پ.ی.د: هەتاو حەمە ساڵح
لە قورئان و فەرموودەدا پانتاییەکی زۆر بۆ ئافرەت هەیە و بەر لە هەموو میساقەکانی مافی مرۆڤ و رێکخراوە هاوچەرخەکان ئیسلام باسی لە بنەمای یەکسانیی نێوان ئافرەت و پیاوی کردووە، ئیسلام نەک هەر باسی یەکسانیی بەڵکو لەوە زیاتریش بنەمای دادپەروەری داهێناوە بۆ داکۆکی لە مافی ئافرەتان (دادپەروەری پلەیەک لە یەکسانیی بەرزترە و زیاتر ئینسافی تێدایە) . ئیسلام هات بۆ لەناوبردنی هەموو ئەو جیاکارییەی لە بەرامبەر ئافرەت دەکراو ئافرەتانی کردە هاوڕێ و هاوشانی پیاوان (إنما النساء شقائق الرجال) (الترمذي ، رقم الحديث : 113). هەروەها لە زۆرێک لە سورەتەکانی قورئاندا خوای گەورە زۆر بەدوورودرێژیی و بەتایبەت باسی ئافرەتی کردووە لەو سورەتانەش (البقرة – النساء – المائدة – النور – الأحزاب – المجادلة – الممتحنة) (هبة رؤوف عزت ، 1995م ، ص: 72 ).
بۆ زیاتر رونکردنەوەی بنەمای یەکسانیی نێوان ئافرەت و پیاودا، لەم خاڵانەی خوارەوە ئاماژە بە هەموو ئەو لایانانە دەدەین کە تیایدا ئیسلام ئیقراری یەکسانیی کردووە:
١/ یەکسانیی لە توخم و مرۆڤبووندا: لە ووردبوونەوە لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەکانی پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت) ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ئیسلام پرەنسیپی یەکسانیی نێوان ئافرەت و پیاو لە ڕووی بەهای هاوبەشی مرۆڤایەتیی لە مافەکاندا دادەمەزرێنێت. لە چەندین ئایەتدا خوای گەورە رایدەگەیەنێت هەموو مرۆڤەکان بە ئافرەت و پیاوەوە هەموو یەکسانن و لە یەک دایک و باوک بوون وەک دەفەرموێت: ﴿يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مَن ذكر وأُنثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شعوبا وقبائل لتعارفوا إن أكرمكم عند الله أتقاكم﴾ [الحجرات : ١٣] واتە: (ئەی مرۆڤەکان، ئێمە ئێوەمان لە نێر و مێ دروست کرد و ئێوەمان کردووە بە چەندین گەل و هۆز بۆ ئەوەی یەکتر بناسن، بەڕێزترینتان لای خوای گەورە ئەوانەن کە زیاتر لە خواترسن). هەروەها پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت) ئەو یەکسانییەی تەواو بەرجەستە کردبوو وەک دەفەرموێت (إنّما النِساءُ شَقائِقُ الرِجال) (الترمذي، رقم الحديث : 113 )، واتە (ئافرەت لەگەڵ پیاودا وەک دوو لقی یەک درەخت وان)، بە واتای ئەوەی ئافرەتان هاوشانی پیاوانن. ئەمەش مانای مرۆڤایەتیی تەواو دەگەیەنێت بۆ هەریەکە لە ئافرەت و پیاو، سپی و ڕەش، هەژار و دەوڵەمەند….هتد.
٢/ یەکسانیی لە فێربووندا: ئیسلام ئافرەت لە فێربووندا هاوتا دەکات لەگەڵ پیاودا، پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت) دەفەرموێت: (طَلبُ العِلمِ فَريضةٌ على كُلِ مُسلم) (جلال الدين بن أبي بكر السيوطي، 2004م، ص: 325 ) واتە (رۆیشتن و بەدواداچوون بۆ زانست واجبە بۆ هەموو موسڵمانێک)، واتە بۆ هەر یەکێک کە ئیسلامی وەرگرتبێت، چ نێر بێت یان مێ.
نمونەیەکی تر، ئافرەتانی موسڵمان لە سەردەمی پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت) زۆر ئاگاداری مافەکانیان بوون، ئەگەر سەرنجێکی ئەو بەسەرهاتە بدەین کە ئافرەتان لە سەردەمی پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت) سەرنج دەدەن پیاوان زیاتر لە مەجلیسی پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت) دەمێننەوە و فرسەتییان زۆرترە بۆ فێربوون، بۆیە دەرۆن و داوای پشکی خۆیان دەکەن لە پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت) ئەویش کاتێکی تایبەتیان بۆ دادەنێت. دەقەکە بەمجۆرە هاتووە: “حديث أبي سعيد الخدري قال: جاءت امرأة إلى رسول الله – صلى الله عليه وسلم- فقالت: يا رسول الله ذهب الرجال بحديثك، فاجعل لنا من نفسك يومًا نأتيك فيه تعلمنا ما علمك الله. قال: اجتمعن يوم كذا وكذا فاجتمعن فأتاهن رسول الله -صلى الله عليه وسلم- له فعلمهن مما علمه الله” (صحيح مسلم، رقم الحديث : 2633 ).
بەمجۆرە ئافرەتانی سەردەمی پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت) کێبڕکێیان لەگەڵ بەهێزترین لە پیاوەکان کردووە لە فێرکردن و ریوایەتکردنی فەرموودەکاندا. بۆ نمونە، حەزرەتی عائیشە یەکێکە لە شانازییەکانی ئەو سەردەمە، ژمارەی ئەو فەرموودانەی کە ڕیوایەتی کردووە گەیشتووتە دوو هەزار و دوو سەد و دە فەرمووده (أبو زيد ، نصر حامد ، 1999م ، ص: 42 )، کە زۆربەی لە بابەتی (احکام)دا بوون، هەروەها (الحاکم) ئەبو عەبدوڵڵا دەڵێت: عائیشە چارەکێک لە شەریعەتی لێی وەرگیراوە. ئەبو بوردە کوڕی ئەبی مووسا الاشعری، لە باوکییەوە دەگێرێتەوە: لە هەرکاتێکدا هاوەڵانی پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت) لەسەر بابەتێک کێشەمان بۆ دروستبووبێت و پرسیارمان لە عائیشە کردبێت، زانیاری پێداوین (محمد بن عبدالله بن سليمان عرفة، الأولى،1978م، ص: 162 ).
٣/ یەکسانیی لە پاداشت و سزاداندا: یەکێکی تر لە بەڵگەکانی یەکسانیی نێوان ئافرەت و پیاو بریتییە بنەمانی یەکسانیی پاداشت و سزادان. هەوەک لەم ئایەتە پیرۆزەدا دەفەرموێت “مَن عَمِلَ صالِحاً مِن ذَكرٍ أو أنثى وَهوَ مُؤمِن فَلَنُحيينّه حَياةً طَيبة وَلَنجزينّهم أجرَهُم بِأحسَنِ ما كانوا يَعمَلون” (النحل: 97)” کەواتە روونە هەموو موسڵمانێک لە نێر یان یان مێ کارێکی چاکەی کرد، ئەوا لەدواڕوژدا ژیانێکی باشیان پێدەبەخشرێت و پاداشتیان دەدریتەوە بە باشترین شێوە.
٤/ یەکسانیی لە مافە گشتییەکاندا: ئافرەت هەروەک پیاو پلەپایەی بەرزە لای خوای گەورە و پێغەمبەرەکەی وەک لە فەرموودەدا هاتووە: (اسْتَوْصُوا بالنِّساءِ خَيْرًا) (صحيح البخاري، رقم الحديث: 5185 )، واته مامەڵەی باش لەگەڵ ئافرەتاندا بکەن ….، بەمجۆرە دەبینین لە هەموو مافەکاندا یەکسانن لەگەڵ پیاواندا، وەک لەسەرەوە باسمان کرد، بۆ نمونە لە وەرگرتنی زانستدا، چیرۆکی ئوم سەلەمە کاتێک ئەو پرسیارە هات بە دڵیدا وتی بۆچی لە قورئاندا باسی پیاو زۆرتر کراوە نەک ئافرەت، بۆ وەرگرتنی ئەم وەڵامە رۆیشتە لای پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت) و وتی “بۆچی لە قورئاندا زۆرترین جار باسی پیادەکات بەڵام کەمتر باسی ئیمەی ئافرەتانی تێدایە” (محمد بن سعيد منج الزهري (ابن سعد) ،2001م، ص: 172 ). لەدوای ئەم وتووێژەی نێوان پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت) و ئوم سەلەمە، بۆ دڵنیایی پێدانی سەرجەمی ئافرەتانی موسڵمان لە یەکسانیی نێوان ئافرەت و پیاو خوای گەورە ئەم ئایەتە ناردە خوارەوە: “إِنَّ الْمُسْلِمِينَ وَالْمُسْلِمَاتِ وَالْمُؤْمِنِينَ وَالْمُؤْمِنَاتِ وَالْقَانِتِينَ وَالْقَانِتَاتِ وَالصَّادِقِينَ وَالصَّادِقَاتِ وَالصَّابِرِينَ وَالصَّابِرَاتِ وَالْخَاشِعِينَ وَالْخَاشِعَاتِ وَالْمُتَصَدِّقِينَ وَالْمُتَصَدِّقَاتِ وَالصَّائِمِينَ وَالصَّائِمَاتِ وَالْحَافِظِينَ فُرُوجَهُمْ وَالْحَافِظَاتِ وَالذَّاكِرِينَ اللَّهَ كَثِيرًا وَالذَّاكِرَاتِ أَعَدَّ اللَّهُ لَهُم مَّغْفِرَةً وَأَجْرًا عَظِيمًا” (الأحزاب: ٣٥).