سومەییە مەحمود
شیردانی سروشتی (شیری دایک) یەکێکە لە گەورەترین نیعمەتەکانی خوا بۆ منداڵ و دایک، ئیسلام هانی دایکانی داوە کە ئەگەر توانایان هەیە، منداڵەکانیان بە شیری خۆیان گۆش بکەن، چونکە شیری دایک جگە لە سودی تەندروستی، پەیوەندی خێزانی و سۆزداریش بەهێز دەکات.
بەڵگەی قورئانی:
﴿وَالْوَالِدَاتُ يُرْضِعْنَ أَوْلَادَهُنَّ حَوْلَيْنِ كَامِلَيْنِ لِمَنْ أَرَادَ أَنْ يُتِمَّ الرَّضَاعَةَ﴾ (البقرة: 233)
واتە: “دایکان منداڵەکانیان دوو ساڵی تەواو شیر بدەن، بۆ ئەو دایکەی ویستی شیردان تەواو بکات.”
هەروەها خوای گەورە دەفەرموێت:
﴿وَحَمْلُهُ وَفِصَالُهُ ثَلَاثُونَ شَهْرًا﴾ (الأحقاف: 15) واتە: بەهەڵگرتنی لەسکیدا و شیرپێدانی لانی کەم ٣٠ سی مانگ ئەخایەنێت، بەمەش پاداشتێکی گەورە دەستخۆی ئەخات ئەگەر ئارامگربێت.
قال رسول اللە صلى الله عليه وسلم :أن أجر المرأة من حين حملها إلى وضعها ثم فصالها (إرضاعها) كأجر المرابط أو المجاهد في سبيل الله،وقال أيضا :(ليس للصبي لبن خير من لبن أمها)، واته: هيچ شیرێک نیە بۆ مناڵ باشتر بێت لە شیری دایکی.
لایەنە ئەرێنییەکانی شیردانی سروشتی :
١. بۆ منداڵ، شیری دایک باشترین خواردنی سروشتی منداڵە.
بەرگری لەش بەهێز دەکات و ئەیپارێزێت لە زۆرێک لە نەخۆشییەکان .
گەشەی مێشک و لەش و هزرو تێگەیشتنی باشتر دەکات. مەترسی هەندێک نەخۆشی و هەستیاربوون کەمدەکات. هەرسی خواردن ئاسانتر دەکات.
٢. بۆ دایک، یارمەتی گەڕانەوەی منداڵدان بە خێرایی دەدات.
مەترسی شێرپەنجەی مەمک و هێلکەدان کەمدەکات.
سووتاندنی کالۆری زیاد دەکات و یارمەتی کەمکردنەوەی کێش دەدات. پەیوەندی سۆزداری نێوان دایک و منداڵ بەهێزدەکات.
٣. بۆ خێزان و کۆمەڵگە، خەرجی خواردنی شیری دەستکردی منداڵ کەمدەکات.
منداڵی تەندروستتر واتە خێزانێکی ئارامتر.
کەمبوونەوەی نەخۆشی منداڵ بارگرانی دارایی خێزان و دامەزراوە تەندروستییەکان کەمدەکاتەوە .
هەندێک ئامۆژگاری :
باشترە لە یەکەم کاتژمێر دوای لەدایکبوون شیردان دەست پێبکرێت. تا ٦ مانگی یەکەم، تەنها شیری دایک بدرێت بە منداڵ، ئەگەر پزیشک پێچەوانەی نەڵێت بۆ بارودۆخێکی تایبەتی منداڵ و دایک.
لەگەڵ خواردنی زیادکراو، شیردان هەتا دوو ساڵی تەواو بەردەوام بێت ئەگەر دایک و منداڵ ئامادەبن.
کۆتایی شیردانی سروشتی تەنها خواردن نییە، بەڵکو سەرمایەیەکە بۆ تەندروستی، سۆز، و داهاتووی منداڵ. گرنگە
خێزان و کۆمەڵگە دایکەکان پشتگیری بکەن بۆ ئەوەی بتوانن ئەم ئەرکە پیرۆزە بە باشترین شێوە جێبەجێ بکەن.