سێشەممە , تشرینی یه‌كه‌م 28 2025

یۆگاو پرۆگرامی پەروەردە…گرفتی ترمان بۆمەکەن بەدیاری

ساکار لطيف
لەم دەسپێکی ساڵی خوێندنەدا، کێشەکانی ناوەندەکانی خوێندن نەک هەر کەڵەکە بووە ڕۆژ بەڕۆژ ئاستەنگی زیاتر بۆ پرۆسەی پەروەردە دروست دەبێت، بە داخەوە بەشێوەیەک پرۆسەی گەورەی پەروەردەو خوێندن نزیک بوەتەوە لە بەڕێکردنی ساڵ نەک بەدیهێنانی ئامانجە پیرۆزەکانی گەشەکردن و بەرەو پێشچوون.
هەموان شایەتحاڵی ئەو ڕاستیەین کاتێک باس لە کێشەو گرفتەکان دەکەین لە ناوەندەکانی پەروەردە جۆرێک بێ ئومێدی داماندەگرێت درەرەنجامی ئەزمونی ئەن چەند ساڵە کە زۆرینەی گرفتەکان بە هەڵپەسێراوی ماونەتەوە و وەڵامەکانی چی بکەین ؟ ناتوانین ؟ ناکرێت ؟ توانامان نیە بەرۆکی دەستەی بەڕێوبردنی قوتابخانەکانی گرتوە لە پای نەبونی پاڵپشتی دارایی و ئیداری باش لە بەڕێوبەرایەتیە گشتیەکان و وەزارەت … لەم قەیرانەدا بابەتی (( یۆگا )) بکرێتە بەشێک لە پرۆگرامەکانی خوێندن، جێگەی سەرنج وسەرسوڕمانە لەبەر چەند هۆکارێک ، لەوانە :
١- دانان وچاپ کردنی هەر پرۆگرامێکی قۆناغەکانی خوێندن تێچویەکی بەرچاوی هەیە، وەزارەت بۆ لە چارەسەرکردنی گرفتە سەرەکیەکانی قەتابخانەکان توانای دارایی سنوردارە، بەڵام بۆ ئەم پرۆگرامە گرفتی دارایی نیە ؟
٢- وانەی وەرزش کە یەکێکە لە پرۆگرامە پێویستەکانی پەروەردە و لە جیهاندا گرنگی تەواوی پێدەدرێت، بە داخەوە لە قەتابخانەکان ( گۆڕەپان ، کەل پەلی وەرزشی ، هۆڵی چالاکی ، مەراسیمی تایبەت ، پێداویستی پزیشکی وسەلامەتی …..هتد) بەردەست نین تاوەکو قوتابیان چێژ لەم وانە گرنگە ببینن و لە ڕووی جەستەیی ودەرونیەوە سودمەندبن.
٣- هەر بابەتێک زیادبکرێت بۆ پرۆرامەکانی خوێندن پێویستە پێش وەختە کۆنفرانسی زانستی بۆ بکرێت وکەسانی پسپۆر هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن وخاڵی ئەرێنی و نەرێنی بخرێتە ڕوو، بە پشت بەستن بە داتاو توێژینەوەی زانستی و دواتر بڕیار لیژنەی تایبەت بدەن، بەدڵنیایی ئەم پرۆگرامە هیچ کام لەوانەی بۆ نەکراوە.
٤- دوای بڕیاردان خولی تایبەت بۆ مامۆستا بکرێتەوە و لە ناوەڕۆکی پرۆگرام و، شێوازی وتنەوەی زانیاریان پێ بدرێت و ڕاهێنانیان پێ بکرێت، کەئەزمونمان هەیەو گرفتی گەورەی بابەتەکانی بەهای کۆمەڵایەتی و پەروەردەی مەدەنی لەم خاڵەدابوو.
٥- زیاد کردنی هەر پرۆگرامێک دەبێت چارەسەر بێت بۆ گرفتێک، کات و بەشەوانەی ئەم بابەتە، دەتوانێت کام گرفت چارەسەربکات ؟ پرۆسەی پەروەردەو گەشەکردن بەرەو پێش ببات.
٦- بەشێک لە کاریگەری پرۆگرامە پەروەردەییەکان بەندە بە ڕەسەنایەتی و کلتوری جوانی هەرنەتەوەیەک، مەگەر ئێمەی کورد خاوەنی کلتورێک نین بتوانین چەندان پرۆگرامی پەروەردەیی جوانی لێ هەڵێنجێنین و، وانەیەکی خۆماڵی کوردیانەی لێ دروست بکەین، پێویستمان بە کلتوری هندستان ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتە فریامان بکەون !!
لە کۆتایدا دەڵێم پرۆسەی پەروەردە تاڕادەی قەیران گرفتی هەیە، تکایە چیتر پەروەرشیاران و پەرەوەردە دەستان ماندوو مەکەن بە زیادکردنی گرفت و بە هەست نەکردن بەبەرپرسیارێتی دواڕۆژی نەوەکانمان، مناڵەکانی خۆتان سپاردوە بە وێندنگاو کۆلێژە نێودەوڵەتیەکان، لێگەڕێن مامۆستایانی خاوەن ئەزموون بەبیری ڕەسەن و هەناسەی دڵسۆزی بەردەوام بن، مانویان مەکەن بە بابەت و بڕیاری بێبنەمای زانستی، گرفتەکان چارەسەربکەن وگرفتی ترمان بۆمەکەن بەدیاری.

Check Also

جیاوازی (مرۆڤی هاوسەنگ و مرۆڤی ناهەوسەنگ)

گۆنا توفیق١/ مرۆڤی ناهاوسەنگ بەئامانجی خود ویستی و پڕ کردنەوەی بۆشاییەکانی و خود چارەسەر کردن …