چوارشەممە , تەممووز 22 2026

فیدیەی قەرزی ڕۆژووی ڕەمەزان

قەدریە سەعید/ خاوەنی بڕوانامەی زانستی شەرعی

ئایا ئەگەر کەسێك ڕۆژووی پێنچ ساڵ یاخود چەند ساڵێك قەرزداربێت ، پێویستە فدیەیی هەموو ساڵەکان بدات؟؟

وەڵام: دیارە لەڕۆژوودا ئاسانکاری کراوە، کە کەسێك بەهەر هۆکارێك لەو هۆکارانەی لەقورئان و فەرموودەدا ئاماژەیان پێکراوە دەتوانێت بەڕۆژونەبێت.

خوای گەورە دەفەرموێت: (وَمَن كَانَ مَرِيضًا أَوْ عَلَىٰ سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِّنْ أَيَّامٍ أُخَرَ ۗ يُرِيدُ اللَّهُ بِكُمُ الْيُسْرَ وَلَا يُرِيدُ بِكُمُ الْعُسْرَ) البَقَرَة : ١٨٥

واتە: (ئەو کەسەتان نەخۆشە، یان لەسەفەرەو ڕێبوارەو، ڕۆژووەکەشى دەشکێنێ دەبێ لە ڕۆژانى دواتردا، ڕۆژووەکەی بەقەزا بگرێتەوە، خوا ئاسوودەیى و کار ئاسانى ئێوەی دەوێت  لە ئەنجامدانى فەرزەکاندا، نایەوێ بکەونە ناڕەحەتییەوە).

هەروەها پێغەمبەر درودی خوای لەسەربێت دەفەرموێت: (إن الله تعالى وضع عن المسافر الصوم وشطر الصلاة، وعن الحامل أو المرضع الصيام).

واتە: یەکێك لەسەفەردابێت خوای گەورە ڕێگەی پێداوە بەڕۆژوونەبێت، هەروەها نیوەی نوێژەکانی لەسەر لابردووە، مەبەست کۆکردنەوەو کورتکردنەوەی نوێژەکانە، هەروەها ئافرەتی دووگیان و شیردەریش ڕێگەی پێدراوە کەبەڕۆژوونەبێت.

ئەم بابەتە دەکرێت بەدووبەشەوە:

یەکەم: ئەوکەسانەی کەناتوانن بەڕۆژووبن لەجیاتی ڕۆژوو خوای گەورە (فدیە)ی لەسەر واجب کردوون.

ئەوانیش:
ٲ- کەسێك لەبەرپیری ژن بێت یاخود پیاو ناتوانێت بەڕۆژووبێت و ئومێدی گەنجبوونەوەی نیە، ئەوکەسانە تەنها فدییە دەدەن، ئەمەش بۆچونی سەرجەم زانایانە.

ب- کەسێك کەنەخۆشبێت، جیاوازی نییە گەنجبێت یاخود بەتەمەن، مادام ئومێدی چاكبوونەوەی نیەو پزیشکی پسپۆڕ دەسنیشانی نەخۆشیەکەی کردووەو پێیڕاگەیاندووە ئەگەر بەڕۆژووبێت ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە، ئەوە تەنها پێویستە فدییە بدات و گرتنەوەی ڕۆژووی لەسەرنیە.

دووەم: کەسێك لەمانگی ڕەمەزاندا بەهۆی نەخۆشییەکی کتوپڕ، یان سەفەرێکی پێویست، یان بەهۆی دووگیانییەوە یان شیردانەوە، ناتوانێت بەڕۆژووبێت، ئەوە زانایان بۆچونی جیاوازیان هەیە:

١- ئەوکەسە ئەگەر لەماوەی ساڵەکەدا توانی ڕۆژووەکەی بگرێتەوە ئەوە تەنها گرتنەوەی لەسەرەو پێویست بەفدییە کات.

٢- بەڵام ئەگەر لەوساڵەدا نەیتوانی بیگرێتەوە لەبەر بوونی عوزرێکی شەرعی، چەند ساڵێکی بەسەردا تێپەڕی و هەر بیانووی هەبوو، ئەوە هەرکات بیانووەکەی نەما تەنها ڕۆژووەکە دەگرێتەوە باچەند ساڵێکیشی بەسەردا تێپەڕیبێت. پێویست ناکات فدییە بدات.

٣- کەسێك لەدوای ڕەمەزان بەبێ هیچ عوزرێکی شەرعی ڕۆژوەکانی نەگرتۆتەوە، ئەوە بۆچونی زایان بەمشێوەوەیەیە:

ٲ- پێویستە ئەوکەسە ڕۆژووەکە بگرێتەوەو فدیەش بدات، ئەمەش بۆچونی (ئیمامی شافعی و مالك وٲحمد).

ب- بۆچونێکیتر ئەوەیە تەنها ڕۆژووەکە دەگرێتەوەو فدیەی لەسەرنیە، ئەمەش بۆچوونی (ئەبو حەنیفە)یە بە بەڵگەی ئایەتەکە کەدەفەرموێت: (مِّنْ أَيَّامٍ أُخَرَ) .

کەواتە ئەگەر کەسێك بەبێ عوزری شەرعی چەند ساڵێکی بەسەردا تێپەڕی ئەوە ڕۆژووەکە دەگرێتەوەو بۆهەموو ساڵەکان یەكجار فدییە دەدات، پێویست بەدووبارە کردنەوەی فدییە ناکات.

Check Also

خەیاڵ ئاسودەیی، دەرگای چاوەڕوانیەکان دادەخات

خەرمان عبدالکریممرۆڤ هەمیشە پڕ لە چاوەڕوانی بۆ ئەو کەسانەی لە ترپەکانی دڵیەوە نزیکن نەک ئەوانەی …