‌ی چۆن بتوانن به‌ ڕاشكاوی ووتوێژێكی له‌وجۆره‌ له‌گه‌ڵ خزم و براده‌ره‌كانیان بكه‌ن.
ترسی ڕەتکردنەوەیان لەلایەن خێزان وكۆمه‌ڵگا.
نیگەرانی لەوەی کاردانەوەیان چۆن ئەبێت. ‌
ترسان له‌ مه‌حكوم كردنیان له‌لایه‌ن خێزان و كۆمه‌ڵگاوه
ترس له‌ نەبوونی پشتگیری یان قبوڵکردنیان لەلایەن هاوڕێ، خێزان، کۆمەڵگاوه‌. ‌
هەستکردن بە گۆشەگیری یان هەست بە تەنیایی كردن چونکە نایانه‌وێت بە کەس بڵێن، تەنانەت کەسانی نزیکیش لە خۆیانەوه‌.
نه‌توانینی به‌ ئاشكرا قسەکردن لەگەڵ خێزان وكۆمه‌ڵگا سه‌باره‌ت به‌و بارودۆخه‌ی پێیدا تێده‌په‌ڕن.

توێژینەوەیەکی ئەم دواییەی ستۆنۆول دەریخستووە کە بە بەراورد بە ساڵی پێشوو:

تووشی خەمۆکی بوون سێ لە هەر پێنج کەس له‌وانه‌ی ڕه‌گه‌زیان گۆڕیوه‌ تووشی دڵەڕاوکێ و
یه‌ك له‌ هەشتی كه‌مینه‌ی ئێڵ جی بی تی کیو كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ نێوان ١٨ بۆ ٢٤ ساڵدایە لانی كه‌م جارێك هەوڵی کۆتاییهێنانیان بە ژیانی خۆیان داوه‌، وه‌ نزیکەی نیوەی کەسانی ترانس بیریان لەوە کردۆته‌وە کە كۆتایی به‌ ژیانی خۆیان بهێن.

جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ هه‌ندێكیان به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ ده‌روونیه‌ی تێی ده‌كه‌ون ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر.

ئه‌مانه‌ مه‌ترسی گه‌وره‌ن و ڕوو له‌هه‌ر ووڵاتێك بكه‌ن به‌ره‌و هه‌ڵدێرو وێرانی ڕه‌وشتی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌به‌دی ئه‌به‌ن، ئەرکی ئەو کەسانەیە کە بەرپرسیارن لە پەروەردەکردنی منداڵان – بە تایبەتی دایک و باوک و مامۆستایان ووریا و هۆشیار بن له‌ هه‌ر كرانه‌وه‌یه‌ك به‌ره‌و ئه‌و ئاراسته‌یه‌، هه‌موان ئه‌زانین كه‌ ئەوانەی منداڵێک فێر دەکەن کە ٦٤ ڕەگەزی جیاواز هەیە، ڕاستییەکان ناڵێن. مەنهەجی خوێندن و په‌روه‌رده‌ پێویستە یارمەتی منداڵان بدات بۆ په‌روه‌رده‌ كردن و پەرەپێدانی متمانە و ڕێز له‌ خۆ گرتن نه‌ك بەکاربهێنرێت بۆ تێکدانی واقیع و دواجار منداڵ و كۆمه‌ڵگاش بخاته‌ مەترسییەوە.

بۆ بینینی به‌شی یه‌كه‌م كلیكی ئێره‌ بكه‌ ‌

بۆ بینینی به‌شی دووه‌م كلیكی ئێره‌ بكه‌‌

تێبینی: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌ له‌وه‌ درێژ تر نه‌بێته‌وه‌ من هه‌ندێ لایه‌نی تری ئه‌م بابه‌ته‌م باس لێ نه‌كردووه‌ كه‌ په‌یوه‌ستن به‌باته‌كه‌وه‌و ده‌بوو باسیان لێ بكرایه‌، وه‌ له‌وانه‌شه‌ له‌ هه‌ندێك شوێنا له‌به‌ر هه‌مان هۆكار وه‌ك خۆم ده‌مویست مافی ته‌واوم به‌ ته‌وه‌ره‌كان نه‌دابێت ‌، به‌ڵام سه‌رچاوه‌كان له‌خواره‌وه‌ داده‌نێم بۆ هه‌ركه‌سێك بیه‌وێت كه‌ زانیاری زیاتر سه‌باره‌ت به‌هه‌ر یه‌ك له‌و خاڵانه‌ ده‌ست بخات كه‌ من لێره‌ باسم كردوون.
سه‌رچاوه‌كان:

A timeline of LGBTQ communities in the UK, key events (2022), (Online). Available at: https://www.bl.uk/lgbtq-histories/lgbtq-timeline#Buggery%20Act

A History of LGBT Criminalisation- Over 500 years of outlawing lesbian, gay, bisexual and transgender people – Human Dignity Trust- (2022) (Online). Available at: https://www.humandignitytrust.org/lgbt-the-law/a-history-of-criminalisation/

Government Equalities Office, National LGBT Survey- Summery Report. (2018) (Online). Available at: https://assets.publishing.service.gov.uk/government/uploads/system/uploads/attachment_data/file/722314/GEO-LGBT-Survey-Report.pdf/

Section 28 (2003), (Online). Available at: https://lgbtplushistorymonth.co.uk/wp-content/uploads/2020/02/1384014531S28Background.pdf

The murder of gay actor Michael Boothe- His killers roam free, but his death led to the formation of OutRage! Stuart Hobday- London, UK – (2020) (Online). Available at: https://www.petertatchellfoundation.org/the-murder-of-gay-actor-michael-boothe-30-years-on/

HELP SAVE THE BOLTON 7, (Online). Available at: https://www.petertatchell.net/lgbt_rights/rosecottage/OutRage-archives/bolton7.htm

Over 100 major companies join together to say trans rights are human rights. (Online). Available at: https://www.stonewall.org.uk/about-us/news/over-100-major-companies-join-together-say-trans-rights-are-human-rights

Mermaids Stars Tyler, (2022) (Online). Available at: https://mermaidsuk.org.uk/news/mermaids-tales/

The Queen has turned her back on the gay community Peter Tatchell (2012) (Online). Available at: https://www.theguardian.com/commentisfree/2012/jun/01/queen-gay-community-homophobe

52% of British Muslims in poll think homosexuality should be illegal (2016). (Online) Available at: https://edition.cnn.com/2016/04/11/europe/britain-muslims-survey/index.html

Imaan Foundation. London (Online). Available at: https://imaanlondon.wordpress.com/about/

Hidayah LGBTQI+ The Leading Queer Muslim charity (Online). Available at: https://hidayahlgbt.com/about-us/

Data and analysis from Census 2021- Sexual orientation, UK: 2020 – Office for National Statistics (2021) (Online). Available at: https://www.ons.gov.uk/peoplepopulationandcommunity/culturalidentity/sexuality/bulletins/sexualidentityuk/2020

Hexham Courant News (2022) Children’s commissioner shocked by ‘horrendous’ sex education materials. (Online). Available at: https://www.hexham-courant.co.uk/news/national/20256770.childrens-commissioner-shocked-horrendous-sex-education-materials/

Tory MP calls for inquiry into ‘trans ideology’ in schools, Rachel Badham )2021( (Online). Available at: https://www.gscene.com/news/gay-news/tory-mp-calls-for-inquiry-into-trans-ideology-in-schools/

EXCELLENT speech by Miriam Cates MP on RSE resources in schools – Westminster Hall debate(2022) (Online). Available at: https://www.youtube.com/watch?v=nF_F1MOjtoI

Bayswater Support Group – Home Page (Online). Available at: https://www.bayswatersupport.org.uk/

Are puberty blockers reversible? The NHS no longer says so (2020) (Online). Available at: https://www.transgendertrend.com/nhs-no-longer-puberty-blockers-reversible/

LGBTIQ+ people Statistics, Explore mental health, Mental Health Foundation (2022) (Online). Available at: https://www.mentalhealth.org.uk/explore-mental-health/mental-health-statistics/lgbtiq-people-statistics

LGBT Community Faces a Variety of Serious Health Problems- Health News, Healthline.com (2022) (Online). Available at: https://www.healthline.com/health-news/lgbt-community-faces-serious-health-problems

Schools are telling children lies, (2022) (Online). Available at: https://mickhartley.typepad.com/blog/2022/07/schools-are-telling-children-lies.html

شاهد أيضاً

گلەییەک لەخۆمان

بەهرە ڕەفیقبەڕێ خستنی کەشتیەکی گەورەی بەهێز و نەزانین بەوەی لەکوێ لەنگەر دەگرێ و،لەوەش خراپتر کەسنازانێ …