پێشڕەو نجم الدین
لەوەتەی ئەم شارە جوانە
دروست بووە
هەر زامی خوێنی
لێ دەتکێ و نەسرەوتووە
سەرچاوەی بیری ئازاد و
کانگای نوێگەری ژین بووە
هەر ژانێکی
سەرەتای ژیانێکی نوێ و
هەنسکێکی
تۆفانێک لە گۆڕانکاری و
بۆ هەر دەردێکیش
دەرمانی لەهەگبە و
چارۆکەکەیدا هەڵگرتووە
تیماری بۆ هەر ژانێک و
باوەشی بۆ هەر
تەنیایەک کردۆتەوە
بیرێکی ئازاد نەماوە
کە بۆی نەبێتە سێبەر و
تینویەتیەکیش نەماوە
لە ئاوی کارێزەکانی
گەرووی پڕ نەکات لە ژیان
لەوەتەی ئەم شارە هەیە
وەک شاسواری بەردەم
ڕەهێڵەو ڕەشەبا
ڕاوەستاوە و ئەسپەکەی
توند دەحیلێنێت بە زمانی حاڵ
هاوار دەکات من ئەو شارەم
کە بەگژ قوللەی قافدا چووم
من مامەوە و ئەوان تیاچوون
نەگڕی تفەنگی دوژمن
نەخیانەت و گەمارۆ
لە ورە و ئازایەتی خەڵکی
شارەکەم کەم ناکەن
مەحوی لەدڵما لێدەدات
پەندەکانی پیرەمێردم
نالی لەسەر زارم دەڕژێ
ئەوە منم شارە
جوانەکەی خۆتانم
سلێمانیم
ئازیزەکەی نێو شارانم
گەرچی بریندار و ماندووم
گەرچی سەختی و جەوری ژیان
شەکەت و هیلاکی کردووم
بەڵام بە بانگێکی بەیان دەژێمەوە
بەئاوازێکی دیلانیش
سەرلەنوێ سەر دەردێنمەوە
هەرگیز نەکەن لەبیرم کەن
لە باوەشی مندا نەبێت
شەوەکانتان لە خاکێکی تردا ژیرکەن
بۆ ئەو هەموو یادگارییانەی
لە ژیانمادا نەخشاندی
بەخاتری ئەو خەمانەی کە ڕەواندی
بارتەقای باڵای غیرەتی گەنج و
لاوەکانی شار
بەرز و جوانبێت
باخچەی بەختی
یاخوا دایم ئاوەدانبێت
پیاسەیەکی ئێوارانی
کوچە و شەقامەکانی شار
سکونەت بە ڕۆحمان ئەدات
دیمەنی سروشتی جوانی
خەفەت لەدڵمان دەردەکات
هەر بمێنێت سلێمانی
شاری ئەدەب شاری جوانی
شاری هەڵمەت و قوربانی