لاولاو حسین
ڕەمەزان؛ تەنها وەرزێکی پەرستش نییە، بەڵکو دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ‘قووڵکردنەوەی’ سۆز و میهرەبانی لە پەیوەندییە هاوسەرییەکاندا!”
زۆرجار لەناو جەنجاڵی ژیان و ڕاکەڕاکی کار و پەروەردەی منداڵدا، ئەو سۆز و میهرەبانییەی کە سەرەتا هەبوو کەمڕەنگ دەبێتەوە. بەڵام کاتێک تیشکی مانگی ڕەمەزان دێت، تەنها بۆ ئەوە نایەت کاتی خواردنمان بگۆڕێت، بەڵکو دێت تا “کاتی دڵەکانمان” ڕێک بخاتەوە و مانا بۆ ژیانی هاوسەری بگەڕێنێتەوە.
چۆن ڕەمەزان بکەینە دەروازەی بەختەوەریی خێزانی؟
١. بونیادنانی میحرابی هاوبەش:
چەند جوانە کاتێک هاوسەران پێکەوە نەخشەیەک بۆ مانگی ڕەمەزان دادەنێن. کاتێک پێکەوە قورئان دەخوێنن، پێکەوە دەچن بۆ تەراویح، یان لە سووچێکی ماڵەکەدا پێکەوە نزا دەکەن. ئەو “دوعا هاوبەشانە” گەورەترین کلیلی کردنەوەی ئەو گرێیانەن کە ڕەنگە ساڵانێک بێت لە پەیوەندییەکەیاندا هەبێت. خودا دەفەرموێت: ﴿وَجَعَلَ بَيْنَكُم مَّوَدَّةً وَرَحْمَةً﴾. ڕەمەزان لووتکەی ئەو مۆدە و ڕەحمەتەیە.
٢. قەڵغانی “إني صائم” لە کاتی کێشەدا:
ماندوێتی و تینوێتی و فشاری کار، ڕەنگە هەندێک جار مرۆڤ تووشی هەڵچوون بکەن، بەڵام فەلسەفەی ڕۆژوو ئەوەیە کە فێری خۆڕاگریمان بکات. کاتێک کێشەیەک دروست دەبێت، تەنها گوتنی “من بەڕۆژووم” دەبێتە ئەو فێنکاییەی کە شرارەی توڕەیی دەکوژێنێتەوە. با ڕەمەزان بێت و زمانی تاڵ و قسەی بریندارکەر بسڕێتەوە و جێگەکەی بە زمانی لێبوردەیی پڕ بکاتەوە.
٣. هاوکاری نێوان هاوسەران؛ کردار نەک تەنها وتار:
پێغەمبەر (ﷺ) لە ماڵەوە لە خزمەتی خێزانەکەیدا بوو. چەند دیمەنێکی جوانە کاتێک پیاو یارمەتی هاوسەرەکەی دەدات لە ئامادەکردنی بەربانگدا، یان کاتێک بۆی دەڕەخسێنێت تا ئەویش کاتی هەبێت بۆ پەرستش و قورئان خوێندن. ئەم هاوکارییە گەورەترین پەیامی “خۆشەویستی و ڕێزە” کە دەگاتە بەرانبەر.
٤. پەروەردەی منداڵ بە نموونەی باڵا:
منداڵەکانتان تەنها بە ئامۆژگاری فێری دین نابن، بەڵکو بە بینینی ئێوە فێر دەبن. کاتێک دەبینن باوک و دایک پێکەوە دڵسۆزن، پێکەوە دوعا دەکەن و یارمەتی هەژاران دەدەن، ئەوان لە ناو ژینگەیەکی تەندروستدا گەورە دەبن. بەمەش ڕەمەزان دەبێتە قوتابخانەیەک بۆ هەموو خێزانەکە.
٥. بەختەوەری خێزانی و خزمەتی خەڵک:
وەک پسپۆڕانی دەروونناسی دەڵێن: “پەیوەندییەکی ڕاستەوانە هەیە لە نێوان دڵخۆشکردنی خەڵک و بەختەوەری خێزان”. هەرچەندە پێکەوە زیاتر خەریکی کاری چاکە بن (وەک صلة الرحم و یارمەتی هەتیوان)، پاداشتەکەی وەک ئارامییەکی دەروونی بۆ ناو ماڵەکەتان دەگەڕێتەوە.
کۆتایی:
با ئەم ڕەمەزانە تەنها گۆڕینی کاتی نانخواردن نەبێت، با ببێتە وەرزی “پاککردنەوەی دڵەکان”. کاتێک دڵەکانمان بۆ خودا پاک دەکەینەوە، خوداش پەیوەندییەکانمان بۆ پاک و شیرین دەکاتەوە